پێنچ شه‌مه‌ 6 گوڵان 2724

نەخشە ڕێگای پێشنیارکراوی عارف باوەجانی بۆ لێکنزیکبوونەوەی لایەنەکان لە چوارچێوەی بەرە یا ئەنجوومەنی سیاسی پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

عارف باوەجانی
نەخشە ڕێگای پێشنیارکراوی عارف باوەجانی بۆ لێکنزیکبوونەوەی لایەنەکان لە چوارچێوەی بەرە یا ئەنجوومەنی سیاسی پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

دروستکردنی لیژنەیەکی هاوبەش بۆ کارکردن لە سەر ئاکامی هەر ناو و ڕێکەوتنێک کە لە خاڵی ٨ لە سەری ڕێکەوتبن.
١٠ - پێشکەشکردنی بۆچوونی لایەنەکانی بەشدار و گووڵبژێرکردنی خاڵی گرنگی ئەو پێشنیارانە بۆ پەسەندکردنی پروتوکۆلێکی هەمە لایەنە، کە کاری لە سەر بکرێت.


نامەیەکی سەر ئاواڵە: بۆ گشت لایەنە تێکۆشەرەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان.

بۆ گشت لایەنە تێکۆشەرەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان سڵاو و ڕێز.
کاتێک لاپەرەکانی مێژووی هەر نەتەوەییەکی بندەست دەخۆینینەوە، دەبینین لایەنە سیاسییەکانیان لە تاراوگە، پێشگەرانەوەیان بۆ وڵاتی خۆیان هیندیک قۆناخی جۆراوجۆریان وەک شەری نێۆخۆیی ولێکترازانیان و یەکترقبووڵنەکردنیان تێپەراندوە. سەرەرای ئەوەش لە کۆتاییداو لە ژێر ناوی بەرە یا کۆنگرە یا ئەنجوومەنی سیاسی ڕێکەوتوون. لە ئاکامدا بەدەستکەوتەوە گەراونەتەوە ناوخەڵکی خۆیان و توانیویانە لە قۆناخە سەرەتاییەکانی ڕزگاربوونی وڵاتەکەیان ئەمنیەت وئاسایشی خەڵک و سنوورەکان و بنکەو ئیدارەکانی ژیانی رۆژانەی خەڵکیان بپارێزن.
دۆزی لێکنزیکبوونەوەی پارت و لایەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش ساڵانێکی زۆرە بە شێوەی جۆراوجۆر قسەو باسی لە سەر دەکرێت، هەموو حیزبەکان لە کۆنگرەو کۆنفرانسەکانی خۆیان بریاری لە سەردەدەن، بەیاننامەو بڵاوکراوەی لە سەر دەدەنەوە دەرەوە. بەڵام مخابن تا ئیستاش نەتوانتراوە بچێتە قاڵبی جێبەجێکردنەوە. خەڵکی کوردستانیش هەر چاوەروانە.
منیش وەک خەمخۆرێکی وڵاتەداگیرکراوەکەم، بەم پرش و بڵاوی و لێکدوورکەوتنەوەی لایەنەکان بە دژی یەکتری زۆر نگرانم. ئایندەی ئەمە بە زیانێکی گەورە بۆ ر٠¶ژهەڵاتی کوردستان دەزانم.
بە شێوەی خوارەوە ئەو نەخشە رێگایە دەخەمە پێشچاوی گشت لایەنە بەڕێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، و هاوکات وەک پارتی سەربەستیی کوردستانیش ئامادەیی دەردەبرین بۆ دابینکردنی شۆین، و پێشوازی لە میوانەکان و گشت پەزیرایەک لەو بوارەوە بۆ یەکەم کۆبوونەوەی ئەم نەخشە رێگایە چ لە کوردستان یا لە ئوروپدا بێت.

شێوەی پێکەوە کۆبوونەوە.
١- هەنگاوی یەکەم با هەموو حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەو باوەرە لە لای خۆمانەوە دروستبکەین کە بۆ یەکەمجار لە سەر مێزێک پێکەوە کۆبینەوە. تا پێکەوە کۆنەبینەوە هەرگیز لەیەک تێناگەین ولێکنزیکبوونەوەش دروست نابێت.
٢- هەموو لایەنێکی بەڕێز پێویستە ئەوە لە پێشچاوبگرن ئەو جۆرە کۆبوونەوە، رووناکییەکی زۆر لە نێۆ رۆژهەڵاتی کوردستان دروستدەکات، باوەرو متمانەیەکی زۆری خەڵکی دڵڕەنجاو بۆ لای پارتە سیاسییەکان دروستدەکاتەوە.
٣- هیندێک رووداوی نەخوازراو وەک لێکجیابوونەوە، یا وێکچوون (لێکنزیکبوونی) ناوەکان، وایکردوە کە دانیشتن هیندێک لایەن پێکەوە دژوار بووە. بەڵام ئەو دانیشتنە لە بەرخاتری بەرژەوەندی گەل ونیشتیمانە، نەک لە بەر خاتری ویستی هەر کام لەو لایەنانە کە لایەنی بەرامبەری یەکتریان قبووڵ نییە. پێویستە لایەنە سیاسییەکان دڵی خەڵکیان زۆر لاگرنگتر بێت و خۆیان نەخەنە بەر گلێی خەڵکەکەیان و مێژووی سیاسی وڵاتەکەیان.
٤- هەوڵبدرێت هەموو لایەنێکی سیاسی و هەموو لایەنێکی ئەتنیکی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە ڕوانگەی خەڵکەوە بوونیان هەیەو جێگای پەسەندن لەو کۆبوونەوە بەشدار بکرێن.
٥- زۆر پێویست و پردەستکەوت دەبێت کە بۆ ئەو کۆبوونەوە کەسی یەکەمی لایەنە سیاسییەکان، یا ئەندامێکی سەرکردایەتیان تێێدا بەشدار بێت. بۆ ئەوەی خاوەنی بریاری یەکلایی کەرەوە بێت. بۆیە لە خوارەوە رۆژەڤی کۆبوونەوەکە ئاشکرا دەکرێت، بۆ ئەوەی نۆێنەرانی بەشداری ئەو کۆبوونەوە پێشهاتنیان ئاگاداربن چ باس دەکرێت، لەو بوارەوە پێشتر لەگەڵ حیزبی خۆی تاوتۆێ کردبێت و ڕاوبۆچوونی حیزبەکەی خۆی وەرگرتبێت.

ڕۆژەڤی کۆبوونەوە.
لە پاش وەرگرتنی وڵامی ئەم نامەیە، ڕێکەوتی کۆبوونەوەکەو شۆێنەکە بە ویستی زۆرینە دیاری دەکریت

٦- خاڵی سەرەتایی خۆناسینی نۆێنەری لایەنەکانە بە یەکتری و بە ڕەسمی ناسینی کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە. هیچ حیزب و لایەن وکەسێک خاوەنی ئەو کۆبوونەوە نییە و بریار دەر نییە. هەموو پۆستێکی ئیدارەکردنی ئەو کۆبوونەوە بە ڕەزامەندی هەموو لایەکی بەشدار دەبێت.
٧- دیاریکردنی لێژنەی سەرپەرەستی کۆبوونەوە بە ڕەزامەندی هەموو لایەک دەبێت، کە لە بواری تەکنیکی و نووسینی ڕاپۆرت و یاداشتی گشت ئەو پێشنیارو تێبینیانەی کە باسی لێوە دەکرێت.

خاڵی گرنگ و سەرەتا:
٨- باسکردن و تاوتۆێکردنێکی ورد و زانستیانە لە سەر زەرورەتی لە یەکنزیکبوونەوە، شێوەی لێکنزیکبوونەوە و بە چێ ناوێک بێت. لە نێۆان بەرە، ئەنجومەنی سیاسی، کۆنگرە یا فیدراسێۆن، دەسکەوتەکانی وئاکامەکانی، بەهۆی ئەم ڕێکەوتنەوە قورسایی جوڵانەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاستی خەڵکی خۆمان و دونیایی دەرەوەو هەرێمی کوردستانیش بەرەو چی ئاقارێک دەچێت.
٩- دروستکردنی لیژنەیەکی هاوبەش بۆ کارکردن لە سەر ئاکامی هەر ناو و ڕێکەوتنێک کە لە خاڵی ٨ لە سەری ڕێکەوتبن.
١٠ - پێشکەشکردنی بۆچوونی لایەنەکانی بەشدار و گووڵبژێرکردنی خاڵی گرنگی ئەو پێشنیارانە بۆ پەسەندکردنی پروتوکۆلێکی هەمە لایەنە، کە کاری لە سەر بکرێت.
١١- باسکردن لە سەر خاڵە هاوبەشەکانی ئیستا و دوارۆژی رۆژهەڵاتی کوردستان، رووداوە مێژوویەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەو رووداوە تازانەی کە دێنە پێشەوە، پێکەوە یەکدەنگانە کاری لە سەر بکرێت.

کارەکانی ئەو ڕێکخراوەی وەک بەرە یا ئەنجوومەن کە لە سەری ڕێدەکەوین. بە بەشداری کەسانی پسپۆر و لێزانی دەرەوەی لایەنە سیاسییەکانیش.

١٢- دارشتنی پرۆژە یاسایەک کە لە پێش گەرانەوەمان بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان. بۆ ئیدارەکردنی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە چوارچێوەی ئەو یاسایە بە شێوەی کاتی، تا هەڵبژاردنێکی سەرتاسەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەنجامدەدرێت.
١٣- دروستکردنی ئەنجوومەنی نۆێنەرایەتی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ دیالۆگ لەگەڵ ئێران و وڵاتانی ئوروپایی و ئەمریکایی.
١٤- دروستکردنی لێژنەیەکی تایبەت بۆ کێشەی سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەی دراوسێمان، و دیاریکردنی سنووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە کەڵکوەرگرتن لە سەرچاوە مێژووییەکان و کەسانی شارەزاوپسپۆری کوردی لەو بوارەدا.
١٥- دروستکردنی لێژنەیەکی ئاشتی کە ڕێگا نەدات لە هیچ شۆێنێک شەری براکوژی یا ناکۆکی لە نێوان لایەنە سیاسییەکان وناوچەکان و ئاینە جیاوازەکان روو بدات.
١٦- دروستکردنی لێژنەیەک بۆ سەرەپەرەستی لە داهاتوو دەرکەوتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە تا دروستکردنی حکومەتێکی خەڵکی.
١٧- دروستکردنی لێژنەیەکی ئەمنیەتی بۆ چاودێریکردنی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە ڕێگا نەدرێت دەزگا سیخورییەکانی داگیرکەران دزە بکەنە ناو کوردستان، یا فیتنەو ئاژاوە بخەنە ناو لایەنە سیاسییەکان.
١٨- دروستکردنی لێژنەیەکی هاوبەشی مەدەنی وەک ڕێکخراوی مافی مرۆڤ بۆ کارکردن لە سەر دۆزی بەندە سیاسییەکان، و دۆزی ئەوانەی حوکمیان بە سەردا دەسەپێت، لەو بوارەوە کەمپینی جیهانی بۆ ڕێکخرێت وجیهانی لێهۆشیارکرێتەوە.
١٩- دروستکردنی لێژنەی پووچەڵکردنەوەی پلانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، وەک هۆشیارکردنەوەی لاوان بۆ دوورکەوتنە لە مادەهۆشبەرەکان، هۆشیارکردنەوەی گەلەکەمان لە بە کار هێنانی زمان و وشەی ڕەسەنی کوردی و دوورکەوتنە لە فەرهەنگی فارسی. بۆ پاراستنی کەلتوری ڕەسەنی کوردەواری و ئاسارە دێرینەکانی وڵاتەکەمان.
٢٠ - لە کۆتاییدا بەرە یا لیژنەی دروستکراو بە ڕەزامەندی زۆرینەی لایەنەکان، ساڵانە کۆبوونەوەی بەرین پێکبێنێت و کارەکانی ساڵی رابوردوی هەڵسەنگێنێت و پلان بۆ ساڵی داهاتووی دابنێت.

لە کۆتاییدا:
بەو هیوایە ئەو نەخشە ڕێگەیە جێگەی پەسەندتان بێت. بتوانرێت تا ١٥ / ٧ / ٢٠ ١٢ بۆچوونی هەموو لایەکتان وەرگرین، بە پەسەندکردن یا نەکردنی. بۆ ئەوەی بتوانرێت لە ١٥ / ٨ / ٢٠ ١٢ ئەو کۆبوونەوە ڕێکبخرێت.

دلسۆزتان
عارف باوەجانی / سەرۆکی پارتی سەربەستیی کوردستان

١٥ی جۆزەردانی ٢٧١٢ی کوردی. ٥ / ٦ / ٢٠ ١٢

تێبینی هەر ڕاگەیاندنێکی کوردستانی دەیەوێ لەو بوارەوە لە ناوبراو لێدوان وەرگرێت بەم ئیمەیلەی خوارەوە پێوەندی لەگەڵ ناوەندی ڕاگەیاندنی پارتی سەربەستیی کوردستان بگرێت.
[email protected] www.psk2006.org
2012-06-08 20:36:22

11 ساڵ و 10 مانگ و 7 کاتژمێر و 14 خوله‌ک ، پێش بڵاوکراه‌وه‌ته‌وه‌
ناوه‌رۆکی ئه‌م نووسینه‌ ڕاو تێبینی نووسه‌ره، ماڵپه‌ڕی پ.س.ک هیچ لێی به‌رپرسیار نییه
تاگ : وتاره‌کان
هه‌واڵه‌کان
ناوەندی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی سەربەستیی کوردستان
عارف باوەجانی
ناوەندی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی سەربەستیی کوردستان
عارف باوه‌جانی
بەیاننامەی هاوبەشی ٣ پارتی کوردستانی
پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان
کاناڵی ئەلیوم

پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان ©