شه‌ممه‌ 2 ره‌شه‌مه 2725

عارف باوەجانی بۆ رۆژنامەی پرس دەدوێ

psk
عارف باوەجانی بۆ رۆژنامەی پرس دەدوێ

پرۆژەی سەرەکی ئێمە ئەوەیە کە ماڵ و نیشتمانی کورد لە چنگی تاران دەربێنین.

عارف باوەجانی بۆ رۆژنامەی پرس دەدوێ

پرس: ئەو گۆڕانکاری و شەپۆلی خۆپیشاندان و شۆڕشە جەماوەریانەی کە لە سەرەتای ساڵەوە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوینی گرتۆتەوە، ئایا پێشبینی دەکەیت بەم نزیکانەش لە ئێران خۆپیشاندان و شۆڕشی جەماوەری دژی رژێمی ئێران بێتە ئاراوە و رژێمەکە بروخێت?
وەڵام: ئەو گۆرانکارییانە کە لە ناوچەکانی خۆرهەڵاتی ناڤین شەپۆل دەدەن، وەک ڕەشەبایەکە کە زۆر وڵاتی گرتووەتەوە و بەردەوامیش ئەو ڕەشەبا لە وڵاتانیتری ڕۆژهەڵاتی ناڤین دەسوورێتەوە. دیارە ئەم شەپۆلانە هەر لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی رابردووەوە لە رۆژهەڵاتی ئورووپا و وڵاتانی ژێرچەپۆکەی سۆڤیەتی پێشووەوە دەستی پێکرد و بەم دوایییەش کە تەکنۆلۆژیای زانیاری و پێوەندییەکان پەرەی ستاند، ئیتر ناوچە دیکتاتۆر نشینەکانیشی گرتەوە و بێگومان ئەمە دەربڕی راستییەکە کە واقعی سەردەمەکەمانە.
سەردەمی ئێستا سەردەمی گەشەی مرۆڤدۆستی و هۆشیارییەکی مەزنی گەردوونییە و بەرەو رۆژگاری پێش ناگەڕێتەوە.

پرس: تێبینی ئەوە دەکرێ کە حزبە کوردییەکانی کوردستانی رۆژهەڵات هەماهەنگ و یەکهەڵوێست نین و گوتارێکی یەکگرتووتان نییە، بۆچی تاوەکو ئێستا پارتە کوردییەکانی رۆژهەڵات خۆیان رێک و یەکنەخستووە بۆ ئامادەکردنی شۆڕش لە ئێران بە تایبەتی لە بەشە کوردستانییەکەی، تەنانەت پرۆژەیەکی یەکگرتووتان بۆ چۆنییەتی چارەسەر کردنی پرسی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات نییە، بۆچی?
وەڵام: شاراوە نییە کە حیزبەکانی رۆژهەڵات بە دابڕاوی و دوور لە یەکتر چالاکی سیاسی دەکەن. یەکێک لەو بابەتانەی ئۆپۆزیسیۆنی رۆژهەڵاتی لێک دوور ڕاگرتووە، نەبوونی متمانە بە یەکتر و بوونی چەشنە بیرۆکەیەکی نابەرپرسیارانەیە، کە نەتوانن ڕای جیاوازی یەکتر قبووڵ بکەن و هیچکام لە لایەنەکانیش نەتوانن لە پڕۆسەیەکی درێژخایەندا و بە گرووپی کار بکەن و یەکتریان قبووڵ ببێ. بوونی بیرۆکەی خۆبەزیادزانین لە لایەنی بەرامبەر وایکردوە، شەڕی مێژوو وشەڕی ڕەوایەتی و شەڕی خەبات و شەهید و سەروەرییەکان بێتە ئاراوە و ئەوەش تێیدا زەرەرمەند دەبێت، خەباتی کۆمەلانی خەڵکی کوردستانە کە لاوازی و ئاڵۆزی و خەمساردیی تێدەکەوێت.

