شه‌ممه‌ 2 ره‌شه‌مه 2725

کوردستان و سامانەکانی، شێوەی هەڵسوکوتی زلهێزەکان و دەسەڵاتی داهاتووی کورد دیاری دەکەن! جەوهەر میرزایی

جەوهەر میرزایی
کوردستان و سامانەکانی، شێوەی هەڵسوکوتی زلهێزەکان و دەسەڵاتی داهاتووی کورد دیاری دەکەن!  جەوهەر میرزایی

سامانێکی گەورەی نەتەوەکەمانن. نەوەی هەزارەی سێهەمی کورد و بە گشتی دانیشتووانی کوردستان، خەڵکێکی لاون و بە بەراورد لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەی ناوچەکەدا

کوردستان و سامانەکانی، شێوەی هەڵسوکوتی زلهێزەکان و دەسەڵاتی داهاتووی کورد دیاری دەکەن! جەوهەر میرزایی 6 / 11 / 2011


کوردستان یەکێک لە وڵاتانی دەوڵەمەندی دنیایە، کە سامانێکی چڕوپڕی دەست لێنەدراوی هەیە.
هەڵکەوتەی جوغرافیایی ئەموڵاتە وایلێکردووە، کە لەباری سامانی سروشتیی سەرزەویشەوە وەک ئاوو خاک کە دەبنە مایەی گەشەی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری، هیچ کەموکوڕییەکی نەبێت. ئەمەش وایکردووە بەو ئاکامە بگەین کە : ئازادی و گەشەی کوردستان درگای کرانەوی رۆژئاوا بە رووی رۆژهەڵاتدایە.چونکا کوردستان لە دڵی گۆی زەویدا کە رۆژهەڵاتی ناوینە، تاقانە خشتێکە، کە بۆ بنیاتنانی ناوچەیەکی پڕ بەختیاری و شادومانی و بێهەرا، نابێت فەرامۆش بکرێت ودەبێ‌ بڵێین: بنیاتنانی خۆرهەڵاتی ناوینی بێ کێشە، بە بێ‌ ئاسوودەیی و ئارامیی کورد قسەیەکی پڕوپووچەو ئەوەش سەلماوە.
هەڵکەوتەی جوغرافیایی کوردستان کە لە نێوان زنجیرە شاخەکانی زاگرۆس و تۆروس دا بەشێکی زۆری دانیشتووانی نیشتەجێن و خاوەنی پێدەشتە بەپیت و بەرەکەتەکانی گەرمیان و شارەزوور و هەولێر و ماهیدەشت و لەیلاخ و تەوای رۆژئاوای کوردستان و ناوچە بەبەرەکەتە شاخاوییەکانی باکوور وەک هەکاری و بۆتان و زاب و رۆژهەڵات وەک هەورامانە، کە بۆ ئاژەڵداری یەکاویەکن، وایلێکردووە کە بەرگەی هێرشە دڕندانەکانی ئیمپراتوورە خوێنڕێژەکانی مێژوو بگرێت.یانی یەکێک لەو هۆکارانەی بووەتە مایەی هەرەس نەهێنانی جووڵانەوەکانی کورد، شاخ و دۆڵە پڕ ئاوو بە پیتەکانی کوردستان بووە، کە ژیانی دووبارەی بۆ پێدەشتە داگیرکراوەکانی کوردستانیش گێڕاوەتەوە.
کوردستان هەر بەهۆی پڕ باران بوونی ناوچەکانی بووەتە مایەی ژیان بۆ دراوسێکانیشی و بە دەیان رووباری وەک دیجلە و سیروان و قزڵ وەزەن (سپیدرود) و رووباری ئاراسی مەزن و...لە کوردستاندا ئۆقرە ناگرن و تاکو ئاوەمەزنەکانی جیهان “ دەریای مازندەران و خەلیج - دەڕۆن و سەفەر ی ژیانەوە دەکەن.
لە راستیدا رووبارەکانیشمان وەک کورد بە بەزەیین و لەگەڵ ئەو هەمووە غەدرەی بەرانبەرمان دەیکەن، کەچی ئەم ئاوە مەزنانە حازر بە شکان و تێکدانی رۆحی ژیانی ئەوان نین.
هەر ئەم بەخشندەییەش وای لە کورد کردووە، هیچ بیری داگیرکاری نەکاتەوە و لە بیری هاوڕەگەزە دڕندەکانیشیدا بێت و لە سامانەکەی پێیان ببەخشێت و لە سەدەی تازەشدا بیر لە سەربەخۆیی خۆی و ئافراندنی وڵاتێکی تازە بکات. وڵاتی حەسرەت و ئاهی نەوەکانی سێ‌ هەزارەی پێشووی کوردستان.
سامانەکانی کوردستان چی و چین?
ئەگەر بە گشتی سامانەکانی وڵاتێک دابەش بکەین،بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێ‌ هێڵکاری بکرێن:
1- سامانەکانی ژێرزەوی
ا.سووتەمەنییەکان وەک : نەوت و گاز و خەڵووزی بەرد و ئۆرانیۆم و ماددە ناوکییەکان
کوردستان بە هۆی ئەوەوە پێشتر لەژێر دەریادا هاتووەتەدەرەوە، زۆربەی ناوچەکانی خاوەنی نەوتن. یانی سامانی نەوتی کوردستان پێشبینی نەکراوە و بەهۆی ئەوەوە هەمیشە لە حاڵی شەڕدا بووین، کەمتر ناوچە و مەیدانی نەوتیی کوردستان دۆزراونەتەوە. یانی ناوچەکانی کەرکووک و نەت شار و کرماشان و ئیلام و شیواشۆک بەشێکی رواڵەتیی دۆسیەکەن.
لە ناوچەی مووسڵ و خانقین و زۆر ناوچەی دیکەشدا گازی سووتەمەنی بوونی هەیە.
خەڵووزی بەردیش لە باکووری کوردستاندا بە هۆی دارستانە چڕەکانییەوە بوونی هەیە و لە زۆر ناوچەی وەک کۆیەشدا پێش بینی کراوە،ئۆرانیۆمی ببێت.
ب‌. ماددە بەردین و کانزایییەکان : ئاسن و مس و زێڕ و باریت و گۆگرد و فلۆرین و گرانیت و ... کە لە کوردستاندا بوونیان هەیە.
بۆ نموونە زێڕ لە کرماشان و تیکاب و سەقز و لە لوڕستان مس و لە سنە گۆگرد هەیە. لە ماکۆ چۆدەن (ئاسنی وشک) ی لێیە. بەردەکانی جوانکاریش لە هەموو شوێنێکی شاخاویی کوردستاندا هەیە. مەڕمەڕ و گرانیتی کوردستان لە جوانترین بەردەکانی خۆرهەڵاتی ناوینن.
2- سامانەکانی سەرزەوی
سامانەکانی سەرزەوی چەند بەشن. کە دەتوانین، ئاوو خاک وەک رەگەزی سەرەکیی ژینگەی گەشەکردنیان ناوببەین.
لە راستیدا ئاو لە هەزارەی تازەدا دەبێ‌ بە پڕ بایەخترین ماددەی سەر رووی زەوی و ئیتر ناتوانین ئەم سامانە گرنگەی کوردستان فەرامۆش بکەین!
کورد دەبێ‌ بە یەکەم نەتەوەی خۆرهەڵاتی ناوین، کە گرفتی ئاوی نابێت و ئەگەریش یەکەمین نەبێت ئەوا لە یەکەمەکانی ناوچەکەیە. هەر بەم هۆیەشەوە کشت و کاڵ و ئاژەڵداری و گەشتیاری لە کوردستاندا بەرەو گەشەی خێرا و کتوپڕ دەچن. ئەمەش دەبێتە هۆی سەربەخۆیی کورد لەباری ئابوورییەوەو دوژمنانی ناچار بە سازش دەکات.
لە یەکەمین دابەزینەکانی دوژمنانی کورددایە، کە رۆڵی کورد و گەشەی خێرای ئەم ناوچە ونکراوەی جیهان دیار ئەکەوێ‌. یانی خاڵی دەسپێکی گەشەی خۆرهەڵاتی ناوین بەستراوەتەوە بەوەی کە کورد بە هەموو مافەکانی خۆی بگات.
کاتێک کورد بە مافەکانی دەگات، شادەمارەکانی ئابووری و پیشەسازیی خۆرهەڵاتی ناوین حەسانەوە و هەستانەوەی پڕ لە شادومانی بەخۆیانەوە دەبینن.خاکیش یەکەمین رەگەزی دابینکردنی ژینگەی کەڵکوەرگرتنە لە ئاو. هەر بۆیە بایەخدانی ئێمە بە ئەستاندنەوەی خاکەکەمان و پاراستنی زۆر پێویستە و لەوەیدا کە ژینگەی جیهانی بەرەو گۆڕانێکی خراپ و نێگاتیڤ دەچێت، دوژمنانی کوردیش دەبێ‌ بەوە قەناعەتە بگەن، خاکی کوردستان و سامانەکانی تەنیا بەدەستی کوردەوە، دابینکەری بەرژەوەندییە یەکسانەکانی پێکهێنەرانی ناوچەکە و ئەو سێبەرە هەژموونیکانەن، کە دەمارێکیان لە خاکی کوردستاندا ئاو دەخواتەوە و بۆ ئەوەی ئەویش ئاسوودە بژیت، دەبێ‌ رێگا بە کورد بدات، لە ناو تانوپۆکانی کۆمەڵگای ئەودا شوێنێک بۆخۆی بدۆزێتەوە.پێگەیەک کە مافی کوردە، بە گوێری ئەوەی دابینکەری بەشێک لە ئاسوودەییەکانی ئەوانە، ئەمیش لە ماڵی ئەواندا خاوەنی رێز و حورمەتی تایبەتی بێت.
کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی سەرکەوتوو نموونەیەک بۆ ئابووریی گەشەکردوو
ناوچەکانی کوردستان بەهۆی ئەوەوە پڕ ئاون و زۆر لەسەرووی هێڵی بیابانەکانی جیهانەوەن و هەوای ساردی سیبریا و هەوای گەرمی ناوچەکانی سەرووی بیابان بە رادەیەک کاریگەریی لەسەر دادەنێن - تەنانەت هەوای مامناوەندیی مەدیتەرانەیی و شێداری ئورووپا و باکووری ئێران و شێی زەریاکانی باکووری سەعوود کاریگەرییان لەسەر ژینگەی هەیە و خاوەنی چوار وەرزی ساڵ و تەنانەت خاوەنی دوو شێوە هەوای تایبەتە، کە میوەکانی ناوچەکانی گەرم و ساردی تێدا دێنە بەرهەم - ئیتر لەباری کشتوکاڵ و هەنگداری و ئاژەڵداریشەوە بەرهەمی بەپێزیان هەیە.
سامانی گەورەی کوردستان خەڵکەکەیەتی !?
خەڵکی کوردستان سامانێکی گەورەی نەتەوەکەمانن. نەوەی هەزارەی سێهەمی کورد و بە گشتی دانیشتووانی کوردستان، خەڵکێکی لاون و بە بەراورد لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەی ناوچەکەدا وەکو تورک و فارس، زۆر گەنجتر دیارن و بە بەراورد لەگەڵ نەتەوەیەکی وەک ئاڵماندا، ئێمە مێرمنداڵ و ئەوانن باپیرەن!
لێرەدایە ئەگەر بیر لە بە زانستیکردنی ئامانجەکانی خەڵک و داڕشتنی پڕۆگرامێکی ژیانیی بەهێز بۆ بەڕێوەبەریی وڵات بکەینەوە، ئێمە خاوەنی گەورەتر سەرچاوەی بەرهەمهێنان، واتە تەمەنین.
نەتەوەی کورد لە زیندووترین نەتەوەکانی دنیایە، کە خاوەنی وزەیەکی کارامە و بەهێزی ئینسانییە و ئەگەر پڕۆگرامسازییەکی بەهێزی بۆ بکەین، دەبین بە خاوەنی یەکێک لە سەرەکیترین بەرهەمهێنەرانی ئاسیا لە سەدەی بیست و یەک و لە نیوەی دووهەمیدا. هەر بۆیەش کورد داهاتەکەی لە زەینی هۆشیار و جەوانی خۆیدا راگرتووە.
بەرەنگاری:
یەکێک لەو وزە سەلمێندراوانەی کە کورد هەیەتی، گیانی بەرەنگاری لەگەڵ ئاستەنگەکانی ژیان و کۆڵنەدان و لێبوردنە بۆ سەرخستنی پڕۆژە ئینسانییەکانی خۆی و بۆیەش خەریکە دەبێتە خاوەنی نەتەوایەتییەکی شایانی ستایش.
فیداکاری:
فیداکارییەک کە کورد بۆ نیشتمانەکەی کردوویەتی بووەتە هۆی ئەوەی لە ریزی نەتەوەکانی وەک ڤێتنام بۆ بەرەنگاری داگیرکار و ژاپۆنییەکان بۆ قوربانیدان بە چەکی کۆمەڵکوژ و جوولەکەکانیش بۆ ژینۆساید دابنرێت. ئەمەش ئاسان بەدەست نەهاتووە. زۆر نەتەوەی بەهێزی مێژوویش بووین (بۆ نموونە ئاشوورییەکان) کە بەرگەی ئەو هەموو پەلامارەیان نەگرت.
هۆشیاریی مرۆیی: ئەوانەی کە لە سەرەوە باسمان بۆ سەلماندنی راستییەک بوو، کە لە مێژووی هزری مرۆڤایەتیدا نادیارە.
هۆشیاریی بەرگریکارانەی مرۆڤی کورد بووەتە هۆشیارییەکی شاراوە کە باس لە نەهامەتییەکانی نەتەوەیەک دەکات کە بۆ پاراستنی سەروەرییەکانی خۆی هەموو شێوە خەباتێکی ئینسانیی کردووە، کەچی دەستدرێژی نەکردووە. مرۆڤی نامۆ بە خۆی لە زێدی خۆیاندا ئازار نەداوە و تەنانەت کاتێک سەروەرییەکانی کورد ناوچەکەی تەنیبووەوە، مەبەستم کاتی ئیمپراتووریای میدیایە، هەرگیز وەک لایەنێکی دەستدرێژیکار خۆی پێناسە نەکرد. خۆی وەک پارێزەری بەرژەوەندییە مرۆیییەکانی هەموو ناوچەکە لەقەڵەم دا.
بەرگریکردن لە کلتووری ناتوندوتیژی:
بە مەبەستی تیشک خستنە سەر ئەوەی وەک سامانی هزریی کورد کە تەنانەت "نیچە"ی گەورە فیلسووفی ئاڵمانی ئاماژەی “ لە کتێبە مەزنەکەیدا: ئاوای گوت زەردەشت “ پێداوە، ئێمە خاوەنی یەکەمین هزری مرۆڤدۆستی لە دنیاداین و لە ئاڤێستاشدا ئەوە سەلماوە.
ئێمەی کورد، خاوەنی یەکەمین هزری ناتوندوتیژی لە دنیاداین. هەر بۆیەش توانیومانە ئەو هەموو ساڵە لە ناو رۆحی دڕندەی داگیرکەرانی کوردستاندا، سەربەخۆیی رۆحیی خۆمان بپارێزین و نەدۆڕێین.
لێرەشدا پێویستە بۆ سەلماندنی ئەوەی کورد و نەتەوەکانی دیکە جیا بکرێنەوە و بایەخێکی زیاتر بەم نەتەوەیە بدرێت، چونکا هیچکات نەتەوەیەکی کۆنەپارێز و دژە “ پێشکەوتن نەبووە، ئاماژە بەو وتە بە نرخەی زەردەشت بدەم کە دەڵێ‌: "وەرن لەو کەسانە بین، کە دنیا نوێ دەکەنەوە."
2011-11-08 17:48:29

14 ساڵ و 3 مانگ و 9 کاتژمێر و 48 خوله‌ک ، پێش بڵاوکراه‌وه‌ته‌وه‌
ناوه‌رۆکی ئه‌م نووسینه‌ ڕاو تێبینی نووسه‌ره، ماڵپه‌ڕی پ.س.ک هیچ لێی به‌رپرسیار نییه
تاگ : ده‌نگوباسه‌کان
هه‌واڵه‌کان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان

پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان ©