به‌یاننامه‌ی ”هاوپه‌یمانیی سه‌ربه‌خۆخوازانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان“ له پێوه‌ندیی به هه‌ڵبژاردنه‌کانی تورکیا و به‌شداری کوردستانیانی باکوور له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا

خه‌ڵکی وڵاتداگیرکراوی کوردستان،
کۆڕ و کۆمه‌ڵانی مرۆڤدۆستی جیهانیی،
هه‌روه‌ک ئاگادارن وڵاتی تورکیا له حه‌فته‌ی داهاتوو هه‌ڵبژاردنی سه‌رتاسه‌ریی خۆی به‌ڕێوه ده‌بات. به‌شی زۆری خاکی کوردستانی مه‌زنیش له لایه‌ن ئه‌و وڵاته‌وه داگیرکراوه و به ناچاریی زیاد له ٢٥ ملوێن کورد کراوه‌ته هاووڵاتی وڵاتی تورکیا. سه‌رده‌مانێکی زۆر حکومه‌ته‌کانی تورکیزم به درێژایی مێژووی ئەو داگیرکردنە نکۆڵییان له هه‌ر چه‌شنه مافێکی گه‌لی کورد کردوه. به‌ڵام بە خەباتی سەخت و بێووچانی کوردستانیان و بە به‌ربه‌ره‌کانی و خۆڕاگریی ڕۆڵه‌کانی گه‌له‌که‌مان له باکوری وڵات، چ له سه‌ر چیا سه‌ربڵنده‌کانی کوردستان و چ له شار و ناوچه‌کانی وڵاتیش، به‌خۆشییه‌وه توانیان له به‌رامبه‌ر تورکه‌کان بووەستن. تا ئێستا ئەو بزووتنەوە ئازادیخوازییە بەردەوامە و بۆ یه‌ک چرکه‌ساتیش نه‌وه‌ستاوە.
ده‌توانین به به‌ڵگه‌وه بڵێین که خۆڕاگریی و توانای سیاسەتکردنی گه‌له‌که‌مان له باکووری وڵات تا ڕاده‌یه‌کی زۆر گۆرانی له سیاسه‌تی توندڕه‌وانه و دژه کوردانه‌ی تورکیادا کردوه، بە شێوەیەک کە ئه‌و وڵاته‌ی ناچار کردوه که زۆر خاڵ بسەلمێنێت که جاران له ناو هێنانیشی خۆیان ده‌بوارد.
ئیستا بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانی وڵاتی تورکیا که له ئاست خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئوروپادا گرنگییه‌کی زۆری پێده‌درێت، به ده‌یان کاندیداتۆری کورد له سه‌ر لیستی کاندیداکاندایه، و بۆچوونه‌کانیش وانیشانده‌ده‌ن که شانسی سه‌رکه‌وتنی کورده‌کان له هه‌ڵبژاردنه‌کانی پێشووتر زیاتره. ئەمە سەرەرای هەموو کۆسپ و تەگەرە و زەحمەتیەک کە تورکەکان بە بەردەوامم دژ بە خەباتگیڕانی کورد سازی دەکەن.
ئێمه وه‌ک هاوپه‌یمانیی سه‌ربه‌خۆخوازانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، داوا له گشت هاوڵاتیانی باکووری کوردستان ده‌که‌ین، که شێلگیرانه له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا به‌شداریی بکه‌ن و ده‌نگی خۆیان به کوردانی کاندیدی جێگای په‌سه‌ندی خۆیان بده‌ن.
هاووڵاتیانی خۆشه‌ویست و خۆڕاگری باکووری وڵات،
ته‌نیا ده‌نگی ئێوه‌ی به‌ڕێز ده‌توانێت پارله‌مانی تورکیا له ئه‌نقه‌ره بهه‌ژێنێت. مافه‌کانتان هه‌میشه وه‌بیری که‌مالیسته‌کان بهێننه‌وه و با ده‌نگه‌کانیش پشتیوانی وڵاتانی ئوروپایی و جیهانی لێ ئاگادار بکرێته‌وه.
ئێمە داوا له گشت چاودێرانی جیهانی ده‌که‌ین که ئاگایان له ئاکامی هه‌ڵبژاردنه‌کان بێت و ڕێگا نه‌ده‌ن که ده‌نگی کورده‌کان له ڕێگه‌ی کاری نایاسایی و فێل و تەڵەکە و ساختەی ناو هه‌ڵبژاردن به فیرۆ ببرێت.
ئێمه هیواخوازین که کوردانی تازه هه‌ڵبژێراوی پاش هه‌ڵبژاردن بتوانن هه‌نگاوی گرنگ و به که‌ڵک بۆ به ده‌ستهێنانی مافه ڕه‌واکانی گه‌له‌که‌مان هه‌ڵبگرن، که هیوابه‌خش بێت بۆ هزری به‌ره‌وه سه‌ربه‌خۆیی گه‌ل.
هه‌رشه‌کاوه بێت یه‌کڕیزیی و یه‌کده‌نگیی گه‌ل!
هاوپه‌یمانیی سه‌ربه‌خۆخوازانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ( که بریتین له‌م پارتانە)
کۆمه‌ڵه: پارتی سوسیالدیمۆکراتی کوردستان
پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان
پارتی لیبراڵدیمۆکراتی کوردستان
٢٠ ی جۆزه‌ردانی ٢٧١١ی کوردی / ١٠ /٦/٢٠ ١١ زاینی.