ئێمه وه‌ک ئه‌و ٢ لایه‌نه کوردییه، هه‌ر له مێژه له گشت لایه‌نه‌کانی وڵاتداگیرکراوی بنده‌ستی ئێران له هه‌وڵی نزیکبوونه‌وه‌دا بووین و ئێوە دەزانن که له‌و بواره‌دا
وتاری هابه‌شی کۆمه‌ڵه- پارتی سوسیالدیمۆکراتی کوردستان و پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان.
به‌شدارانی هێژا
نه‌ته‌وه بنده‌سته‌کانی ئێران
خه‌ڵکانی به‌شه‌ره‌فی کوردستان و عه‌ره‌بی ئه‌حواز و به‌لوچستان و ئازه‌ربایجان و تورکمه‌نسه‌حرایی و هەموو ئەوانی دیکە، سڵاو و ڕێزی هه‌ر دوو پارتی کوردستانتان پێشکەش.
ئه‌مرۆ ڕێکه‌وتی٢٢/١/٢٠ ١١ ی زاینی و هاوکاته له‌گه‌ڵ ٢ێ ڕێبه‌ندانی٢٧١٠ ی کوردی، که هەروەها ده‌بێته ساڵرۆژی دامه‌زراندنی یه‌که‌مین کۆماری کوردستان له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، بۆ ئێمە بایەخێکی گرینگی هەیە. بۆیه له‌م رۆژه پیرۆزه‌دا پیرۆزبایی لە خۆمان و لە گشت گه‌لی کورد له سه‌رتاسه‌ری جیهان ده‌که‌ین، و هیواخوازین له داهاتوویه‌کی نزیکدا هه‌موو نه‌ته‌وه‌بنده‌سته‌کان لە هەر کوێیەک کە هەن ڕزگارمان ببێت و ببینه خاوه‌نی کیان و ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆمان. خۆشحاڵین که ئه‌م یه‌کێتییه له‌م رۆژه گرنگه‌ی مێژووی کوردستاندا ڕاده‌گه‌یه‌ندرێت.
ئێمه وه‌ک ئه‌و ٢ لایه‌نه کوردییه، هه‌ر له مێژه له گشت لایه‌نه‌کانی وڵاتداگیرکراوی بنده‌ستی ئێران له هه‌وڵی نزیکبوونه‌وه‌دا بووین و ئێوە دەزانن که له‌و بواره‌دا هیچ دڕێغیمان نه‌کردووه. ئیستاش له‌م ڕۆژه گرینگەدا خۆشحاڵی خۆمان له پێکهێنانییهکێتی نه‌ته‌وه‌بنده‌سته‌کان له ئێران ده‌ر ده‌بڕین، (ONUI) Oppressed Nations Unity-Iran اتحاد ملل تحت‌ستم در ایران.
ده‌ستخۆشیی لە خۆمان و هه‌موو ئێوه‌ی به‌ڕێز ده‌که‌ین که هه‌موو پێکه‌وه بۆ پێکهێنانی ئه‌م به‌ره‌یه ماندووبووین، جێی خۆیه‌تی که سوپاسی تایبه‌ت ئاراسته‌ی که‌سایه‌تی نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌بی ئه‌حوازی به‌ڕێز مه‌حمود ئه‌حمه‌د ئه‌لئه‌حوازی بکه‌ین که بۆ گرتنی شۆین و ئاگادارکردنه‌وه‌ی هه‌موومان له کاروباره‌کانی ئه‌م یه‌کێتییه ئه‌رکێکی زۆری له ئه‌ستۆ بووه.
بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین پێکه‌وه به‌رده‌وام کاری هاوبه‌شمان هه‌بێت و دونیای ده‌ره‌وه له زوڵم و زۆره‌کانی داگیرکه‌ران بۆ سه‌ر خه‌ڵک و خاکمان ئاگادار که‌ینه‌وه، پێویسته سه‌ره‌تا له نێو خۆمان ڕێز له خه‌بات ومێژوو و جوگرافی یه‌کتر بگرین. و به چاوێکی دڵسۆزی دۆستانه و دەراوسێیانە له‌گه‌ڵ یه‌ک هه‌ڵسوکه‌وت بکه‌ین.
به‌شدارانی هێژا:
مێژووی نه‌ته‌وه‌کانی بنده‌ستی جیهان به تایبه‌ت ئه‌و چه‌ند نه‌ته‌وانه‌ی که سنووری هاوبه‌شیان هه‌بووه، یا ئه‌وانه‌ی یه‌ک حاکم خاکی هه‌موویانی داگیرکردووه، ئه‌وه‌مان پێده‌سه‌لمێنن که پێکه‌وه کارکردن و له یه‌کنزیکبوونه‌وه زیاتر هانده‌ر بووه بۆ ئه‌وه‌ی له ژێر سته‌می داگیرکه‌ر ڕزگاریان ببێت. نموونه‌ی زۆر تازه‌ش نه‌ته‌وه‌کانی سۆڤیه‌تی کۆن و یوگسلاڤیایه، که ئێستا هه‌ر یه‌که و چه‌ند وڵاتێکیان لێ‌دروست بووه، و پێکه‌وه‌ش وه‌ک دراوسێی باش پێوه‌ندییان هه‌یه.
جا بێگومان خاکی هه‌ر کام له نه‌ته‌وه‌کانی ئێمه سه‌دان ساڵه له لایه‌ن ڕێژیمه جۆراوجۆره‌کانی ئێرانی، یا به واتایه‌کی دیکه بڵێن حاکمانی ده‌سه‌ڵاتداری فارسی داگیرکراوه. چین و تۆیژه‌کانی کۆمه‌ڵگای ئێمه به گشت شێوه‌یه‌ک چه‌وساونه‌ته‌وه، بۆیه یه‌کێتی و دۆستایه‌تی نێوانمان به یه‌کێک له‌خاڵه گرنگه‌کان دادەنێین که بۆ ئێستامان له تاراوگە بە کەڵکە و بۆ دواڕۆژیشمان له ناوخۆی وڵات زۆر پێویستە.
پێناسه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان.
داگیرکەر خراپەکاریی زۆر دەکات. یەکێک لەو خراپەکارییانە ئەوەیە کە ڕێگا لە هەبوونی ئامار دەگرێت بۆ ئەوەی نەزانرێت ژمارەی نەتەوەی بندەست چەندە و خوێندەوار و نەخوێندەوار و جۆرەکانی پیشە و لایەنەکانی دیکە چەندن و بە چ شێوەیەکن. نەبوونی ئامار زیانی گەورە بە نەتەوەی بندەست دەگەیەنێت چونکە ناتوانێت وەڵامی کۆنکرێت بە زۆر پرس بداتەوە. ئەڵبەت زانیارییە گشتییەکان لەسەر کوردستان وا دەگەیەنن کە ژمارەی دانیشتووانی خەڵکی کوردستان کەمتر لە ٤٠ ملۆین مرۆڤ نییە و کە ژمارەی دانیشتووانی کوردستان لە باکووری کوردستان زۆرترینە، لە ڕۆژهەڵات بە پلەی دووهەم دێت، باشوور سێهەم و ڕۆژئاوای کوردستان بە پلەی چوارهەم دێت. لە جیهان شاردراوە نییە کە کورد لە وڵاتانی عەرەبی، لە ئەرمینیا و ئازربیجان و ڕووس و جۆرجیا و وڵاتە تورکمانەکان و تەنانەت لە پاکستان و هیندوستانیش هەن. کوردەکان یەکێکن لە هەرە کۆنترین دانیشتووانی میسۆپۆتامیا.
زۆرینەی خەڵکی کوردستان دەزانن کە خاکی کوردستان له لایه‌ن ٤ ده‌وڵه‌ت، کە تورکیا و ئێران و ئێراق و سوریان، داگیر کراون.
ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان یا کوردستانی بنده‌ستی ئێران، له پاش کوردستانی بنده‌ستی تورکیا به دووهه‌مین به‌شی کوردستان مه‌زه‌نده ده‌کرێت، هەم لە گەورەیی خاک و هەم لە بەئەژماریی دانیشتووان. وا دادەنرێت کە ژماره‌ی دانیشتووانی له ١٢ میلیۆن کەس کەمتر نەبێت. گه‌وره‌ترین شاری ئه‌و به‌شه‌ی کوردستان شاری کرماشانه کە ژماره‌ی دانیشتووانی پارێزگایەکەی له سه‌ره‌وه‌ی ٣ ملۆین که‌سه.
ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان خاوه‌نی چه‌ندین سه‌روه‌تی ئابوورییه، وه‌ک نه‌وت، گاز، گشت شێوه‌کانی به‌رهه‌می کشتوکاڵ، ئاژەڵ و مەڕوماڵات، گوگرد، شاخ و جه‌نگه‌ڵی گرنگ، بنێشتی سروشتی، قاڵیبافی و هتد که ده‌توانێت به باشی و به زیادیش ئیداره‌ی ئابووری خه‌ڵکی کوردستانی پێ بکات و لێشی هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه بکات. خەڵکی کوردستان بە زیادەوە دەتوانن خۆیان بەخێو بکەن و بەڕێوە ببەن.
ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان شانبه‌شانی به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستان له درێژایی مێژوودا خاوەنی خه‌بات و به‌رخۆدانی بەرچاو بووە. هەروەکو بەشەکانی دیکەی کوردستان دووچاری بەکۆمەڵکوشتن، ڕاگوێزان، سیاسەتی بە فارسکردن، هەژاریی، بێ پێشەسازیی و جۆرەکانی دیکەی هەڵاورادن کراوە. بۆ یه‌که‌مین جار له پاش شه‌ڕی دووهه‌می جیهانی، واته ٦٥ ساڵ پێش ئێستا، له ساڵی ١٩٤٦ دا یه‌که‌مین کۆماری کوردستانی دامه‌زراندوه، که مخابن ئه‌و کۆماره له ١١ مانگ زیاتر نەژیا، بەڵام بوو بە هیوا و ئومێدی خەڵکی کوردستان و هەموو ساڵێک لە جۆش و خرۆشی نەتەوەییدا یادی دەکردرێتەوە.
له پاش تێکچوونی کۆماری کوردستان و تا ئینقلابی ساڵێ ١٩٧٩ خه‌بات به شێوه‌ی جۆراو جۆر له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌رده‌وام بووه، له پاش ئینقلابیش تا ئێستا خه‌بات به شێوه‌ی جیاواز هه‌ر درێژه‌ی هه‌یه، ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به ده‌یان هه‌زار له ڕۆڵه‌کانی خۆی له پێناو رزگاری خاکی کوردستان له ده‌ستداوه. ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە قوربانیدان و خەباتی نەپچڕاوەی ئازادیخوازییدا لە ئێران سەرکاروانی نەتەوەبندەستەکانی ئێرانە. ئەوە، سەرەڕای هەموو ئازار و زیانێک، شانازیی و سەربەرزییەکی گەورەیە بۆ خەڵکی کوردستان.
بەڕێزان، جینایه‌ته‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێران وەکو نوێنەری دەوڵەتی داگیرکەر هه‌ر له‌سه‌ره‌تای هاتنه سه‌رکارییه‌وه تائیستا به‌رده‌وامه. ده‌توانین ته‌نیا وه‌ک ئاماژه باس له سه‌ر چه‌ند خاڵ له پلانه‌کانی ڕێژیم بکه‌ین که له کوردستان به‌رده‌وام به‌ڕێوه‌ی ده‌بات کە دیارە هەمان سیاسەت لە ناو نه‌ته‌وه بندەستە‌کانی دیکه‌ش بە هەمان شێوە یان شێوەی جیاواز پیادە دەکات.
١. نکۆڵیکردن لە هەبوونی کورد وەک نەتەوەیەکی سەربەخۆ و کردنی بە ئێرانیی بە مانای تواندنەوەی لەو شوناسەدا کە بە ئێران ناوزەندە و کە هەتا ئێستا لە قازانجی نەتەوەی سەردەستە و تا دەستەڵات لە تاران بێت، هەر وا دەمێنێتەوە.
٢. ڕاگوێزانی کورد، بە فارسکردنی کورد و کوردستان، ڕێگاگرتن لە بڵاوبوونەوەی کورد.
٣. بڵاوکردنه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگی سیاسیی و کۆمه‌ڵایه‌تیی فارس له کوردستان.
٤. سه‌رکوپکردنی خەڵکی کوردستان و بەکارهێنانی هەموو شێوەیەکی وەحشیانە و نامرۆڤیانە بۆ سەرکوتکردن و ترساندنی ئازادیخوازانی کوردستان.
٥. ئاڵوده‌کردنی گه‌نجانی کورد به ماده‌ی هۆشبه‌ر و موخه‌ده‌رات، و تێکدانی که‌سایه‌تی وشێواندنی پێکهاته‌ی بنه‌ماڵه‌ی ئاڵوده‌بووان.
٦. هه‌وڵدان بۆ شێواندنی زمانی کوردیی، و ئاسیمیلاسیۆن کردن وتێکدانی و فه‌رهه‌نگی کۆمه‌ڵگای کوردستان.
٧. پیادەکردنی سیاسەتی سوتاندنی خاک و وشککردنی دەریا لە کوردستان. بەکارهێنانی هەموو شێوەیەکی سەربازیی لە شێوەی تۆپببارن وسووتاندنی باخ وبێستان و له به‌یندانی سه‌روه‌ت وسامانی کوردستانیان.
٨. هه‌وڵدان بۆ نانه‌وه‌ی ناکۆکی له نێۆان پێکهاته جۆراوجۆره ئاینی و کولتورییه‌کانی کوردستان.
٩. دزینی سه‌روه‌ت و سامان و ئاسه‌واره مێژوویه‌کانی کوردستان.
بەڕێزان،
ئێمە دەوڵەتی ئێران بە هێزێکی داگیرکەر دادەنێین و ماف بە خۆمان دەدەین بۆ وەدەرنانی دەستەڵاتی ئەو وڵاتە کۆشش بکەین، ئەڵبەت تا ئەو ئاستەی دەکرێت بڕووامان بە چارەی کێشەی کوردە بە شێوازی سیاسیی و ئاشتیی و وەک پرینسیپ دژ بە زەبر و زەبرگیریین. خەباتی ئێمە لە پێناوی کۆتاییهێنان بەو سیاسەتە کۆلۆنیالیانەیە کە باسمان کرد، نەک دژایەتیکردنی هەبوون و مافی خەڵکی دیکە.
له کۆتاییدا پشتیوانی خۆمان بۆ پێکه‌وه‌کارکردن دووپات دەکەینەوە. کاری ئێمە دەبێت لەسەر بناخەی متمانە و یەکتر قبوڵکردن و ڕێزدانان بۆ ماف و خەباتی یەکتر بێت. چارەنووسی ئێمە پێکه‌وه‌بوون و خه‌بات کردنە له پێناو سه‌ربه‌خۆیی و مافی دیاریکردنی چارەنووس لە ڕێگای ڕیفەرندۆمەوە بۆ گه‌لی کورد و گه‌لانی دیکه‌ی بنده‌ست.
-هه‌ر شه‌کاوه بێت خه‌باتی پێکه‌وه ئاشتیانه‌ی نه‌ته‌وه بنده‌سته‌کان
-نه‌مان بۆ ڕێژیمه داگیرکه‌ر و دیکتاتۆره‌کان.
www.psk2006.org عارف باوه‌جانی سه‌رۆکی پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان .
www.psdkurdistan.com هێرش عه‌لیزاده وته‌بێژی کۆمه‌ڵه- پارتی سوسیالدیمۆکراتی کوردستان.
London UK
٢٢/١/٢٠ ١١