شه‌ممه‌ 2 ره‌شه‌مه 2725

عارف باوەجانی سەرۆکی پارتی سەربەستیی کوردستان بۆ گۆڤاری شۆک .

عارف باوه‌جانی
عارف باوەجانی سەرۆکی پارتی سەربەستیی کوردستان بۆ گۆڤاری شۆک .

ئەوە ئەگەر کاتی هات بیری لێدەکەینەوەو قسەی لە سەر دەکەین، کە تا چەند لە قازانجی نەتەوەییماندایە. ئەمریکا تا ئیستا هیچ بیرێکی لەوە نەکردوەتەوە کە هاوکاری ماڵیی لایەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بکات


عارف باوەجانی سەرۆکی پارتی سەربەستیی کوردستان بۆ گۆڤاری شۆک .

عارف باوه‌جانی له‌ به‌هاری ١٩٧٣ له‌ ناوچەی سه‌لاسی باوه‌جانی
سه‌ر به‌ پاڕێزگای کرماشان له‌ دایکبووه‌، له‌ ساڵی ١٩٨٠  وێرای
بنه‌ماڵه‌که‌ی له‌ سه‌ره‌تایی شه‌ری نێوان ئێران و ئێراق ئاواره‌ی
باشوری کوردستان ده‌بن، دوای دوو ساڵ ‌ بۆ کامپی ئه‌ڵتاش
له‌ رومادی ده‌گوازرێنه‌وه.
له‌ ماوه‌ی ته‌مه‌نی ژیانی له‌ که‌مپی ئه‌ڵتاش چوار ساڵ ده‌بێته
‌ پێشمه‌رگه‌ی کوردستان‌، بۆیه‌ هه‌ر له‌ ته‌مه‌نی ١٤ ساڵیه‌وه‌ خولیای
سیاسه‌ت ده‌بێت و به‌کرده‌وه‌ تێکه‌ڵ به‌ خه‌باتی ڕه‌وای گه‌له‌که‌مان ده‌بێت.
له‌ ساڵی ١٩٩٧ له‌ ڕێگه‌ی کۆمیساریای به‌رزی په‌نابه‌رانه‌وه‌ ده‌گاته‌ وڵاتی نۆرویژ
له‌ ساڵی ٢٠ ٠ ٠  وه‌ له‌گه‌ڵ پارتی سوسیال چه‌پی نۆرویژی ده‌ست به‌ کار ده‌بێت.
له‌ سالی ٢٠ ٠ ٣ وه‌ک ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانی ئۆسڵۆی پایته‌ختی
نۆرویژ، له‌ لیستی ئه‌و حیزبه‌ بۆ ماوه‌ی چوار ساڵ هه‌ڵده‌بژێردریت.
له‌ ساڵی ٢٠ ٠ ٦ به‌ هاوکاری چه‌ند هاوبیرێکی، پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان
داده‌مه‌زرێنێت، پاشان تا به‌ستنی کۆنگره‌ی یه‌که‌می ئه‌و پارته‌ له‌ کۆنفرانسه‌کاندا
وه‌ک سه‌رۆکی کاتی هه‌ڵده‌بژێردرێت.
له‌ کۆنگره‌ی یه‌که‌می پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستاندا، له‌ ١٣-١١-٢٠ ١٠ 
وه‌ک سه‌رۆکی گشتی پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان هه‌ڵده‌بژێردرێته‌وه‌.
عارف باوه‌جانی وه‌ک که‌سایه‌تییه‌کی به‌رچاو هه‌میشه‌ وێرای کاری سیاسی
به‌ کاری مرۆڤایه‌تیشه‌وه‌ سه‌رقاڵ بووه‌. له‌ ساڵی ١٩٩٧ تا ئیستا به‌رده‌وام
پشتیوانی له‌ کێشه‌ی په‌نابه‌رانی کورد ده‌کات.
عارف هه‌ر له‌ ساڵی ١٩٨٩ ه‌وه‌ تا ئیستا، به‌رده‌وام نووسینی له‌ ڕۆژنامه‌
و سایته‌کان بڵاو بووه‌ته‌وه‌، خاوه‌نی ٣ په‌رتووکی چاپ نه‌کراوه‌، ناوبراو
له‌ ساڵی ٢٠ ٠ ٠  تا ٢٠ ٠ ١ له‌ هه‌نده‌ران گۆڤارێکی به‌ ناوی به‌ ناوی گۆڤاری
هه‌ڵوه‌دا ده‌رکردوه‌.
له‌ ڕێگه‌ی کاری دیپلوماتییه‌وه‌ پێوه‌ندییه‌کی به‌ هێزی له‌گه‌ڵ
ده‌یان که‌سایه‌تی جیهانی دروستکردوه‌. له‌ چه‌ندین خوڵی جیهانی
له‌ بواره‌کانی به‌رێوه‌به‌ری، سیاسی و دیپلوماسیدا به‌شداریکردووه‌

شۆک- ده‌گوتریت حزبه‌ کوردییه‌کانی رۆژهه‌لات کارله‌سه‌ر جه‌ماوه‌ری یه‌کتری ده‌که‌ن ئه‌وه‌ش بۆته‌ هۆی ئالۆزی نیوانیان.
وڵام: قسەو قسەڵۆک بەشێکە لە کلتووری رۆژهەڵاتییانە و بەداخەوە لە ناو حیزبە کوردییەکانیشدا زۆر برەوی هەیە، فەرهەنگی یەکتر قبووڵ نەکردن لە مێژە لە نێۆ پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا باوەو ئێستاش درێژەی هەیە و زۆر لایەنیش پێیانوایە ئەگەر سەرکەوتنێکیان بەدەست نەهێناوە تاوانی لایەنە کوردییەکانی دیکەی تێدایە، و زۆر لایەنیش بۆ برەوپێدان بە سیاسەتی خۆیان کار لەسەر دابەزاندنی کاراکتەری حیزبیی لایەنەکانی دیکە دەکەن و ئەمەش بە پێچەوانەی رۆحی هاوکاری و تەبایی نەتەوەیی و کارکردن بۆ دروستبوونی ئۆرگانێکی گەل پەسەند و جێگای متمانەی خەڵکی کوردستانە، کە ناوی بەرەی کوردستانی یان پەرلەمانێک لە تاراوگەدایە!?. بەو هیوایە گشت لایەن خۆشەویستەکانی کوردستان بیر لە خاڵە پۆزەتیڤەکان بکەنەوە، هەوڵبدەن پێکەوە بە ڕۆحیکی نەتەوەیی بە کێ بەرکێیەکی سالم لەگەڵ یەک هەڵس و کەوت بکەن. لێکنزیکبوونەوە هەم ئاواتەکانمان بە دی دێنێت هەم بزەی شادی دەخاتە سەر لێوی کوردستانیانی وڵاتداگیرکراو.
شۆک - ده‌گوترێت جار جار حکومه‌تی ئیسرائیل هاوکاری ئۆپۆزسیۆنی ئێران ده‌کات ئه‌مه‌ تاچه‌ند راسته?
وەڵام: ئێمە وەک لایەنێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ئاگاداری زۆر شت هەین، شتی وامان نەبیستووە و لەو بوارەدا وەک خۆم هیچ زانیارییەکم نییە، ئەگەر کاری واشکرابێت لایەنی وەرگر لێێ ئاگادارە.
شۆک - ئه‌گه‌ر ئێوه‌ حکومه‌تی کۆماری ئیسلامی رێگه‌تان پی بدات بۆئه‌وه‌ی کاری سیاسی بکه‌ن له‌ ئیران ئاماده‌ن بچنه‌وه‌ بۆئه‌و ولاته‌.
وڵام: سیستەمێک لە ئێراندا وجوودی هەیە بە ناوی سیستەمی ویلایەتی فەقیهی، کە ئەو سیستەمە لەگەڵ خواست و ئامانجەکانی کورد و دنیای سەردەمیشدا ناگونجێ و ئیجازە بە پەرەگرتنی ئازادییەکان نادات لە بوارەکانی سیاسەت وڕۆژنامەگەری و پاراستنی مافەکانی مرۆڤدا چالاک بن. بۆیە ئەو ئەگەرە زۆر بە دوور دەزانرێت کۆماری ئیسلامی ئەو ئیجازەیە بە ئێمە بدات. ئەو چەشنە ئەگەرانە کاتێک عەمەلی دەبێتەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران گۆرانکاری لە ستراتیژی و سیستەمی خۆی بکات. هەر کات ئەو گۆرانکارییەشی قبووڵ کرد، مانای ئەوەی کۆماری ئیسلامی نامێنێت و دەبێتە کۆماری دیمۆکراتیک. ئیتر پێویست ناکات ئۆپۆزیسیۆن لە دەرەوەی بازنەدا درێژە بە کاروچالاکیی خۆیان بدەن. لە راستیدا رێگەدان بە کارو چالاکی بە ئۆپۆزیسیۆنی تاراوگە، لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە، تەسلیمکردنی بەشێکی زۆر لەو مۆڵگانەیە کە ساڵانێکە بە تۆپ و تەیارە دەیانپارێزێت و کۆماری ئیسلامیش شتی وای مەبەست نییە. ئەو مەبەستی لە دانی مۆڵەت بە هەر لایەنێکی سیاسی ئەوەیە، بیخاتە ناو داوی پیلانیەکانی خۆیەوە و وردی بکات.
