وتووێژی رۆژنامەی میدیا لەگەڵ عارف باوەجانی سەرۆکی پارتی سەربەستیی کوردستان لە مەڕ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئێران. تارا موحەممەد
رۆژنامەنووس تارا موحەممەد بە مەبەستی تاوتۆیکردنی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئێران کە وادەی نزیکبووەتەوە، لێدوانی بۆ رۆژنامەی میدیا لە ٣ کەسایەتی سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستان وەرگرتووە. کە بریتین لە بەڕێزان عارف باوەجانی سەرۆکی پارتی سەربەستیی کوردستان، عەبدوڵا حەسەنزادە کەسایەتی سیاسی و سکرتێری پێشووی حیزبی دیـمۆکرات، و ڕەز کەعبی جێگری سکرتێری گشتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان.
ئایا پێتوایە رەوشی هەڵبژاردنەکانی ئێران بە چ ئاراستەیەکدا دەڕوات و تاچەند دیموکراسی پەیڕەو دەکرێت لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئێران?
وڵام : عارف پارتی سەربەستیی کوردستان:
ئەم پرسیارە دوو بابەتی گرنگی لەخۆ گرتووە. یەکەم رەوشی هەڵبژاردنەکانی ئێران و ئاراستەکەی. دووهەم بوون و نەبوونی دێمۆکراسی و پەیڕەوکردنی لە ئێراندا.
لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئێراندا مەبەستێکی تازەی رژێم دەرئەکەوێت.ئەو ئامانجەی کە هەمیشە خواستی رژێمی کۆماری ئیسلامی بووە و کەچی بەهۆی ئەو مانۆڕە سیاسییە گرنگانەوە کە بۆ چاوبەستنی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئەنجامی داون، بە شاراوەیی و بۆ کاتی خۆی هێشتبوویانەوە.
لە راستیدا ئەمجارە رژێم قسەی یەکلاییکەرەوەی خۆی لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا دەکات و کۆمەڵگای نێوخۆیش بۆ رازیبوون بە شێوازی بەڕێوەبەریی وڵاتانی وەک چین و کووبا و کۆریا پەلکێش دەکات. لەوەیدا کە هەڵبژاردنی ئەم چارەسەرییە بۆ کۆماری ئیسلامی بەدوور نازانم، دوو هۆکاری سەرەکی بەدیدەکەم. هۆکاری یەکەم ئەوەیە، کۆماری ئیسلامی بە رووخانی دیکتاتۆرەکانی ناوچەکە، مردنی دەسەڵاتەکەی خۆی بەچاو بینیوە و دەیەوێ هەموو هێزەکانی بکشێنێتەوە ناوخۆی وڵات و بۆ ئەو مەبەستەش رێگاچارەیەکی باشی دۆزیوەتەوە : کەمکردنەوەی هەڵبژاردنەکان و کەڵک وەرگرتن لە سیستەمی پارلمانی، کە پارلمان کەسێک بۆ دامەزراندنی کابینەی دەوڵەت دەستنیشان بکات. هۆکاری دووهەم ئەوەیە، لە سەرۆککۆمار خۆشییەکیان نەدیوە و بە زیانی خۆیانە ئەگەر ئەم شێوازەی بەڕێوەبەریی دەوڵەت درێژە پێبدەن. ئەوەی باسی دەکەین، بەو مانایە نییە، سەرۆککۆمارەکانی ئێران لە راگرتنی دەسەڵاتدا و درێژکردنەوەی تەمەنی رۆڵیان نەبووە، بەڵکوو پیشاندەری ئەو راستییەیە، کۆماری ئیسلامی ناتوانێ لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرۆککۆماریدا کۆنترۆڵی رای گشتی ئێران بکات. بەو واتایە، مانۆڕەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ناسراوەو هەڵبژاردنەکانیشی جێگای گومانن و متمانەیان پێناکرێت. ئیتر کۆماری ئیسلامیش ریسک ناکات. خەڵکیش ناچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و بۆ رووخانی رژێم “ ئەمجارەیان بە تایبەتی “ دێنە سەر جادەکان. چونکە بەهاری نەتەوەکانی بندەستی دیکتاتۆرە مێژوویییەکەی ئێران روو لە نێزیک بوونەوەیە.
سەبارەت بە بوونی دێمۆکراسی لە ئێراندا رای جیاواز هەیە و منیش پێموایە، لە ئێراندا شتێک بە مانای دیموکراسیی ڕاستەقینە بوونی نییە، تەنیا هاوشێوەیەکی تەقلیدیی ناشیرینکراوی ئایینییانە لە دیمۆکراسی هەیە، دەسکردی کۆماری ئیسلامییە و رەچاوی هیچکام لە پێوەرە جیهانییەکان ناکات و بۆ ئەوەیش هێناویانەتە ئاراوە، کە لە پێش چاوی کامیراکاندا و بە تەنیا لە چوارچێوەی هەڵبژاردنێکی شانۆییدا نمایشی بکەن. واتە هەڵبژاردن لە ئێراندا بۆ کپکردنی دەنگی ناڕازییانی ئێران لەئاستی جیهاندایە و پەیامێکیشی بەردەوام پێبووە، ئێمە شەرعییەتی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیمان لە دەنگی جەماوەرەوە هێناوە و دیکتاتۆر نین. دەنا دێمۆکراسی مانا و پێوەری خۆی هەیە. دێمۆکراسی تەنیا هەڵبژاردنێک نییە و بەس. دێمۆکراسی ماناى ئازادیی هەڵبژاردنی بەردەوامە لە وردترین و سەرەتاییترین ئاستەکانی ژیاندا.
ئایا خەلکانی ئیران هەر بی دەنگ دەبن ?
وڵام: و عارف پارتی سەربەستیی کوردستان:
خەڵکی نەتەوەکانی بندەست و خە٠¶ڵکی ئێرانیش بە هیچ شێوەیەک بێدەنگ نین و نابن. ئەو خەڵکە هەمیشە خۆیان بە شیاوتر لەوە زانینوە لەژێر دەسەڵاتی رەهای ئاخوندەکاندا یاری بە خەونەکانیان بکەن و لە بچووکترین دەرفەتیش کەڵکیان وەرگرتووە بۆ ئەوەی داوای مافەکانی خۆیان بکەن.
کۆماری ئیسلامیش سێناریۆی تایبەت بە خۆی بۆ ئەم دەورەیەی هەڵبژاردنەکان داڕشتووە. بۆ ئەوەی هەم سەرنجی خەڵک رابکێشێ و هەم دەنگی خەڵکیش مسۆگەر بکات.
یەکێک لەو سێناریۆیانە “ وێڕای گرتن و ئەشکنجە و لەسێدارەدانی زۆرتری ناڕازییانی دەسەڵات “ سیناریۆی نانبڕینی خەڵکی ناڕازییە و ئەم سیستەمەی دانی سوبسیدی دەوڵەتی بە هاوڵاتییان - یش دەتوانێ یارمەتیدەرێکی باشی پڕۆژەکانی دەسەڵاتدارانی ئێران بێت. بەڵام خەڵکی ئەو ناوچانەی کە پێیان دەگووتریت ئێران بە تەنیا خۆیان نین و لەم قۆناغەی ژیانی دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامیدا، هاودەنگییەکی جیهانیش لەگەڵ خەڵکی ناڕازیدا هەیە.
ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیش خەريکی خۆتەیارکردنن. ئاستی مەترسییەکانی دۆسیەی ناوکیی ئێرانیش وایکردووە، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە ڕاشکاوی و بەڵگەنەویستانەتر لە جاران خەریکی داڕشتنی پلانی سەربازی لە دژی ئێران بن. دۆسیەی مافەکانی مرۆڤیش لە ئێراندا بە ئاستێکی مەترسیدار گەیشتووە و لەم چەند مانگەی دواییندا چاودێری تایبەتی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لەسەر ئێران دیاریکراوە و بریاروایە ئەمریکاش باڵوێزخانەی ئەلێکتڕونی بۆ پاڵپشتیکردنی خەڵکی ئێران دابمەزرێنێ. کۆی ئەم هۆکارانە دەبنە مایەی جموجۆڵی زیاتری کۆمەڵانی خەڵکی ئێران و کوردانی رۆژهەڵات بە تایبەتی، که ئومێد دەکرێ، زۆر زووتر لەوەی پێشبینی دەکرا، رووخانی کۆماری ئیسلامی بە چاو ببینین. چونکە ئەوڕۆ کێشەکانی جیهان لە ئاستێکدایە کە چارەسەریی یەکلاییکەرەوە بۆ بوونی کۆماری ئیسلامی - واتە رووخانی ئەم سیستەمە تیرۆریست پەروەر و گەندەڵە - دوایین پلان دەبێت. بۆ ئەوەی نەک خەڵکی ئێران بەڵکو رۆژهەڵاتی ناوین و جیهانیش رووی ئارامی بەخۆیەوە ببینێت. بە لایەکی دیکەشەوە هەم خەڵکی ناوچەکەو هەم وڵاتانی نەیاری ئەم ڕێژیمەش بیر لە ئەڵتەرناتیڤێک دەکەنەوە. ئەوەی کە ئیستا بەرچاوە و مەترسی بۆ فارسەکان دروستکردوە، ئەوەیە کە لە پاش نەمانی ئەم ڕێژیمە نەتەوەکانی بندەست سەربەخۆیی خۆیان ڕادەگەیەنن و ئەمەش لە بەرژەوەندی هیندیک وڵاتدا نییە.
بۆ دیتنی دەقی قسەکانی هەر ٣ کەسایەتی لە رۆژنامەی میدیا، کلیکی ئەم لینکەی خوارەوە بکە. www.yndk.com