شه‌ممه‌ 2 ره‌شه‌مه 2725

نەتەوەی کورد لە ئیستا و لە داهاتووی ئیستراتیژیکی پارتە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا!

هاشم محەممەدی
نەتەوەی کورد لە ئیستا و لە داهاتووی ئیستراتیژیکی پارتە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا!

لە کۆتایی دا دەمهەوێت ئەوە دووپات بکەمەوە کە لەم قۆناغە دا دەبێت هێزە کوردستانیەکان هەوڵ بۆ پێکهێنانی بەرە یان پلاتفۆڕمێک بدەن کە بتوانن هێزی سیاسی کورد لە دەوری یەک کۆ بکەنەوە


لە نوسینی: هاشم محەممەدی

نەتەوەی کورد لە ئیستا و لە داهاتووی ئیستراتیژیکی پارتە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا!
لە سێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕژیمی فاشیستی فارسدا بنەماڵەیەکی کوردی خەڵکی کرماشان لە گەڕەکی جافرئاوای ئەو شارە کە یەکێ لە گەڕەکە هەژار نشینەکانی کرماشانە بە خواردنی مادە لە هۆش بەرەکان(کراک) خۆکوژیان کرد و لە جێدا گیانیان لە دەستدا، شایانی وتنە کە تەنیا منداڵێکی سێ مانگان لە پاش گەیاندنی بە نەخۆشخانە و بە هەوڵی دۆکتورەکان لە مردن ڕزگاری بوو.
بەڕێزان لەم هەلومەرجە دا کە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ کۆتایی هێنان بە پرسی ئەتۆمی ئێران لە ڕێکخستنی دیالۆگ و گفتوگۆ لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندان بۆ دۆزینەوەی ڕێگا چارەیەک کە پێویست بە بەکار هێنانی هێزی نیزامی دژی ڕژیم نەکات و لەو لاشەوە بۆ گوشار خستە سەر کۆماری ئیسلامی ئابڵۆقەی ئابووریان سەپاندووەتە سەر ڕژیم، کە لەم بوارەشدا تەنیا ناوچە بێ دەرامە دەکان و فەقیرنشینەکان و بە تاییبەت ئەو ناوچانەی کە لە (نەتەوە ژێردەستەکان) پێکهاتووە پلکی هە رە زۆریان بەر دەکەوێت و لەوانەش نەتەوەی کورد وبە تاییبەت پارێزگای کرماشان کە وەک ناچەیەکی پڕ ئیستراتیژیک کۆماری ئیسلامی چاوی لێدەکات و بە هەموو شێوەیەک هەوڵ بۆ تواندنەوەی زمان، کەلتوور، ڕەنگ و بۆی کوردەواری لەم دەڤەرە دەدات.
هەر وەک ئاگادارن کە ئەم ڕژیمە واتا کۆماری ئیسلامی ماوەیەکی زۆرە سیاسە تی بڵاو پێکردنەوەی مە وادی موخەدری لەم ناوچانە دا لە پێش گرتووە، ڕژیم بە داڕشتنی ئەو سیاسەتە و بە پێادە کردنی بەم شێوەیە دەیهەوێت کە خەڵکی کوردستان و بە تاییبەت کرماشان و دەورووبەری ملکەچی سیاسەتەکانی خۆی بکات و ئاسەواری کوردی لەو دەڤەرانەدا بسڕێتەوە و لەو لاشەوە بە شێوەیەکیتر بە خەڵک نیشان بدات کە ئەگەر ئیستراتیژیکی کۆماری ئیسلامی لە بەر چاو بگرن (کە هەڵگەڕانەوە لە کوردبوونیانە) و خۆیان لە گەڵ ئەم ڕژیمەدا بگونجێنن و پەرە بە کەلتوورو زمان و ناسنامەی کوردی نەدەن ڕژیم یارمەتیان دەدات و هەوڵ بۆ باشتر کردنی ژیان و گۆزەرانێکی لە بارتریان بۆ دابین دەکات، بەڵام ئەو سیاسەتەی کۆماری ئیسلامی شکستی هێنا هەر بۆیە ئاخوندەکان بە هەموو شێوەیەک هەوڵ بۆ وێران کردنی و لە بەین بردنی ئاسەوارە کوردیەکانی ئەو ناوچەیە دەدەن کە کوردستانی