شۆک - هه‌ندیک بۆچوون هه‌یه‌ که‌ حزبه‌ کوردییه‌کانی رۆژهه‌لات دەیانەوێت له‌ ژیر دروشمی یه‌ک به‌ره‌دا یه‌کبگرن. ئه‌و هه‌وله‌ تاچه‌ند راسته‌?
وڵام: ئەو هەوڵە لە مێژە لە ئارادایە، بە دەیان ڕێکخراو و کەسایەتیی دڵسۆز و خەمخۆر لە هەوڵی ئەوەدا بوون، بەڵام بە داخەوە بەشێک لە لایەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هەنگاوی جدی بۆ هەڵناگرن، ئێمەش زۆرمان پێناخۆشە ئەو ئاوات و ئارەزووەی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان پشت گوێ‌ دەخرێت و پلاتفۆرمێکی تایبەتمان ئامادە کردووە کە لەم رۆژانەدا بەشێکی سەرەتایی بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکەینەوە.
شۆک - ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریکا هاو کاریی حزبه‌ کوردییه‌کان بکات ئاماده‌ن وه‌ریبگرن دژی ئیران.
وڵام: ئەوە ئەگەر کاتی هات بیری لێدەکەینەوەو قسەی لە سەر دەکەین، کە تا چەند لە قازانجی نەتەوەییماندایە. ئەمریکا تا ئیستا هیچ بیرێکی لەوە نەکردوەتەوە کە هاوکاری ماڵیی لایەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بکات. ئێمە هەر جۆرە هاوکارییەک کە کۆمەڵگاکەمان بەرەو پێشکەوتن ببات و لە وەدەستخستنی سەروەرییەکانی میللەتی کورددا هاوکارمان بێت، پێشوازی لێ‌ دەکەین. بەس هاوکارییەک وڵاتەکەم بەرەو ئاسیمیلاسیۆنی زیاتر ببات و هاندەری بێت بۆ بونیادنانەوەی ئێران بە شێوەیەک کە کورد و نەتەوەکانی بندەستی ناسیۆنالیزمی باڵادەست وەکو خۆیان و لە هەژاری و بێمافیدا رابگرێت، ئەوە مەترسییە بۆ گیانی شۆڕشی لەخۆبوردوانەی گەلەکەمان و نەتەوەکانی تر و نەبوونی زۆر بە باشتر دەزانم.
شۆک - ده‌گوتریت له‌کاتی خۆپیشاندانه‌که‌ی کوردستان کۆماری ئیسلامی له‌ ریگای راگه‌یاندنه‌کانیه‌وه‌ هانی خه‌لکی کوردستانی داوه‌ ئه‌وه‌ تاچه‌ند راسته‌ .
وەڵام: بە بۆچوونی ئێمە ئێران نا ڕاستەو خۆ دەستی لەو خۆپێشاندانانەداهەبوو. کادیر و کەسی پسپۆڕ و تایبەت بە خۆی خزاندبووە ناو خۆپێشاندەران و بەردەوام کاناڵی سەحەری کوردی زمانی ئێران لە سەر ئەو خۆپێشاندانانە هەواڵی ناڕاستی بڵاو دەکردەوە. قەت ئەو کاناڵەم نەدیوە ئەوەندە بە کاروباری ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە سەرقاڵ بێت، کەچی پەیامنێری تایبەتیشیان لە ناو خۆپیشاندەراندا هەبوو.
شۆک - ده‌گوترێت کونسولگه‌ری کۆماری ئیسلامی ئیران سیخوری له‌سه‌ر حزبه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌کان ده‌که‌ن ئیوه‌ هه‌ستی پیده‌که‌ن?
وڵام: ئەوە ڕاستە. ئەسڵەن کاری کۆنسوولخانەکانی کۆماری ئیسلامی لە هەموو شۆێنێکی جیهان کاری جاسووسییە. بە تایبەت لە شۆێنێک کە خاکی کوردستانی گەورە بێت و ئۆپۆزیسیۆنی دژ بە بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی و لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیشی تێدا سەقامگیر بێت. ئێمە هەموو ئەو هەوڵە تێکدەرانە و تیرۆریستییانەی لە هەرێمدا و لە دژی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی دراوە، راستەوخۆ بە کاری کۆماری ئیسلامی دەزانین.
