گه‌شه‌ی بیری سه‌ربه‌خۆیی له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان نووسینی: عارف باوه‌جانی
ئه‌م بابه‌ته له 28ی جۆزه‌ردانی 2711ی کوردی.18.6.2011 زاینی له سیمینارێک له ژێر ناوی" گه‌شه‌ی بیری سه‌ربه‌خۆیی له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان" له ئۆسڵۆی پایته‌ختی نۆ‌رویژ پێشکه‌شکرا.
گه‌شه‌ی بیری سه‌ربه‌خۆیی
سه‌ربه‌خۆیی ئه‌و چه‌مکه‌یه که له مێژ ساڵه به شێوه‌ی جۆراو جۆر شرۆڤه‌ی له سه‌ر ده‌کرێت، هیندێک به بڤه‌و هیندێک به مافێکی ره‌وا له سه‌ری دەد‌وێن.
ئه‌مرۆ هه‌موومان پێکه‌وه له سه‌ر ئه‌و مافه ره‌وایه دیالۆکێکی سالم دروستده‌که‌ین. من لێره‌دا بابه‌ته‌که به‌و شێوه‌ی خواره‌وه دێنمه به‌رباس بۆدەسپێکی دیالۆگه‌که. هیوادام له پاش پێشکه‌شکردنی بابه‌ته‌که‌ی من ئێوه‌ی به‌ڕێزیش به بۆچوونی خۆتان، زیاتر ده‌وڵه‌مه‌ندی بکه‌ن.
کاتێک باس له سه‌ربه‌خۆیی ده‌که‌ین، باس له شتێکی ناحه‌ق و ناڕاست ناکه‌ین، باس له‌وه ناکه‌ین که بۆ خۆشبه‌ختی و سه‌ربه‌ستی خۆمان خاکی نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیکه داگیربکه‌ین، یا ناحه‌قی به‌رامبه‌ر به خه‌ڵکانێکی دیکه‌ی بێجگە لە خۆمان بکه‌ین. ئێمه باس له مافێک ده‌که‌ین که هه‌م له بواری یاسای نێۆنه‌ته‌وه‌ییه‌وه ئه‌و مافه‌مان پێ ره‌وایه و هه‌م له بواری مرۆڤایه‌تی و ئاشتی وته‌بایی و هەم به پێی ئاین و په‌رتووکه ئاسمانه‌کانیش مافی ئەوەمان هەیە، سەربەخۆ بین.
ئه‌و مافه‌ی که ئێمه به ناوی سه‌ربه‌خۆییه‌وه باسی لێوه‌ده‌که‌ین به زه‌قی له نێو جاڕنامه‌ی مافی مرۆڤی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کانی جیهاندا دیاره و به‌رچاوه.
له جارنامه‌ی مافی مرۆڤ له به‌ندی2، له ماده‌ی یه‌که‌مدا هاتووه: هه‌موو مرۆڤێک به‌بێ هیچ جیاوازییه‌ک به هۆی ره‌گه‌ز، ڕه‌نگ، جنس، زمان، ئایین، بیرورای سیاسی، یان هه‌ر رایه‌کی دیکه‌و بنه‌چه و بنه‌مای نیشتیمانی، کۆمه‌ڵایه‌تی و دارایی و له دایکبوون یان هه‌ر شتێکی دیکه، شایسته‌ی سوود وه‌رگرتنه له ته‌واوی ئه‌و ماف و ئازادییانه‌ی که له‌م بانگه‌وازه‌دا هاتوون.
هه‌ر له ماده‌ی2 له به‌ندی دووهەمدا هاتووه: "هه‌موو که‌سێک مافی ژیان و ئازادی وئاسایشی خۆی هه‌یه. " ... به‌ڵام ئایا کورد ئه‌و مافه‌ی هه‌یه?
یا له به‌ندی (5) دا هاتووه: "نابێت هیچ مرۆڤێک ئه‌شکه‌نجه‌و سزا بدرێت و ڕه‌فتاری تووند و تیژ و دڕندانه‌ی که‌رامه‌ت ڕووشێنی له‌گه‌ڵدا بکرێت" ئایا ئه‌مه به‌رامبه‌ر به کورد نه‌کراوه ?ئێستاشی لەگەڵدا بێت سیاسەتی ئەشکنجە و ئازار و ئێعدامی ئێمە لە لایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە بەردەوامە.
له به‌ندی 21 دا هاتووه که: " هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ک مافی ئەوەی هه‌یه له ژێر چاوه‌دێری ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان له ڕێگه‌ی دیموکراسی و هه‌ڵبژاردنی ئازاد‌و ڕیفراندۆمەوە چاره‌نووسی خۆی دیاری بکات."
له ماده‌ی 28 دا هاتووه که "هه‌موو که‌سێک شایسته‌ی سیسته‌مێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و نێونه‌ته‌وه‌یییه، که‌له سایه‌یدا هه‌موو ماف و ئازادییه‌کانی که‌له‌م بانگه‌وازه‌دا نووسراون به ته‌واوی وه‌دی بێنێت."
زۆر به‌داخه‌وه که له کۆی 30 ماده‌دا که هه‌ر ماده‌یه‌کیش چه‌ند به‌ندی لێده‌بێته‌وه کورد زیاتر لە 90% له‌و مافانه‌ی لە جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤدا نووسروان بێبه‌شه.
هه‌روه‌ها له په‌یمانی سیڤه‌ری نێوده‌وڵه‌تی که‌له 20 .8 1920ی زاینی وه‌ک یه‌که‌م په‌یماننامه‌ی گرنگی جیهانی واژۆی له‌سه‌رکرا. به پێێ ماده‌کانی 62 و63 و64 مافی ته‌واوی به دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیی کوردی داوه‌و، هه‌ر له‌و په‌یمانه‌دا کورد وه‌ک یه‌کێک له نه‌ته‌وه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ناسراوە.
به‌ڵام به دوای ئه‌و پەیمانەدا له لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ئه‌وکاتی تورکیا په‌یمانی شوومی لۆزان له23/7/1921 واژۆ کراو ئه‌و ماددانه‌ی که شمولی سه‌ربه‌خۆیی کوردستانیان ده‌کرد،هه‌ڵوه‌شانه‌وه.
ئابووری و ژێئوپۆلێتیکی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و هه‌ڵکه‌وته‌ی جۆگرافیایی.
هاو وڵاتیانی خۆشه‌ویست!
خاکی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ئه‌وه‌نده مه‌زن و پر پیت و به‌ره‌که‌ته که ده‌توانێن به به‌ڵگه‌وه بڵێێن به ڕادەی گه‌وره‌یی 5 وڵا‌ته، که 2 له‌و وڵاتانه بۆ نموونه وڵاتانی نه‌رویج ودانیمارکن، که هه‌ردووکیان ئه‌ندامی ناتۆن.
خاکی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان بێجگه له‌وه‌ی که خاکه‌که‌ی تێکه‌ڵه له‌گه‌ڵ باکور و باشوری کوردستانی مه‌زن. هاوکات له لای ئیلامه‌وه هاوسنووره له‌گه‌ڵ حکومه‌تی ئێراق، لای ورمی -وه له‌گه‌ڵ ئازه‌ربایجان و هه‌ر لای ئیلام - یشه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌حواز و لای خواریشه‌وه له‌گه‌ڵ ئێران. یا وڵاتی فارسه‌کان. که ده‌ڵێم وڵاتی فارسه‌کان مه‌به‌ستم خاکی نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ی بنده‌ست نییه.لە لایه‌نی ئابوریشه‌وه، هه‌ر له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ئه‌و به‌رهه‌مه گرنگانه‌ی که له جیهاندا باسیان لێوه ده‌کرێت ده‌ستده‌که‌وێت. کە گرنگترینیان سامانی نه‌وه‌ته. که ئه‌وه‌نده نه‌وت له خاکی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان هه‌یه، ئه‌وه‌نده له زۆر وڵاتی سه‌ربه‌خۆی جیهاندا نییه. بێجگه له‌وه‌ش له چه‌ندین شۆینی دیکه زێر‌و گۆگرد و هەموو شێوە بەردێکی جو انکاری و کانزایی کە لە بیناسازیدا گرنگن بوونیان هه‌یه. به ده‌یان سامانی دیکه‌ی گرنگ هه‌یه به‌ڵام له لایه‌ن داگیرکه‌رانه‌وه ده‌ستیان به سه‌ردا گیراوه، یا شاردراوه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئاشکرا نه‌کرێت. بێجگه له‌وه‌ش له‌بواره‌کانی کشت وکاڵ ومیوه‌جات وئاژه‌ڵداری به‌شی زۆری ژیانی خه‌ڵکی گوندنشین دابین دەبێت و ئەگەر گرنگییان پێبدرێت به هۆی زۆربوونی بەرهەمەکانەوە دەتوانرێ هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌یان بکرێت.
بۆ سه‌ربه‌خۆبوونی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک کۆمه‌ڵێک فاکته‌ر پێویست و یاریده‌رن، که‌وابێت به‌شی زۆری ئه‌و فاکته‌رانه له گه‌ڵی کوردا - به گشتی و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به تایبه‌ت “ بوونیان هه‌یه.
(چوون باسه‌که‌مان تایبه‌ته به رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و نامه‌وێ له سه‌ر گشتی کوردستان باسبکه‌م، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌م کاتی زۆر ده‌وێ هه‌م لێکدانه‌وه‌ی زیاتر.چونکە پێموایە ئاسانکاری بۆ سه‌ربه‌خۆیی به‌شی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان زیاتره که به‌م شێوه‌ی خواره‌وه باسی لێوه ده‌که‌ین).
ئێرانی داهاتووی پاش ئه‌م ڕێژیمه‌ی ئیستا، واتە : کۆماری ئیسلامی
ئێران له پاش نه‌مانی ڕێژیمی ئیستا، هێزیکی گرنگ له ناوچه نامێنێت، هه‌ر وه‌ک عێراقی ئیستای لێدێت که سه‌رده‌مانێک سوپای عێراقی به‌عسی چۆن کوردی قه‌تڵ وعام ده‌کرد، به‌ڵام ئیستا له‌وپه‌ری کزیدایه. یاوه‌ک نموونه‌ی تێکچوونی سۆڤیه‌ت و بۆلغاریا که به‌رده‌وام نه‌ته‌وه‌کانی بنده‌ست هه‌موویان بەرەو سه‌ربه‌خۆ بوون هەنگاویان هەڵگرت، که نموونه‌ی دوایین نه‌ته‌وه‌کانی جیابوەوە له بۆلغاریا ، مونتینێگرۆ و کۆسۆڤوو بوو.
که‌وابێت ئه‌مانه هۆکارن بۆ ئه‌وه‌ی که به شانازییه‌وه بتوانین باس له سه‌ر به‌خۆیی خۆمان بکه‌ین. هه‌روه‌ک وتم نه‌ته‌وه‌ی حاکم له پاش تێکۆچوونی ئه‌م ڕێژیمه نامێنێت هه‌ر یه‌ک له کورد و به‌لوچ و عه‌ره‌ب و ئازه‌ری و تورکمه‌نەکان کۆنترۆڵی ناچه‌کانی خۆیان ده‌که‌ن. ئیتر حاکمێک له ناوچه‌که نامێنیت که‌وا بترسین و وابیر بکه‌ینه‌وه وه‌ک ده‌وڵه‌تی عێراق بلێین که 22 حکومه‌تی عه‌ره‌بی له پشته، یا وه‌ک ده‌وڵه‌تی تورک بڵێێن ده‌سه‌ڵاتی ناتۆی له پشته و ئەگەر یەکیەتییەکی بەهێزی نێوان نەتەوە بندەستەکان هەبێت نەتەوەی باڵادەست هەرەس دێنێ
کۆسپه‌کانی سه‌رڕێگای سه‌ربه‌خۆیی و چۆنیه‌تی به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌یان.
بۆ گه‌یشتن به‌و سه‌ربه‌خۆیی که باسی لێوه‌ده‌که‌ین و هه‌موو یاساکانی جیهانیش پێمان ره‌وا ده‌بینێت. بێگۆمان به هۆی کورد بوونمان و نه‌بوونی دڵسۆز و پشتیوانی جیهانی، له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک ئاستەنگ و هیندێک بی متمانه‌یی ناوخۆیشمان رووبه‌رووین. زۆر پێویسته بزانین چۆن له‌گه‌ڵ ئه‌و کۆسپانه هه‌ڵس وکه‌وت بکه‌ین.
کۆسپه ناوه‌کییەکان.
کۆسپی ناوخۆییمان ئه‌وه‌یه، له‌گه‌ڵ ئه‌و په‌رێ ریز و خۆشه‌ویستمان بۆ تاک‌تاکی حیزب ولایه‌نه سیاسیه‌کانی کوردستان، له‌گه‌ڵ کرنۆش بردن بۆ گڵکۆی هه‌موو ئه‌و شه‌هیدانه‌ی له پێناو کوردایه‌تی شه‌هید بوون، ده‌بێت بڵێێن که مخابن شۆرشه‌کانی پێشوومان له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، بێجگه له کۆماری سه‌ربه‌خۆیی کوردستان، ئه‌وانی دیکه وایان فێرکردوین که ئێمه خه‌ڵکی ره‌سه‌نی ئێرانین و ئه‌گه‌ر هیندێک له مافه سه‌ره‌تایییه‌کانمان ده‌ستکه‌وێت ئه‌وا هیچی دیکه‌مان ناوێت.
