شه‌ممه‌ 2 ره‌شه‌مه 2725

تەنیا ڕێگای گەێشتن بە بایخە مرۆیی، کۆمەڵایەتی و ئینسانیەکان بایخدانە بە هزری سەربەخۆیی

هاشم موحه‌ممه‌دی
تەنیا ڕێگای گەێشتن بە بایخە مرۆیی، کۆمەڵایەتی و ئینسانیەکان بایخدانە بە هزری سەربەخۆیی

دەستەبەرکردنی جۆرە لێکتێگەیشتنێک، ئەندیشە و هزرێک کە لە ناخی دڵی مرۆڤگەلیکی ساف و بێگەردەوە هەڵدەقوڵێت و سەرچاوە دەگرێت، لە ئاکامدا هەستە نەتەوی و ویستە چینایەتیەکان لە چوارچێوەی کۆمەڵە گشتیەکاندا پێک دێنێت

تەنیا ڕێگای گەێشتن بە بایخە مرۆیی، کۆمەڵایەتی و ئینسانیەکان بایخدانە بە هزری سەربەخۆیی. هاشم موحه‌ممه‌دی

بوونی هەستی نەتەویی و هزرە میللی و نەتەوایەتیەکان دەبێتە یەکەم بەردی بناغەی کۆمەڵگایەکی گشتی و پێشکەوتوو کە لەوێدا بەرهەمە خۆماڵیەکانی وەک ئازادی وبایخە کۆمەڵایەتیەکان بەرهەم دەهێنرێن، کەواتا بۆ وەدستهێنانی باییخە مرۆیی وئازادیەکان دەبێت خەباتێکی گشتگیر دەستپێبکەین کە پێکهاتوو بێت لە هەموو چین و توێژەکانی نێۆ کۆمەڵ بۆ دەستەبەرکردنی مافە ئینسانی و ویستە سرووشتیەکانی هەڵقوڵاوی نێۆ کۆمەڵە ژێر دەستەکان. لێرە دا ئەرکی بە دەستهێنانی ئازادی دەکەوێتە ئەستۆی هەموو تاکێکی نێۆ کۆمەڵگا لە بەر ئەوە ئازادی ویستی هەر کەسێکی زیندوو و چالاکی نێو هەر کۆمەڵ وتەیفێکە. کاتێک خەباتێکی گشتیر بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی ومافە کۆمەڵایەتیەکان دەست پێ دەکات، ویستە گشتیەکان دەبێتە هۆی چرۆ وبزواندنی ویستە خۆماڵیەکان و لە ئاکام دا خۆی لە چوارچێوەی مافی نەتەوایەتی و خەباتێکی ڕزگاریخوازی گەلانی بندەست بۆ بە دەستهێنانی چاوگە ئینسانی و مافە کۆمەڵایەتیەکان دەبینێتەوە، وە لەو پێوەندیەدایە کە دەری دیالۆگ وگفتوگۆکان دەبێتە هۆی پێکهێنان و دەستەبەرکردنی جۆرە لێکتێگەیشتنێک، ئەندیشە و هزرێک کە لە ناخی دڵی مرۆڤگەلیکی ساف و بێگەردەوە هەڵدەقوڵێت و سەرچاوە دەگرێت، لە ئاکامدا هەستە نەتەوی و ویستە چینایەتیەکان لە چوارچێوەی کۆمەڵە گشتیەکاندا پێک دێنێت وخۆیان لە نێو ئەو بازنە میللیانەدا دەبیننەوە. لێرەدایە کە بایخە میللەکان دەبنە ئەساس و دەسپێکی خەباتی ئێمە لە قۆناغە جیاواز و دژوارەکانی زاڵ بە سەر ئەو هزرە کە لە سەر ئاسۆدایە بۆ لاوازکردنی بیر و هزرە نەتەوەیی و ئینسانیەکان. لە ڕاستیدا ئەم بیرۆکەیە لە دژی ئەو ڕەوتە کەلتوریانە سازکراوە کە دەیهەوێت بەربەستێک بێت لە بەردەم ئەو هەوراز و نشیوانە کە لە ئاست پێکهێنانی پرسە چارەنووسازەکاندا ڕاوەستاوەن، چونکو ئەو ئەندیشە دەبێتە ڕێگر لە نەخۆش کردن و تێکدانی کۆمەڵە سالمەکان ونایهەوێت کە لە مرۆڤەساغەکان کەسایەتیێکی تێکشکاو، داڕماو ساز بکەن کە لەناسین و توانایی هزری خۆیاندا کارامە وبەبیر وبڕوانەبن. ئێمە ئەگەرچاو لەو کۆمەڵ و وڵاتانە بکەین کە بەدەست سیستمێکی دواکەوتو، دیکتاتۆر ودەسەڵات بەدەستەوە دەناڵێنن، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە لەهەرنیگایەکەوە چاوی لێبکەین ئەو کۆمەڵگانە گیرۆدەی بێکاری، نەخوێندەواری، مەوادی موخەدر و نەخۆشینە جۆربەجۆرەکانی وەک نەخۆشینی دەروونی وبێتوانایە مێشکییەکانەوە دەناڵێنن وبەکەلتورێکی دۆگما و داپۆشراو لەسۆنەتەکۆنەکان کە ڕێگر دەبن لەپێشکەوتن وکرانەوە بەڕووی دوونیای دەرەوەدا، لە ئەو وڵاتانە کە سیستمی سیاسی ودەسەڵات بەدەست ئەو سیاسەتەی لە پێش گرتە بێت لەوێدا کارەساتێک ڕوودەدات کە ئاسەوارەکانی دەیان وبگرە سەدان ساڵ دەمێنێت ومرۆڤەکان نەک هەرتوانایی بیرکردنەوە و بڕیاردانیان لە سەر ژیان وداهاتووی خۆیان نامێنێت بەڵکو کەسایتییەکی ناتەواو وخۆ بەکەمزان لە چاو کۆمەڵگاکانی تر بار دێنێت وە کارەساتەکە گشتگیر دەبێت وپەل ڕادەکێشێت بۆ داڕمانی کۆڵەکەکانی شۆناسی نەتەوەیی وبە لاڕێدابردنی کەسایتیە نەخۆشەکان ولە ئاکامدا بە ئەوجۆرەسیستمانە وابەستەیان دەکەن و هێدی هێدی سیستمی ئاسیمییلاسیۆن و ئاسیمیلەکردنی کەلتوور، فەرهەنگ، داب ونەریتی ئەو نەتەوە ژێردەستانە دەستپێدەکات. کۆمەڵەی دواکەوتووی نەتەوە ژێردەستەکان لەسەدەی ڕابردوودا قۆناغ گەلێکی زۆر ناسک و دژواریان تێپەڕاندووە، بەڵام لەو سەردەمەدا زۆر بەکەمی سیستمی ئاسمیلەکردن توانیوێتی زمان و ڕەسەنایەتی نەتەوەکان لاوازبکات لەبەر ئەوەی کە دەسەڵاتیان بەسەر هەمووناچەکان دا ڕانەدەگەیشت و لە ژێر کۆنترۆڵی ناوەندەکاندا نەبووە، بەڵام بەداخەوە لەم سەدەمە دا کە دوونیا قۆناغە سەختەکانی بڕیوە و لەگەڵ تێکنۆلۆژی وکەرەستەی مودێڕن وسەردەمدا ڕووبە ڕووین کە هندێک جار باس لەوە دەکەن کە دوونیا وەک گووندێکی لێهاتووە و لە ڕاستیشدا وایە ئەمڕۆ لە سوچ و کەنارەکانی دوونیا پێشهاتێک ڕوو بدات ئەوەندە نابات کە لە هەموو دوونیا دا دەنگ دەداتەوە و خەڵک ئاگادار دەبن. لێرەدایە کە مەترسی تێکدان و شۆردنەوەی زمان و کەلتووری میللەتە ژێر دەستەکان زۆرتر دەبێت، چونکو لە ڕێگای ڕاگەیاندنی وەک تیڤی ، ڕادیۆ، گۆڤار و ڕۆژنامەکانەوە نەتەوە باڵا دەستەکان زمان و کەلتووری خۆیان دەسەپێنن بەسەر نەتەوەکانی تردا، لەوە پڕ مەترسیدارتر ئەوەیە کە لە قوتابخانەکان دا زمانی زگماکی، دایکی ونەتەوەیی ئەو نەتەوە ژێر دەستانە یاساغکراوە و منداڵانی ئەو میللەتانە تووشی هندێک نەخۆشینی دەرونی دەبن کە پەیوەستە بە خویندنەوە، لە هندێک کاتدا بەشێکی زۆر لە منداڵان یان تەرکی خوێندن دەکەن یان ناتوانن بە شێوەی پێویست درێژە بە خوێندن بدەن وە ڕقیان لە زمانی دایکی خۆیان دەبێتەوە، لە بەر ئەوە لە ڕەوتی پێشکەوتنی ئەواندا بە کاریان نەهاتووە، هەروەها ئەو بەشەش لە منداڵان کە سەردەکەون بۆ ‌قۆناەکانی تری خوێندن و خوێندی باڵا بە کەلتوور و زمانی نەتەوەی باڵا دەست گۆش دەکرێن کە زمانی خوێندنیان لە زمانی زگماکی خۆیان زۆر خۆشتر دەوێت و هەر دەم خولیای شیعر و ئەدەبیاتی نەتەوەی باڵا دەست دەبن کە لەوانەیە زۆر جار زمانەی نەتەوەی باڵا دەست کە زمانی دایکی داگیر کردووە و بووەتە هۆکاری لە بیر چۆنەوەی زمانی زگماکیان، دیفاعی لێ دەکەن و دەوڵەمەندی زمانی نەتەوەی باڵا دەست بە سەر ڕۆخساری زمانی خۆیان دا دەکێشن. بۆ نموونە ئەگەر ئێمە بچین بۆ گوندێک و لە گەڵ پیاوێک یان ئافرەتێکی بە تەمەن دا قسە بکەین بۆمان دەر دەکەوێت کە ئەوان زۆر لە ئەو کچ و کوڕە خوێندەوارانە باشتر بە زمانی زگماکی خۆیان قسە دەکەن و زاڵن بە سەر ئەو زمانە دا، هەوەها ئەگەر بۆ ناچەیەکی کوێستانی بچین کە قوتابخانی تێدا نییە و دەستیان بە تیڤی و کاناڵە دەوڵەتیەکاندا ڕاناگات کەچی هندێک وشە ی ڕەسەن دەبیستین کە بۆ ئێمە نامۆیە و تێگەیشتن لێیان دژوارە و زۆرتر لە گەڵ فۆلکلۆری کۆن و ڕابردووی خۆمان دا ئاشنا دەبین، کەواتا نەتەوەی باڵا دەست لە تێکنۆلۆژی و کەرەستەی سەردەم بۆ تواندنەوەی زمان و کەلتووری نەتەوە ژێر کەڵک وەردەگرێت و بە کاری دەهێنێت.
لەم سەردەمەدا دەستی زۆر لە ڕێکخراو، بزووتنەوە سیاسی و مەدەنیەکانی نەتەوە ژێر دەستەکان بە تێکنۆلۆژی، ئینترنێت، ڕادێۆ و تیڤییەکان ڕادەگات و دەتوانن وەک کەرەستەیەک کە خزمەت بە کەلتوور و زمانی زگماکیان بکەن بۆ ئەوە لە سیاسەتی چەوتی نەتەوەی باڵادەست ڕزگاریان بێت و شکست بە ئەو خەونە چەوت و گڵاوانە بهێنن کە لە هەوڵی تواندنەوە و ئاسیملە کردنی شۆناسی نەتەوەیی دایە، کەچی بە داخەوە بە هۆی نەبوونی ئەزموون یان بە دامەزراندنی کەسانێکی نەشیاو لە ڕاگەیاندنەکاندا کار ئاسانیان بۆ سیاسەتی ڕژیمە دیکتاتۆرەکان کردووە و ئەو هەوڵەیان بۆ دووژمنان ساناترکردووە، کەواتا لێرەشدا لە بەر نەبوونی ئەزموون و مرۆڤی ناشارەزا خۆمان زۆرتر و ساناتر کەلتووری خۆمان لاوازی دەکەین و ناتوانین بە شێوەیکی ڕێک و پێک لەم جۆرە کەرەستانە بۆ قازانج و بەرژەوەندی نەتەوایەتی کەڵک وەر بگرین. هندێک جار لە بەر سیمای جوانی کچێکی ناسک لە بەر شاشەی تیڤی دادەنیشێت و ئیتر ناپرسن کە شارەزایی لە ڕاگەیاندن دا هەیە!! ئایا ڕاگەیاندنی خوێندووە یان هەر دەتوانێت ڕۆخساری ناسک و جوانی دەر بخات و خەڵکەکەش بەو شێوەیە بار هاتووە کە ئەگەر کچەکە جوان بوو هیچ ڕەخنەیەکیان لە بەرنامە و پڕۆگرامەکە نییە وە...!!! نمونەیەکی تر کە لە سێ، چوار ساڵی ڕابردووە دا ڕووی داوە پەیدا بوونی هندێک موسیقا ژەنن کە هیچ شارەزاییەکیان لە موسیقی وئاوازی کوردیدا نییە ونەوە تازە پێگەیشتووەکان کە پێ دێننە نێو گۆڕەپانی موسیک و هوونەری گۆرانی وتن بە موسیق و ئاوازی عەرەبی و توورکی فێر دەکەن و لە ڕێگای تیڤی و ڕادیۆکانەوە نەوەکان بە موسیق و ئاوازی بێگانە گۆش دەکەن و ڕادەهێنن، ئەوەش کارەساتێکە کە لە دوونیای موسیکی کوردیدا ڕوو دەدات.
هەروەها لەم یەک، دوو ساڵی ڕابردووەدا شارەکانی باشووری کوردستان بووەتە لۆسئانجلۆس و کالیفۆرنیا بۆ گۆرانیبێژە فارسەکان و خەڵکێکی زۆریش بەشداری دەکەن و بەو شێوەیە نەوەی نوێیان بە لاڕێدا بردووە. ڕەوتی ئازدیخوازانەی نەتەوە ژێر دەستەکان دەبێت لە سەر بنەمایی نەتەوە و خەبات بۆ بە دەستهێنانی مافی نەتەوایەتی بێت، پێش لە ئەوەی خەبات بۆ پرسە لاوەکییەکانی تربکرێت، وە بە تاییبەت بۆ ڕێکخراو و پارتە سیاسیە کوردیەکان پێویستە کە بگەڕێنەوە سەر ڕیبازی ڕابردوی خۆیان واتا گەڕانەوە بۆ سەر ڕێبازی نەتەوەی و خۆ بواردن لە تیئۆریە لاوەکییەکان کە دەبنە هۆی لە ڕێ لادانی بزووتنەوە نەتەوەییە ڕزگاریخوازەکان. وە دەبێت ئەو گەڕانەوەیە لە سەر ئەساسی ئەو پرسانە نەبێت کە لە هەلومەرجە ناسک و دژوارەکان دا دێنە پێش، بەڵکو دەبێت پێداگیری کردنێک بێت لە دۆزینەوەی ڕێگا چارەیەک کە کورد بتوانێت ماوەی بە دەستهێنانی مافی نەتەوایەتی لە چوارچێوەی سەربەخۆییدا و بە درەوشاوەی درووشمە نەتەوەییەکاندا کە لە لایەن کۆمەڵانی خەڵکەوە ئاراستە کرابێت ولە نێو خەلکدا کار ئاسانی کەلتووری و فەرهەنگی بۆ کرابێت، ڕابگێنرێت وپشتیوانی بکرێت، واتا دەبێت پێش ئەوەی کە ئیستراتیژیکی نەتەوەی لە چوارچێوەیەک بۆ چوارچێوەیەکی تر بگوازرێتەوە ڕێگا چارەکان و چارەسەریەک کە لە لایەن پارتە سیاسیەکانەوە پیشاندرا بێت وفەلسەفەی ئەو باسانە بۆ خەڵک شیکرابێتەوە و زانیاری تەواویان لە سەر ئەو باسانە هەبێت، ئیتر پردێکی لە یەک تێگەیشتنی بتەو لە نێوان خەڵک و ڕێکخراوە سیاسی- نەتەوەیەکاندا درووست بکرێت تا بێتە هەوێنی سەرکەوتنی ئیستراتیژیکی نەتەوەیی. وە لە کاتێکدا کە خەڵک زانیاری ئەوتۆیان لە سەر فەقرە کەلتووریەکەیان لە بەر دەستدا بێت و ئاگاداری ئەو نەهامەتیەبن کە لە لایەن نەتەوە باڵادەستەکانەوە بە سەریاندا سەپێندراوە توانای بڕیاردان ئاسانتر دەبێت وباشتر دەتوانرێت چینە جیاواز و لە یەکترازاوەکان یەکخەن، هەر چەند ئەگەر خەلک و پارتە سیاسیەکانی ئێمە باوەڕێکی قوڵیان بە مافە نەتەوەیەکان وتوانا سیاسەکان نەبێت وئازادی وەک مافێکی سرووشتی گشتی چاو لێنەکەن ناتوانرێت سەرکەوتنی یەک جاری مسۆگەر بکرێت، کەواتا دەبێت پێش لە هەموو شتێک هۆکارەکانی یەک دەستخستنی نەتەوە ڕچاو بکرێت، لێرە دا زمان دەتوانێت دەوری ئەساسی بگێڕێت و ئێمە وەک کورد دەبێت بۆ پێکهێنانی زمانێکی یەکگرتوو و ستنادار ئەو پەڕی هەوڵ و توانایی خۆمان بخەینە گەڕ، ئەوەشمان لە بەر چاو بێت کە دژبەرانی زمانی یەک گرتوو کە دووژمنانی نەتەوایەتیمانن لە هەمان کاتدا هەوڵ دەدەن بۆ پەکخستنی ئەو پڕۆژە نەتەوەیە. دیارە خەبات لە پێناو پێکهێنانی دەوڵەتی نەتەوەیی دەتوانێت وڵامێکی بتەو بێت بۆ، بۆچوونە فاشیستی و ڕەگەپەرەستانەی نەتەوە باڵا دەستەکان.
لەم پێوەندیەدا پێم وایە ئەوەی کە نەتەوەی باڵادەست و ڕژیمە کۆن ودیکتاتۆرەکان بۆیان نەلوا ونەکرا خۆمان بە دەستی خۆمان جێبەجێی دەکەین وئەوە گەورەترین مەترسیە بۆ سەرکەلتوور، داب، نەریت وداهاتوی کورد، چونکوو ئێمە جارێک قۆناغی ناسیۆنالیزمان تێنەپەڕاندووە و هێشتا مەترسی ئاسیمیلاسیۆن لە سەرمانە و نەتەوە فاشیست وباڵا دەستەکان هەموو دەسەڵاتێکی سیاسی و کەلتووریان قورخ کردووە و دەستان بەر سەردا ڕاگرتووە. لە کۆتاییدا دەڵێم کاتێک ئەو کۆمەڵە مەترسیانمانە لە سەر نامێنێت کە قۆناغەکانی ناسیۆنالیزم تێبپەڕێنین و دەوڵەتی نەتەوەی خۆمان پێک بهێنین.



2010-12-15 09:43:36

15 ساڵ و 2 مانگ و 17 کاتژمێر و 54 خوله‌ک ، پێش بڵاوکراه‌وه‌ته‌وه‌
ناوه‌رۆکی ئه‌م نووسینه‌ ڕاو تێبینی نووسه‌ره، ماڵپه‌ڕی پ.س.ک هیچ لێی به‌رپرسیار نییه
تاگ : ده‌نگوباسه‌کان
هه‌واڵه‌کان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان

پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان ©