شه‌ممه‌ 2 ره‌شه‌مه 2725

ئەزمون و پێشنیارێک بۆ یەکخستنی هێزە سەربەخۆییخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

ئاریتما موحەممەدی
ئەزمون و پێشنیارێک بۆ یەکخستنی هێزە سەربەخۆییخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

من پێم وایە بەرنامە و پڕۆگرام، پلان و سیاسەتی پارەتە کوردیەکان پێویستی بە نۆژەن کردن و نوێبونەوە هەیە، پێویستی بە لێ ورد بوونەوە و پێدا چونەوە هەیە،

ئەزمون و پێشنیارێک بۆ یەکخستنی هێزە سەربەخۆییخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
ئاریتما موحەممەدی


نەتەوەی کورد بە درێژای مێژوو دەیان قۆناغی پڕ لە مەترسی، کارەسات، ئەنفال، تێکشان و هەوراز و نشیوی تێپەڕ کردووە، ڕۆڵەکانی ئەم گەلە هەر کام بە شێوەیەک لە شێوەکان و لە جێو توانای خۆیدا سەربەرزی خوڵقاندووە و لە شۆڕشدا بەشداری کردووە و تێکۆشاوە بۆ ئەوە کە نەتەوەکەی سوچێک لە ئاسۆی ڕوونی بەرکەوێت.

ئێمە لە هەمبەر دووژمنەکانماندا هەر دەم دوور لەیەک و لە یەکترازاو و دژ بە یەک بووینە و دووژمنەکەش لەو دەرفەتە بە باشی کەڵکی وەرگرتووە و ئەو پەڕی زبری پێگەیاندووین و لە بەرامبەردا دووژمنەکانمان هەمیشە یەکریز و یەکدەست بوونە، هەر چەند لە نێوانیاندا گرژی و ئاڵۆزی سیاسی بوونی هەبووە، بەڵام بۆ تێکڕماندنی بزوتنەوەی کورد یەک ڕێگەیان هەڵبژاردووە و هەوڵیان داوە بە زبری چەک نەتەوەی کورد بێدەنگ بکەن و لە هەر شوێنک کە بۆیان کرابێت و هەستیان پێکردەبێت کە شۆڕشێک دەست پێدەکات بە هەموو شێوەیەک سەری ئەو بزاڤەیان کپ کردووە و تێکشکاندووە.

داگیرکەران ویستوویانە بە ئاگردانی گوندەکان، بە سوتاندنی لێڕەوارەکان و کەژ و کوێستان و دارستانەکان، بە تەجاوز کردنە کچان و بە لاڕێدا بردنی لاوان وگیرۆدە کردنیان بە مادە بێهۆشکەرەکان، بە ئاسیمیلاسیۆنکردنی کەلتوور و ناسنامەی نەتەوەیی و بێزارکردنی منداڵانی ئەم نەتەوەیە لە ناسنامەی خۆیان، بە بێکار کردنی لاوان و ڕاگرتنی ناچە کوردنشینەکان لە هەلومەجێکی ئابووری دژووار دا، وە بە سەپاندنی جەوێکی خەفەقان و میلیتارەکردنی ناوچەکە و شەهیدکردنی کۆڵبەران و هەروەها لە بەین بردنی کەرەستە گواستنەوەی سەر سنوورەکان ورەی بەزری خەباتگێڕانی کورد نەوی بکەن، هەروەها دەیانهەوێت بۆ پێشگرتن لە خەبات و تێکۆشانی نەتەوەکەمان لە هەموو شێوە کەرەستەیەکی داپڵۆسێنەر کەڵک وەر بگرن بۆ ئەوە کە هزری بەرخۆدان و بەرەوپێشەوەچوون لە نێو مێشکی لاوان و پێگەیشتوەکانمان لاواز بکەن و هەموو دەرفەت و دەرەتانێکی خۆ بەخێوکردن و خۆپێگەیاندن تیکبشکێنن و ناچارمان بکەن کە مل بۆ ویست و داخوازییە گڵاوەکانیان ڕابکێشین و لەو ڕێگایەوە بزوتنەوەی کورد بە لاڕێدا ببەن و کۆمەڵای خەڵک کوردستان بێ هۆمێد بکەن.

لێرەدا دەمهەوێت بە کورتی ئاماژە بە لوڕەکان بکەم و وەک بەڵگە بەو مەبەستە بەکاری بهێنم: ڕژیمی شای ڕۆخاو ئەم سیاسەتەی لە هەمبەر لوڕەکان کە لە بنەڕەتدا بەشێک لە کوردن، بەڕێوە برد، وە لە بەر هەڵکەوتی جوگرافیای سیاسی لوڕەکان لە دۆخێکی دژوار و دوور لە سنوورەکان و نەهێشتنی ڕێگای خۆ دەربازکردنیان، ئەم تیرەیە لە کورد دوور کەوتەوە و هێدی هێدی سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆنکردنی لوڕەکانی جێبە جێ کرا، هەروەها لە پاش ڕۆخانی ڕژیمی شای فاشیست، ڕژیمی کۆماری ئیسلامیش ئەم تاکتیکەی درێژە پێدا و لە کوێستانشینی، کۆچەری و کۆچ پێکردن و حەیوانداری هیچ ئەلترناتیڤ و ڕێگەیە چارەیەکی دیکەی بۆ لوڕەکان نەهێشتەوە و بە ناچاری تێکەڵ بە کەلتوور و ناسنامەی فارسی بوون،( لە ڕۆژگارێکی وەک ئەمڕۆ کە دوونیا وەک گوندێکی بچوک پێناسە دەکرێت هیچ ڕێکخراوێکی سیاسی لە گۆڕەپانی تێکۆشاندا نابینیت کە خەبات بۆ ویست و داخوازیەکانی لوڕەکان بکات* لە دوو ڕێکخراوی سینفی و کەلتووری بەدر بێت).

ڕژیمی شا و کۆماری ئیسلامیش ئەم سیاسەتەیان لە دژی کۆمەڵانی خەڵکی کورد لە رۆژهەڵات جێبەجێکرد، بەڵام لە بەر هەڵکەوتی جوگرافی و دابەشبوونی کوردستان بە سەر چوار بەش و هەڵکەوتنی هەر کام لە بەشەکان لە سەر سنوور و لە سەر ڕێگای یەک، لە کات و ساتی پێویست دا سنوورەکانیان وەک دەرفەتی کار بەکار هێناوە، وە بە ئاودێوکردنی شتومەکی پێوست بۆ هەر دوولا خەڵکی بژێوی خۆی دەستکەوتووە و ژیانی خۆیان بە شێوەیەکی مامناوەندی ڕاگرتووە، وە ئیتر کۆمەڵانی خەڵک ناچار نەبوونە مل بۆ داخوازیەکانی ڕژیمە سەرەڕۆییەکان نەوی بکەن، ڕژیمەکانیش بە تۆقاندن و ترس خستنە نێو دڵی رۆڵەکانی ئەم گەلە هەموو هەوڵێکیان داوە بۆ داخستنی سنوورەکان، بەڵام ئەو هەوڵانە تا هەنوکە بێئاکام ماونەتەوە.

بزاڤی نەتەوایەتی کوردیش لەو کاتەوە کە هەستی بە نابەرابەری و زەوتکردنی مافەکانی کردووە، دەستی بۆ چەک بردووە و لە خۆی پارێزگاری کردووە، وە بە درێژایی مێژوو تا ئەمڕۆ خەبات و تێکۆشانی کورد نەبساوە و درێژەی هەبووە، هەر چەند سەرکوت کراوە و تێکشکیندراوە و بێبەزەیانە سەرکپ کراوە، بەڵام هەمیشە وەچی کردووەتەوە و خۆی ئەکتیڤ و چالاک ڕاگرتووە، وە لە خەبات و تێکۆشان ڕانەوەستاوە و هەستی بە ماندوو بوونیش نەکردووە، وە بە پێی سەردەم و گۆناغی تاییبەتی ئەو سەردەمە ڕێگا جیاوازەکانی خەباتی ئاڵوگۆڕ پێکردووە، بەڵام بۆ هەمیشە دەستی لە چەک بەرنەداوە.