پرس: پرۆژەی ئێوە بۆ چارەسەری پرسی کورد لە ئێران چییە?
وەڵام: پرۆژەی سەرەکی ئێمە ئەوەیە کە ماڵ و نیشتمانی کورد لە چنگی تاران دەربێنین.
ئێمە پێمانوایە کورد نابێ لە هەزارەی تازەدا خۆی ببەستێتەوە بە ماڵی بێگانەوە و لەگەڵ ئەو لایەنەیدا ساڵانێک ئێمەی کۆیلەی خۆی کردوە، پڕۆژەی هاوبەشمان ببێت. چونکا تا ئێستاش هیچ پرۆژەیەکی ئەخلاقییان بۆ چارەسەریی کێشەی کورد پێ نیە. ئەوان پێیانوایە نابێ ئێمە بە پڕۆسەیەکدا بە بێ ئەوان تێپەڕێین کە بەرژەوەندییەکانی ئەوان پشتگوێ بخات، به‌ڵام له‌ درێژه‌ی مێژوودا له‌ مه‌ر مانه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان ئه‌وان کوردیان پشتگۆی خستووه،‌ و ئەم چەشنە گوتارەش پێمان دەڵێ، جارێکیتر متمانە بە داگیرکەر نەکەینه‌وه‌. بە پێچەوانەوە ئێمە پشتیوان و دینامیکی خەبات لە پێناوی سەروەرییەکانماندا لە بەرامبەر داگیرکەری پانئیرانیست و ئێرانچێتیکار لە یەکهەڵوێستیی نەتەوەکانی بندەستی ئێراندا دەبینین. کورد و عەرەب و بەلووچ و تورکمان و ئازەری و کەمە نەتەوەکانیتری بنده‌ستی حکومه‌ته‌کانی ئێرانی داگیرکه‌ر، کە خاوەنی سەروەرییەکانی خۆیان نین و پرسی سەربەخۆییش لەناوەندە سیاسییەکانیاندا روو لە گەشەیە. واتە هەڵوەشاندنەوەی ئێران و دابەشکردنی بەسەر خاوەن مافەکاندا پڕۆژەی ئێمەیە بۆ داهاتووی وڵات.

پرس: پەیوەندیتان لەگەڵ ئەمریکادا چۆنە، ئایا بەم نزیکانە دیالۆگتان لەگەڵ ئەمریکا کردووە سەبارەت بەم رەوشە، یاخود تۆ پێتوایە ئەمریکا یارمەتی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران دەدات بۆ ئەوەی شۆڕش لە ئێران بێتە ئاراوە و ئەو رژێمە بروخێت?
وەڵام: ئێمە هەر لە یەکەم رۆژی دروستبوونمانەوە پێوەندیمان لەگەڵ ئەمریکا و چەند وڵاتێکی گرنگی جیهانی دروستکردوە. بەڵام ئەمریکاش سیاسەت وپرۆژەی خۆی هەیە بۆ دوارۆژی ئێران. ئه‌مریکا یارمەتی ئۆپۆزیسیۆنی پەرتەوازە نادات و جارێ بەرنامەی یارمەتیدانی ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی وڵاتی نیە و لە یارمەتیدانی ئۆپۆزیسیۆنی ناوخۆشدا پڕۆژەی روونی نەبوە. دەیەوێ ئێران لاواز ببێت بەڵام بۆ دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی ئاڵتێڕناتیڤێکی تەندروست شک نابات و نایەوێ هەڵەی زەق لە دانان و جێگیرکردنی لایەن و ئۆپۆزیسیۆنێکدا بکات کە چارەساز نین.

پرس: سەرکردەیەکی کوردی رۆژهەڵات دەڵێت: ئیتلاعاتی ئێران خۆی خزاندۆتەوە ناو حزبە کوردییەکانی رۆژهەڵاتەوە، ئەمەش وایکردووە کە حزبە کوردییەکان پێکەوە ناکۆک بن، بۆیە لە دوای 2003ەوە زۆرترین ئینشیقاق لەناو حزبە کوردییەکان روویداوە، بەتایبەتی حزبەکانی کوردستانی رۆژهەڵات، تۆ هۆکارەکەی بۆچی دەگەڕێنیتەوە، پێتوایە دەستێکی دیاری دەرەکی هەیە، یان خۆتان لەسەر پۆست و دەسەڵات و سامان ناکۆکن?
وەڵام: من نازانم مه‌به‌ستت کام به‌‌ڕێزه‌، به‌ڵام بێگومان ئیتلاعات هەمیشە هەوڵیداوە خۆی بخزێنێتەوە ناو لایەنە سیاسییەکان و کێشەیان تێدا دروست بکات، بە تایبەت لە پاش رووخانی حکومەتی بەعس هاتنی ئێران بۆ گشت ناوچەکانی ئێراق و کوردستان ئاسانتر بووە. بەڵام کێشەکە بەو ساناییە نیە کە ئاوا ڕووکەشییانە سەیری بکەین.
شۆڕشێک کە سەدەیەک درێژەی کێشا بێت و لە پاش سەدەیەک هیچ دەسکەوتێکی سیاسیی گەورەی وەک بەدەستهێنانی مافەکانی کوردی تێدا بەدینەکرابێت، تووشی تەنگژە دەبێت. ململانێی نەوەکان تێیدا سەرهەڵدەدات. فۆڕمی تازە و کۆن دێنە بەر باسەوە و دەکەونە ململانێی ناوخۆیییەوە وئەمەش ڕێگا بۆ دەستێوەردانی دەرەکیش خۆش ئەکات. پیرۆزییەکانی لایەنەکان دەخاتە ژێر پرسیارەوە.ڕۆحێکی بەرپرسیارانەش لە سەرکردایەتیی سیاسی کورددا نابینرێت و پلانێکی تۆکمەیان بۆ راگرتنی باڵانسی شۆڕشەکە پێ نییە.

پرس: حزبە ئیسلامییەکانی هەرێمی کوردستان ( کۆمەڵ و یەکگرتوو و بزوتنەوەی ئیسلامی ) پەیوەندی بەهێز و مێژووییان لەگەڵ حکومەتی ئێران هەیە، تۆ پێتوایە پەیوەندی ئەو حزبانە کاریگەری سلبی دەبێ لەسەر پرسی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات، رای تۆ لەمبارەیەوە چییە?
وەڵام: زۆربەی حیزبەکانی باشوری کوردستان لە سەردەمانی هەشتاکاندا بنکەو بارەگایان لە ئێران هەبووە، حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش لە ئێراق هەیانبووە، ئەمەش دەگەرایەوە بۆ ئەو کاتەی کە ئەو دوو وڵاتە شەریان بە دژی یەک هەبوو، هەردوو لایەن یارمەتی ئۆپۆزیسیۆنی یەکتریان دەدا بە دژی یەکتر. بەڵام هیندێک لەو پێوەندییانە زۆر نزیک بوونەوە و دژایەتیی کوردی بە کورد دروستکرد، کە به‌ داخه‌وه‌ تا ئیستاش ئاسەواری ماوە. ئێمە پێمانوایە لایەنە ئیسلامیەکانیش ئەگەر پێوەندیی قووڵیان بووە نابێ لە خزمەتی دوژمندا کەڵکی لێوەرگرن و ماڵی کورد و خەباتی کوردی پێ لاواز بکەن. ئەوانەش لەوانەیە زیان بە کورد و شۆڕشەکەی بگەیەنن، لایەنی ئیسلامیی جیهادین کە کورد بە بەشێک لە ئیمارەتی ئیسلامی دەزانن و بە رەوای نابیینن خاوەنی سەروەرییەکانی خۆی بێت. بەڵام ئەو سێ لایەنەی سەرەوە ئاماژەتان پێداون، لایەنی مۆڵەت پێدراون و لە هەرێمی کوردستاندا بە شێوەی یاسایی هەڵسوکەوت دەکەن. هه‌رچه‌ند یه‌کێک له‌و لایه‌نانه‌ 15 ساڵ پێش زیانێکی گه‌وره‌ی به‌ کوردی رۆژهه‌ڵات گه‌یاند، پۆلێ پێشمه‌رگه‌ی ئه‌و کاتی حدکا ی ته‌حویلی ئێران دایه‌وه‌، که‌ تا ئیستاش مناڵه‌ بێنازکراوه‌کانیان چاوه‌روانی باوکیانن بگه‌رێنه‌وه‌.

پرس: ماوەی پێنج ساڵە ئێران بەبیانووی هەبوونی بارەگاکانی پژاک، سنوورەکانی هەرێم تۆپباران دەکات، بەرای تۆ مەبەستی ئێران لەم توپبارانکردنە هەبوونی پژاکە یان تێکدان و لێکترازانی کورد و ئەزموونەکەی?
وەڵام: ئێران هەمیشە لە هەوڵی تێکدانی دەستکەوتەکانی باشوری کوردستان بووەو بە شۆێن بەهانەدا گەراوە. بەڵام ئێستا تەنیا باشوورێک که‌ به‌ سێ پارێزگای ڕزگارکراوی نییه‌. کوردستان ئەو ئیرادەیەکی گشتیی کوردستانیانە دەبینێت. پێشه‌که‌وتنه‌ سیاسی وئابورییه‌کی هه‌رێمی به‌ شکڵگرتنی ڕۆحێکی نەتەوەیی دەبینێت کە زیان بە هەژموون و بەرژەوەندییەکانی ئەو لە ناوچەکەدا و لە داهاتووشدا زیان بە یەکپارچەیی خاکەکەی دەگەیەنێت. پژاک لە دەرەوەی سنووری هەرێم چالاکی دەکات و یەک سەربازی ئێرانی لە ناو خاکی هەرێمدا نەکوشتوە. کەوابوو ئێران دەستی بۆ تێکدانی رەوشی گشتیی کورد ڕاکێشاوە.
.........................................................................................................

پێناسە و بیوگرافی
پارتی سەربەستیی کوردستان:
پارتی سەربەستیی کوردستان: پارتێکی نەتەوەیی و سەربەخۆخواز و لیبرڵدیمۆکراتە، لە ١٧/٢/٢٠ ٠ ٦ دامەزراوە. لە ١٣/١١/٢٠ ٠ ٩ کۆنگرەی یەکەمی خۆی بەستووە. ئەم پارتە کارو چالاکی بۆ بڵاوکردنەوەی بیرۆکەی سەربەخۆخوازی و نەتەوەیە لە رۆژهەڵاتی کوردستان. لە زۆربەی وڵاتانئ ئوروپایی و ئەمریکایی کۆمیتەی هەیە، ناوەندی سەرکردایەتی ئەم پارتە لە هەولیری پایتەختی هەرێمی کوردستان و لە ئۆسڵۆی پایتەختی نۆرویژە. ئەم پارتە خاوەنی ڕێکخراوەکانی ژنانی سەربەستیی کوردستان ولاوانی سەربەستیی کوردستانە. هەروەها لە ڕاگەیاندندا خاوەنی ٣ ماڵپەری سەرەکی و مانگەنامەیەکە بە ناوی سەربەستی، وگۆڤارێکی وەرزانەیە. پێکهاتەی ئەم پارتە لە کەسانی بە تەمەن گەنج و سەربەخۆخوازن.

عارف باوەجانی
عارف باوه‌جانی له‌ به‌هاری ١٩٧٣ له‌ ناوچەی سه‌لاسی باوه‌جانی سه‌ر به‌ پاڕێزگای کرماشان له‌ دایکبووه‌، له‌ ساڵی ١٩٨٠  وێرای بنه‌ماڵه‌که‌ی له‌ سه‌ره‌تایی شه‌ری نێوان ئێران و ئێراق ئاواره‌ی باشوری کوردستان ده‌بن، دوای دوو ساڵ ‌ بۆ کامپی ئه‌ڵتاش له‌ رومادی ده‌گوازرێنه‌وه.
له‌ ماوه‌ی ته‌مه‌نی ژیانی له‌ که‌مپی ئه‌ڵتاش چوار ساڵ ده‌بێته‌ پێشمه‌رگه‌ی کوردستان‌، بۆیه‌ هه‌ر له‌ ته‌مه‌نی ١٤ ساڵیه‌وه‌ خولیای سیاسه‌ت ده‌بێت و به‌کرده‌وه‌ تێکه‌ڵ به‌ خه‌باتی ڕه‌وای گه‌له‌که‌مان ده‌بێت.
له‌ ساڵی ١٩٩٧ له‌ ڕێگه‌ی کۆمیساریای به‌رزی په‌نابه‌رانه‌وه‌ ده‌گاته‌ وڵاتی نۆرویژ
له‌ ساڵی ٢٠ ٠ ٠  وه‌ له‌گه‌ڵ پارتی سوسیال چه‌پی نۆرویژی ده‌ست به‌ کار ده‌بێت.
له‌ سالی ٢٠ ٠ ٣ وه‌ک ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانی ئۆسڵۆی پایته‌ختی نۆرویژ، له‌ لیستی ئه‌و حیزبه‌ بۆ ماوه‌ی چوار ساڵ هه‌ڵده‌بژێردریت.
له‌ ساڵی ٢٠ ٠ ٦ به‌ هاوکاری چه‌ند هاوبیرێکی، پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان داده‌مه‌زرێنێت، پاشان تا به‌ستنی کۆنگره‌ی یه‌که‌می ئه‌و پارته‌ له‌ کۆنفرانسه‌کاندا وه‌ک سه‌رۆکی کاتی هه‌ڵده‌بژێردرێت.
له‌ کۆنگره‌ی یه‌که‌می پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستاندا، له‌ ١٣-١١-٢٠ ١٠  وه‌ک سه‌رۆکی گشتی پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان هه‌ڵده‌بژێردرێته‌وه‌.
عارف باوه‌جانی وه‌ک که‌سایه‌تییه‌کی به‌رچاو هه‌میشه‌ وێرای کاری سیاسی به‌ کاری مرۆڤایه‌تیشه‌وه‌ سه‌رقاڵ بووه‌. له‌ ساڵی ١٩٩٧ تا ئیستا به‌رده‌وام پشتیوانی له‌ کێشه‌ی په‌نابه‌رانی کورد ده‌کات.
عارف هه‌ر له‌ ساڵی ١٩٨٩ ه‌وه‌ تا ئیستا، به‌رده‌وام نووسینی له‌ ڕۆژنامه‌ و سایته‌کان بڵاو بووه‌ته‌وه‌، خاوه‌نی ٣ په‌رتووکی چاپ نه‌کراوه‌، ناوبراو له‌ ساڵی ٢٠ ٠ ٠  تا ٢٠ ٠ ١ له‌ هه‌نده‌ران گۆڤارێکی به‌ ناوی به‌ ناوی گۆڤاری هه‌ڵوه‌دا ده‌رکردوه‌.
له‌ ڕێگه‌ی کاری دیپلوماتییه‌وه‌ پێوه‌ندییه‌کی به‌ هێزی له‌گه‌ڵ ده‌یان که‌سایه‌تی جیهانی دروستکردوه‌. له‌ چه‌ندین خوڵی جیهانی له‌ بواره‌کانی به‌رێوه‌به‌ری، سیاسی و دیپلوماسیدا به‌شداریکردووه.

2011-11-25 11:57:58

14 ساڵ و 2 مانگ و 15 کاتژمێر و 39 خوله‌ک ، پێش بڵاوکراه‌وه‌ته‌وه‌
ناوه‌رۆکی ئه‌م نووسینه‌ ڕاو تێبینی نووسه‌ره، ماڵپه‌ڕی پ.س.ک هیچ لێی به‌رپرسیار نییه
تاگ : ده‌نگوباسه‌کان
هه‌واڵه‌کان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان

پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان ©