من وه‌ک ژنێکی کورد پێم خۆشه له‌م ڕۆژه گرنگه‌دا ئه‌وه‌ی له ناخمدایه بیهێنمه سه‌ر لاپه‌ره‌و سایته‌کان و وه‌ک گێرانه‌وه‌ش بووبێت له‌گه‌ڵ هێندێک له خۆێنه‌رانی کۆمه‌ڵگاکه‌م بدۆێم.
تووند و تیژی له کۆمه‌ڵگای ئێمه به‌رامبه‌ر به ژنان و هۆکاره‌کانی. زولفیا جه‌ڵدیانی.

ئه‌مرۆ له سه‌رتاسه‌ری جیهان به چالاکی و ورکشۆپی تایبه‌ته‌وه پێشوازی له 25 ی نۆڤه‌مبه‌ر رۆژی جیهانی دژ به تووند وتیژی به‌رامبه‌ر به ژنان ده‌کرێت. له‌م ڕۆژه‌دا له سه‌رتاسه‌ری جیهان باس له توند وتیژی دژ به ژنان ده‌کرێت و به‌رنامه‌ریزی ده‌کرێت بۆ نه‌هێشتنی و که‌مکردنه‌وه‌ی ئه‌و توند‌و تیژیانه‌ی که به‌رامبه‌ر به ژنان ده‌کرێت. بۆیه زۆرپێویسته که کۆمه‌ڵگای ئێمه‌ش له‌م جۆره ڕۆژه مێژوویانه که‌ڵک وه‌رگرن و به شۆێن چاکسازی و ڕێگا چاره‌که‌یدا بگه‌رێێن بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه له نه‌هێشتنی ئه‌و توند و تیژیانه.
من وه‌ک ژنێکی کورد پێم خۆشه له‌م ڕۆژه گرنگه‌دا ئه‌وه‌ی له ناخمدایه بیهێنمه سه‌ر لاپه‌ره‌و سایته‌کان و وه‌ک گێرانه‌وه‌ش بووبێت له‌گه‌ڵ هێندێک له خۆێنه‌رانی کۆمه‌ڵگاکه‌م بدۆێم.
هه‌موومان ئاگادارین که ئێمه‌ی کورد خاک و زێدی و که‌سایه‌تی فه‌رهه‌نگمان هه‌موو که‌وتووه‌ته به‌ر ده‌ستی داگیرکه‌ر و زاڵمان و بێڕه‌زه‌ییانه له سه‌ر خۆمان کاری پێده‌که‌ن.
یه‌کێک له‌و دیارده ناخۆش و خرابانه‌ی داگیرکه‌ران که له سه‌ر فه‌رهنگی ئێمه جێێ گرتووه، مه‌سه‌له‌ی ناحاڵی بوونه له سه‌ر هه‌ڵس وکه‌وتی کۆمه‌ڵایه‌تی و شێوه‌ی خۆشه‌ویستی نێوان دوو ڕه‌گه‌زی به‌رامبه‌ر.
ئه‌و نه‌ریته دواکه‌وتووه‌ی داگیرکه‌رانی ناوچه‌کانی کوردستان وه‌ک فه‌رهه‌نگی تورانیه‌کان و عه‌ره‌به‌کان و شۆفینیسته فارسه‌کان، کاری وایانکردوه که توند‌و تیژی به‌رامبه‌ر به ژنانی کوردیش له لایه‌ن پیاوانه‌وه بکرێته فه‌رهه‌نگ وبه‌بیانووی ناموسپه‌ره‌ستی و پیاوسالاری و ده‌سه‌ڵاتدارێتی پیاو به سه‌ر ژن‌دا.
ئه‌وه‌ش بووه‌ته هۆکاری ئه‌وه‌ی که پیاوان هه‌میشه خۆیان وه‌ک که‌سێکی باڵاده‌ست له ماڵه‌وه ببینن، وا هه‌ست ناکه‌ن که ئه‌وه دوو مرۆڤ پێکه‌وه ژیانێکی هاوبه‌شیان دروستکردوه‌و پێویسته پێکه‌وه‌ش ژیانێکی پر له ڕێز و خۆشه‌ویستی دروستنکه‌ن، و بۆ ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگایه‌کی جوان له پاش خۆیان بۆ نه‌وه‌ی داهاتوو به جێ بێڵین. به‌داخه‌وه له‌م سه‌رده‌مه‌دا که له نێۆ هه‌زاره‌ی سێیه‌مداین و جیهان له زۆر بواردا به‌ره‌و پێشکه‌وتن وگۆران ده‌روات، که چی له وڵاتی ئێمه‌ی کورد ڕۆژانه گۆی بی‌سی کاره‌ساتی دڵته‌زێنی نۆێ ده‌بینه‌وه. وه‌ک کوشتنی ژنان، خۆسووتاندنی ژنان، راده‌ی زۆری ڵیکجیابوونه‌وه و ده‌یان جۆره کاره‌ساتی دیکه.
هۆکاره‌که‌ی ئه‌مانه‌ش ڕوون و ئاشکرایه که پیاوانی ئێمه هێشتا نه‌هاتوونه‌ته سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ی که به ڕاست ژنیش مرۆڤێکی به توانا‌و خاوه‌ن هۆش و بیره. هه‌میشه به داخه‌وه پێان وابووه و ئیستاشی له‌گه‌ڵ بێ پێیان وایه که ژن له بواری زانست وبیرکردنه‌وه له پیاو که‌متره. به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی و به تێرۆانینێکی زانستیانه‌وه بڕوانه جیهان و زۆر شت هه‌یه له نزیکه‌وه بیبینن، ئه‌و کات باش ده‌زانن که ژنانی جیهان وبه تایبه‌ت وڵاتانی پێشکه‌وتوو چوون زه‌مینه‌ی پێشکه‌وتنیان هه‌بووه و ئیستا له چ ئاستێکدان، له سه‌رۆک وه‌زیری و پۆستی گرنگی جیهانییه‌وه بگره تا پژشک و فیلوسوف وفرۆکه‌وانه و بیرمه‌ند وداهێنه‌ر. بۆ نموونه وڵاتێکی وه‌ک فینله‌ندا که من تێێدا ده‌ژیم سه‌رۆک وه‌زیر و سه‌رۆک کۆماره‌که‌ی و چه‌ند وه‌زاره‌تێکی گرنگیشی هه‌ر ژنن. که‌وابێت ده‌بێت پیاوانی ئێمه‌ش بێنه سه‌ر ئه‌و باوه‌ره‌ی که ژنیش مرۆڤ و شایانی فێر بوون و پێشکه‌وتنه.
هۆکارێکی دیکه‌ی ئاڵۆزی و ناخۆشیه‌کانی ژنانی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌م سه‌رده‌مه له زۆربه‌ی شار و ناوچه‌کان وه‌ک کاره‌ساتێکی دڵته‌زێن روو به رووی ژنان بووه‌ته‌وه، مه‌سه‌له‌ی ئاڵوده بوونی هیندێک له پیاوانه به ماده‌ی موخه‌ده‌رات و هۆشبه‌ر، که ته‌واوی ئێش و ئازاره‌کانی خۆیان به سه‌ر ژناندا ده‌رێژن و ڕێشه‌ی بنه‌ماڵه‌یی تێکده‌ده‌ن و ژیان له ژنان تێکده‌ده‌ن و به بێ ئیمکاناتی ئابوری و ئاسایشتی ده‌ربه‌ده‌ریان ده‌که‌ن و تووشی کاره‌ساتی مه‌ترسیدار ده‌به‌نه‌وه. پاشان له لایه‌ن ڕێژیمێکی دواکه‌وتووی وه‌ک کۆماری ئیسلامیش یا به شه‌لاق یا به سزای به‌ردباران ڕووبه‌ڕوو ده‌بنه‌وه.
یا به داخه‌وه زۆربه‌ی کاره‌ساته‌کانی کۆمه‌ڵایه‌تی وژن کوشتن له وڵاتانی پێشکه‌وتووی ئوروپایی له لایه‌ن پیاوانی کورده‌وه سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌ن. کورد بووه‌ته قاره‌مانی میدیاکانی ده‌ره‌وه بۆ ژن کوشتن.
لێره‌دا ده‌مه‌وێ به‌م 2 پرسیاره کۆتایی به باسه‌که‌م بێنم.
ئایا ئیدی کاتی ئه‌وه نه‌هاتووه ئێمه‌ی کوردیش گۆران له خۆماندا دروستبکه‌ین?
ئایا کاتی ئه‌وه نه‌هاتووه که فه‌رهه‌نگێک وا زیاد له 2000 هه‌زار ساڵه له نێۆ مێشکی تاکی کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا ده‌سووڕێته‌وه و فێری کرداری خرابمان ده‌کات، له مێشکی خۆمان فره‌ی بده‌ین و هه‌وڵبده‌ین له‌و فه‌رهه‌نگ و نه‌ریتانه شت فێر بین، که به ڕاست فێری مرۆڤایه‌تی وخۆشه‌ویستی و ڕێز له به‌رامبه‌ر گرتنمان ده‌کات.?
به‌و هیوایه که ڕێکخراوه‌کانی ژنان و مافی مرۆڤی کوردی له ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات، هه‌موو ساڵێک له 25 ی نۆڤه‌مبه‌ر به پرۆژه‌ی کاریگه‌ره‌وه یاد له‌م رۆژه بکه‌نه‌وه، هه‌ر ساڵێک چه‌ندین چالاکی کۆمه‌ڵایه‌تی ڕێکبخه‌ن که بتوانێت کاریگه‌ری له سه‌ر کۆمه‌ڵگای پیاوسالاریمان هه‌بێت بۆ فێربوون له هه‌ڵس و که‌وتی گونجاو له‌گه‌ڵ ژنان.
به هیوای نه‌مانی توند و تیژی له کوردستانی ئازیزمان. ڕزگاری و سه‌رفرازی بۆ گه‌له‌که‌مان.
25.11.2010