ڕۆشەنبیران، سیاسیان و چالاکوانانی کورد لە گۆڕەپانی خەباتی کوردایەتی لە سەردەمی ئەمڕۆدا هەمیشە ڕوانگەی ڕەخنەگرانەیان لە مەڕ نەوەکانی پێش خۆیانیان هەبووە و زۆر جار ئەوانیان بە مەلا و شێخ ناو بردووە و خەبات و تێکۆشانیان بە شێوەیە لە شێوەکان بردووەتە ژێر پرسیار، یان بە دەرەبەگ و فێئۆدال ناویان هێناون و ئەوانیان لە دوونیای سیاسەت بە دوور زانییوە و بە هۆکاری دواکەتنی کورد و بە دەست ڕانەگەیشتی مافەکانیان زانیوە، هەروەها کۆمەڵگای کوردستانیان بە کۆمەڵگایەکی نەخوێندەوار ناساندووە.
من پێم وایە لە هەر کۆمەڵگایەک دا کە بزوتنەوەی سیاسی بونی هەبێت بەواتای ئەوە دێت کە ئەو کۆمەڵە هەستی بەوە کردووە کە مافەکانی زەوتر کراوە و خەباتی بۆ کردووە، ئیتر پێویست ناکات ئێمە کۆمەڵەکەمان بە نەخوێندەوار بناسین، هەموو کۆمەڵگاکانی ئەو سەردەمە نەخوێندەوار بووەنە، بە کوردستانیشەوە.

من ئەمە بە ڕێگا چارەیەکی گونجاوی نازانم کە ئێمە خۆمان لە ژێر باری هەست بە بەر پرسیارێتیکردن بدزینەوە و بارەکە بە سەر نەوەکانی پێش خۆمان دا بخشێنین و هەمیشە ئەوان بە تاوەنبار بزانین و نەوەی ئەمڕۆمان پێ نەوەیەکی تێگەیشتوو بێت، لە سەردەمی ئەمڕۆدا قۆناغەکانی خەبات ئاڵوگۆڕی بە سەردا هاتووە و لە قازانجی نەتەوە ژێر دەستەکان شکاوەتەوە و هەر کام لەو نەتەوانە بە پێی هەلومەرجی سیاسی و جوگرافی خۆیان لە دەرفەتان کەڵکیان وەر گرتووە و دەفەتەکانیان لە مەڕ بەرژەوەندی خۆیان قۆستووەتەوە و نەتەوەکەیان لە چارەنوسێکی نادیار و هەلومەرجیکی دژوار ڕزگار کردووە و ئاسۆی ڕوونیان بینیوە.

خەباتی نەتەوایەتی کورد بە بێچارەسەری گواستراوەتەوە نێو سەردەمێکی نوێتر کە بە سەردەمی بەجیهانیبوون و گلۆبالیزم پێناسە دەکرێت، وە پێچەوانەی سەدەکانی ڕابردووە کۆمەڵگای ئیستای کوردستان کۆمەڵگایەکی خوێندەوارە، کۆمەڵێکی ڕۆشەنبیرترە، نەوەیەکی پێشکەوتووترە، کۆمەڵێکی سکولارترە، پارت و ڕێکخراوی سیاسی و سکولار بوونی هەیە کە پێگەی و جێ پێیان لە گۆشەو کنارەکانی گۆی زەویدا دەبینرێت و پێوەندی دیپڵۆماسیان لە گەڵ وڵاتاندا هەیە، کەلتووری دیموکراسی لە چوارچێوەی پارت و ڕێکخراو وەک سەندیکا جێکەوتووە، ڕدایۆ و تیڤی بوونی هەیە کە لە کاتی خۆیدا بە خەونو خەیاڵمان دەزانی و وا هەستمان دەکرد کە لە نەبوونی ڕاگەیاندنێکی بەهێزە کە کورد بە مافی خۆی نەگەیشتووە، لە هەموو گرینگتر ئەوەیە کە کۆمەڵگای کوردستان بەتەواوەتی گۆڕاوە و وەک مادەیەک وایە کە ئاڵوگۆڕی کیمای بە سەر دا بێت و ڕەنگ، بۆ و شێوازی گۆڕانکاری تێدا کرابێت،*

کە چی دەبینین لە پاش ئەو هەموو نوێبوونەوەیە، خەبات و تێکۆشانی کورد لە هەموو سەردەمەکانی پێش خۆمان پساوەتر، سڕتر و کپترە، کاتی خۆی شێخ خەباتی دەکرد، بەڵام ئامانجی بەرز و پیرۆز بوو ( خەبات بۆ پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی دەکرد)، ئیستا پارت و ڕیکخراو خەبات دەکات بەڵام ئامانجی لاوەکی هەیە و ( زۆرتر ڕەنگ و بۆی دەسەڵاتی لێ دێت نەک ئامانجێکی بەرز و پیرۆز)، کاتی خۆی هێزی چەکدار هەبوو کەچی ئیستا ئۆردووگانشین بوونە، ئیستا ڕادیۆ و تیڤی بوونی هەیە کەچی قۆناغی پێش خۆمان زمانی کوردی دەوڵەمەندتر، پاراوتر و ڕێزمانی کوردی ڕێکوپێکتر و خەڵکی کوردستانیش یەکگرتووانە پست ئەستوور بوون بە خەبات و تێکۆشانی هەموو لایەنەکان و جیاوازیان دانەدەنا لە نێوان پارت و ڕێکخراوەکان، بەڵام ئەمڕۆ لە ژێر سێبەری ڕادیۆ و تیڤی حیزبیدا کۆمەڵگای کوردستان شەقی تێکەوتووە و هەر کۆمەڵە خەڵکێک سەر بە لایەنێکە و ئیتر جیاوازی لە نیوان کۆماری ئیسلامی و ئەو لایەنەکیتر دا نانێت، سەدەکانی ڕابردوو لە هەر بەشێکی کوردستاندا شۆڕشێک هەڵدەکەوت و هەموو شۆڕشگێڕان و تێکۆشەران لە بەشەکانیتر خۆیان پێوە گرێ دەداو بەشداریان تێدا دەکرد، کە چی ئیستا لە هەر قۆناغێکدا دەیان پارت و ڕێکخراو درووست دەبێت و لە دژی یەک ڕادەوەستن و بۆ لە ناو بردنی یەکتر پلان دادەڕێژن و ڕۆژانە هێرش دەکەنە سەر یەک، دەنگی ڕۆشەنبیران، تێگەیشتوان، چالاکوانانی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە هەموو قۆناغەکانیتر زێتر بێدەنگ و کڕ و کپتر بووە.

من پێم وایە بەرنامە و پڕۆگرام، پلان و سیاسەتی پارەتە کوردیەکان پێویستی بە نۆژەن کردن و نوێبونەوە هەیە، پێویستی بە لێ ورد بوونەوە و پێدا چونەوە هەیە، پێویست دەکات کە هەموو پارتە کوردیەکان، هەموو ڕۆشەنبیر و کەس و کەسایەتیە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بە هەموو چین و توێژی کۆمەڵگای کوردستان لە دەوری یەک کۆ ببنەوە و پلان و ئیستراتیژییەکی هاوبەش داڕێژن و بیکەنە سیاسەتی نێونەتەوەیی خۆیان و لە هەر کۆڕ و کۆبوونەوەیەکی سیاسی لە هەر متینگ و چاوپێکەوتنێکدا لە گەڵ هەر پارت و ڕێکخراوێکی ئەورپی و دەرەکییەکاندا بیکە ڕۆژەڤی باسەکان و بیخەنە ئەولەوێت و داوای هاوپشتیوانی سیاسی لە مەڕ ئەو ئیستراتیژییە بکەن، نەک هەر پارت و ڕێکخراوێک بە ئیدەو و ئایدۆلۆژیای خۆیەوە لە گەڵ هەر لایەنێکی بیانیدا دانیشتن بکات و ویست و داخوازیەکانی خۆی بهێنێتە گۆڕێ، ئیمە لە مەر کۆمەڵگای کوردستان بەرپرسیارین و دەبێت ویست و داخوازی گشتی و نەتەوەیی لە بەر چاو بگرین ( نە وەک ویست و داخوازییە لاوەکی و حیزبیەکان ).

*ئافرەتێکی نۆروێژی دەناسم کە پێش ئەوە ببێتە ئەندام پەرلەمان لە سەر دەستی پارتی کاری نۆروێژ هاوڕێ و دۆستم بوو ئیستاش کە ئەندام پەرلەمانە هەروەها هاوڕێی یەکین،
باسێکمان هەبوو سەبارەت بە کورد و ئۆپوزیسێۆنی ئیرانی، باسی لەوە دەکرد کە پارتە کوردیەکان سیاسەتێکی هاوبەش و بەرنامە و پلانێکی تۆکمەیان پێ نییە و کاتیک دۆستانمان لە پارتی کار لە گەڵ لایەنە کوردیەکان دانیشتن دەکەن زۆرتری باسەکان لاوەکین و هیچ لاب و ئەندامگیریەک ناکەن، لە هەموو گرینگتر هیچ ئیستراتیژییەکی هاوبەشیان پێ نییە و سەر لە خۆیان و لە نوێنەرانی ئێمەش دەشەوێنن و هەر کام ئیستراتیژیک و پلانی تاییبەت بە خۆی پێیە، ئەوان وەک لایەنە نۆروێژییەکان لە ئامانجی سیاسی کورد تێناگەن و وەک باسی کرد زۆرتری باسەکان سەبارەت بە مافی مرۆڤ و پێوەندی حیزبین، ئێمە لە چۆنێیەتی مافی مرۆڤ لە ئێراندا ئاگادارین، بەڵام لە ئامانجی سیاسی کورد لە رۆژهەڵات هیچ زانیاریەکمان پێ نییە ، بەڵام دەزانین بە گشتی هەر کام لەو پارتانە کە لە نۆروێژ چالاکن وەک حیزبەکانی دیموکرات و پارتی سەربەستیی¦ چۆن دەڕواننە داهاتووی ئێران، لێرەدا جیاوازی گەلێکی زۆر لە نێوان ئەو پارتانە دا دەبیندرێت، بە بۆچونی من دەبێت ئامانجێک بوونی هەبێت کە ئیستراتیژی ئەو پارتانە پێکەوە ببەستێتەوە!

من پێم وایە کە ئێمە دەبێت لابگییری لە نێو پارت و ڕێکخراوە ئەورووپییەکاندا دەست پێبکەین، بەڵێ ڕاستە ئابووری دەتوانێت دەورێکی ئەساسی بگڕێت و کاریگەری باشی دەبێت لە سەر بیر و ڕای حکومتەکان، بەڵام ئەگەر ئابوورییەکی بەهێزیشمان نەبێت ئیتر کەژ نەڕۆخاوەتە سەر سەرمان و ڕێگەمان لێ نەبەستراوە، گرنگ ئەوەیە کە بتوانین لە نێو پارت و ڕێکخراوە ئەورووپیەکاندا لابگیری بکەین و ئەندام لەو نیو ئەو پارتانەدا جێگیر بکەین، من پێم وایە کە ئەو کارە زۆر ئاسانە، کوردەکانی ئەورووپا ئەگەر ماندوونەناسانە خۆیان لە چوارچێوەی لایەنە ئەوروپییکاندا ئەکتیڤ و چالاک بکەن و لە هەڵبژاردنە نێو خۆیەکانی ئەو پارتانە ڕۆڵی باش ببینن بێگۆمان کاریگەریشیان لە سەر ڕای ئەو پارتانەش دەبێت، ئەگەر لە نێو هەر پارتێک لە وڵاتانی وەک ئیسکاندیناڤی بتوانین بە ئیستراتیژییەکی هابەش داواکارییەک پێشکەش بە بەرپرسانی ئەو پارتە بکەین دڵنیام لەوەی کە کاریگەریمان لە سەر بۆچونی ئەو پارتانە سەبارەت بە پرسی کورد دا دەنێت.

بەڕێزان، ئێمە هەموومان باش ئاگاداری هەلومەرجی سیاسی و درزی نێوان پارتە سیاسەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانین و باش ئەوەش دەزانین کە پێکهاتن و پێکەوە هەڵکردنی ئەو پارتانە لە گەڵ یەک دژوار و ئەستەمە و پێویست بە هەوڵ و تێکۆشان و لە خۆ بردوویەکی زۆر دەکات کە هندێک لەو پارتانە دەبێت لە خۆیان بنوێنن و بتوانن لایەنی بەرامبەر بە قەنائەت بگەیەنێن، لەم کات و ساتەدا ئەوە لە لەو پارتانە بەدیناکرێت و بیرمەندیش نیم بەوەی کە کەسیش ئەو چاوەڕوانییە مەزنەی لێیان هەبێت، کەواتا پێویست بەوە دەکات کە لایەنێکی دەرەکی هێزداری وەک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەو پێشنیارانەیان بە مەرجێکی سەرەکی بۆ دانێت وفشار بهێنەتە سەریان وەک ئەوەی لە نێوان یەکێتی و پارتی ڕووی دا. بەڵام پێم وایە، قەد ئەوە پێش نایەت! چونکو هەڵومەرجەکە زۆر جیاوازە و هۆکاری سەرەکی دوور کەوتنەوەی ئەو لایەنانە لە یەک بۆ ناڕوونی ئیستراتیژک و سیاسەتی دەرەکی و نێو خۆێی ئەو پارتانە دەگەڕێتەوە کە ئەو هێزەیان پێ نییە کە خۆیان وەک لایەنێکی نەتەوەیی دەر بخەن، هەر بۆیە تۆشی کارەساتی بەو شێوەیە هاتوونە و خەڵکیش لێان بێ ئومید بوونە.

من پێم باشە کە هەموو پارت و ڕێکخراوە نەتەوەیەکان، کەس و کەسایەتیە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، ئەو تاک و ڕێکخراوە سینفی و سیاسیانە کە باوەڕیان بە پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی هەیە و وەک خاڵێکی ئیستراتیژیک و ئامانجێکی نەتەوەیی لە نێو پڕۆگرامەکانیاندا جێگیریان کردووە، هەوڵ بۆ گرتنی کونگرەی نەتەوەیی سەربەخۆیخوازەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بدەن، لەو کونگرە دا دەتوانن پێکەوە لە پلاتفۆڕمێکی هاوبەش دا کۆ ببنەوە و هەموو تەوەر و پرسە پەیوەندیدارێکی سەبارەت بەو مەبەستە شی بکەنەوە و ڕاو بۆچونی جیاواز کۆ بکەنەوە، بەڵکو ئەوە وەک ئەلترناتیڤێک بۆ جێگرتنەوەی بەرەی کوردستانی لە نێو پارتە نەوتەوەییە کوردیەکاندا لە ڕۆژهەڵات بچەسپیت.



[email protected]
2012-06-17 11:34:34

13 ساڵ و 8 مانگ و 17 کاتژمێر و 38 خوله‌ک ، پێش بڵاوکراه‌وه‌ته‌وه‌
ناوه‌رۆکی ئه‌م نووسینه‌ ڕاو تێبینی نووسه‌ره، ماڵپه‌ڕی پ.س.ک هیچ لێی به‌رپرسیار نییه
تاگ : ده‌نگوباسه‌کان
هه‌واڵه‌کان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان

پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان ©