گۆڤاری شەقام بە مەبەستی وروژاندنی باسی سەربەخۆیی کوردستان، چەند کەسایەتیەکی سیاسی وئاکادیمی بە سەردەکاتەوەو لێدوانیان لێوەر دەگرێت.
لە ژمارەی ٢٢٩ ڕێکەوتی ٣٠ /٤/٢٠ ١٢ لەو بوارەوە وتووێژێک لەگەڵ بەڕێز عارف باوەجانی سەرۆکی پارتی سەربەستیی کوردستان پێکدێنێت
وتووێژی گۆڤاری شەقام: عارف باوەجانی: ڕەشنووسی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاشکرا دەکات.

گۆڤاری شەقام بە مەبەستی وروژاندنی باسی سەربەخۆیی کوردستان، چەند کەسایەتیەکی سیاسی وئاکادیمی بە سەردەکاتەوەو لێدوانیان لێوەر دەگرێت.
لە ژمارەی ٢٢٩ ڕێکەوتی ٣٠ /٤/٢٠ ١٢ لەو بوارەوە وتووێژێک لەگەڵ بەڕێز عارف باوەجانی سەرۆکی پارتی سەربەستیی کوردستان پێکدێنێت. کە بە شێوەی خوارەوە وڵامی پرسیارەکانی شەقام دەداتەوە.
١- باسی پیک هاتنی دەولەتی کوردی دەکریت لە شەقامی کوردی دا ، سەرکردەکانی باشور ماوەیەکە ئەم مەسەلەیە دەوروژینن، تا چەند ئەمە بۆتە ئەمریکی واقیع، ئایا هەل ومەرج لەبارە.
وەڵام عارف باوەجانی: بە بۆچوونی من دەبوو کوردی باشوری کوردستان هەر لە ساڵی لە ٢٠ ٠ ٣وە ئەم مەسەلەیان باسکردایەو کاریان بۆ بکردایە، و بەڵام ئیستاش دەسبەکاربوون جێگەی دڵخۆشییە. ئەم مەسەلەیە لە مێژە بووەتە ئەمرێکی واقعی و بەشکو و زۆریشی بە سەرداچووە. من ئەوەندەش چاودێری جمووجۆڵەکان دەکەم لە باشوری کوردستان، دەبینم جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی هەوڵێکی زۆر جدی دەدات بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ لەو دەڤەرە. وەک سەرۆکی هەرێم ئیستا لە دەرەوەیە بۆ ئەوەی پشتیوانی نێۆنەتەوەیی و وڵاتانی جیهانی بۆ ئەو پرۆسەیە کۆکاتەوە. ئیستا کاتەکە زۆر زۆر گونجاوە بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆیی لە کوردستان، کێشەو ئاڵۆزییەکان لە بەغدا لە نێوان عەرەبی شیعەو سوونە زیاتر پەرە دەستێنێت. ئەو ئێراقە فیدراڵەی باسی لێوە دەکرێت هەرگیز بەکردەوە نابینرێت. ئیدی بۆ دەبێت کورد دانیشێت و تەماشای کێشەی ئەو بەشە لە پێکهاتەی ئێراق بکات. سەرەرای ئەوەی بۆ خۆیان گەورەترین کێشەیان هەیە، کە چی کۆسپیش بۆ ئابوری وچالاکی هەرێمی کوردستان دروستدەکەن. ئەمە لە لاوازیدان وا دژی کورد دیارن، ئەگەر ببنە قودرەتێکی زۆر و خاوەنی چەکوچۆڵ و فرۆکەی جەنگی، یا هەردوو لیست پێکەوە ئیتلاف بکەن ئەو کاتە لە سەدام خرابتر دەبن بە دژی کورد. ئێ کەوابێت با کورد جارێکی دیکە خۆی نەخاتەوە بندەستی دیکتاتۆر، کاتەکەش بە ئاشتەوانی ئێراقی بە فیرۆ نەدەن، چوون هەرگیز دروست نابێتەوە. ئەو جوانیەی کوردستان لە هەموو بوارەکانەوە با بۆ گەلی کورد خۆی بێت و کات بۆ ئاوەدانی ماڵی خۆمان بکەین.
. ٢ / بۆ ئەم پیکهاتەیە چ پیداویستیک دەبیت هەبیت
وەڵام عارف باوەجانی: ناڵێم هەموو شتێک ١٠ ٠ % تەواوە، بەڵام من پێموایە لە باشوری کوردستان زۆربەی پێداویستییەکان بۆ سەربەخۆیی ئامادەکراوە. لە بواری دیپلوماتی و ئابوری و هێز و زانست و ڕۆشنبیرییەوە، ئەوانەش بۆ دروستبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ وەک هەنگاوی یەکەم پێویستە. ئەوەی کە لە کوردستان لە کاتی ڕاگەیاندنی دەوڵەتدا پێویستە دیاریکردنی سنوورەکانی هەرێمە لەگەڵ ئێراق، دەستنێشانکردنی وەزیری دەرەوە، دروستکردنی سوپایەکی کوردستانییە بۆ پاراستنی سنوورەکان. چاپکردنی پارەی کوردییە بە پێێ یاسای جیهانی. دەنا لە بوارەکانی دیکەوە هەموو ئامادەییەکمان هەیە و بە پێێ تێپەرببوونی کات و سات کەمو کورییەکانیش چارەسەر دەکرێن.
٣ / ئایا ئەمە بۆ کوردستانی گەوەرەیە یا هەر باشور.
وەڵام عارف باوەجانی: ئیستا بۆ باشوری کوردستان گونجاوە و هەڵێکی باشە، من هەمیشە لەو بڕوادام کە لە پێشا وەک ٤ بەشی داگیرکراوی کوردستان٤ دەوڵەتمان لە گۆڕەپانی جیهاندا هەبێت، دواتر ئەوچوار پەرلەمانە بە ڕاپرسی خەڵک با بریاری تێکەڵی بوونەوەی کورد وەک یەکدەوڵەت یا چوار دەوڵەت بدەن. هەلومەرج و پێکهاتەی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان وایکردوە. خەباتکردن بۆ یەک کوردستان زۆر دژوار بووە. ئەگەر بەو شێوە چاوەروان بکەین زۆر هەلی لە بار لە دەستدەدەین. با هەر بەشێک هەلەکەی بۆ رەخسا لە کیسی نەدات. سەربەخۆبوونی هەربەشێک ئوتوماتیک پشتیوانیە بۆ بەشەکانی دیکە..
ئیوەش سەربەخۆیی بۆ رۆژهەلات دەخوازن، ئایا ئەم دو بیرۆکەیە یەک دەگریتەوە.٤/
وەڵام عارف باوەجانی: وەک باسمکرد کە هەر بەشێکی کوردستان بە هۆی سیستەمی داگیرکەران و مێژوو جۆگرافیای ناوچەکانی کوردستان وڵاتانی داگیرکەران تایبەتمەندییەکی خۆی هەیە. بۆیە پێویستە لە هەر بە شێکی بە پێێ واقعی هەڵکەوتەی ناوچەکە کار بۆ رزگاری و سەربەخۆیی بکرێت. لەم کاتەدا ناتوانرێت و ناکرێت بە یەکجار بەرەنگاری ٤ دەوڵەت ببینەوە. ئێمەش هەموو نەتەوەی کورد بە یەک نەتەوەو خاکی کوردستانیش بە یەک خاک و یەک وڵات دەزانین. پشتیوانی لە تەواوی بەشەکانی دیکەی کوردستان دەکەین، وبە تایبەت دەستکەوتەکانی ئیستای هەرێمی کوردستان. بەڵام بە پێی هەلومەرجی سەردەم خەباتەکەمان تایبەتکردوە بە بەشی رۆژهەڵاتەوە. وەک پارتێکی نەتەوەیی دەمانەوێ لەو بەشەی کە هزری ئێرانی بوونی کورد زاڵەو پلانی نهێنی و مەترسیدار بە تێکدانی کەسایەتی و مێژووی کورد پەرەی سەندووە کاری خۆمان بکەین، کۆمەڵگاکەمان زیاتر وشیارکەینەوە. بیری نەتەوەیی و سەربەخۆخوازی زیاتر بۆ کۆمەلگاکەمان باسبکەین.
٥ / زیاتر لەسالیکە دو حەولی جدی دەبیندری لە لایەن هیزەسیاسیەکانی رۆژهەلات یەکەن بۆ نزیک بونەوە لە هیزەسیاسیەکانی ئیران ، دوهەم بۆ بەهیز کردنی پیوەندیەکانی نیو دەولەتی، ئیوە لەبەشی دوهەم دا چالاکترن بۆ?.
وەڵام عارف باوەجانی: ئێمە باش دەزانین کە ئەو هێزە سیاسیە سەرتاسەریخوازانەی ئێران کە چۆن ئیستا لە تاراوگە دژایەتی هەر جۆرە مافێکی کورد دەکەن، لە دوارۆژ ئەگەر دەسەڵات بن زیاتر دژایەتیمان دەکەن، ئیدی بۆ دەبێت ئێمەی کورد لێیان نزیکبینەوەو گەورەیان بکەینەوە. با ئەوان بێنە پێشەوەو داوای دۆستایەتی لە کورد بکەن، کامیان بە قەت کورد لە ناوچەکە خەڵکیان لەگەڵە، کامیان بە قەت کورد نەهامەتی و بەندی و شەهیدیان داوە.
پێوەندی جیهانی و دونیای دەرەوە پێوەندییەکی دروستە، ئێمە دەبێت پشتیوانی نێۆ دەوڵەتی بۆ خۆمان کۆکەینەوە، کە لە دوارۆژدا ویستەکانی ئێمە لای ئەوان نۆێ نەبێت و پشتگیریمان لێبکەن. نەک خۆمان بەوە سەرقاڵ بکەین بۆ ئەوەی پشتیوانی فارس کۆکەینەوە. ئەوانە هەموویان لە گوند و شاخەکانی کوردستان لە سەر سفرەی کوردستان بوون. هەر لە موجاهیدین خەڵکەوە بگرە تا راهی کارگەرە، ئەقەلیەت وئەکسەریەت، چەریکەکان، کۆمۆنیستەکان، و نازانم دەیان ناوی دیکە کە زۆربەشیان ئیستا ژمارەیان ناگاتە ٥ کەس، کە چی بە وشەی فیدراڵیش حەساسیەت پێشاندەدەن. ئەمەش هەموو خەمساردی خۆمانە وا مەجاڵیان دەدەین.
مەسەلەی دیکە کە من زۆر نگران دەکات، ئەوەیە کە زۆر لە پارتەکانی رۆژهەڵات بە گشت میدیاکانیانەوە بە زمانی فارسی خەریکن، گوایە ئەڵین با فارسەکان حاڵی بکەین ئێمە چیمان دەوێت، لە باتی ئەوەی میدیاکانیان بۆ بە هێزکردنی بیری سەربەخۆیی و کوردستانی بە هێز بکەن. هەموو ئێرانی و فارسێک باش دەزانن کورد چی دەوێت. پێویست ناکات کات بەوانەوە بە فیرۆ بدەین. باشتر تواناکانی خۆمان لە ئاستی جیهاندا پێشان بدەین، کارێک بکەین فارس بە پارانەوە بێتە دیالۆگمان لەگەڵ بکات، نەک ئێمە لەوان بپارینەوە. ئێمە وەک جاران بێکەس نین، ئەگەر زۆریش بێکەس بین لە جیهاندا لە فارس باشترین. سەلماندووشمانە کە لە هەموو نەتەوەیەک زیاتر خۆراگر و کۆڵنەدەرین.
٦ / ئیوە زیاتر لە ناو ولاتانی ئیسکاندیناوی چالاک لە بورەدا، بۆ پیوەندی لەگەل ئینگلیس و ئەمریکا چ کراوە.
وەڵام عارف باوەجانی: بە پێچەوانەوە ئێمە لە پێش ڕاگەیاندنی پارتەکەشمان پێوەندیمان بە ئەمریکاو کەنەداو چەند وڵاتێکەوە کردوە. هەر ٢٧ رۆژ بە دوای دامەزراندنی پارتیمان بە ڕەسمەن گەیشتینە واشنگتۆن و خۆمان پێیان ناساند، لەگەڵ بەریتانیاش پێوەندیمان هەیە چەندین جار سەردانی ئەو وڵاتەشمان کردوەو لە چەند کاناڵەوە خەریکی پێوەندی زیاترین. توانیومانە پێوەندییەکی باش لەگەڵ وڵاتانی ئوروپای بە بەشی سکاندیناڤیاشەوە دروست بکەین. مانگێک پێش بوو من بە فەرمی لە ئیتالیاوە بانگهێشتکرام و سەردانی پەرلەمانم کرد لە رۆما.
٧ / بۆ هیندیک لایەن بریک لە پیوەندیەکانیان دەشارنەوە ? رات لەسەر دۆستایەتی لەگەل شاچیەکان چۆنە?
وەڵام عارف باوەجانی: من پێموایە کورد دەبێت ئیتر خۆی بناسێتەوەو گرنگی بە پێوەندی لەگەڵ پەیرەوانی خەتی شاهەنشایی لە ئێران نەکەن. لە درێژایی مێژووی دەسەڵاتدارێتیان ئەزموونی تاڵمان لێیان دیوە. ئیستاش ئەوان هێزی سەرەکی نین لە ناوچەکە و لە داهاتووش نابن وئاشکرایە کە شاپەرەستەکان دەوریان نەماوە. ئەوانە لە سەردەمانی خۆیاندا کوردستانیان کردبووە هەژارترین ناوچەی ئێرانی خۆیان، و هەروەها دەستیان بە خۆینی هەزاران کوردا سوور بووە، یەکەم سەرۆککۆماری کورد بە دەستی ئەوان لە سێدارە دراوە. بەراستی دۆستایەتی کردنیان بە لایەکدا فریوخواردنە، چونکە ئەوانە مارن و بە ژێردا شەقە دەدەن، بەلایەکی دیکەشدا غەدرکردنە بە مێژووی کوردەوە.
٨ / سەربەخۆخوازەکان ج گرفتیکیان بەیەکەوە هەیە? بۆ ئامادەی بەرەیەک نابن.
وەڵام عارف باوەجانی: من گرفتی وا نابینم لە نێوانمان، بۆ نموونە ئیستا٢ لایەنی سەربەخۆخواز پێکەوە لە هاوپەیمانییەکداین. چاوەروانی هاتنی لایەنەکانی دیکەش دەکەین کە باوەریان بە خەبات بۆ سەربەخۆیی هەیە، و لە بەرنامەو پرۆگرامی خۆیان باسیان لێوە کردبێت.
٩ / بەرەی جەپ داواکراوە پیک بیت، با نەتەوەخوازەکانیش پلاتفۆرمی هاوبەش بدەن?.
وەڵام عارف باوەجانی: وەک نەتەوەییەکان، ئەوەی پێوەندی بە ئێمەوە بێت ئێمە هیچ درێغیمان نەکردوەو نایکەین، ئێمە لە زۆر نزیکبوونەوەی نەتەوەییەکان لە دەوری یەک نەخشیکاریگەرمان بووە، زۆر جاریش تووشی کێشە بووین بەڵام هەر کۆڵمان نەداوە، ئیستاش بەردەوام کار بۆ لێکنزیکبوونەوەی سەربەخۆخوازان دەکەین لە ژێر چەتری هاوپەیمانی سەربەخۆخوازانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا. لەوانەیە هیندیک لایەن لەبەر چالاک نەبوونی خۆیان نەیەنە پێشەوە. یا هیندێک لایەن لەبەر لووتبەرزییان بێت. من بە باوەرم بە خەباتێک هەیە کە چالاکی هەبێت، و گەل پێویستی بە خەباتی سەردەمییانەیە، نەک هەر لە دەوری یەک کۆبینەوەو قسە بکەینو چاوەرێی قەزاو قەدەرێک بین بۆ دوا رۆژی وڵاتەکەمان. پێویستە پێشگەرانەوەمان بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان هەوڵی زۆرماندابێت، پشتیوانی زۆرمان کۆکردبێتەوە. لاوانی وڵاتە داگیرکراوەکەمان زیاتر هۆشیارکردبێتەوە لە مەترسییەکانی ئێران بۆ سەر نەتەوەکەمان.
١٠ / ئێوە وەک پارتی سەربەستیی کوردستان، چی جۆرە دەوڵەتێکی کوردیتان بۆ دوا رۆژ دەێ?
وەڵام لە لایەن عارف باوەجانی: ئێمە خوازیاری دەوڵەتێکین کە شێوەی پەرلەمانی بێت. لەو بوارەوە رەشنووسێکی ٢٥ لاپەرەییم ئامادەکردوە کە لە کۆنگرەی دووەمی پارتەکەمان کەلە ئایندەیەکی نزیکدا بەڕێوە دەچێت دەیخەمە بە ردەستی هاوبیرانم، کە بە هاوهزری ئەوان پێناسەیەکی پوختەی لێدروست بکرێت و وەک پەسەندکراوی کۆنگرە بدرێتە دەرەوە.
ئەو دەوڵەتەی ئێمە باسی لێوە دەکەین واتە دەوڵەتی سەربەخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەبەشداری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕێگەی هەڵبژاردنی سەرتاسەرییەوە کە نۆێنەرانی خەڵک هەڵدەبژێرێن ئەوانیش دەوڵەت پێکدێنن. دەوڵەتی سەربەخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ یاساکانی کوردستان دیاری دەکات. و پێوەندی دیپلوماتی و سیاسی و ئاوبوری لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ پێکدێنێت. دەوڵەتی سەربەخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەرپەرەستی تەواوی سەرەوەت و سامانی کوردستانی دەکات و لە بەرژەوەندی ئاوەدانی و خۆش ژیانی خەڵک کەڵکیان لێوەردەگرێت. ئەرکی سەرەتایی دەوڵەتی سەربەخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دامەزراندن و دروستکردنی هێزێکی یەکگرتوویی پێشمەرگەی کوردستان و پۆلیسیی کوردستانە.
ئا - پێشمەرگەی کوردستان: بۆ پاراستنی سنوورو سەرمایەکانی کوردستان
ب - پۆلیسی کوردستان بۆ پاراستنی ئاسایش و یاساکانی ناو کوردستان.
دامەزراندنی دادگایەکی بێلایەنی گشتی کە سەرپەرەستی گشت یاساکان بکات، وسەروەری گشت لایەک بێت. هەروەها وەک هەنگاوی یەکەمی ئەو دەوڵەتە ئاماژەمان بە خاڵێک کردوە بە ناوی هەنگاوی بە پەلە بۆ پەروەردەی بە پەلە، کە بە شێوەی خوارەوە باسی لێوەکراوە.
کردنەوەی خۆێندنگە بۆ گشت شارو ناوچەکان بە زمانی کوردی، بە ٢ شێوەی پەرفیشیوناڵ بۆ گەورە ساڵان ومێرمنداڵان. کە هەوڵبدرێت لەماوەی یەکساڵدازۆربەی دانیشتوانی کوردستان فێری نووسین و خۆێندنەوەی کوردی بکرێت، هەروەک یەکەم هەنگاوی حکومەتی تازە دامەزراوی ئیسرائیل لە ساڵی١٩٤٧.
بە کوردی و ئینگلیزی کردنی وانەکانی خۆێندن لە دوا ناوەندی و زانکۆکاندا، و لابردنی گشت ئاسەوارەکانی داگیرکەران کە وەک مێژوو ئەدەبیاتی فارسی لە کوردستاندا. بە یاسایی کردنی جلوبەرگی کوردی کچانەو کورانە لە قوتابخانە سەرەتایی و ناوەندییەکاندا.
مەسەلەی لەشساخی و زۆر بابەتی دیکە لە پێشچاو گیراوە، کە لە هەمووی گرنگتر مەسەلەی ئابوری وڵاتە کە بە شێوەی خوارەوە بە کورتی ئاماژەی پێدەکەم. سەرەپەرەستی گشت سامانە ژێر زەوییەکان، بەرهەمەکانی کشتوکاڵ، دارستان وهیدیکە، بە شێوەیەکی پەرفیشوناڵ. کردنەوەی کارگەی جیاواز بۆ بەرهەمهێنانی بەرهەمە جیاوازەکانی کوردستان. دامەزراندنی سیستەمی سکات بۆ گشت ئەو کەسانە کە لەکوردستان کار دەکەن وداهاتیان دەبێت. بە هێزکردنی بناغەیەکی ئابوری بۆ پاشکەوتی هەزینەی ئابوری لە کوردستان بۆ ئەگەری هەر جۆرە کارەساتێکی ئابوری لەناوچەکە ڕوو بدات.
ناردن و فرۆشتنی بەرهەمی بە کەڵک لە کوردستان، وەک نەوت، گوگرد، بەردی جۆراوجۆر، بنێشتی دارستانەکان. ئاوی خاوێن بۆ خواردنەوە. میوەو گیایی تایبەت. دابینکردنی گشت کەرەسەی کارکردن بۆ کشتوکاڵێ بۆ گشت ئەو کەسانەی لەو بوارەدا کار دەکەن. وکرینەوەی بەرهەمی گوندنشینان بە نرخێکی زۆر باش بە مەبەستی هاندانی زیاتریان. بانگهێشتکردنی کۆمپانیا بە کەڵکەکانی جیهانی بۆ وەگەر خستنی سەروەت و بەرهەمەکانیان لە کوردستان بە مەبەستی بە هێزکردنی کەرتی ئابوری لە کوردستان.

شەقام.
پارتی سەربەستی کوردستان پارتیکی نەتەوەخواز،داوای سەربەخۆیی بۆ رۆژهەلاتی کوردستان دەکات ، لە ٢٠ ٠ ٦ دامەزراوە ، لە٢٠ ٠ ٩ یەکەم کۆنگرەی گرتوە، ناوەندەکەی لەهەولیرە، لەولاتانی دەرەوەش کۆمیتەی هەیە.