ئه‌م په‌روه‌رده سیاسییه به‌و شێوه‌یە ده‌رێژه‌ی کێشاوه هه‌تا سه‌ره‌تای ساڵه‌کانی 2000 ی زایینی. له‌وێ به‌ولاوه ئاستی ڕۆشنبیری کۆمه‌ڵگا که‌وته سه‌ره‌وه‌ی حیزبه‌کان و گۆرانکارییه‌کانی جیهان وای ناچارکردن که باس له ئێرانێکی فیدراڵ بکرێت. وا باسده‌کرێت که ئێمه هه‌موومان له سایه‌ی ئێرانێکی فیدراڵه‌وه بژین، ئیدی بیر له‌وه‌ناکه‌ینه‌وه که ئێمه نه‌ته‌وه‌یه‌کین له بواری مێژوو، زمان، جل وبه‌رگ، نه‌ریت وکلتوور و زۆر شتی دیکه جیاوازترین له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ی حاکمی فارس یا نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ی بنده‌ست. بۆ ده‌بێت ئێمه‌ی کورد خه‌مخۆری پاراستنی خاکی وڵاتێک بین که فارس خۆی به خاوه‌نی مێژوو شارستانیه‌ته‌که‌ی ده‌زانێت? ... یا بۆ دەبێ ئێمه له فکری ئه‌وه‌دابین که مێژووی ئێران بکه‌ین به هی خۆمان، ئه‌ی بۆ له‌سه‌ر ئه‌و خاکه‌ی که کوردی تێدا ده‌ژی ئه‌وه‌ی له هه‌زاران ساڵ پێشه‌وه ڕوویداوه‌و له‌مه‌ودواش روو ده‌دات، به ناوی مێژووی کوردستانه‌وه و وڵاتی کوردستان نه‌بینه خاوه‌نی سەروەرییەکانی خۆمان?... ئیتر وڵاتێک به نێوی ئێران یا په‌رسیالاند “ مان و نەمانی بۆ ئێمە چ شانازییەکی هەیە ? هیچ شاناز تێدا نابیت چوون ناوی وڵاته‌که‌ی تۆ شتێکی دیکه‌یه و ئەوەی تۆ دەبیچ بیپارێزی کەرامەتی خۆت و ولات و ناسنامەی خۆتە... نەک کەرامەت و سەروەرییەکانی داگیرکاری وڵاتەکەت!
ئێمه نابێت نه‌وه‌کانمان وا تێبگه‌یه‌نین که کۆنترین خه‌ڵکی ئیرانین، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ باس له مێژووی کۆنی خۆمان بکه‌ین ده‌بێت باس له ماد بوونی خۆمان بکه‌ین له مێژوودا، چوون ئه‌وه نه‌ته‌وه‌و بنەچە و ئه‌سڵی مێژووی خۆمانه، که داگیرکه‌ران زۆریش پێی حه‌ساسن وبه ئیمپراتۆری ناوی ناهێنن به‌ڵکو به بەشێکی گەندەڵ لە مێژووی ئێران‌دا ناوی ده‌به‌ن کە سەروەری و گەورەیی زاتی ئیمپراتووریای فارسی و ناوی ئەوانی خراپ کردبوو، بۆیە کودەتایان لێی کرد... زۆر مێژوو نووسی کوردمان هه‌یه که مخابن بۆ خۆی نازانێ که پێنووسه‌که‌ی بووه‌ته ته‌ورداسێک و قاچی خۆی پێ ئه‌بڕێته‌وه. گوایه باسی مێژووی کورد ده‌کات به‌س هه‌مووی له ئاخره‌وه ده‌به‌ستێته‌وه به‌ئێرانه‌وه. لێرەدا پرسیارێک هه‌یه که ده‌بێت هه‌موومان له خۆمانی بپرسین و پاشان له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ی کورد به‌رامبه‌ری بکه‌ین، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که ئایا ئه‌و هه‌موو نه‌ته‌وه کۆنانه‌ی مێژوو له ئوروپا و ئه‌فریقا و ئه‌مریکا و ئاسیا، هه‌موو پێکه‌وه له‌یه‌ک وڵات ماونه‌ته‌وه یا سه‌دان وڵاتیان لێدروستبووه.
ئایا بۆ ئیمه‌ی کورد له ژیر ناو و ناتۆره‌ی کۆنی مێژوویی ده‌بێت هه‌ر به بنده‌ستی بمێنینه‌وه ماڵی نه‌ته‌وه‌ی دیکه‌ی وه‌ک فارس ئاوەدان بکه‌ینه‌وه? ئه‌گه‌ر تا ئیستا به باشی بیرمان لێکردبێته‌وه ئه‌مه بۆ خۆی جۆرێکه له گه‌وره‌ترین کۆسپی ناوخۆیی که هه‌ستیشمان پێێ نه‌کردوه.
من پێم وایه نه‌ته‌وه‌ی کورد پێویسته وه‌ک نه‌ته‌وه‌کانی فه‌له‌ستین و تیبته‌کانی لای چین و ده‌یان نه‌ته‌وه‌یی دیکه‌ی بێده‌وڵه‌ت خه‌ڵکه‌که‌یان به‌وه په‌روه‌رده بکه‌ن که خاک و زێد و مێژوومان له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه ده‌ستی به سه‌ردا گیراوه و پێویسته سه‌روه‌ریه‌کانمان بۆ بگه‌رێته‌وه، و به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی یه‌کجاری برۆین. نه‌ک ئه‌وه‌ی بڵێێن فڵان وڵات وڵاتی هه‌موومانه.
هه‌ر ئیستاش که هه‌زاره‌ی سێیه‌م و سه‌ده‌ی بیستویه‌که‌م - ه له‌گه‌ڵ ئه‌ندام یا لاینگرانی هه‌رکام له‌و پارته به‌ریزانه ده‌دۆێین، یه‌کسه‌ر وڵامه‌کانیان ئه‌وه‌یه که"کورد چۆن ده‌توانێ ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆی به‌ڕێوه ببات? بۆ ئێمه له‌م ئێرانه مه‌زنه خۆمان دوور خه‌ینه‌وه?...". یا ده‌ڵێن : "وڵاتانی دراوسێ ئیزنمان ناده‌ن" و زۆر له‌م قسانه که ده‌یانساڵه کۆپی ده‌کرێنه‌وه‌و ده‌گوترێنه‌وه. بە بێ ئه‌وه‌ی بیر له‌وه بکه‌ینه‌وه ، ئه‌ی چۆن ڕزگارمان ده‌بێت تا خۆمان ئه‌وه‌نده لە مێشک‌دا پڕچەک نەکەین و فیداکاری بو نه‌که‌ین? مه‌به‌ستم له‌وه‌یه که له بواری ده‌روونییه‌وه مه‌سه‌له‌ی سه‌ربه‌خۆیییان به مه‌سه‌له‌یه‌کی ترس و دڵه‌ڕاوکێ وه‌رگرتووه و پێێ فێرکراوین.