شۆک - به‌شیک له‌ حزبه‌ کوردیه‌کان هاو کاری له‌ حکومه‌تی هه‌ریم وه‌رده‌گرن ئه‌ی ئێوه‌ ئه‌و هاو کاریه‌ وه‌رده‌گرن?
وەڵام : نە بە داخەوە تا ئیستا هیچ هاوکارییەکی ئابوورییان نەکردووین. بۆ هاوکاریمان ناکەن ئەوەش پرسیارێکە تا ئیستا ئێمە وڵامەکەی نازانین ، و با ئەمە پرسیاری هاوبەشی ئێمە بێت لەگەڵ ئێوەدا کە پێکەوە بەرەوڕوویان دەکەینەوە: بۆچی هاوکاریی پارتی سەربەستیی کوردستانتان نەکردووە?!
شۆک - ئیوه‌ زانیاریتان هه‌یه‌ که‌ چ کاتیک ئه‌مه‌ریکا له‌ ئیران ده‌ده‌ت .
وڵام: وەک زانیاری تەواو هیچمان لە بەر دەستدا نییە و کێ‌ دەڵێ ئامریکا لە ئێران ئەدات? چون بە ئاشکرا باسی شتی وانەکراوە و ئامریکا بە گوێرەی هەڵوێستە توندەکانیشی هێشتا نایەوێ‌ وەکو ٢٠ ٠ ٣ و ٢٠ ٠ ١ بۆ بابەتەکە بڕوات، چونکا ئامریکا زەرەرێکی قورسی لێکەوت و جەماوەری ناوخۆی ئامریکاش پێی دڵگران بوون. وێدەجێت ئەمریکا بەرنامەی دیکەی بۆ نەمانی ئەم ڕێژیمیە هەبێت کە پێویست بە ناردنی هێزی سەربازی نەکات.
بەڵام بە پێی زانیارییەکان چەند وڵاتێک کە بەرچاوترینیان ئیسرائیل و بەریتانیان، ئامادەیی تەواویان بۆ لێدانی ئێران هەیە، هەر ئەو وڵاتانە سەرقاڵی کۆکردنەوەی چەند وڵاتێکی دیکەن بە دەوری خۆیاندا. لەو ڕوانگەوە دەتوانین بڵێین کە ئەو ڕێژیمە خەریکە وەکو سەددامی لێ بەسەر دێت و هاودەنگییەکی جیهانیش بۆ نەهێشتنی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی هاتووەتە کایەوە کە لە جاران سوورترە لە سەر لێدان و یەکلاییکردنەوەی کێشە ئاڵۆزەکانی ئێران.
شۆک - باشه‌ کاتیک رابه‌ری ئیران سه‌ردانی ناوچه‌ کوردییه‌کانی کرد به‌هه‌زاران که‌س پیشوازییان لێکرد، ئه‌ی بۆچی ئه‌وه‌نده‌ خه‌لک له‌ گه‌لیانه‌ و له‌کاتێکدا ئێوه‌ ده‌لێن، کورد له‌ دژی کۆماری ئیسلامییه?
وڵام:‌ ئەو جۆرە سەردان و سینارێویانەی سەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام بینراوە. هەر کاتیش سەردانیان کردووە، خەڵکی کوردستان شایەتی ئەوەن کە لانی کەم دەیان ئوتووبوسی پر لە خەڵکیان لەگەڵ خۆیان گەراندووە بۆ ئەوەی لە ئەگەری پێشوازی نەکردنی ناوچەیەکدا، ئەوان بێ جەماوەر نەبن و نمایشەکانیان بتوانن بە باشترین شێوە بەڕێوە ببەن و بە میدیای جیهانی و خەڵکی ناوخۆش بڵێن، لە کوردستان بە هەزاران کەس پێشوازییان لێکردوین. رۆژهەڵاتی کوردستان نزیک بە١٣ملیۆنە و لەو ژمارە زۆرەش لەوانەیە چەن هەزارێک هەبن، کە لەبەر گرفتەکانی گوزەران و ژیانیان لەو کاتانەدا ئامادە بن، یا کەسانێک هەن کە سەر بەخۆیانن و بنەماڵە شەهیدی خۆیانن. ئەو ژمارە کەمەش کار ناکاتە سەر خەبات و ململانێی خوێناویی کورد لە دژی دەسەڵاتی کوماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
شۆک - لە هیندێک سەرچاوە باس لەوە کراوە کە پارتی سەربەستیی کوردستان بە نیازە کۆنگرەی دووەمی خۆی ببەستێت، ئایا ئەمە ڕاستە?
وڵام: بەڵێ بە نیازین لە بەهاری داهاتوودا کۆنگرەی دووهەممان ببەستین و زۆر گۆرانکاری ئەرێنی لە کارو تێکۆشان و پرۆگرامماندا پێک بێنین. ئێستاش کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنگرە دەست بە کار بووە و زۆر بابەتی تاوتوێنەکراو و پشتگوێخراوی رابردوو هەیە، لە لایەن حیزبەکانی دیکەی رۆژهەڵاتەوە وەلانراون و ئێمە لە کۆنگرەی دووهەمماندا دەیانخەینە بەردەم بەشدارانی کۆنگرە، بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندنی بۆ بکەن و گەڵاڵە رێژییان بکەن. دواتر بیاندەین بە میدیا و رای گشتی کوردستانیان.
شۆک - وەک پارتێکی لیبراڵ دیمۆکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا چەندە توانیوتانە کاریگەریتان لە سەر ناساندنی ئەم بیرە بە رۆژهەڵاتی کوردستان هەبێت. یا تا چەندە توانیوتانە لە لیبراڵەکانی جیهان نزیک ببنەوە.
وڵام: یەکێک لە شانازییەکانی ئێمە ئەوەیە کە یەکەم لایەنی رۆژهەڵاتی کوردستانی بووین بیرۆکەی لیبراڵ دیمۆکراتمان هێنایە ناو گۆڕەپانی سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستان و کاریگەری زۆر باشمان لە نێو چینی خۆێندکار و ڕووناکبیری کوردستاندا هەبووە، کە بیر لە کوردستانێکی سەربەخۆ و لیبراڵدیمۆکرات بکەنەوە. بگرە کاریگەریمان لە سەر زۆر لایەنی سیاسیش داناوە کە بە رەو خەتی لیبراڵییانە هەنگاو بنێن و ببنە پارتێکی لیبراڵ. لەدوای ئێمەش پارتێکی دیکە بە ناوی "پارتی لیبرال دێمۆکراتی کوردستان" دروست بوو، کە بیرۆکەی لیبراڵییان هەبوو، ئێستا لەگەڵ ئێمەدا هاوسەنگەرن و سەنگەری خەباتیان گواستەوە ناوپارتی سەربەستیی کوردستان، و ئیستا پێکەوە لە نێپ پارتی سەربەستیی درێژە بە خەبات دەدەین. لایەنی دیکەش هەن کە نایانەوێ‌ بە شێوەی کۆمۆنیستی و سۆسیالیستیی جاران درێژە بە خەبات بدەن. بە هۆی کاریگەری ئێمە ئەوانیش خەریکی خۆ گۆرینن.
تا ڕادەیەکی باشیش لە ئاستی جیهانیدا جێگەی خۆمان کردوەتەوە . لەگەڵ دەیان لایەنی لیبراڵی ئوروپایی و ئەمریکایی پێوەندیمان هەیە. لە هاوینی ئەمسال من سەردانی ناوەندی لیبراڵەکانی جیهان لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیام کرد. کە سەرۆکی گشت لیبراڵەکانی جیهانی پێشوازی لێکردین. هەروەها لەگەڵ سەرۆکی گروپی لیبراڵەکانی بەریتانیا کۆبووینەوە. چەندین جار لەگەڵ لیبراڵەکانی نۆروێژ و سوید و دانیمارک و فینلەندا و ئەمریکا کۆبوونەوەمان هەبووە.

2011-12-13 18:57:27

14 ساڵ و 2 مانگ و 8 کاتژمێر و 38 خوله‌ک ، پێش بڵاوکراه‌وه‌ته‌وه‌
ناوه‌رۆکی ئه‌م نووسینه‌ ڕاو تێبینی نووسه‌ره، ماڵپه‌ڕی پ.س.ک هیچ لێی به‌رپرسیار نییه
تاگ : ده‌نگوباسه‌کان
هه‌واڵه‌کان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان

پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان ©