پارتی سەربەستیی کوردستان بەرەو کۆنگرەی دووهەم و بەرەو سەرکەوتنێکی تازە . ن: ئاهورا هەورامی
زۆر جار لە سایتەکان و کۆمێنتی ژێر بابەتەکاندا بینیومە، بە ناهەق هیندێک کەس کە چاویان بە سەرکەوتن و گەشەسەندنی بەردەوام و بەرەو پێشچوونە خێراکانی پارتی سەربەستیی کوردستان هەڵنایەت، شتی وا دەنووسن کە بۆ خۆشیان ناتوانن باوەڕ بەو نووسینەکەیان بکەن.
یەکێک لەو نووسراوانەی کە ئەمرۆ بەرچاوم کەوت نووسینی کەسێکی ونناوە، کە لە ژێر ناوی کامیل مهابادیدا نووسیویەتی، کە گوایا لە نێو "پارتی سەربەستیی کوردستان"دا تەنیا کاک "عارف باوەجانی" وبنەماڵەکەی ئەندامن و کەسی دیکە بوونی نییە و منیش سەرسام بووم.
سەرسام بووم چونکە وەک کەسێکی چالاک کە لە یەکەم رۆژی دروستبوونی ئەم پارتەوە و لە نزیکەوە ئاگاداری کارو تێکۆشانی پارتی سەربەستی و سەرۆکەکەیم. پێم باش بوو بە شێوەی خووارەوە بەو چەند خاڵە پێناسەی خۆم و چالاکییەکانی پارتەکەم بۆ گشت کوردستانیانی خۆشەویست و کەسانی گومناوی وەک کامیل - ەکان بنووسم.
١- ڕاستە لە نێو هەر پارتێکدا کەسایەتییەکی چالاک و ناسراو هەیە، کە ڕەورەوەی شۆرشەکە دەجووڵێنێت. بێگومان لە نێۆ پارتی سەربەستیی کوردستانیش کەسایەتی ئەو بەڕێزە دیارە و جێگای شانازی گشت ئەندامانی پارتی و گشت سەربەخۆخوازانی کوردستانیشە.
٢ “ بێگومان پارتێک هەر تەنیا بە کەسێک و ٢ کەس بەڕێوە ناچێت و لە پارتی سەربەستیی کوردستانیش دا هەر بەڕێز کاک عارف باوەجانی نییە کە ئەم پارتە بەڕێوە دەبات. زۆرن لەو کەسانەی کە بە ئاشکراو بە نهێنی خاوەنی ئەرکی تایبەت بە خۆیانن و جێگە و پێگە و ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆیان هەیە و لە ریزەکانی پارتی سەربەستیی کوردستاندان.
٣ - با لێرەدا ئاماژە بە ناوی چەند تێکۆشەرێکی هەمیشە بەرچاوی پارتی سەربەستیی کوردستان وەک ئەندامی سەرکردایەتی و ڕاوێژکاران بکەین، بۆ ئەوەی ئەو بەڕێزانە لە گومانەوە بێنە دەرەوە. دەشتوانن لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانی پارتی سەربەستیی کوردستان و گووگڵ - ەوە ناوەکانیان سیرچ بکەن و ببینن کە ئایا ئەم بەڕێزانە چالاکن یان نا?
کاک" ئیبراهیم جاف " جێگری سەرۆکی گشتی. بەڕێزان "ڕێبوار ئەحمەدزادە"، "هاشم موحەممەدی"، "دڵشاد پەرونی"، نەدا کوردی، پەرروین فیشاڵ، دوکتۆر هزین دیلان، شلێر مورادڕەسوڵی، ئاهورا هەورامی.
هەروەها بە دەیان کادیر و ئەندامی دیکەی پارتی سەربەستی لە وڵاتانی دەرەوەی کوردستان و لە شار و ناوچەکانی باشوری کوردستان.
٤ - لە پاش هەڵوێستە جوانەکەی تێکۆشەرانی پێشووی "پارتی لیبراڵ دیمۆکراتی کوردستان" کە سەنگەری خەباتیان گواستەوەو هاتنە ڕیزەکانی پارتی سەربەستیی کوردستانەوە. ئەوەش وای کرد کە چەند لاوێکی دیکەی خاوەن بەهرە بە ڕیزەکانی پارتی سەربەستیی کوردستانەوە زیادببن. کە دەتوانین ئاماژە بە ناوی چەند کەسێکی بەڕیزی وەک بەڕێز عەلی زیرەک نووسەر و کەسایەتی سیاسی و موحەممەد جەمشیدی کەسایەتی سیاسی و ڕۆژنامەنووسی چالاک، ، بەڕێز ئیسماعیل رەسووڵی چالاکی سیاسی و دەیان کەسی دیکەی کارا کە باوەڕیان بە ئامانج و چالاکییە بەرچاوەکانی پارتی سەربەستی هێناوە.
٥ - هەروەها بە دەیان خۆێندکار و مامۆستای زانکۆ و کەسایەتی ناودار لە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاوبیری نهێنی ئەم پارتە نۆیخوازو تێکۆشەرەن.
٦ “ پارتی سەربەستیی کوردستان ئیستا بەرەو بەستنی کۆنگرەی دووهەمی خۆی هەنگاو دەنێت و خۆی ئامادە دەکات، کە بۆ ئەو کۆنگرەش بە دەیان پرۆژەی گرنگ و نۆیی هەیە، کە هەر خاڵێکی وەچەرخانێکی نۆییە بۆ دوارۆژی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە لە ناو کۆنگرە ئەو پرۆژانە دەخرێنە بەر باس و شرۆڤە کردن.
٧- لە یەکەمین ڕاگەیاندراوی کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنگرەی دووەمی پارتی سەربەستیی کوردستاندا، پەیامێک ئاراستەی ئەو تێکۆشەرە کوردانە کراوە، کە بە هۆی هەر هۆکارێک لە پارتە سیاسییەکان دابراون، لەو پەیامەدا بانگەشە کراوە کە دەتوانن لە ڕێزەکانی پارتی سەربەستیی کوردستان کۆببنەوە. ئەمەش بەو مەبەستە هاتووە، کە نائومێدی و نیگەرانی لە بیری تێکۆشەرانی سیاسی تاکی کوردا نەمێنێت و ماڵێکی رەوا و تازە - کە ئەویش پارتی سەربەستیی کوردستانە “ بە ماڵ و لانکەی شۆڕشی خۆیان بزانن. وەک ئەوەی من لە نزیکەوە ئاگادار بم، تا ئێستا بە دەیان کوردی خەمخۆرو سەربەخۆخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشوازییان لەو بانگەوازە کردووەو پێوەندییان بە ڕیزەکانی پارتی سەربەستییەوە کردوە.
٨ “ لە کۆنگرەی دووەمدا زۆر نوێکاری باسدەکرێت، کە لە پاش بڵاوبوونەوەی ئاکامەکانی، خۆشحاڵییەکی زۆر لە نێو لاوان و سەربەخۆخوازانی وڵاتەکەماندا بڵاو دەبێتەوە.
٩- پێوەندییە دیپلۆماتی و جیهانییەکانی پارتی سەربەستیی کوردستان، یەکێکی دیکەن لە سەرکەوتنە مەزنەکانی، کە لە ئاستێکی زۆر باشدا بەرەو پێش چووە و بەرەو پێش دەچێت. کە سەرۆکی پارتی سەربەستیی کوردستان لە ئاست بەرپرسی ڕێکخراوی نێۆنەتەوەیی لیبراڵی جیهانی پێشوازی دەکرێت. لە ئاست بەرپرسانی باڵادەستی وڵاتان پێشوازی دەکرێت. شایانی باسە، کە زۆر چالاکیی گرنگتری جیهانی ئەم پارتە هەیە، کە لە ئایندەیەکی نزیکدا بە گرنگییەوە باس دەکرێن و بەر گوێتان دەکەوێت.
لە لایەکی دیکەوە دەبینین کە ئەم چالاکیە دیپلوماتیانەی پارتی سەربەستیی کوردستان دەزگا سیخورییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی زۆر نیگەران کردوە. هەر بۆیەش زۆر جار هەوڵیانداوە لە دەرەوە و ناوخۆی کوردستان پارتی سەربەستی و سەرۆکەکەی بخەنە نێو قەیرانی پڕوپاگەندە یا لەکەداری بکەن، بۆ ئەوەی لە نێۆ خەڵکدا بە شێوەیەکی خراپ پێناسەی بکەن. بەڵام زۆر زیرەکانە و هۆشیارانە ئەو پلانانە پووچەڵکراونەتەوە.
١٠ - پارتی سەربەستیی کوردستان بە نییەتێکی نەتەوەیی و نۆیخوازی و نۆیکارییەوە هاتووەتە نێو سەنگەری خەباتەوە و خەریکە لە ٦ - هەمین ساڵی تەمەنی دامەزراندنی نزیکدەبێتەوە. دیارە لە مانگەکانی سەرەتایی دروستبوونی ئەم پارتەوە زۆر قسە و قسەڵۆک دەکران کە گوایا پارتی سەربەستیی کوردستان ناتوانێ تەمەنی بگاتە ساڵێک و هەڵدەوەشێتەوە، بەڵام بە خۆشییەوە دیتمان و دەشبینین رۆژانە بەرەو گەشە سەندنی زیاتر دەروات. کە بەو گەشەسەندنەی سەرنجی زۆر لایەن و کەسایەتی بۆ خۆی ڕادەکێشێ و هاوکات زۆر لایەنیش کە حەزیان بە دروستبوون و پێشکەوتنی پارتێکی بەو شێوە نەدەکرد، نیگەران و سەرسامی ئەو پێشکەوتنانەن. کە چۆن ئەندامانیان هاندەدەن لە سەر تۆری ئێنتەرنێت لەم جۆرە پروپاگەندانە بکەن.
11- شایانی باسە، کە "پارتی سەربەستیی کوردستان" چالاکییە رەسەن و راستەقینەکانی لە میدیای جیهانی و ناوچەییشدا رەنگی داوەتەوە و بە دەیان چاوپێکەوتن و دیمانەی تایبەتی سەرۆکی پارتیمان لە میدیای عەرەبی و جیهانیدا و لە سایتە بیانییەکاندا لەم ماوەیەدا بڵاوبووەوە و هەموو لایەک بە چاوی خۆیان بینییان.ئەمەش وێڕای ئەوەی لە میدیای کوردیدا هەموو باس و بابەتەکانتان بینیوە.
لە کۆتاییدا دەتوانم ئەو ڕستە دووپات بکەمەوە، کە پارتی سەربەستیی کوردستان بەرەو کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو دەروات، نوێکارییەکی زیاتری لێ چاوەروان دەکرێت و بە دەیان تێکۆشەری دیکەش دێنە نێو ریزەکانی ئەم پارتە خۆشەویستەوە.
ئاهورا هەورامی / هەولێر
١٦/١٠ /٢٠ ١١