ناتوانین حا‌شا له‌و ڕاستییه بکه‌ین که جووڵانه‌وه سیاسی و فه‌رهه‌نگییه‌کانی هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌کی وڵاتداگیرکراو خه‌ڵکه‌که‌ی هاننه‌داوه خه‌بات بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له چوارچێوه‌ی ئه‌و وڵا‌ته خاکیان داگیرکردوه بمێننه‌وه، ئه‌ویش ئه‌مجۆره وڵا‌ته دیکتاتۆرانه که چی به سه‌ر خاک و مێژوو خه‌ڵک و سه‌روه‌تیان هێناوین. منیش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دام و ده‌ڵێم ڕاسته که له سه‌ره‌تاوه هه‌ر ده‌ستکه‌وتێکی سیاسیمان به ده‌ستهێنا له کیسی نه‌ده‌ین، و وه‌ریگرین و کاری دیکه‌ی به شۆیندا بکه‌ین، به‌ڵام ستراتیژیی خه‌باته‌که‌مان به‌وه نه‌به‌ستینه‌وه که حه‌تمه‌ن له چوارچێوه‌ی وڵاته‌داگیرکه‌ره‌که‌دا بمێنینه‌وه، خه‌ڵکمان وا تێنه‌گه‌یه‌نین که خاکمان و مێژوومان هی ئێرانه.
جێی خۆیه‌تی که خوشک و برا کوردستانیانه‌کان چیدیکه فریوی قسه‌ی هیندێک مێژوو نووسی ناشیونالیست و ڕه‌گه‌ز په‌ره‌ستی فارس نه‌خۆن، که مێژووه‌کان ده‌شێوێنن و هه‌موو سه‌روه‌رییه‌کانی کورد بۆ خۆیان ده‌به‌ن. واشمان فێرده‌که‌ن که له فارسه‌کان زیاتر شانازی به‌و ئێرانه‌ی ئه‌وان بکه‌ین. پێویسته به باشی بیربکه‌ینه‌وه‌و شانازی به وڵاتی خۆمانه‌وه بکه‌ین و ماڵی خۆمان ئاوه‌دان که‌ینه‌وه. با ڕووی قسه‌شم بگه‌یه‌نمه هیندێک فه‌ریکه نووسه‌ر یا تازه به ناو نووسه‌ر با چیدیکه به پیت و وشه‌ی کوردی نووکی پێنووسه‌کانیان به کار نه‌هێنن بۆ تێکدانی مێژووی وڵاته‌که‌یان، با ئه‌وه بزانن که هه‌ر ئه‌و مێژووه له دوارۆژدا ڕسوایان ده‌کات. با له‌وه فێربین که چۆن هه‌موو جووه‌کان(یه‌هوودیه‌کان)ی جیهان به‌و په‌ری دڵسۆزیه‌وه له بواره‌کانی مادی و مه‌عنه‌وی و نووسین و دروستکردنی ڕێکخراوه که‌لتوری و مەدەنییەکان، ئه‌وپه‌ڕی هه‌وڵیانده‌دا که پشتیوانی جیهانی بۆ ڕزگاری گه‌له‌که‌یان کۆبکه‌نه‌وه، که ئێستاش له زۆربه‌ی وڵاتانی جیهانی لۆبیان و گرووپی فشاریان دروستکردوه، له ژێر ناوی پشتیوانی له وڵات و گەلی ئیسرائیل. له حاڵێکدا زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ش له‌وانه‌یه ئۆپوزوسیونی وڵاته‌که‌یان بن، به‌ڵام پاراستنی خاک و مێژوویان له‌سه‌ره‌وه‌ی هه‌موو شتێکه.
ئایا ئه‌گه‌ر کورد جیابێته‌وه ده‌توانێ له بواری ئابوریه‌وه بژی?
مێژوو به‌ڵگه‌و ڕاستییه‌کان وسه‌رچاوه‌کانی سامانی ژێرزەوی و بەگشتی ئابووری ئاشکراکراوی وڵاته‌که‌مان ئه‌وه‌یان سه‌لماندووه، که ئه‌گه‌ر گه‌لی کورد له‌م سیفه‌تانه‌ی تێدا نه‌بایه وه‌ک بواره‌کانی: ئابوری و سامانه ژێر زه‌وییه‌کان، به‌رهه‌مه کوردییه‌کانی نێردراو بۆ وڵاتانی جیهانی له لایه‌ن داگیرکه‌رانه‌وه و گرنگیی ئه‌و به‌رهه‌مانه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین، ئه‌وا له مێژ بوو پاڵیان پێوه‌ده‌ناین - که به قه‌وڵی خویان - لێیان جیاببینه‌وه. به‌ڵام تاڵانکه‌رانی سه‌روه‌ت و سامان و مێژووی وڵاته‌که‌مان باشده‌زانن که بوونی ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆی کوردی بۆ ئه‌وان له ناوچه‌که مه‌ترسیداره، چونکە ئه‌وان ئه‌و ئابوورییه گرنگه‌یان نامێنت تا وڵاتانی زلهێز و ئابوری هاوڕێیه‌تیان بکه‌ن و له مه‌ترسی بیان پارێزن.
کوردستانیانی خۆشه‌ویست! ئێمه ده‌بێت هۆشیار و ئاگاداری خۆمان بین که داگیرکه‌ران به سه‌ره‌وه‌ت و سامانی خۆمان رێگریمان لێده‌که‌ن ببینه سه‌ربه‌خۆ !... هه‌ر به‌و سه‌روه‌ته‌مان کۆسپی گه‌وره‌ی جیهانی وده‌ره‌کیمان بۆ دروستده‌که‌ن، هه‌ر به‌و سه‌روه‌ته مێژوو نووسان فریو ده‌ده‌ن، هه‌ر به‌و سه‌ره‌وه‌ته مخابن کوردی پێنووس فرۆش ونه‌ف‌س نزمیش فریو ده‌ده‌ن، و هه‌ر به‌و سه‌رمایه‌ش خۆیان له بواری سه‌ربازییه‌وه‌پڕچەک ده‌که‌ن و سه‌رکوتمان ده‌که‌ن.
کۆسپه ده‌ره‌کییەکان
شک و گومانمان له‌وه‌دا نییه که سه‌ربه‌خۆیی کورد به تایبه‌ت له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌م سه‌رده‌مه‌دا له به‌رژه‌وه‌ندی هێندێک وڵات‌دا نیه. که ده‌توانین ئاماژه به گه‌وره‌ترین وڵاتی جیهانی وه‌ک ئه‌مریکا بکه‌ین. که ئه‌گه‌ر به وردی لێێ بکۆڵینه‌وه زیره‌کی لۆبی فارسی له ئه‌مریکا واکاریگه‌ری له سه‌ر سیاسه‌تی ئه‌و وڵاته‌دا هه‌بووه، که یه‌کپارچه‌یی خاکی ئێران باشترین ڕێگایه بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه سیاسی و ئابورییه‌کانی ئه‌مریکا له‌و وڵاته‌دا.
من باس له سه‌ردانێکی خۆم ده‌که‌م بۆ وڵا‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا که له 3-4-2009 بوو. له واشنگتۆن سه‌ردانی دامه‌زراوه‌ی داکۆکیکردن له دیمۆکراسی م کرد، له‌وێ چاوم که‌وت به به‌ڕێز دوکتۆر میچائیل ئا لیین به‌رپرسی گشتی ئه‌و ده‌زگایه. پێکه‌وه له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی سه‌ربه‌خۆیی کورد‌و نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ی بنده‌ست دواین. ناوبراو بۆی گێرامه‌وه که جارێک سیمینارێکی بۆ نه‌ته‌وه‌کانی بنده‌ست له ئه‌مریکا ڕێکخستووه، که چۆن فارسه‌کان زۆر به تووندی هێرشیان بۆ هێناوه. جا مه‌به‌ستم له‌و باسه ئه‌وه‌یه که لۆبی فارسی له ئه‌مریکا ئه‌وه‌نده چالاکه، و چه‌نده خه‌مخۆری مانه‌وه‌ی وڵاته‌که‌ی ده‌کات، به‌ڵام ئێمه هه‌وڵده‌ده‌ین وڵاته‌که‌ی خۆشمانیان پێبده‌ین، تەنیا لەبەر ئەوە تۆزقاڵێک مافمان پێبده‌نه‌وه.
ئێمه‌ی کوردیش ده‌بێت زۆر له‌وان زیره‌کتر به لۆبییه‌کی یه‌کگرتووانه‌ی کوردی، قه‌ناعه‌ت به ئه‌مریکا بکه‌ین که بوونی ده‌وڵه‌تێکی کوردی له‌و ناوچه هیچ زیان به سیاسه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مریکا له ناوچه‌که ناگه‌یه‌نێت، بگره ئاسانکاری و هاوکارییان زیاتر بۆ ڕێکده‌خه‌ین.ئێمە دەبێ ئەو کارە لە زۆرینەی وڵاتانی جیهاندا بکەین و پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ خۆمان مسۆگەر بکەین.
نموونه‌ی چه‌ند نه‌ته‌وه‌یه‌کی ئیستای بنده‌ست، و خۆ به‌که‌مزانینی ئێمـه‌ی کورد
هاوڕێیان ئێمه که له وڵاتانی ئوروپایی ده‌ژین و تا ڕاده‌یه‌ک له ده‌ره‌وه‌و له ناوخۆی وڵاتیش ئاگامان له کێشه‌ی فه‌له‌ستین - ئیسرائیله، ئاگامان له کێشه‌کانی سودان و کۆسۆڤۆ و زۆر وڵاتی دیکه بووه. کارمان به‌وه نییه که کامیان حه‌قن یا ناحه‌قن، به‌ڵام پرسیاره‌که ئه‌وه‌یه: هه‌رگیز گۆیتان له فه‌له‌ستینیه‌ک بووه به خۆی بڵێ من خه‌ڵکی ئیسرائیلم? یا بیستووتانه بڵێن با پێکه‌وه له ئیسرائیلی دیمۆکرات و فیدراڵ‌دا بژین? له‌حاڵێکدا ئێمه‌ی کورد له جیهاندا خاوه‌ن یه‌کده‌وڵه‌تیش نین، نه‌ته‌وه‌ی ئه‌وان له جیهاندا خاوه‌نی 23 ده‌وڵه‌ته به‌م سوودانه تازه‌شه‌وه. به‌ڵام هه‌ر کام له ئێمه‌ی کورد که خۆی به ئاکادیمی و سیاسی ده‌زانێت یه‌کسه‌ر شانازی به ئیرانی بوونه‌وه ده‌کات و له شۆێنی کار‌و قوتابخانه و ژیانی رۆژانه‌ی خۆی به کوردی ئێرانی ده‌ناسێنێ. تەنانەت وایان فێرکردووین کە خۆمان لە کوردی پارچەکانی دیکەش جیابکەینەوە.
من ڕێزی زۆرم بۆ خۆراگری و زیره‌کی خه‌ڵکی لێهاتووی باشوری سۆدانه‌و ئافه‌رین و ده‌ستخۆشانه‌یان پێده‌ڵێم که چۆن توانیان به فشاره‌کانیان جیهانیش بێننە سه‌ر ئه‌و باوه‌ره که له ڕێگه‌ی ڕاپرسیه‌وه مافی به ده‌وڵه‌تبوونی خۆیان به ده‌ست بێنن.
ئایا به ڕاست ئێمه‌ی کورد له بواری سیاسی و ئابوری و مێژووییه‌وه به قه‌ت باشوری سودان توانا‌مان نه‌بووه. بێگۆمان له‌وانیش زیاترمان هه‌یه، به‌ڵام وه‌ک ئه‌وان په‌روه‌رده‌ی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی نه‌کراوین.
یا سیاسییه‌کانی ئێمه‌ی کوردیش له پێناو به ده‌ستهێنانی ئافه‌ریمێکی ئاغای فڵان و فیسار ، ستراتیژی به ده‌وڵه‌تبوونی نه‌ته‌وه‌که‌یان له بیرنه‌که‌ن و بیر له مێژوو بکه‌نه‌وه، با قه‌رزاری مێژوو نه‌بن.
با ئیتر به‌سبێت و له پشت تریبوونی فارسی زمانه‌کان به شانازییه‌وه باس له وه‌حده‌تی خاکی ئێران نه‌که‌ن، و خه‌ڵک زیاتر هاننه‌ده‌ن بۆ خۆشه‌ویستی یه‌کێتی خاکی ئێرانی داگیرکه‌ر!
با ئیتر به‌س بێت! ... بۆ خۆ شیرینکردن لای فارسه‌کان کێ به‌رکێ نه‌که‌ن... که کامیان له‌وانی تر زیاتر خه‌می یه‌کێتی خاکی ئێرانی هەیە و خۆیان نه‌گه‌یه‌ننه کۆبوونه‌وه‌ی فارسه‌کان له ئه‌مریکا و فه‌رانسه‌و وڵاتانی ئوروپایی، له حاڵێکدا هه‌ر ئاماده‌ش نین وڵامی بانگهێشتننامه‌ی ڕێکخراوی کوردی بده‌نه‌وه بۆ کۆبوونه‌وه‌یه‌کی چاره‌نووسسازی وه‌ک به‌ره و یه‌کێتی و ته‌بایی.
گه‌لۆ جێگه‌ی ڕه‌خنه‌و گلەیی یه که گه‌لی کوردی قاره‌مانی رۆژهه‌ڵات له تاراوگه‌ش په‌نا بۆ فارس ده‌به‌ن، له ئه‌مریکا و به‌ریتانیا پێویستیان به که‌سانێکی وه‌ک عه‌لیره‌زا نوریزاده و نموونه‌ی ئه‌وە که به کارمه‌ندێکی ئه‌و وه‌زاره‌ته‌یان بناسێنێ. ئه‌ی کاتی ئه‌وه نه‌هاتووه له خۆیان بپرسن - که ئه‌و هه‌موو ساڵه له خه‌بات وماندوونه‌ناسی - بۆ نه‌مانتوانیوه پێگه‌یه‌کی دیپلوماسی بۆ خۆمان دروستبکه‌ین، که خه‌ڵکی دیکه په‌نا بۆ ئێمه بێنن?...ئایا هه‌ستمان به‌مه کردوه ئه‌مه که‌می و زه‌عیفی هزری نه‌ته‌وه‌ییمانه?
پیویستمان به دیپلوماسییه‌کی گرنگ و ژیرانه‌یه، دوور بێت له هزرە حیزبیه‌کانمان بۆ ڕاکێشانی پشتیوانی جیهانی. وه‌ک ناتۆ و پاڵپشتیی نێودەوڵەتی.
هه‌روه‌ک زۆر له‌و که‌م و کوڕییانه‌ی که له باسه‌کانی دیکه ئاماژه‌م پێ‌کرد، به‌و ئاکامه‌مان ده‌گه‌یه‌نێت له‌وه زیاتر کات به فیرۆ نه‌ده‌ین و بیر له دروستکردنی به‌ره‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی به په‌له بکه‌ینه‌وه. که له‌و به‌ره‌شدا چه‌ند کۆمیته یا لێژنه‌ی لێ‌دروستبکرێت، که یه‌کێک له‌و لێژنانه لێژنه‌یه‌کی دیپلوماسی بێت، که بە دوور بێت له په‌یڕه‌وی حیزبییانه و له که‌سانی پسپۆر و لێهاتوو پێک‌بێت که بتوانن، نۆێنه‌رایه‌تی خه‌ڵکی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له جیهانی ده‌ره‌وه‌دابکه‌ن و بتوانن پشتیوانی بۆ دۆزی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌م به‌شه‌ی کوردستان کۆبکه‌نه‌وه. بۆ نموونه بتوانن له وڵا‌ته زلهێزه‌کانی جیهان له ڕێکخراوه مه‌زنه‌کانی جیهانی وەک ناتۆ و هتد ... نزیک ببنه‌وه. دروستکردنی ئه‌و لۆبییه‌و ئه‌م جۆره‌یه‌کگرتنه‌مان گه‌وره‌ترین پێوه‌ره بۆ به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆ بوونمان.
په‌روه‌رده‌ی کۆمه‌ڵگا بۆ سه‌ربه‌خۆیی له ڕێگه‌ی میدیاکانه‌وه
هه‌روه‌ک له باسه‌که‌ی دیکه باسم له ڕێزگرتنی خه‌بات وماندوبونی حیزبه‌کانی کوردستانی کردوه، لێرەش دووپاتی ده‌که‌مه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که تا ئیستاش له 2011 داین ده‌بینین که به‌رده‌وام ڕاگه‌یاندنه‌کانی به‌شێک له‌و حیزبانه بووه‌ته سه‌کۆیه‌ک بۆ کۆکردنه‌وه‌ی هیندێک له ناسیۆنالیسته فارسه‌کان و دیسانه‌وه باس له یه‌کێتی و برایه‌تی وپێکه‌وه ژیان ده‌که‌ن، هیچکام له‌وان به قه‌ت ئێمه‌ی کورد به کرده‌وه ویستی برایه‌تی و ئاشتیان نه‌بووه‌و ناشیانبێت، ئیستا گڵۆڵەیان لە لێژیدایە و ده‌یانه‌وێ به قسه‌ی خۆش و زمانی شیرینیان پشتیوانی کورد بۆ تێکنه‌چوونی ئێرانی دوارۆژ ڕاکێشن. ئه‌وانه ده‌زانن نه ئازه‌ری و نه عه‌ره‌ب و نه به‌لوچ و نه تورکمه‌نسه‌حرایی یان بۆ ڕازی نابێت. به‌ڵام پێان وایه کورد له‌وه‌تی هه‌یه بنده‌سته و ئەگەر که‌مێک ده‌ستیان ئاواڵه بکه‌ن ئیدی باس له سه‌ربه‌خۆیی ناکه‌ن. بۆ پووچه‌ڵکردنه‌وه‌ی ئه‌و جۆره بیرکردنه‌ویه پێویسته میدیا کوردییه‌کان کاته‌کانیان ته‌رخان بکه‌ن بۆ په‌روه‌رده‌کردنی کۆمه‌ڵگابە هزری رەسەنی به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆبون. پێویسته بۆ سه‌ربه‌رزی گه‌ل و نیشتیمان هه‌میشه سه‌کۆی سه‌ربه‌خۆیی بکرێت بە به‌رنامه‌ی ئه‌و کاناڵانه و ... با کۆمه‌ڵگاکه‌شمان به‌و به‌رنامانەدا زیاتر خۆیان بناسنه‌وه.
میدیا و به تایبه‌ت سه‌ته‌لایت که به ئاسانی ده‌گاته ماڵه‌کان ده‌توانێ گه‌وره ترین ڕۆڵی هه‌بێت له ئاماده‌کردنی کۆمه‌ڵگا. ده‌توانێ هیوا و هومێد له نێۆ زەینی تاکه‌کاندا ببوژێنێته‌وه. ده‌توانێ فکرو پلانی نه‌یاران پووچه‌ڵ بکاته‌وه. دەتوانێ دیواری رەنجی هەزاران ساڵەی کۆیلایەتیی بێهیوایییان بڕووخێنێ و گیانێکی تازە ببەخشێ بە کۆمەڵگا.
ڕوخان وتێکدانی که‌سایه‌تی کورد بۆ بیرنه‌کردنه‌وه له سه‌ره‌وه‌ری و سه‌ربه‌خۆیی
هه‌ر به مه‌به‌ستی شکاندنه‌وه‌ی که‌سایه‌تی کوردستانی و نه‌هێشتنی بیرکردنه‌وه وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌ک و خاوه‌ن مێژوویه‌ک، داگیرکه‌ری حاکم چه‌ند پلانێکی دیکه‌ی هه‌میشه به ده‌سته‌وه بووه، وه‌ک بڵاوکردنه‌وه‌ی ماده‌ی جۆراوجۆری مه‌خه‌ددی‌رات بۆ تووشکردنی که‌سایه‌تییه کورده‌کان، و هه‌میشه موحتاجکردنیان و ده‌ستەوەستان‌بوونیان له به‌رامبه‌ریان. به لایه‌کی دیکه‌شه‌وه هه‌وڵدان بۆ تێکه‌ڵکردنی هاوسه‌رگیری له نێوان کورد‌و فارس‌دا. دیاره من لێره‌دا مه‌به‌ستم ئه‌وه نییه که بۆ خۆشه‌ویستی و هاوسه‌رگیری سنوردابنێم، به‌ڵام شاراوه نییه که ڕێژیم به‌و مه‌به‌سته‌وه ئه‌و کارانه ده‌کات، به پێێ ئەو ئامارهانەی به ده‌ستمان گه‌یشتووە، هاوسه‌رگیری نێوان گه‌نجانی کورد له‌گه‌ڵ فارس له ئاستێکی بەرزدایە، به تایبه‌ت له‌م ساڵانه‌ی دواییدا زۆر زیادیکردوه. مه‌به‌سته‌که‌ش ڕوون و ئاشکرایه که ئه‌م تێکه‌ڵبوونه‌ی بنه‌ماڵه وا ده‌کات، که ئه‌و مناڵانه‌ی له باوک و دایکێکی فارس و کورد له دایکبووه ئه‌و سۆزه‌یان بۆ کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆ نابێت، بگره خۆشه‌ویستییان بۆ ئه‌و ئێرانه ئه بێت که وه‌ک خێزانێک ئه‌وانی کۆکردوه‌تەوە.
هه‌ر به‌وه‌ش نه‌وه‌ستاون کارێکیان کردوه که زۆربه‌ی وشه دێرینه کوردییه‌کان له شاره کورد نشینه‌کان خه‌ریکه که‌مکه‌م له ناوده‌برێت، که له که‌سێک ده‌پرسی: باشه بۆ وشه کوردییه‌که به کار ناهێنی? له وەڵامدا ده‌ڵێن : "بابه ئیستا کلاسمان بانه و ئه‌و وشه قه‌دیمانه باویان نه‌ماوه..." مه‌به‌ست له‌وه‌دایه که داگیرکه‌ر ده‌یهه‌وێ زمانه ره‌سه‌نه‌که‌ی خۆشمان به فرت و فێڵ لێ بستێنێته‌وه تا ئه‌و گه‌وره‌ترین به‌ڵگه‌یه‌ش له ده‌ستبده‌ین.
له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه به هۆی تێکه‌ڵکردنی شار‌و ناوچه کوردنشینه‌کان له‌گه‌ڵ ناوچه‌ی نه‌ته‌وه‌کانی دیکه،بە مه‌به‌ستی ئاسته‌نگ دروستکردن و ئاژاوەنانه‌وه له نێو نه‌ته‌وه‌کان بۆ ئه‌وه‌ی بیر له جیابوونه‌وه نه‌کرێت و هه‌موو ناچاربن تاران به چاوی نه‌ته‌وه‌کان بهێڵنه‌وه.
نه‌ته‌وه‌کانی بنده‌ستیش بۆ سه‌ربه‌خۆیی خۆیان ئاماده ده‌که‌ن
من زۆر جارم وتوومه‌و ئه‌مرۆش دووپاتی ده‌که‌مه‌وه، که نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ی بنده‌ست له ئێران له کورده‌وه فێری خه‌بات و به‌ربه‌ره‌کانی بوون له به‌رامبه‌ر ئێرانی داگیرکه‌دا، له پاش ئیمه‌وه ده‌ستیان به خه‌باتکرد به‌ڵام ستراتیژی خه‌باته‌که‌یان پێش ئێمه‌ی کورد که‌وتووه. له‌و وڵاته‌ی که ئه‌مرۆ پێێ ده‌گوتریت : ئێران ...خاک و سه‌روه‌تی ئه‌م نه‌ته‌وانه له لایه‌ن حاکمیه‌ته‌وه کەله تاران نیشتەجێن، داگیرکراوه.
1- نه‌ته‌وه‌یی کورد و خاکی کوردستان
2- نه‌ته‌وه‌یی به‌لوچ و خاکی به‌لوچستان
3 - نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب و خاکی عه‌ره‌بی ئه‌حواز
4- نه‌ته‌وه‌یی تورکی ئازه‌ری و خاکی ئازه‌ربایجان
5- نه‌ته‌وه‌ی تورکمه‌نسه‌حرایی و خاکی تورکمه‌نستان
6- له‌گه‌ڵ چه‌ندین ورده نه‌ته‌وه‌و ورده ئاینی جیاواز له ناوچه‌کاندا.
ئه‌و نه‌ته‌وانه خاوه‌نی ده‌یان پارت و ڕێکخراوی سیاسین وخاوه‌نی پێناسه‌ی تایبه‌ت به خۆیانن، و به پێێ به‌رنامه‌و پرۆگرامی کاری سیاسی‌یان هه‌موویان ئاماژه به‌وه ده‌که‌ن، که بۆ هه‌ر هه‌لێک ده‌گه‌رێن له تێکچوونی ئێران، ئه‌وان سه‌ربه‌خۆیی خۆیان ڕابگه‌یه‌نن. هه‌ر له ئیستاوه سه‌رقاڵی ئاماده‌کردنی خه‌ڵکه‌که‌یان بۆ بیرکردنه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆخوازی و ئاماده‌یی بۆ چۆنیه‌تی ئیداره‌کردنی خاک و خه‌ڵکەکەیان.
ئایا کوردستانێکی یه‌کگرتوو یا4 کوردستان، ئاڵا و پێناسه‌و په‌رله‌مان?چه‌ند نموونه‌یه‌ک
ئه‌م مه‌سه‌له‌ش زۆر جار باسی لێوه‌ده‌کرێت و به شێوه‌ی جیاواز تاوتوی له‌سه‌ر ده‌کرێت.
بۆ هه‌موومان ڕوونه که نیشتمانی کورد به هه‌موو پارچه‌کانیه‌وه، یه‌ک وڵاته‌و نه‌ته‌وه‌ی کوردیش هه‌مووی یه‌کنه‌ته‌وەیه. ئه‌و سنوورانه‌ش که خراونه‌ته نێوان به‌شه‌کانی کوردستان و به ڕواڵه‌ت له‌تیان کردووه، ئه‌وه‌ش دیاره که ده‌ستکردی داگیرکه‌رانه.
دیاره ناتوانین حا‌شا له‌وه‌ش بکه‌ین که به‌هۆی دابه‌شکردنی کوردستان له لایه‌ن داگیرکه‌رانه‌وه له ماوه‌ی ئه‌م سه‌دان ساڵه‌دا، کارێکی وایکردوه که له بواری ژیئوپۆلێتیک و ئاسه‌واری داگیرکه‌رانه‌وه، هه‌ل و مه‌رجێکی وا دروستبووه که زه‌حمه‌تی زۆری دروستکردوه بۆ خه‌باتکردن یا ئاماده‌کردنی کۆمه‌ڵگاکه‌مان بۆ یه‌ک ده‌وڵه‌تی کوردی بۆ ته‌واوی کورده‌کان له جیهاندا.
داگیرکه‌رانی ئه‌و 4 به‌شه‌ی کوردستانیش له ئاست قودره‌تی جیهانییه‌وه جیاوازیان هه‌یه، هه‌م هه‌ڵکه‌وته‌ی جۆگرافیایشیان جیاوازه. جا له‌و پێوه‌ندییه‌دا به بۆچوونی من مه‌سه‌له‌ی یه‌کده‌وڵه‌تی کوردی له ناوچه‌که ده‌که‌وێته‌وه کاتێکه‌وه که هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان به هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێت له ژێر چنگی داگیرکه‌ران نه‌جاتیان بووبێت، نموونه ئیستا باشوری وڵات نیمچه رزگاره و ناوی حکومه‌تی هه‌ریمی کوردستانه، ئه‌ڵته‌رناتیڤی دووه‌م رۆژهه‌ڵاته ، سێێه‌م باکوره و چواره‌م رۆژ ئاوا.
له پاش ڕزگاری هه‌ر 4 به‌شه‌که، ئه‌و کات پێویسته ڕاپرسییه‌کی سه‌رتاسه‌ری له نێۆ خه‌ڵکی کوردستان بکرێت، که ئایا یه‌کده‌وڵه‌تی کوردی به ناوی کوردستانی فیدراڵ، که ئه‌و 4 به‌شه وه‌ک 4 هه‌رێمی سه‌ر به کوردستانی فیدراڵ تێیدا بن، یا وه‌ک وڵا‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا ناوی بنێێن وڵا‌ته یه‌کگرتووه‌کانی کوردستان، یا 4 ده‌وڵه‌تی کوردی، 4 هێزی کوردی، 4 نۆینه‌ری کورد له نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان هه‌بێت. جا بۆیه ئه‌مه‌ش تاوتوێکردنی زیاتر و شرۆڤه‌ی زیاتری ده‌وێت. من زیاتر له‌سه‌ر ئه‌و خاڵه نادوێم و باسه‌که به جێدێڵم بۆ ئێوه‌ی به‌ڕیز.
دروستکردنی پا‌رله‌مانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له تاراوگه
هه‌ڵسه‌نگاندنی ڕووداوه مێژووییه‌کان وامان پێشانده‌ده‌ن که کورد هه‌تا بێت و له ژێرناوی سیاسه‌ت و تاکتیک پرۆژه‌ی سه‌ربه‌خۆیی دوابخات، له بواری که‌سایه‌تی نه‌ته‌وه‌یی یەوە داده‌بەزێت و بیر و هزره‌که له مێشکی خه‌ڵک به شکڵی دیکه ده‌دزێت، وه‌ک نموونه ئستا زۆر جار ده‌گوترێت: بابه باوی سه‌ربه‌خۆیی نه‌ماوه دونیا بووته گوندێکی بچووک و هه‌موو پێکه‌وه ده‌ژین". من پێموایه به کارهێنانی ئه‌م جۆره ڕسته‌یه ئه‌مه‌ش زیره‌کییه‌کی دیکه‌ی داگیرکه‌رانه که به کوردی وه‌ریان گێراوه‌و به کاری دێنن بۆ کوشتنی هزری سه‌ربه‌خۆیی له نێۆتاکی کوردا. هه‌ر له‌و پێوه‌ندییه‌دا بوونی په‌رله‌مانێکی کوردستانی له تاراوگه یه‌کێکه له‌و پێویستیانه‌ی ئیستامان.کە دەتوانی ئەرکی پاڵاوتنی کلتووری بێگانە لە کلتووری خۆماڵی بگرێتە ئەستۆ و کاریش لەسەر بەهێزکردنی توانا نەتەوەیییەکانمان بکات.
وه‌ک ئه‌زموونی زۆربه‌ی گه‌لان و نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ی بنده‌ست له مێژوودا با هه‌وڵبده‌ین په‌رله‌مانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له تاراوگه دروستبکه‌ین. ئه‌گه‌ر له‌م په‌رله‌مانه‌دا به یه‌کێتی و یه‌کگرتووانه تێیدا به‌شداری بکه‌ین و گرنگی پێبده‌ین، ئه‌وا بێگومان ده‌توانین له ئاست جیهانه‌وه سه‌رنجی پشتیوانان و دڵسۆزانی دۆزی کورد بۆ ئه‌م په‌رله‌مانه ڕاکێشین و ده‌نگی متمانه و ... پشتیوانیی سیاسی و ئابووری له چه‌ند وڵاتێکی زلهێزی جیهان بۆ وه‌ربگرین.
من وه‌ک خزمه‌تکارێکی ڕێگای سه‌ربه‌خۆیی وڵاتەکەم له 2006 وه زۆر جار ئه‌وه‌م باسکردوه، به‌ڵام مخابن به هۆی بێباوه‌ڕی و یه‌کنه‌بوونمان، ئه‌م جۆره پێشنیاره‌یان به خه‌یاڵ و "به‌ردی قورس دەستدان" پێناسه کردوه.
له لایه‌کی دیکه‌وه بوونی ئه‌و په‌رله‌مانه له تاراوگه یا له ده‌ره‌وه‌ی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، ئه‌وه‌یه که ده‌توانێ ڕۆلی حکومه‌تێکی کوردی له تاراوگه ببینێت تا سه‌رده‌مانێک وڵات ئازاد ده‌بێت، و ده‌گه‌ڕێینه‌وه نێۆ خۆی وڵات، ئه‌و کات ئه‌و په‌رله‌مانه بۆ خۆی ده‌وری نامێنێت و په‌رله‌مانی دیکه به ده‌نگی خه‌ڵک وبه هه‌ڵبژاردنی نۆێنه‌رانی خه‌ڵک دروست ده‌بێت.ئەمەش وامان لێدەکات هەموو کێشەکانمان لە شوێنێکدا و لە کۆبوونەیەکی هەمەلایەن و گشتگیردا تاکو ئازادبوونی وڵاتەکەمان باس بکەین و دەنگە ناسازەکانی دوژمنیشی پێ شەرمەزار بکەین.
دیاره لێدوان له‌سه‌ر شێوه‌ی ئه‌م په‌رله‌مانه‌و چۆنیه‌تی کارکردنی، کاتی زۆری ده‌وێ و پێویسته له کۆبوونه‌وه‌ی تایبه‌ت به‌م پرۆژه‌و به به‌شداری و ئه‌زموونی که‌سانی پڕۆفێشنال به باشی له سه‌ری شرۆڤه بکرێت.
نموونه‌ی چه‌ند وڵاتێکی سه‌ربه‌خۆ له ساڵی 1975 تا 2011
هه‌ر له ساڵێ 1975 تا ئیستا که2011 یە و ده‌بێته 36 ساڵ. له ماوەی ئەم 36 ساڵه‌دا ، 48 نه‌ته‌وه توانیویەتی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆیان به ده‌ست بێنن، به‌ڵام هیندێک له لایه‌نه کورددییه‌کان تا ئیستاش پێیان وایه باسکردنی سه‌ربه‌خۆیی بۆ کوردستان زووه و کاتی نه‌هاتووه. دیاره به قسه‌ی ئه‌وان ده‌بێت ڕاوه‌ستین تا100 ساڵی دیکه‌و بزانین سه‌دان نه‌ته‌وه‌ی دیکه دروست نابێت و نابێته ده‌وڵه‌ت، جا ئه‌و کات بڕوا به خۆمان بکه‌ین و بلێێن ئیستا کاتی هاتووه. من له‌ناو هێنانی هه‌ر48 ده‌وڵه‌ته‌که له‌م سیمیناره به مەبه‌ستی ئه‌وه‌ی که ئێوه‌ی خۆشه‌ویست ماندوو نه‌که‌م ده‌بوێرم، به‌ڵام ته‌نیا ده‌مه‌وێ ئه‌وه بلێم که نزیک به 21 له‌و وڵاته‌نه‌ی که له‌و 36 ساڵه بوونه‌ته ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ ژماره‌ی دانیشتووانیان و ژێرخانی ئابووریان، له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان که‌متره.
سوپاس بۆ هه‌موو لایه‌کتان، به‌و هیوایه له باسه‌که‌مدا دڵی که‌سم نه‌ڕه‌نجاندبێت و ئه‌وه‌ی وتوومه‌و ده‌یلێم ته‌نیا مه‌به‌ستم خه‌مخۆرییه بۆ سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌که‌م نه‌ک که‌مبایه‌خکردنی خه‌بات و چالاکی هیچ لایه‌نیک.
دڵسۆزتان
عارف باوه‌جانی.