وتووێژی ڕۆژنامه‌ی متمانه له‌گه‌ڵ به‌ڕێز عارف باوه‌جانی/ سه‌رۆکی پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان.

بۆ خۆێندنه‌وه‌ی ده‌قی دیمانه‌که له رۆژنامه‌ی متمانه کلیکی ئه‌م لینکه‌ی خواره‌وه بکه‌و لاپه‌ره‌ی 3 هه‌ڵبژێره.
ڕۆژنامه‌ی متمانه ژماره‌ی یه‌ک وتووێژی ڕۆژنامه‌ی متمانه له‌گه‌ڵ به‌ڕێز عارف باوه‌جانی/ سه‌رۆکی پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان.
* پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان که‌ی دامه‌زراوه و ئامانجی چییه?
وه‌ڵام له لایه‌ن عارف: پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان له28 ی ڕێبه‌ندانی 2705 ی کوردی و له 17.2.2006 ی زاینی دامه‌زراوه. ئامانجی سه‌ره‌کی خه‌باته بۆ کوردستانێکی دیمۆکرات و سه‌ربه‌خۆ. پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان پارتێکی لیبراڵدیمۆکراته، پارتێکی گه‌نجانه‌یه وله کۆمه‌ڵێک گه‌نجی نه‌ته‌وه‌یی سه‌ربه‌خۆخواز پێکهاتووه.
*رۆڵى پارته‌کاه‌تان له هۆشیارکردنه‌وه‌ى هاولاتیانى کوردستان?
وه‌ڵام له لایه‌ن عارف: ڕۆڵێ ئێمه له نێۆ خه‌ڵکدا بۆ دۆزینه‌وه‌ی که‌سایه‌تی سه‌ربه‌خۆیی خۆیانه، بۆ دڵنیابوونه‌وه له‌وه‌ی که ته‌نیا ڕێگه‌ی چاره‌سه‌ری، سه‌ربه‌خۆیی یه‌کجاری گه‌له‌که‌مانه له ژێر سته‌می داگیرکه‌ران. بۆ ئه‌وه‌ی له خۆمانه‌وه ئه‌و باوه‌ره دروستبکه‌ین تا بتوانین کاریگه‌ریشمان له‌سه‌ر وڵاتانی ده‌ره‌کی هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی پشتیوانیمان بکه‌ن.
* تاچه‌نده په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ پارته جیهانیه‌کاندا هه‌یه?
وه‌ڵام له لایه‌ن عارف: له‌گه‌ڵ زۆر پارت ولایه‌نی جیهانی پێوه‌ندی باشمان هه‌یه، به تایه‌بت لیبراڵه‌کان. له ته‌واوی پێوه‌ندییه‌کان ئێمه داوای پشتگیری ئه‌وانمان کردوه بۆ سه‌ربه‌خۆیی کوردستان، نه‌ک ته‌نیا بۆ ناساندنی پارته‌که‌مان.
*پێتان وانیه دانیشتن بکه‌ن له‌گه‌ڵ کۆمارى ئیسلامى ئیران‌دا بۆ ئه‌وه‌ى بگه‌نه رێکه‌وتنێک له چوارچێوه‌ى کورمارى ئیسلامی‌دا بژین?
وه‌ڵام له لایه‌ن عارف: چۆن دانیشتنێک و چۆن ڕێکه‌وتنێک، ئێمه هه‌رگیز له‌گه‌ڵ ئه‌و شێوه سیسته‌مه‌ی کۆماری ئیسلامی ئێران‌دا نین، ئه‌وانیش هه‌رگیز نایانه‌وه له سیسته‌می ولایه‌تی فه‌قی بێنه ده‌ره‌وه، ئیتر دانیشتن بۆ هیچ لایه‌ک دروست نییه‌و مانایه‌کی نییه‌و ناتوانێک ته‌واوکه‌ری یه‌کتر بێت. ئێمه خاکمان داگیرکراوه، ده‌بێت داگیرکه‌ر بچێته ده‌ره‌وه له سه‌ر خاکه‌که‌مان، ئه‌زموونه‌کانی زیاد له 31 ساڵ ته‌مه‌ن و ده‌سه‌ڵاتدارێتی ئه‌م ڕێژیمه بۆ دانیشتن و دیالۆگ سه‌لماندو‌ێتی که ئه‌وان خۆازیاری دیالۆگ نین.
ده‌بێت ئێمه‌ش وه‌ک گه‌لی باشوری سۆدان داوای ڕێفراندۆمێکی سه‌رتاسه‌ری بکه‌ین، که ده‌نگ به سه‌ربه‌خۆیی بده‌ین وخۆمان له ژێر چنگی ئه‌م داگیرکه‌رانه، که ده‌ستیان به سه‌ر سه‌روه‌ت و سامان و زێد و نیشتیمانی ئێمه گرتووه دوور خه‌ینه‌وه.
*هیچ جۆره په‌یوه‌ندیه‌کى دانیشتنتان هه‌یه له‌گه‌ڵ کۆمارى ئیسلامی‌دا بۆ ئه‌وه‌ى گرفته‌کانتان چاره‌سه‌ر بکه‌ن?
وه‌ڵام له لایه‌ن عارف: نه‌خه‌یر ئه‌سڵه‌ن نه‌بووه و ناشبێت، نه‌ک هه‌ر ڕێژیم بگره هیچ لایه‌نێکی ناو ئێرانیش، یا هیچ لایه‌نێکی سه‌رتاسه‌ری ئێرانی که دان به مافی چاره‌ی خۆونویسی کوردا نه‌نێت ئێمه پێوه‌ندیمان له‌گه‌ڵیان نیه ناشبێت.
*تاچه‌نده په‌یوه‌ندیتان به پارته کوردستانییه‌کانى تره‌وه هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى کارى باشتر بکه‌ن?
وه‌ڵام له لایه‌ن عارف: ئێمه هه‌وڵمانداوه له‌گه‌ڵ هه‌موو پارته‌کانی کوردستانی پێوه‌ندی باش و سالمان هه‌بێت، هیندێک به باشی پێشوازیمان لێده‌که‌ن و هیندێکیش له به‌ر نه‌ریتی خۆ به زلزانی ناو حیزبه‌که‌یان و به چاوی که‌م سه‌یرکردنی لایه‌نی تازه دروستکراو وه‌ک پێویست نه‌هاتوونه‌ته پێشه‌وه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر 2 فارس له ئوروپا‌و ئه‌مریکا داوای دیداریان لێبکه‌ن به هه‌زاران دولار خه‌رج ده‌که‌ن بۆ دیتنیان، و له میدیاکانی خۆشیان ده‌یانکه‌ن به قاره‌مانی مه‌یدان، به‌س بۆ لایه‌نه کوردیه‌کان به‌و شێوه‌یه هه‌ڵس و که‌وت ده‌که‌ن. هیوادارم ئه‌وانیش گۆرانکاری له خۆیان دروستبکه‌ن و هه‌ر کورد ده‌توانێ پشتیوانی ڕاسته‌قینه‌ی یه‌کتر بێت.
*ئه‌م قۆناغه‌ى ئیستا که پارته‌کانی رۆژهه‌لاتى تێکه‌وتووه تاچه‌نده له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندى کوردا ده‌گونجێت?
وه‌ڵام له لایه‌ن عارف: ده‌کرێت بلێم به داخه‌وه له‌گه‌ڵ هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی کوردا ناگونجێت، به‌رژه‌وه‌ندی کورد له‌وه‌دایه که به‌ره‌یه‌ک یا شێوه نزیکبوونه‌وه‌یه‌ک له نێۆ لایه‌نه‌کان هه‌بێت، تا به یه‌کده‌نگی و یه‌کوتاری له‌گه‌ڵ داگیرکه‌ران له سیاسه‌تدا بن، نه‌ک هه‌ر یه‌که‌و به که‌یف و سیاسه‌تی خۆی بی پێوێت.
*کورد پێویسته چى بکات له ئێستادا له هه‌رچوار پارچه‌که بۆ ئه‌وه‌ى وه‌ک باشورى سۆدان سه‌ربه‌خۆى وه‌ربگرێت?
وه‌ڵام له لایه‌ن عارف: به بۆچوونی من له هه‌نگاوی ده‌بێت شێوه‌ی خه‌باتیان له فکری فیدراڵیه‌وه بگۆرن بۆ ویستی سه‌ربه‌خۆیی، پێویسته واز له دروستکردنی ئێراق و ئێران و تورکیا‌و سوریاییه‌کی فیدراڵ و دیمۆکرات بێنن.که‌ربه‌لا و نه‌جه‌ف و قووم و شام و ئه‌نقه‌ره به ئێمه ناگۆڕین و نابنه دیمۆکرات و له قسه‌شمان ناکه‌ن. باشتره بیر له ئاوه‌دانی ماڵی خۆمان بکه‌ینه‌وه. من له کاتی سه‌ربه‌خۆیی باشوری سودان زۆر به وردی چاودێریم کرد، ویستم بزانم لایه‌نه کوردییه‌کان چۆن پێشوازی لێده‌که‌ن. زۆر خۆشحاڵ بووم که سه‌رۆکی هه‌رێم و سه‌رۆک وه‌زیرانی کوردستان پیرۆزباییان لێکردن. به تایبه‌ت جه‌نابی کاک مه‌سعود بارزانی له دێرێکدا ده‌ڵێ: راستی ئه‌و ئه‌زموونه‌ی ئێوه ئه‌زموونێکی زیندووه و سه‌لماندی که هه‌ر میلله‌تێک ئیراده‌ی سه‌ربه‌خۆبوونی هه‌بێ هه‌ر ده‌بێ رۆژێک له رۆژان بگاته ئه‌و ئامانجه. به‌و دێره دیاره که جه‌نابی سه‌رۆک چه‌نده به په‌رۆشه بۆ سه‌ربه‌خۆیی وڵات، و هه‌میشه چاوه‌ڕێی له توانایی ده‌که‌م و به‌و هیوایه له‌م نزیکانه باشوری کوردستانی ئێمه‌ش به هیمه‌تی جه‌نابیان و پشتگیری هه‌موو لایه‌ک سه‌ربه‌خۆیی خۆی ڕاگه‌یه‌نێت.
هه‌روه‌ها به‌ریز دوکتۆر به‌رهه‌م له بروسکه‌ی پیرۆزباییه‌ک ده‌ڵێت: خه‌باتی بێووچانی خه‌ڵکی باشووری سودان دژی چه‌وسانه‌وه‌و جینۆساید‌و تێکۆشانی به‌رده‌وامی ئێوه بۆ به‌رقه‌رارکردنی ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی، ده‌رسێکی گه‌وره‌یه بۆ هه‌موو لایه‌ک، که‌مافی خه‌ڵک له‌دیاریکردنی چاره‌نووسی خۆیان، له‌ژێر هیچ هێزو گوشار‌و به‌هانه‌یه‌ک زه‌وت ناکرێت. ئه‌مه ئیدی دیاره که سه‌ربه‌خۆیی بۆ کوردستان کاتی هاتووه، ته‌نیا ماوه‌ته هه‌نگاوی بۆ بنێین نه‌ک چاوه‌ڕێی قه‌زاو قه‌ده‌ری گۆڕانێکی دیکه بین.
*ئایا ئیوه ده‌توانن رزگارى بۆ گه‌لى کورد بهێن له رۆژهه‌لات?
وه‌ڵام له لایه‌ن عارف: چه‌پڵه به ده‌ستێک لێ‌نادرێت، نه ئێمه و نه‌هیچ حیزبێکی دیکه به ته‌نیا ناتوانێت ڕزگاری بۆ گه‌له‌که‌ی به ده‌ست بێنێت.ده‌بێت هه‌موومان ده‌ست له ناو ده‌ست و به یه‌کمه‌به‌ست بتوانین گه‌له‌که‌مان له ژێر سته‌می داگیرکه‌ر ڕزگار بکه‌ین. ئه‌وه‌ی ئێمه پێوه سه‌رقاڵین دروستکردنی هزری نه‌ته‌وه‌یی و سه‌ربه‌خۆیخوازییه له ناو کۆمه‌ڵگاکه‌مان.
*داواى ئێوه له ده‌سه‌لاتى ئیران چییه?
وه‌ڵام له لایه‌ن عارف: داوای ئێمه ئه‌وه‌یه که وڵاته‌که‌مان به‌جێبیلن، چیدیکه سه‌روه‌ت و سامان و ئازادی ئێمه به تاڵان نه‌به‌ن. با ئه‌وانیش وه‌ک سه‌رۆکی سۆدان عومه‌ر به‌شیر ئاشتیانه دان به‌و ڕێفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی بێنن، با چیدیکه خۆین له نێوانمان نه‌ڕژێت، مال و سه‌روه‌تی کورد که سه‌دان ساڵه ده‌یبه‌ن به‌وان حه‌ڵال نییه.
*پێتان وانییه له چوار چێوه‌ى ئیران‌دا کاربکه‌ن باشتر نیه بۆ ئێوه بۆ ئه‌وه‌ى کورد له ئێران‌دا ده‌سه‌لات بگرێته ده‌ست?
وه‌ڵام له لایه‌ن عارف: که‌سێک خاک و نیشتیمان داگیر بکات بۆ له‌گه‌ڵی بژیم و بۆی حه‌ڵال بکه‌م، نه‌خه‌یر به بۆچوونی من مانه‌وه له‌گه‌ڵ ئێران قه‌بووڵکردنه بۆ مانه‌وه له ژێر سته‌می داگیرکه‌ر. با چیدیکه به‌و جۆره بیرکردنه‌وه له بنده‌ستی داگیرکه‌ران نه‌مێنینه‌وه و بیرێک له ڕزگاری خۆمان بکه‌ینه‌وه.