ژنان و خەباتی گەردوونیی ئینسان و پرسی ئازادی
ن: شادان

کاتێک بەهاری عەرەبی و بە گشتی بەهاری گەلانی ناوچە سیس بووەکان دەستی بە پیشاندانی رۆڵی خۆی لە بووژاندنەوەی کەرامەتی ئینسانی ستەملێکراودا کرد، نەوەیەکی تازە هاتنە سەر شەقامەکان و داواکاریی نوێ پێشکەش کران.
لە بیرم دێت، ژنێک کە لە دەستی سوپای ستەمکاری وڵاتەکەی هەڵهاتبوو، هەرایەکی گەورەی نایەوە و ماوەیەک باسی دەستدرێژیکردنە سەر ئافرەتانی لە لایەن هێزە سەرکوتکارەکانی قەززافییەوە ورووژاند، بەڵام لە درێژمەودادا هیچ دەسکەوتێکی بۆ ئافرەتەکەش پێ نەبوو، بێجگە لەوەی هێندەی دیکە لە پێش چاوی میدیای وڵاتەکەیدا سووک و چرووک کرا.
ئەمە یەکەمین هەوڵی لەم چەشنە لە ناوەندە سیاسی و رووناکبیرییەکانی عەرەبی و ئیسلامیدا نەبوو، کەچی سەرەتایەکی باش بوو، لەم سەرەتای دەسپێکی رووخاندنی دیواری ماڵی دیکتاتۆرانەدا و ئیتر خواستەکانیش زیادیان کرد.
لە پاش رووخانی حکوومەتی میسر و توونس خانمان و چینی گەنجی وڵاتە ئازادکراوەکان هەستیان کرد، بە کەمترین ئاست لە مافەکانیشیان ناگەن، ئەگەر گەشەی رەوتی سیاسیی وڵاتەکانیان بەو شێوەیە بڕوات.
لە وڵاتی لیبیای پاش قەززافیشدا هیچ ئەمەلێکی مەزن لە باری مافدارییەوە بۆ ژنان نابیندرێت وئیتر قۆناغی تازەی بەهاری گەلان واتە فازی دووهەم دەستی پێکرد.
لە فازی دووهەمی ئەم شۆڕشە سپییەدا، خەباتەکە بە شێوازێکی تازە لێکدانەوەی بۆ کرا.
ژنانی دنیای پاشکەوتوو هەستیان بەوە کرد، لە ماڵی سەرۆکی لابراوو لە ماڵی سەرۆکی هەڵبژێردراویشدا کۆیلەن و باسێکی وا لەسەر مافەکانی ئەمان نەهاتووەتە ئاراوە.
خۆداماڵین لە بەرگی کۆیلەیەتی یان خۆداماڵین لە شەرمی مێژووی
ژنان ماوەیەکە رەوتێکی تازەیان لە بەربەرەکانی لەدژی سیستەمی زاڵ بەسەر ژیانی کۆمەڵگا داخراوەکانی خۆیاندا دەست پێکردووە. جموجۆڵێکی ورد لە سەرەتاییترین ئاستەکانی ژیاندا دەبینرێت.
ئەم جموجۆڵە تازەیە، لە ناردنی وێنە فەیسبووکییەکانی ناو زیندانە خاوێنەکانی ماڵی سەرۆک و خاوەنانی حەرەمسەراکانەوە تا حەمامی ژنان و ژووری نووستن و دواتر گواستنەوەی ئەم وێنانە بۆ دنیای ئازاد و دروستبوونی هاودەنگییەکی جیهانی بۆ پاڵپشتیکردن لەو کارە شەرمشکێنانە دەستی پێکردووە.
"عولیا" خاتوونی 20 ساڵەی میسری ناوێکی گەورەی ناوەندەکانی پەرەپێدانی مافەکانی مرۆڤ ئەبێت کە لە پاڵپشتیکردن لەو بوێرییەی ئەو کیژۆڵەیەدا، بە هەزاران لاپەڕەی لەسەر تۆمار ئەکەن و بۆ نەوەکانی داهاتوو ئەنووسن: کیژۆڵەیەکی 20 ساڵان لە دنیایەکی دواکەوتووی باوکسالاردا، هەموو نەریتەکانی دنیای کۆنی، تەنیا بە بڵاوکردنەوەی چەند وێنەیەکی رووت لە جەستەی خۆی هێنایە ژێر پرسیارەوە.
دەکرێ ئەم شێوە کردارانە بەراورد بکەین بە سەردەمی رێنێسانسی ئورووپاوە، کە پەیکەرەتاشەکان هاتن و بە دروستکردنی وێنەی ورووژێنەر لە کەسایەتییە پیرۆزەکانی وەک حەزرەتی مریەم و مەلاییکەتەکان بە ڕووتی، گوتارێکی تازەیان هێنایە بەر باس و بوو بە دەسپێکی قۆناغێکی تازە لە خەبات بە دژی سیستەمی کۆن و دەبینین، ئەم نوێخوازییە رۆژ لە دوای رۆژ لە گەشە کردندایە و وەستانی بۆ نییە و بووەتە هەوێنی گەشەی ئازادییەکانی مرۆڤ لە هەموو بوارەکانی دیکەی ژیاندا.
خۆ لەوانەیە خۆرووتکردنەوەی مەلاییکەتێکی پیرۆزی ئازادیخوازی سەردەمی رێنێسانس هێندەی ئەم شەرمشکاندنەی دەمی ئێستای ئەم خاتوونانەی خۆرهەڵات کاریگەریی نەبێت، چونکا ئەمان لە ماوەیەکی کورتدا خەریکن دەبن بە بزووتنەوەیەکی جیهانی بۆ دەستەبەرکردنی ئازادییەکانی ژنان!?
پرسی ژنانی کورد لە کۆنفرانسی نەتەوەییدا چۆن دێتە بەرباس?
کورد لە ماوەی سەدەی رابردوودا بەردەوام هەوڵی چڕکردنەوەی هێزەکانی خۆی داوە و بە هیچ شێوەیەک نەیتوانیوە ئەم ئاواتە لە مێژینەیەی خۆی جێبەجێ بکات.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە بە گوێرەی نەریتی خەباتخوازیی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا، ئەم خۆزگەیەی کورد کرایەوە بە رۆژەڤ و دیسانەوە تاوتوێکرا. بەڵام ترووسکەی هیوای گرتنی ئەم کۆنفرانسە رووی لە گەشانەوەی زیاتر کرد و بریاردرا، مانگی دوانزەی ئەمساڵی (2011) یە دەست بە کاروباری خۆی بکات و بۆ بەشداریدانیش هیچ رەگەزێکی کوردەواری لەبیر نەکرێت.
بەڵام لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە. تۆ بڵێی ژنان لەم کۆنفرانسەدا شانسی ئەوەیان هەبێت، بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانیان، دۆزی رەوای خۆیان هێندە بێننە بەر باس، کە بتوانن بەشێکی زیاتر لە جارانی کورسی و رێژەی دەنگەکان بۆخۆیان ببەن و لە کۆمیسیۆن و لێژنەکاندا ببنە یاسادانەر و کارگێڕی یاسایی “ نەتەوەيی و رۆڵی کارا ببینن، بە بێ ئەوەی ئەو شەرعییەتە لە ماڵی پیاوەوە بە ئەوان بدرێت?٠ێ
بەڵام لەوانەشە لەم یەکەم دیدارو پێکگەیشتنە مێژوویییەدا دیسانەوە ژنان نەتوانن بەوە شێوەیە خۆیان دەربخەن، کە چاوەڕوانییان هەیە و یەکەمین رەخنەش لە کۆنفرانسی نەتەوەیی بگیرێت، ئەوە بێت : کۆنفرانسی نەتەوەیی پیاوانی کورد دەستی بە کارەکانی خۆی کرد و هەر لەبەر چاوی کامێرا و میدیا چەند ژنێکیان بردە ناو هۆڵی کۆنفرانسەوە.
هیوادارم وا نەبێت و هەموو حیزب و لایەنەکان کەڵک لە توانا و دەسکەوت و زانستی ئافرەتان وەربگرن و هەوڵ بدەن، کەسایەتیی پیرۆزی دایکانی کورد بەرز و پیرۆزتر لە جاران رابگرن و ئیرادەی پۆڵایینیان پتەتر بکەن و لە ئاستەنگەکاندا پاڵپشتییان لێبکەن بۆ ئەوەی ورەی نەوە لە دوای نەوەی کوردان بەرز رابگرن و بە بەرزبوونی ئیرادەیان ئیرادەی دوژمنانی گەل هەرەس پێبێنن. ئەو ئیرادەیەی لە رۆحی دایکانی باکووری کورستاندا بینیمان کە چۆن ورەی بە ئۆردووغان و سوپاسالارەکانی سوپای تورک و جەهةپەی خوینمژ بەردا و داوای لێبوردنیان لە گەلی کورد کرد!?
ئەو داوای لێبوردنەی رۆحی کردەوە بە بەر مافەکانی ئێمەدا و سەلماندی: دایکانی ئێمە رۆڵەی نەبەردی باشیان پەروەردە کردووە کە چۆکی بە دوژمنی ئەنفالچی بەرداوە.