ئێمه وه‌ک پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان، پاش هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌و جۆره ئاڵۆزییه که له ڕێگه‌ی ئه‌و بانگه‌وازه‌وه له‌به‌شێک له وڵاته‌که‌مان هاته ئاراوه، وه‌ک پارتێکی نه‌ته‌وه‌یی و کوردستانی، هه‌ڵویستی خۆمان له‌مه‌ڕ ئه‌و بابه‌ته به شێوه‌ی خواره‌وه ده‌رده‌برێن.
هه‌ڵویستی پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان له‌مه‌ڕ ئاڵۆزییه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی هه‌رێمی کوردستان
با هه‌وڵی باشترکردنی ده‌ستکه‌وتانه‌ی با‌شوری کوردستان بده‌ین نه‌ک ئاڵۆزکردنی.

هاوڵاتییانی کوردستان.
هه‌ر وه‌ک هه‌موو لایه‌کمان ئاگادارین که بێجگه له خاکی با‌شوری کوردستان، نزیک به 75% هه‌موو خاکی کوردستانی مه‌زن له لایه‌ن داگیرکه‌رانه‌وه ده‌ستی به سه‌ردا گیراوه. گه‌له‌که‌مان هیچ ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسی و ئابوری و که‌لتوریان به سه‌ر ناوچه‌کانی خۆیاندا نییه. به‌رده‌وام ڕۆڵه‌کانی ئه‌م گه‌له له‌لایه‌ن داگیرکه‌رانه به سێداره و به‌ندی و ترساندن، وڵامی ویسته‌کانیان ده‌درێته‌وه.
له ڕاپه‌ڕینی ساڵی 1991 ی با‌شوری کوردستان، و هه‌روه‌ها له پاش ڕوخانی ده‌سه‌ڵاتی هه‌میشه‌یی حکومه‌تی به‌عسی له ئێراق له ساڵی 2003 دا. به‌شی با‌شوری کوردستانی مه‌زن ڕزگار بوو. ده‌سه‌ڵات و بڕیاردان که‌وته ده‌ستی کوردستانیان. ئه‌و ئازادییه‌ی با‌شوری کوردستانیش بووه‌ته ته‌نیا ڕووناکی و دڵخۆشیی بۆ هه‌موو کوردستانییه‌ک له جیهاندا.
له ساڵی 1991 تا 2010 له هه‌رێمی کوردستان چه‌ندین هه‌ڵبژاردنی ناوخۆی کوردستانی و سه‌رتاسه‌ری ئێراقی هاتووه‌ته ئاراوه، خه‌ڵکی کوردستانیانیش له که‌ش و هه‌وایه‌کی ئازاد و دیمۆکرات‌دا چوونه‌ته سه‌ر سه‌ندووقی ده‌نگدان و ده‌نگی خۆیان به که‌س و لایه‌نی جێگای په‌سه‌ندی خۆیانداوه.
بێجگه له‌وه‌ش له هه‌رێمی کوردستان به پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌ی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین، ده‌ر‌فه‌تی ئازادانه‌و دیموکراتانه بۆ چالاکی ئوپۆزسیۆن ره‌خساوه. ئه‌و لایه‌نانه‌ش له هه‌ڵبژاردنه‌کانی کوردستان و ئێراقیشدا به‌شدارییان کرد، هه‌م له په‌رله‌مانی کوردستان و هه‌م له په‌رله‌مانی ئێراقیشدا کورسیان به ده‌ستهێنا. دیاره ئه‌مه‌ش روونه که ئوپوزوسیون به‌و شێوه ده‌نگی خه‌ڵک به ده‌ستبێنێت مانای به‌رهه‌می ئه‌و ئازادییه‌یه که له هه‌رێمی کوردستاندا له ئارادایه. به داخه‌وه حه‌فته‌ی پێشوو به‌ڕێزانی ئوپوزوسیۆنی کوردستانی واته بزووتنه‌وه‌ی گۆران، له بانگه‌وازێکدا که له‌کاناڵی که‌ی ئین ئین بڵاویان کردوه‌ته‌وه، داوای ڕوخانی حکومه‌ت و په‌رله‌مانی با‌شوری کوردستانیان کردوه.
ئێمه وه‌ک پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان، پاش هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌و جۆره ئاڵۆزییه که له ڕێگه‌ی ئه‌و بانگه‌وازه‌وه له‌به‌شێک له وڵاته‌که‌مان هاته ئاراوه، وه‌ک پارتێکی نه‌ته‌وه‌یی و کوردستانی، هه‌ڵویستی خۆمان له‌مه‌ڕ ئه‌و بابه‌ته به شێوه‌ی خواره‌وه ده‌رده‌برێن.
1- پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان، به پێێ پرینسیپه‌کانی خۆی که له کۆنگره‌ی یه‌که‌میش بڕیاری له سه‌ر دراوه که، به هیچ شێوه‌یه‌ک ده‌ست ناخاته نێۆکاروباری ناوخۆیی هیچ کام له پارته سیاسییه‌کانی کوردستانی له هه‌ر به‌شێکی کوردستاندا بێت. هه‌روه‌ک ئه‌زموونی 5 ساڵه‌شمان پێشانیداوه. به‌ڵام هه‌ر وه‌ک له به‌رنامه‌و پرۆگرامیدا هاتووه، که له هه‌ر جۆره مه‌ترسییه‌ک بۆ سه‌ر هه‌ر به‌شێکی کوردستان بێهه‌ڵویست نابێت. له ئاست ئه‌م وه‌زعه‌ش به ئه‌رکی خۆمانزانی که بۆچوونی پاره‌ته‌که‌مان بخه‌ینه به‌ر ده‌ست ڕایگشتی کوردستانی.
2- ئێمه خۆشحاڵین که له هه‌ر به‌شێکی کوردستان پرۆسه‌ی دیمۆکراتی و سیاسه‌تی مۆدرێن له ئارادا بێت. ئازادی فره‌حیزبی و په‌رله‌مانی و ڕۆژنامه‌گه‌ری و ڕاوبۆچوون ده‌ربرین له کوردستان ئازاد بێت. بۆ ئه‌وه‌ی کوردستان ببێته ناوچه‌یه‌کی نموونه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین. به تایبه‌ت به دروستبوونی ئوپوزۆسیون که به‌شێکن له رۆڵه‌کانی ئه‌م وڵاته. به‌ڵام پاش ئه‌و هه‌موو ساڵه و ئه‌و هه‌موو چاوه‌ڕوانییه‌ی جووڵانه‌وه‌ی گه‌له‌که‌مان، و بوونی سه‌دان هه‌زار شه‌هید و ئه‌نفالی هه‌موو کوردستان. له با‌شوری کوردستان ڕووناکیه‌ک بۆ هه‌موو لایه‌کمان په‌یدابوو، ئه‌ویش حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه. نه ئێمه و نه هیچ کوردێکی خه‌مخۆری سه‌ربه‌ستی و سرفرازی گه‌له‌که‌مان، خوازیاری ئه‌وه نییه که ئه‌و ده‌ستکه‌وته مه‌زنه‌مان له ده‌ست بچێت. هه‌ر بۆیه‌ش به هه‌ڵسه‌نگاندنێکی دروستی هه‌لومه‌رجی ناسکی ئه‌مڕۆیی کوردستان ئه‌و بانگه‌وازه به دڵسۆزی بۆ کوردستان نازانین، به‌ڵکو پێمانوایه کاریگه‌ری خراپی بۆ یه‌کڕیزی و یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی ده‌بێت.
3- ئێمه پێمانوایه به‌ڕێزانی لیستی گۆران له باتی ئه‌وه‌ی داوای ڕووخانی ئه‌و ده‌ستکه‌وته‌یان بکردایه، هه‌وڵیان بدایه وه‌ک ئۆپۆزسیۆنێکی چالاک و ته‌ندرووست سیاسه‌تی ڕێفورم و گۆرانکاری خۆیان له نێۆ خه‌ڵکدا په‌ره‌پێبدایه. ئه‌گه‌ر پێیانوایه له سه‌ر ڕێبازێکی دروستن ئه‌واخه‌ڵکه له هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا ده‌نگیان پێده‌دات، نه‌ک دژی نه‌مانی ده‌ستکه‌وتی خه‌ڵکه‌که که حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه بانگه‌واز بڵاوبکه‌نه‌وه.
4- ئێمه پێمان وایه هاندانی خه‌ڵک بۆ تێکدانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته کوردییه، ده‌بێته هۆکاری مه‌ترسی دزه‌کردنی هه‌موو ده‌زگا سیخورییه‌کانی وڵاتانی داگیرکه‌ری کوردستان بۆ ناو با‌شوری کوردستان.
تێکدانی ئه‌و هه‌موو ژێرخانی ئابوری و ده‌زگاو بنیادانه‌یه که ده‌یانساڵه کاری بۆ ده‌کرێت. به‌خۆشییه‌وه کوردستان له به‌رچاوی جیهاندا به‌و که‌موکورییانه‌ی که ئوپوزوسیون و ره‌خنه‌گرانیش باسی لێوه ده‌که‌ن. به‌ڵام له روانگه‌ی زۆرچاودێری جیهانه‌وه وه‌ک نموونه‌یه‌کی باش وبه‌ره‌و به‌ده‌وڵه‌تبوون باسی لێوه‌ده‌کرێت.
5- له ڕوانگه‌ی ئێمه‌وه تێکدانی ده‌سه‌ڵاتی با‌شوری کوردستان، سه‌رکه‌وتنی ئاوات و ئاره‌زوه‌کانی وڵاتانی داگیرکه‌ری کوردستانه، که هه‌میشه به بوونی ئه‌و ده‌ستکه‌وته‌ی کوردستان نگرانن و له‌هه‌وڵی پلانگێرین بۆ تێکدانی. وه‌ک هه‌موومان ئاگادارین که به‌رده‌وام به ناردنی که‌سانی سیخور و دروستکردنی گروپی تووندڕه‌وی ئاینی له هه‌وڵی نائارامکردنی کوردستاندا بوون. ئه‌گه‌ر ئه‌م کۆڵه‌که‌ی ده‌ستکه‌وتی کوردی لارکرێته‌وه، ئه‌وا هیچ لایه‌نێکی دیکه ناتوانێت ڕاستیکاته‌وه، بگره وه‌ک لۆبنان و زۆر وڵاتی دیکه، نه‌یارانی کورد ده‌یکه‌ن به مه‌یدانی رمرمانی ئاوات و ئاره‌زووه‌کانی خۆیان. له لایه‌کی دیکه‌وه وه‌ک ساڵانی هه‌شتاکان و نه‌وه‌ده‌کان، دیسان نا ئارامی و کێشه‌ی ئابوری و ده‌ربه‌ده‌ری و ئاواره‌یی ڕو له با‌شوری کوردستان ده‌کاته‌وه.
6- ئه‌و جۆره لێداوانه مه‌ترسی دروستکردنی شه‌ری ناوخۆیی وتێکدانی ئارامی وئاسایشی خه‌ڵکه. ئێمه داوا له گشت لایه‌نه‌کانی کوردستانی ده‌که‌ین، که هه‌میشه له هه‌وڵی ئه‌وه‌دابن که شه‌ر و ناکۆکی و ناوخۆیی له نێۆ کوردستاندا سه‌ر هه‌ڵنه‌داته‌وه‌و، ئه‌و ئه‌زموونه تاڵانه‌ی ساڵانی پێشوومان دووپات نه‌بنه‌وه.
7- ئێمه پێمانوایه به‌راوردکردنی با‌شوری کوردستان له‌گه‌ڵ ولاتانی عه‌ره‌بی به‌راوردێکی دروست نییه. ناڵێین له با‌شوری کوردستان هه‌موو شتێک ته‌واوه‌و که‌موکوری نییه، بێگومان که‌م و کوری زۆریش هه‌یه، به‌ڵام ڕۆژ تا ڕۆژ هه‌لومه‌رجه‌که به‌ره‌و باشی ده‌ڕوات و کێشه‌کان به‌ره‌و چاره‌سه‌ری ده‌چن. ئه‌وه‌نده‌ی ئازادی به‌یان و ڕاگه‌یاندن و فره حیزبی له هه‌رێمی کوردستان هه‌یه، له هیچ وڵاتێکی پێشکه‌وتووی عه‌ره‌بی وفارسی و تورکیدا نییه. له هه‌مان کاتیش‌دا ئوپوزوسیونی ساڵم ده‌توانێ به مانای ئوپوزوسیون بوونی خۆی تیشک بخاته سه‌ر که‌موکورییه‌کان و پرۆژه‌و پێشنیار بخاته روو بۆ چاککردنیان.
8- ئێمه چاوه‌ڕوانی ئه‌وه ده‌که‌ین که له کوردستان هه‌وڵبدرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌زموونی با‌شوری سودان به کاربهێنرێت و خه‌ڵک هانده‌ین به ره‌و سندوقی ده‌نگدان به جیابوونه‌وه، با چیدیکه له ئاست هه‌موو نه‌ته‌وه‌کانی جیهان که‌م نه‌هێنین. که‌چی مخابن پێچه‌وانه‌که‌ی ده‌بینین.
9- وه‌ک ئه‌زموونی هه‌موو جیهانیش پیویسته ئوپوزوسیونی کوردی له هه‌ر به‌شێکی کوردستان بێت، که باس له دیمۆکراتی ده‌کات، ده‌بێت باوه‌ری به ده‌نگی زۆرینه‌و که‌مینه هه‌بێت که به‌شێکی گرنگه له ناوه‌رۆکی دیمۆکراتی.
10- له کۆتاییدا هیواخوازین که هه‌م لایه‌نی بزووتنه‌وه‌ی گۆران و هه‌م گشت چاودێرانی سیاسی کوردستانی ئه‌م هه‌ڵویسته‌ی ئێمه به دڵسۆزی و خه‌مخۆری بۆ کوردستان وه‌رگرن. مه‌به‌ستمان لاینگری له هیچ لایه‌نێک نییه و ته‌نیا وه‌ک خه‌مخۆری ودڵسۆزی وڵاته‌که‌مان ئه‌م هه‌ڵویسته ده‌ده‌ینه ده‌ره‌وه.
هه‌ر شه‌کاوه بێت خه‌باتی ئاشتیخوازانه و یه‌کگرتووانه‌ی گه‌له‌که‌مان بۆ سه‌ربه‌خۆیی یه‌کجاری کوردستان.
16ی ڕێبه‌ندانی 2710 ی کوردی، 4.2.2011 ی زاینی.