تێروانینێ لە سەر هەڵویستیەکی کوردستانی
رەزا ئەمینی

ئەم بابەتە هەوڵدەدا رەهەندە ئەرینیو نیشتمانیەکانی پێکەوە لکانو تێکهڵکێش کردنی خەباتی" پارتی سەربەستی کوردستان"و "پارتی لیبراڵ دێمۆکراتی کوردستان" شرۆڤە بکات.
بە مەودای بەربەرینی خەباتی بێ وچانی کورد بۆ دەستڕاگەیشتن بە خەونە رەنگاڵەکانی بونیاتنانی دەسەڵاتی نەتەوەیی دێمۆکراتیکی خۆی، رەخنەگرو کارناسانی سیاسی خۆماڵیو دەرەکی دۆزی کورد، ئەنگوستیان لە سەر خاڵی لاوازی پەیرەو نەکردنی ئیرادەی یەکریزیو کۆدەنگی کاراکتێرو پارتی کوردی، داناوە و بانگەشەی رێبەرایەتی سیاسی کوردییان کردووە کە تێکۆشانی نیشتمانیان بە ئاراستەی یەکریزی دا رێنوێنی بکەنو سرنج بخەنە سەر لایەنە هەستیارەکانی هەڵوێستی یەکدەنگی نەتەوایەتی کورد. پارامتری کۆک بوونی دژبەرانی مافو خولیاکانی نەتەوەی بن دەستی کوردو ناکۆک بوونی تێکۆشەرانی کورد بەرئەنجامەکەی رێکخرانی هەلو مەرجی نالەباری چارەسەری کێشەی لە مێژینەی کورد لە گەڵ داگیرکەرانی وڵاتی کوردستان بووە.
دەمێکە رووناکبیری خامە بە دەستی رۆژهەڵاتی کوردستان بانگهێشتنی پارتو رێکخراوە سیاسیەکانی ئەم کوتەی کوردستان دەکەن کە پێویستە وزەو تواناییەکانتان وەسەریەکخەنەوەو پوتانسییەلەکانی بزاوتی رزگاریخوازی نیشتمانی کوردستان تێک کەنەوە. بە رای زۆرینەی سیاستڤانانی کورد هۆکارو کارتێکەرییە تکنیکی، رێکخراوەییو شێوازە تایبەت بە خۆکانی سیستمی هەر حیزبێک ناشێ لەمپەری پێکەوەلکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بێتو رێککەوتن لە سەر خاڵە بنەرەتیو هاوبەشەکانی خەباتو تێکۆشان دەتوانێ بەستێنی تێکهەڵکێشکردنی پارتیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بێو ئەمەش کاراترین پاڵنەری دەستەبەری یەکێتی نەتەواتیو خاڵی سەرکەوتنو بە لوتکەیی گەیاندنی هەڵوێستی کوردایەتیو بەو پێیەش کورتکردنەوەی زەمەنی دەسراگەیشتن بە خولیا پیرۆزەکانی نەتەوایەتیمانە.
تێکهەڵکێشکردنو پێکەوە لکانی "پارتی سەربەستی کوردستان"و "پارتی لیبراڵ دێمۆکراتی کوردستان" لەو ساتە هەستیاری کە کێشەی کورد بە ناویدا تێدەپەرێت. رەوایە وەک ئەزمۆنێکی ئەرێنیو سەردەمیانە بێتە نرخاندنو دەتوانێ دنەدەری گشت حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ کۆکردنەوەی ماڵی پرشو بڵاوی خەباتیان بێت. ئەم یەکگرتنە دەکرێ دەرتانێکی بەرفراوان بۆ رێکخستنو بە خۆداهاتنەوەی کۆی حیزبەکان بێـتو هەموو لایەک پێویستە خوێندنەوەیەکی سەردەمیانە بۆ چەمکی حیزب بکەنەوەو ئامانجی ستراتێژی بەرژەوەندی باڵای نەتەوایەتی لە سەرەوەی بەرژەوەندییە دەسکردییەکانی تاکە کەسیو گروپی دابنێن، بابەتێک کە لە چەند ساڵی رابردوو دا بایەخی خۆی پێنەدراوە.
دەمێکە کارناسانی بواری سیای گیرەو کێشەو ململانی ناو حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە کەلتووری لێکتێنەگەیشتن، یەکتر وەرنەگرتن، بەرژەوەندیخوازی تاکو گروپیو... یەوە گرێدەدەن.
بەڵگە نەویستە یەکگرتنی دووپارتی "سەربەستی کوردستان"و "پارتی لیبراڵ دێمۆکراتی کوردستان" دەتوانێ ئەو ئەزموونە لە بەردەم رێکخراوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دابنێو لە پارتایەتی کردنی بەو شێوازە نوێیە دنەیان بدا.چوونکە ئەم چەشنە یەکگرتنانە دەتوانی مانای گەیشتن بە ئاوزمەندی سیاسیو متمانەکردن بە دێمۆکراسیو یەکتر تەحەموولکردنو پلۆراڵ پێکەوە کارکردن بێت. ئەزموونی یەکگرتن چ بە شێوازی دوو پارتی ئاماژە بۆ کراو کە تێکەڵ یەکبوونەوە و رێکخستنو پێکهاتەو قەوارەکانی حیزبیو هزرییان کردوەتەوە یەک چ وەک بەیەکەوە کاری هاوبەشکردنو وەک لایەنی لێکجیاواز بەڵام هاو خەبات ،دەتوانێ گرینگترین مکانیزمی ساغکردنەوەی ئۆرگانیزاسیۆنی بزاڤی رزگاریخوازی نەتەوایەتی کوردستان بە رەچاو کردنی روانگەی هەمە چەشنو پلۆراڵ بێتو بە دلنیاییەوە کۆمەڵانی خەڵک لە ئاوەها هەڵوێستیەکی نیشتمانی رێز دەگرنو داکۆکی بە کردەوەی لێ دەکەن.
لە ئەزموونی "یەکگرتنی پارتی سەربەستی کوردستان"و "پارتی لیبراڵ دێمۆکراتی کوردستان "دا پێویستە دوو حیزبە سەرەکیەکەی کوردستان کۆمەڵەو دێمۆکرات لە پێناوی یەکگرتنەوەی ناو خۆیانو لە بازنەیەکی بەرفراوانتردا هەنگاو بۆ دامەزراندنی بەرەیەکی بە هێزی کوردستانی باوێژن. چوونکە تەنیایەکگرتنی پارتیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەتوانێ باڵانسی سیاسی کورد لە ئاستی ناوچەییو نێودەوڵەتی دا بەرەو سیگنالێکی جیاوازتر لە رابردوو بەرێت.
رەزا ئەمینی
http://rojhelattimes.org/index.php?id=4185