بەرێوەچوونی سمینارێک بەبۆنەی ٣٢ ساڵەی فتوای جیهادی خومەینی دژی گەڵی کورد

ناوهندی ههواڵ- نۆروێژ: کاتژمێر ٢:٣٠ دەقیقەی دوانیوەرۆی رۆژی یەکشەممە ٤ی سێپتامبری ٢٠ ١١، سمینارێک سەبارەت بە ٣٢ ساڵەی فەرمانی جیهادی خومەینی بە دژی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان واتا لە ٢٨ ی گەلاوێژی ١٣٥٨ی هەتاوی، لە نۆروێژ بەرێوەچوو. ئەو سمینارە لەلایەن کۆمیتەی هاوبەشی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە نۆروێژ بۆ بەرێز ئەحمەد ئەسکەندەری ـ کەسایەتی سیاسی کورد ـ پێکهاتبوو.
سەرەتا بەرێزیان بە وردی تیشکی خستە سەر رووداوەکانی پێش ٢٨ی گەلاوێژ و ئاماژەی بەوە کرد کە گەلی کورد هەر لە سەرەتای شۆرشەوە داوای حکوومەتێکی دێموکراتیکی دەکرد نەک حکوومەتێکی ئیسلامی. لەو پیوەندییەدا ئاماژەی بە رێپێوانەکانی دژی رێژیمی شا کرد کە ژنان شانبەشانی پیاوان چ رۆڵێکیان هەبووەو داوای ئازادیان دەکرد. هەروەها وتی: لە یەکەم کۆبوونەوەکانی هەیئەتی نوێنەرانیی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ئێمە داوای چارەسەری ئاشتیانەی کێشەکانی کوردمان کردووە. هەر لە بڕیارمەی ٨ ماددەیی را بگرە تا دوایین تەرحەکانی نوێنەرانی کورد، بەڵام کۆماری ئیسلامی هیچکامیانی قبووڵ نەکر و لەراستی دا دروشمی رێژیم "شەر، شەر تا پیروزی" بوو.
بەرێز ئەسکەندەری لە بەشێکی دیکەی وتارەکەی دا ئاماژەی بە هەوڵ و چالاکیی نوێنەرانی کورد بەگشتیو حیزبی دێموکرات و مامۆستا شێخ عێزەدین بەتایبەتی کرد کە چەندین جار نامەیان بۆ نوێنەرانی دەوڵەت نارد یا چوونە تاران و قوم و لە نیزێکەوە لەگەڵ نوێنەران و رێبەرانی رێژیم دانیشتنو بۆ چارەسەری هێمنانەی کێشەی گەلی کورد وتووێژیان کرد، بە داخەوە رێژیمی تاران هیچ وڵامێکی ئەوتۆی نەداوە و لە هەوڵی خۆ تەیارکردن بوو تا هێرش بۆسەر کوردستان بکا، بۆ وێنە لە ١٢ی گەڵاوێژ یەک گوردانی لە قەزوێنەوە بەرەو ورمێ نارد، یان کۆچی خەڵکی مەریوان و زۆر وێنەی لەو بابەتە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا بەرێز ئەسکەندەری هاتەسەر باسی دوای دەرکردنی فتوای جیهاد لەلایەن خومەینیەوەو ئاماژەی بە هێرشی بەرینی هێزەکانی رێژیم بۆسەر شارو ناوچەکانی کوردستان کرد کە لەگەڵ بەرەنگاریو خۆراگریی پێشمەرگەو خەڵکی شۆڕشگێری کورد بەرەوروو بوونەوە، دوای ئەوە رێژیمی دژی گەلیی ئاخوندی، خەڵخاڵی وەک قازی شەرع رەوانەی کوردستان کردو بەداخەوە ژمارەیەکی زۆری لە رۆڵەکانی گەلەکەمانی ئێعدام کرد. بەرێزیان رەخنەی لەو کەسانەش گرت کە بەداخەوە بە بێبەدواداچونێکی ورد، دەڵێن کە خەتای حیزبەکانی کورد بوو کە شەری چەکداریان دەسپێکرد. بەڵام دەبێ بە ئاگاداریی ئەوان بگەیەنین کە ئەوە رێژیمی خومەینی بوو کە لە واقیع دا شەری بە سەر گەلی کورد داسەپاند. ئێمە تەنیا دیفاعمان لە خۆمان کرد. بۆ وێنە هەر دوو هێزی سەرەکی لە کوردستان حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە بوون کە بەراستی ئامادەگی شەریان نەبوو. لەلایەکی دیکە ئەوە ئێمەین کە زۆرترین قوربانی و باشترین رۆڵەکانی خۆمان لە دەست داوە.
هەروەها بەرێزیان ئاماژەی بە شەری قارەمانانەی ٣ مانگە کردو وتی: ئەوکات خەباتی شاخ و شار لێک گرێدراو هێرشی دوژمنیان تێکشکاندو جا ئەو جار هاتن داوای موزاکەرەیان کرد. نوێنەرانی کورد هەر لە سەرەتاوە دەیانزانی کە ئەو داوایەی رێژیم تەنیا بۆ کات کڕین بوو، بەڵام بۆ ئەوەی بیانوو نەدەنە دەست رێژیم نوێنەرانی کورد ئامادەی وتووێژ بوون.
لە بەشیکی دیکەی وتارەکەی دا کاک ئەحمەد هاتە سەر باسی دوای شکستی وتووێژەکان و هێرشی بەربڵاوی رێژیم بۆسەر کوردستان و کوشتن و بڕینی گەڵی کورد و تێرۆری رێبەرانی کورد لە دەرەوەی وڵات و زەرەروزیانێکی زۆر کە بە گەلی کورد و حیزبەکان کەوت، بەڵام تا ئێستاش بەربەرەکانی دژی رێژیم بۆ وەدەستهێنانی مافە رەواکانی گەلی کورد هەر بەردەوامەوە.
بەرێز ئەسکەندەری لە کۆتایی باسەکەی دا ئاماژەی بە ئاڵوگۆرەکانی ئەرۆی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست و رووخانی دیکتاتۆرەکان کرد کە بە بەهاری عەرەبی ناوی دەرکردوە و هیوای خواست کە ئەو باهۆزە رێژیمی دژی گەلی کۆماری ئیسلامیش بگرێتەوە. هەروەها ئاماژەی بە هێرەشەکانی هەر دوو رێژیمی داگیرکەری ئێران و تورکیا کرد کە بە بیانووی هێزەکانی پژاک و پ.ک.ک هێرشیان کردۆتە سەر قەندیل و بوردمانی ناوچە سنوورییەکانی باشووری کوردستان دەکەن کە تائێستا زەرەر و زیانی زۆری گیانی و ماڵی بە خەڵکی ناوچەکە گەیاندوەو وتی: لە راستی دا ئەوە بیانوویە بۆ تێکدانی ئارامی و هێمنیی هەرێمی کوردستان و لاواز کردنی جووڵانەوەی کورد لە هەموو بەشەکانی دیکەی کوردستان، بەڵام بەخۆشێوە ئێستا کورد بەتایبەتی لە دەرەوەی وڵات لە ئاستێکی باش دایەو دەتوانین کەڵکی لێوەرگرین بۆ لەقاودانی ئەو پیلان و هێرشانەی دەکرێتە سەر ناوچەکانی کوردستان.
بەشی دوهەمی سمینارەکە تەرخان کرابوو بە پرسیار و تێبینی کە دواتر لەلایەن کاک ئەحمەد ئەسکەندەری بە وەڵامی پرسییاری بەشدارانی سێمینارەکە درایەوە.
جێی وەبیر هێنانەوەیە ئەو سمینارە لەلایەن کۆمیتەی هاوبەشی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە نۆروێژ سازکرابوو کە پێکهاتووە لەو حیزب و رێکخراوانە:
حیزبی دێموکراتی کوردستان
پارتی سەربەستیی کوردستان
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
رێکخراوی خەباتی شۆڕشگێری کوردستان
پارتی سەربەخۆیی کوردستان
بزوتنەوەی دێموکراتیکی یارسان
لەو سیمینارەدا کاک ڕێبوار ئەحمەدزادە ئەندامی سەرکردایەتی پسک وەک نۆینەری پارتی سەربەستیی کوردستان و پەروین فیشاڵ ( نیشتیمان) وەک نۆێنەری ڕێکخراوی ژنانی سەربەستیی کوردستانەوە بەشدارییان کرد