بەیاننامەی "هاوپەیمانی سەبەخۆخوازانی رۆژهەڵاتی کوردستان" سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی پارلەمانی ئێران

هاووڵاتیانی وڵاتداگیرکراوی رۆژهەڵاتی کوردستان
کۆڕ و کۆمەڵە هۆشیارە سیاسی و مرۆڤدۆستە کوردی و ئێرانی و جیهانییەکان
بە گوێرەی راگەیاندنەکانی سەر بە حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە مانگی (ڕەشەممە) ی داهاتوودا، نۆهەمین خولی هەڵبژاردنەکانی پارلەمانی ئێران بەڕێوە دەچێت، و ئەمەش لە حاڵێکدایە کە ئێران وەکو دەسەڵاتێکی مەترسیدار بۆسەر دۆسیەی مافەکانی مرۆڤ و ئاسایشی ناوچەیی و جیهانی و پێشێلکردنی ئازادییە مرۆیییەکانی گەلانی بندەستی ئێران دەستنیشان کراوە، و هەر لە ساڵی رابردوودا چەندین گەمارۆی نێودەوڵەتی سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی یاسای نێودەوڵەتی و مافەکانی مرۆڤ و دۆسیەی ناوکی و هاوکاریکردنی تیرۆریسمی نێودەوڵەتی و... هتد، لە لایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە خراوەتە سەر دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
پارلەمانی کۆماری ئیسلامی یەکێک لەو دامودەزگا سەرکوتکارانەی رژێمی کۆماری ئیسلامی بووە، کە هەر لە سەرەتای دامەزرانیەوە کۆڵەکەیەکی قایمی راگرتنی رژێم بووە، و هەر دەورەیەکی هەڵبژاردن بە کۆمەڵێک بەڵێنی دوور لە کرداری تێپەڕاندووە.
بەڵام بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی شتێکی دیکەی وایان لێنابینرێت کە جارێکی دیکە بتوانن ژمارەیەکی کەمیش دەنگدەر دڵنیا بکەنەوە. چوون لە دەورانی پێشوویاندا بەڵێن نەمابوو بە خەڵکی نەدەن و هەموو بەڵێنیەکانیشیان سەرئەنجام بێئاکام بووە. بگرە دەورە بە دوای دەورە کێشەی ئابووریی و گەندەڵیی و نەداریی لە نێو خەڵکدا ئەو پەڕی پەرەی سەندووە و بواری کۆمەڵایەتیی خەڵکی بەرەو لاڕێبردوە و کەسایەتی کۆمەڵگایان تێکداوە.
هەروەها پێوەندیی سیاسیی و ئابووریی و دیپلۆماتیشیان لە گەڵ دونیای دەرەوە لاواز بووە، و ئاخرین بەڵگەشیان هاندانی بەسیجەکانیانە بۆ سەر باڵیۆزی بەریتانیا، کە دەنگی بێزاری زۆربەی وڵاتانی جیهانی بەرز کردەوە. ئەم ڕژیمە جارێکی دیکە بە جیهانی سەلماندەوە کە ناتوانێت تەنانەت بەڵێنی پاراستنی پێوەندییە دیپلوماتییەکان بپارێزرێت.
ئێمە وەک هاوپەیمانی سەربەخۆخوازان کە پێکهاتووە لە پارتی سەربەستیی کوردستان و کۆمەڵە- پارتی سۆسیالدیموکراتی کوردستان، پاش هەڵسەنگاندنی هەڵبژاردنەکانی پێشووی ئەم ڕژیمە و هەڵبژاردنی داهاتووشی، هەروەها لاوازی بوارەکانی پێوەندی سیاسیی و دیپلۆماتی و تێکدانی کەسایەتی کۆمەڵگا، لە سەر ئەو باوەڕەین کە بەشداریکردن لەو جۆرە هەڵبژاردنە لە ژێر سیاسەتی ئەو ڕژیمەدا ناڕاستە، و لە کۆی گشتیدا بەشداری کردن یارمەتیدەرە بۆ داسەپاندنی سینارێۆکانی ئەم ڕژیمە دیکتاتۆر و سەرکوتکەرەی ئازادییەکانی مرۆڤایەتی و نەتەوایەتی.
ئێمە داوا لە گشت کوردستانیانی وڵاتداگیرکراوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین، واتە ئەو بەشەی کوردستان کە نزیک بە ٣٢ ساڵە بە دەستی ئەو ئاخوندە کۆنەپەرست و دیکتاتۆرانە بە هەموو شێوەیەک تێکدەدرێت، لەو هەڵبژاردنە بە هیچ شێوەیەک بەشداری نەکەن و ڕێگای بایکوت هەڵبژێرن. لە چاوسوورکردنەوە و هەڕەشەی نانبڕین کردن نەترسن. خۆئەگەر هەندێک کەس بە ناچاریی ڕاپێچی سەر سندووقی هەڵبژاردن بکرێن، دەتوانن کە لە باتی دەنگدان تەنیا کاغەزی سپی بخەنە نا سندووقەکانەوە.
وەک هەموو کوردستانیەک ئاگادارن کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام لە کوشتوبڕی جودابیران و ئازادیخوازانی رۆژهەڵاتی کوردستان درێغی نەکردوە، بگرە ئامارەکانی کوشتن و بەندیکردنی کوردستانیان ساڵ بە ساڵ بەرەو زیادبوون دەڕووات.
ئێمەی کوردستانی پێویستە تواناکانی خۆمان لە بەرامبەر ڕژێمێکی وا کە ئەو هەموو نەهامەتییە بە سەر وڵاتەکەماندا دێنێت چڕتر بکەینەوە و هەڵبژاردن و گشت کردەوەکانی دیکەی لە ژێر هەر ناوێکدا بێت بایکوت بکەین.
کوردستانیانی خۆشەویست:
تەمەنی ئەم رژیمە بۆ کۆتایی بە دەسەڵاتدارێتیان زۆر نزیک بووەتەوە، هەروەک دەبینن، وا لەم کاتەدا کە بەرەو دەورەی هەڵبژاردنەکانی٩ ی مەجلیسی ئێرانە، هاوکاتە لەگەڵ هەڵکردنی شنەبای دێمۆکراتیکی ناوچەکانی خۆرهەڵاتی ناوین و باکووری ئافریقا، ئەم باهۆزە کە زۆر دیکتاتۆر و ملهوڕی لە گۆرەپانەکە بە دەرناوە و ئیستاش ماڵی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیشی خستووەتە لەرزەوە، بە تایبەت کاتێک کە گەیشتووەتە وڵاتی سووریا و ئەو قەڵایەی ئێرانی گرتووەتەوە. ئەمە گرنگترین پێوەندی کۆماری ئیسلامییە لە گەڵ وڵاتانی عەرەبی، ئەگەر ئەو پێوەندیە بپسێندرێت و نەمێنێت ئەوا کۆماری ئیسلامیی ئێران بنکەیەکی گرنیگی لە دەست دەڕووات.
هاوپەیمانی سەربەخۆخوازانی رۆژهەڵاتی کوردستان
پارتی سەربەستیی کوردستان
کۆمەڵە “ پارتی سۆسیالدیموکراتی کوردستان
١ی بەفرانباری ٢٧١١ ی کوردی
٢٢/١٢/٢٠ ١١