بوونی دەسەلمێنێت و ئەو شارە واتا (کرماشان)بە هەموو پێکهاتە و ئایینە جیاوازەکانەوە تێک دەشکێنن و بە سازکردنی جیاوازییەکی ئەوتۆ کە ئەگەر لە ئیدۆلۆژی ڕژیم نزیک بن ئۆتۆماتیک ئاڵوگۆڕ بە سەر داهاتوویاندا دێت، هەروەها بە پڕ ڕەنگ کردنی جیاوازییە ئایینیەکانی ئەو ناوچە دەیهەوێت تۆمی ئاژاوە و درز خستنە نێوان پێکهاتەکان بچێنێت بۆ سەرخستنی سیاسەتی چەوت و گڵاوی خۆی کە دوور خستنەوەی ئەو ناوچانەیە لە کورد.
هەر وەک ئاگادارن کە لە ساڵانی ڕابڕدوودا ڕژیم، کوڕی هاشمی ڕەفسەنجانی ڕاسپاردەبوو بۆ ئەوە کە ئاسەوارە کوردیەکانی پارێزگاکانی کوردستان و بە تاییبەت پارێزگای کرماشان دەستکاری بکات و لەو شوێنانەدا کە ئاساوارەکە دەگەڕێتەوە سەر مێژووی کورد و کوردستان بشوێنێت و لە بەینیان ببات، ئەوەش بەو واتایە دێت کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی (کە من زۆرتر بە ڕژیمی فاشیتی فارس نێوی دەبەم، چونکو ئەو سیاسەتە ڕەزا شایەکان تیئۆریان بۆ داڕشت) هەوڵ بۆ پاکتاو کردنی کورد دەدات.
لە کۆتایی دا دەمهەوێت ئەوە دووپات بکەمەوە کە لەم قۆناغە دا دەبێت هێزە کوردستانیەکان هەوڵ بۆ پێکهێنانی بەرە یان پلاتفۆڕمێک بدەن کە بتوانن هێزی سیاسی کورد لە دەوری یەک کۆ بکەنەوە و لە ڕێگای ڕاگەیاندنە گشتیەکانی وە ک تێڤێ، ڕادیۆ، گۆڤار و ڕۆژنامەکانەوە بە پیکهێنانی بەرنامەی لە بار لە نێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا کەلتوورسازی بۆ بکەن و تا بەو شێوەیە دەنگ و ڕای گشتی خەڵکی کوردستانیشی وەپاڵبخەن.
ڕۆژئاوا لەم قۆناغە دا زۆرتر پێویستی بە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و بە تاییبەت کورد هەیە( هەر وەک لە بەڵگەنامە بڵاو کراوەکانی مەڵپەڕی ویکیلیکس دا ئیشارەی پیکراوە کە ڕۆژئاوا دەتوانێت بۆ لاواز کردنی کۆماری ئیسلامی لە هێزی کورد کەڵک وەر بگرێت ولە دژی ڕژیمی زاڵ بە سەر ئێراندا بە کاریان بهێنێت و تا لە و ڕێگەیەوە بتوانێت بە بەشێک لە ویستەکانی خۆی کە لە( ڕاگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەکە ی دا کورت دەبێتەوە بگات)، بە ڵام لە بەر پرش وبڵاوی هێزە کوردستانییەکان و نەبونی بەرنامەیەکی لە بارو گونجاو دژی ئێران لە لایەن وڵاتە ڕۆژئاواییەکانەوە بانگهێشتی هیچ کۆبونەوە و کۆنفرانسێکی گرنگ ناکرێن و لە پەراوێز دەخرێن.
کاتێک کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پرسی نەتەوایەتی دێنێتە گۆڕێ پێش ئەوە کە پێداچونەوەیەک بە پرسی سیاسی خۆی بکات، هەوڵ دەدات کە ئاوڕ لە پرسی سیاسی نەتەوەکانیتری وەک ئازەری وعەرەب بداتەوە کە ئەگەر چاو لە گفتو دواندنی کەسایتیە سیاسی و پارت و ڕێکخراوە ئازەریەکان بکەین ئەوا بە باشی بۆمان ڕوون دەبێتە کە ئەوانیش لە دژی کورد وەک ناسیۆنالیزمی بەرچاوتەنگی نەتەوەی فارس لە گەڵ کورددا بەرە بەرێکانێ دەکەن و بەشێکی زۆر لە خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە خاکی تورک و ئازەربایجان دەزانن کەواتا ئیتر پێویست ناکات ئێمە خۆمان بکەیەنە پارێزەری مافی تورکەکان کە ڕیگای ئاتاتورکیان لە دژی کورد لە پێش گرتووە، لێرە دا ڤیدۆیەکم داناوە کە چاوی لێبکەن بۆ دەرکەوتنی ڕاستیەکان
http://www.youtube.com/watch?v=y26GUDHPBJE
ئەو کەسەی کە لە ڤیدۆکە دا دەردەکەوێت وتەبێژی حیزبی استقلالی ئازەربایجانی جنوبیە کە پارێزگای ورمێە کە کاتی خۆی ڕەزا شا بۆ تێکشکاندن و لاواز کردنی ناسیۆنالیزمی کورد نێوی ئازەربایجانی لە سەر دانا، لە سەر ئەو بڕوایەیە کە ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و قروە کە لە نزیک پارێزگای سنەدایە خاکی تورکە و هیچ نێوێک لە کورد ناهێنێت،
کورد نابێت هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی مافی نەتەوەیەک بدات کە لە دژی خودی کورد ڕادەوەستێتەوە و دەبێتە مەترسی بۆ داهاتووی کورد و هەوڵ بۆ لاوازکردن و کزکردنی بزاڤی نەتەوایەتیمان دەدات و ڕێگای ئاتاتورک لە دژی کورد لە پێش بگرێت وببێتە داردەستی ڕژیمی تورک لە دژی بەرژەوەندی و ویستە نەتەوەیەکانمان.
ئەوە لەو ڕاستایەدایە کە ڕۆژئاو چاو لە سیاسەتی کورد دەکات کە دەبینێت لە ئاراستەی ئەو دا نیە بۆیە بە دوای ئەلترناتیڤێک دا دەگەڕێت کە لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامی پشتیوانی لێبکات.
لە ڕاستی دا و لە حاڵی حازر ئە ورووپا زۆرتر گرنگی بە موجاهدینی خەڵق دەدات کە گروپێکی تروریستیە، ئە م گرووپە بۆ هەموان ڕوونە کە لە دژی کوردی باشور چ کارەساتێکی دڵ تەزێنیان ئەنجام داوە، بەڵام لە بەر ئەکتیڤ و چالاکبوونیان ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی سیاسی دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێراندا زۆرتر لە گرووپ، پارت و ڕێکخراوە کانیتر لە کۆڕ و کۆبوونەوە ئەورووپیەکاندا دەردەکەون و قورسایی خۆیان لە بازنە سیاسیەکانیشدا ڕاگرتووە هەر چەند ڕابردووێکی زۆر خرابیان هە یە و لە باری ئیدۆلۆژیکیەوە زۆر لە ویلایەتی فەقهەوە دوور و جیاواز نین، بەڵام لە بەر نەبوونی ئەلترناتیڤێکی باشەوە بە نەخوازراو لە لیستی گروپە تروریستەکان دەریان هێنان و لە دژی کۆماری ئیسلامی بە کاریان دەهێنن کە دەتوانێت ئاڵوگۆڕ لە داهاتوی گروپی موجاهیدینی خەڵکدا پێکبهێنێت و لە ئاکامدا بە قازانجی ئەم ڕێکخراوەیە بشکێتەوە.
پارت و هێزە سیاسیە کان دە بێت لە ڕۆژ هە ڵاتی کوردستان و بە ڕابردووی سیاسی خۆیاندا بچنەوە و لە شێوە درووشم و تاکتیک و ئیستراتیژیکاندا ئاڵوگۆڕ پێک بهێنن کە بناغە دانەری بە رنامەو پلانێکی گشتگیر بێت بۆ داهاتوو و دانانی سنگی سیاسی لە نێو هێزە ئێرانیە کاندا بێت کە ئەگەر ڕۆژێک کۆماری ئیسلامی لە لایە ن ڕۆژئاواوە هێرشی بکرێتە سەر بتوانین ویستەکانی خۆمان لە نێو پارت و ڕێکخراوە ئێرانیەکان و لە ژێر گوشارە نێودەوڵەتیکاندا جێگیر بکەین و بە پێشەوەی بەرین، وەک ئیستای کوردستانی باشور، کاتیک وڵاتانی ڕۆژئاوا و بە تاییبەت ئەمریکا بۆ پێکهێنانی حکومەت گوشار دەخەنە سەر هەرێمی کوردستان کە دەبێت کورد لە بەشێک لە ویستەکانی خۆی پاشەکشێ بکات، بەڵام کە دەبینن کورد لە پێش ڕۆخانی ڕژیمی عێراق هێز و قورسایی خۆیی هەبووە و لە ڕۆخاندنی بەعسی عێراقیشدا دەوری کارامەیان گێڕاوە ئیتر ئەمریکا و ڕۆژئاوا ناتوانن لە گوشارەکانی خۆیان بۆ سەر کورد بەردەوام بن و بە نەخوازراو ڕێگەیەکی تر هەڵدەبژێرن وە بەشێک لە هێز و لایەنە عێراقییەکانیش لە بەر ئەو هۆکارانەی کە لە سەرەوە باسم کرد بێدەنگی هەڵدەبژێرن، هەر چەند لە گەڵ ئەو دەورە پۆزەتیڤە کە کورد لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق گێڕاوێتی و ئەو لە خۆبردووییەی کە لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقی نواندووێتی ئیستاش لە لایەن کۆمەڵێک هێزی فاشیستی دژایەتی دەکرێت.
کوردیش لە ڕۆژهەڵات ئەگەر بەم شێوەیە سیاسەت بکات و ئیستراتیژیەکان بەو ڕاستایەدا ببات و لە سەر دۆخێکی بەو جۆرە بەرنامە و پلان دابڕێژێت لە داهاتوێکی زۆر نزیکدا دەتوانێت کە هەم بەرە ی کوردستانی پێکبهێنێت هە م قورسای خۆی لە کایە سیاسەکاندا دەربخات و ئەورووپا و ئەمریکاش لە بۆچونی کورد لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران کەڵک وەر بگرن و جێگە و جێپی کورد ڕوونتر و بە هێزتر بێت، بە بۆچونی من ئەگەر کورد گرنگی بە ئەو خاڵانەی کە لە سەرەوە قامکم لە سەری دانا نەدات، داهاتووێکی پڕ لە هەورازو نشیوی دەبێت کە لە گەڵ شەڕی براکوژی ڕووبەڕوو دەبین (هەر وەک ئەوەئ کە ئیستا لە نێوان بەشێک لە پارتەکاندا شەڕی ڕاگەیاندن و کولاندنەوەی ڕابردووێک کە هیچ قازانج و بەرژەوەندییەکی بۆ هیچ لایەنێک تێدا نییە لەئارادا هەیە) و بزاڤی نەتەوایەتیش بە لاڕێدا دەبات کە دەبێتە هۆی لاوازی کوردو بێبایخکردنی ڕابردووێکی پڕ لە سەروەری کە بە خۆێنی دەیان هەزار شەهید بە دەست هاتووە.
هەروەها دەبێتە هۆی ئەوە کە کورد لاوازتر لەو هێزەی کە هەیەتی خۆ نیشان بدات و لە لایەن ڕۆژئاواشەوە گرنگییەکی ئەوتۆمان پێنەدرێت.
ئێمە دەبێت بە لە بەرچاو گرتنی مێژووی سیاسی کورد هەوڵ بۆ ئاڕاستە کردن و یەکانگیرکردنی بەرژەوەندی و پەیوەندی ڕۆژئاو و کورد بدەین کە دوور بێت لە دۆستایەتییەکی پوچ کە هەر دەم کورد پێی هەڵخڵێتێنراوە و بزوتنەوەکەمانی بە لاڕێدا بردووە و لە پاش بەدیهاتنی بەرژەوەندیەکانیان کورد سەرکوتکراوە، پێوەندی کورد لە گەڵ زلهێزەکان دەبێت لە سەر ئەساسی بەرژەوەندی سیاسی هەر دوو لا بێت کە زامنی مافی و ئازادیەکانی خەڵکی کوردستان بکات و لە پێکهاتنی ئیستراتیژیەکی درێژخایەنەوە سەرچاوە بگرێت.

لە نوسینی: هاشم محەممەدی




2010-12-07 21:58:06

15 ساڵ و 2 مانگ و 5 کاتژمێر و 38 خوله‌ک ، پێش بڵاوکراه‌وه‌ته‌وه‌
ناوه‌رۆکی ئه‌م نووسینه‌ ڕاو تێبینی نووسه‌ره، ماڵپه‌ڕی پ.س.ک هیچ لێی به‌رپرسیار نییه
تاگ : ده‌نگوباسه‌کان
هه‌واڵه‌کان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان

پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان ©