ئەمڕۆ بۆ ماوەی 3 رۆژ لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لە هەرێمی کوردستان قوتابیان بە جلوبەرگی نەتەوەیی خۆیان چوونەتە دەوام".
لەسەرانسەری هەرێمی کوردستان قوتابیان بە جلوبەرگی نەتەوەیی دەوامیان دەست پێکرد

لە ماڵپەری رۆژنامەی خەبات وەرگیراوە.
ئەمڕۆ لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لە هەرێمی کوردستان قوتابیان بە جلوبەرگی کوردی دەوامی رەسمی خۆیان کرد، بەرپرسێکی وەزارەتی پەروەردەش رای دەگەیەنێ پۆشینی جلوبەرگی نەتەوەیی لە لایەن قوتابیانەوە ئارەزوومەندانەیە، بەڵام لە زانکۆ و پەیمانگاکانی کەرکووک رێگری لە قوتابیان کرا بەجلوبەرگی کوردیەوە بچنە پۆڵەکانیان.
ئیسماعیل بەرزنجی بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاند "بە رێنمایی وەزارەتی پەروەردە کە ئاراستەی سەرجەم قوتابخانەکانی سەر بە وەزارەت کراوە، ئەمڕۆ بۆ ماوەی 3 رۆژ لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لە هەرێمی کوردستان قوتابیان بە جلوبەرگی نەتەوەیی خۆیان چوونەتە دەوام".
روونیشیکردەوە "قوتابیانی کورد بە جلوبەرگی کوردی و قوتابیانی نەتەوەکانی تریش بە جلوبەرگی نەتەوەیی خۆیان، وێڕای ئەوەش پۆشینی جلوبەرگی نەتەوەیی خۆیان لە لایەن قوتابیانەوە بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانەیە، واتە ئەو قوتابیانەی ئامادە نەبوون جلوبەرگی کوردی یان هی نەتەوەیان نەپۆشن ئاساییە"پۆشینی جلوبەرگی نەتەوەیی تەنیا بۆ ماوەی 3 رۆژە کە لەمڕۆوە دەست پێ دەکات".
کامەران عزەدین بەڕێوەبەری قوتابخانەی ئامادەیی ئازادی کوڕان راگەیاند "پاش گەیشتنی فەرمان و رێنمایی وەزارەتی پەروەردە بۆ ئەوەی قوتابیان بۆ ماوەی 3 رۆژ دەتوانن لە ساتی دەوام کردنیان دەتوانن جلوبەرگی نەتەوەیی خۆیان بپۆشن، بەشێکی زۆری قوتابیان بە جلوبەرگی نەتەوەیی خۆیان هاتۆنەتە ناو پۆڵەکانی خوێندن".
ئاماژەی بەوەش دا "پۆشینی جلوبەرگی کوردی لە لایەن قوتابیانی کورد و پۆشینی جلوبەرگی نەتەوەکانی خۆیان لە لایەن قوتابیانی نەتەوەکانی تر کولتوورێکی جوانی بەخشیوە، هەست دەکرێ دەوام کردنیان بەم شێوەیە لەگەڵ رۆژانی رابردوو جیاوازییەکی زۆری هەیە".