وتاری عارف باوه‌جانی ووته‌بێژی گشتی پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان له
عارف باوه‌جانی .
ئێمه له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا خه‌بات ده‌که‌ین له پێناوی دروستبوونی باوه‌ڕی ته‌واو له‌نێو کۆمه‌ڵگای خۆماندا، له‌مه‌ڕ سه‌ربه‌خۆبوونی خاک و زێدمان و دروستبوونی ده‌وڵه‌تی کوردستان. گه‌ر ئه‌و هزره‌ش که بیری باوه‌ڕبه‌خۆبوونه لای تاکی کورد دروست بێت،
به‌شدارانی به‌ڕێزی "کۆنفرانسی کۆنگره‌ی نیشتمانیی کوردستان له ئه‌مریکا"!
سڵاو و ڕێزی زۆرمان بۆ هه‌موولایه‌کتان!
وێرای سڵاو و ڕێز له ماندووبوون و تێکۆشانی زۆری ئه‌ندامانی "کۆنگره‌ی نیشتمانیی کوردستان"،واته ئه‌و که‌سه نه‌ته‌وه‌یییانه‌ی که به‌رده‌وام تێ ده‌کۆشن له پێناوی سه‌ربه‌خۆیی و یه‌کگرتنه‌وه‌ی هێزه‌کانی کوردستان.
به ناوی ته‌واوی هاوبیرانم له" پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان"ه‌وه ده‌ستخۆشانه‌تان ئاراسته ده‌که‌م و هه‌روه‌ها پێرۆزباییی جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌ییی کوردستان واته نه‌ورۆزتان ئاراسته ده‌که‌م که ته‌نیا چه‌ند ڕۆژێکی ماوه.
به شدارانی به‌ڕێز،ئێمه ئه‌وڕۆ کۆ بووینه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی باسێک له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆییی کوردستانی داگیرکراو بکه‌ین.
هه‌روه‌ک هه‌مووتان ده‌زانن، گه‌وره‌ترین نه‌ته‌وه‌ی ئه‌م جیهانه که خاوه‌نی وڵاتی سه‌ربه‌خۆی خۆی نییه،نه‌ته‌وه‌ی کورده.
گه‌لی کورد له‌مێژساڵه خه‌بات ده‌کات له پێناوی ڕزگاریی خاک و نیشتمانه‌که‌ی،له‌و ڕێگایه‌شدا سه‌دان هه‌زار که‌سایه‌تی و رۆڵه‌ی تێکۆشه‌ری له‌ده‌ست داوه.
ئاپۆره‌ی گه‌لی کورد به‌پێی چه‌ندین سه‌رچاوه‌ی جیاواز له یه‌کدی، نزیک 50 میلیۆن له جیهاندا مه‌زنده ده‌کرێت،
که به داخه‌وه ئه‌و 50 میلیۆنه خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی خۆی نییه. به‌ڵام به‌پێی لێکۆڵینه‌وه و چاوخشاندن به نه‌ته‌وه و وڵاتانی سه‌ربه‌خۆی جیهان،ژماره‌ی سه‌رجه‌می 43 وڵاتی سه‌ربه‌خۆی جیهانمان وه‌ده‌ست ده‌که‌وێت که ئه‌گه‌ر ئاپۆره‌ی دانیشتووانی هه‌موویان وه‌سه‌ر یه‌کدی بخه‌ین، ئه‌و کات ده‌گاته 50 میلیۆن. هه‌روه‌ها ده‌بینین که له ساڵی 1975 تا ساڵی 2005، 46 وڵاتی دیکه سه‌ربه‌خۆیییان به‌ده‌ست هێناوه. به‌ڵام که دێته سه‌ر کورد، هه‌رده‌م ده‌وترێت: "جارێ کاتی ئه‌وه نه‌هاتووه کورده‌کان له‌و وڵاتانه جیا ببنه‌وه."
به‌شدارانی به‌ڕێز، ئه‌وه‌ی من ئه‌مڕۆ ده‌مه‌وێ لێره‌دا ئاماژه‌یه‌کی کورتی پێ بکه‌م، به‌شێکه له خاکه داگیرکراوه‌که‌ی کوردستان واته به‌شی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان!
کوردستان بۆ هه‌موو مێژوونووسێک و دادوه‌رێکی جیهانی ناسراوه و هه‌موویان ده‌زانن که له ساڵی 1514وه تا جه‌نگی یه‌که‌می جیهانی،دوو جار دابه‌ش کراوه.
به‌شی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان که‌وتووته ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئێران و ئاپۆره‌ی کورده‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان تا 13 میلیۆن مه‌زه‌نده ده‌کرێت.
به‌ڵام داگیرکه‌ری ئه‌و به‌شه‌ی کوردستان، هه‌رده‌م هه‌وڵی داوه که له لایه‌ک ئاپۆره‌ی دانیشتووانی کوردستان که‌م بکاته‌وه و له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه شاره کوردنشینه‌کان له بواری جوگرافییه‌وه بخاته به‌ر مقه‌ستی سیاسه‌ته‌کانی خۆی. بۆ نموونه له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، داگیرکه‌ران ته‌نیا 4 پارێزگایان به کوردنشین ناو بردووه و زۆریش هه‌وڵیان داوه که له‌و 4 پارێزگایه ته‌نیا شاری سنه به کوردستان بناسرێت،له حاڵێکدا مێژووی جۆگرافیای خاکی کوردستان ئه‌وه پیشان ده‌دات،ئه‌م ئاووخاکه
خاوه‌نی 7 پارێزگایه، وه‌ک پارێزگاکانی کرماشان، ئیلام، مووکریان،ئوروومییه، لوڕستان، هه‌ورامان و سنه (ئه‌رده‌ڵان).
ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌ت بدرێت به لێکۆڵه‌رانی بواری جۆگرافی که له‌و به‌شه‌ی کوردستان بکۆڵنه‌وه، شانسی زیادبوونی پارێزگای دیکه هه‌یه وه‌ک پارێزگای زه‌هاو یان جاف و، پارێزگای دیکه.
هه‌روه‌ها خاکی ئه‌و به‌شه‌ی کوردستان وه‌ک به‌شه‌کانی دیکه‌ی خاکی کوردستان پڕه له سامانی ئابووری، وه‌ک نه‌وت، زێڕ،گۆگرد و هتد. به‌ڵام داگیرکه‌ران هه‌رگیز نه‌یانویستووه سامانه‌کانی ئه‌و ناوچانه ئاشکرا بکه‌ن. ئه‌وان له‌وه ترساون که ئه‌گه‌ر سامانه ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانی ئه‌و ناوچانه ئاشکرا بکرێن بیری سه‌ربه‌خۆیی له نێو کوردان‌دا زیاتر گه‌شه ده‌سێنێت.
ئێستاکه ده‌زانن هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و سه‌ربه‌خۆییخوازی له نێو کورده‌کاندا په‌ره‌ی سه‌ندووه له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، ئه‌و پروپاگه‌نده‌یه له‌نێو خه‌ڵکدا بڵاو ده‌که‌نه‌وه که گوایا ئه‌گه‌ر کورد له ئێران جیا ببێته‌وه،له بواری ئابوورییه‌وه هیچیان نییه و ناتوانن خۆیان به‌ڕێوه ببه‌ن. به‌پێچه‌وانه‌وه ته‌نیا نه‌وتی ناوچه‌ی کرماشان 15 % داهاتی ته‌واوی ئێران دابین ده‌کات،بێجگه له ده‌یان شۆینی دیکه‌ی کوردستان که نه‌وتی تێدایه و به‌ڵام ده‌ستیان لێ نه‌داوه.
ئێمه وه‌ک "پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان" که ماوه‌یه‌کی زۆر که‌مه ده‌ستبه‌کاربوونی خۆمان ڕاگه‌یاندووه،وه‌ک پارتێکی ئازادی، ئاشتی و سه‌ربه‌خۆییخواز، بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی بیری سه‌ربه‌خۆیی و نه‌ته‌وه‌یی له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان دامه‌زراوین و درێژه به‌م ڕێگایه ده‌ده‌ین، پێمان وایه تاکه چاره‌سه‌ر بۆکۆتاییهاتن به کێشه‌ی بنده‌ستیی گه‌لی کورد له ژێر ده‌ستی عه‌ره‌ب و فارس و تورک،هه‌روه‌ها سه‌قامگیربوونی ئاشتی له‌و ناوچانه، دروستبوونی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردستانه.
ئێمه له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا خه‌بات ده‌که‌ین له پێناوی دروستبوونی باوه‌ڕی ته‌واو له‌نێو کۆمه‌ڵگای خۆماندا، له‌مه‌ڕ سه‌ربه‌خۆبوونی خاک و زێدمان و دروستبوونی ده‌وڵه‌تی کوردستان. گه‌ر ئه‌و هزره‌ش که بیری باوه‌ڕبه‌خۆبوونه لای تاکی کورد دروست بێت، چی دیکه خۆی به ترس و دڵه‌ڕاوکێ نابه‌ستێته‌وه و په‌نا ناباته به‌ر ئێرانی‌بوون و ئێرانچێتی ناکاته پیشه‌ی خۆی.
ئه‌گه‌رکۆمه‌ڵگای ئێمه له‌بواری هزر و باوه‌ڕه‌وه ئاماده نه‌بێت،قه‌ت کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆ پێک نایه‌ت.
ئێمه،ئه‌و که‌سانه‌ین که باوه‌ڕی زۆرمان به سه‌ربه‌خۆیی هه‌یه، پێمان وایه دواخستنی ئه‌م هزره به بیانووی ئه‌وه‌ی کاتی نه‌هاتووه،کۆمه‌ڵگاکه‌مان له‌و ئامانجه دوور ده‌خاته‌وه. بۆ خزمه‌تکردن به‌م ئامانجه‌ش بوو که پارتێکی وامان پێک هێنا له پێناوی سه‌ربه‌ستبوونی کوردستاندا.
له ڕێگه‌ی ئه‌م کۆنفرانسه مه‌زنه‌وه بانگه‌شه‌ی پارته‌کانی دیکه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌که‌ین که: "با هه‌موومان هه‌ر له‌م کۆنفرانسه ده‌ست له ناو ده‌ست هه‌وڵ بده‌ین بۆ پێکهێنانی شێوه هاوکارییه‌کی پێویست بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان. ئه‌و شێوه هاوکارییه گرنگ نییه که ناوی بنرێت "به‌ره یان کۆنگره‌ی کورده‌کانی ڕۆژهه‌ڵات"،یا هه‌ر ناوێکی دیکه. گرنگ ئه‌وه‌یه که خاوه‌نی به‌رنامه و پرۆژه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی بێت بۆ داهاتووی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان. هه‌روه‌ها داواکارین که میدیا و ڕاگه‌یاندنه‌کانیان بخه‌نه به‌رده‌ستی بڵاوکردنه‌وه‌ی بیری نه‌ته‌وه‌یی وکوردستانیبوون، نه‌ک پاراستنی یه‌کێتیی خاکی ئێران. ئێمه‌ی کورد دژی هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌کی بنده‌ستی ئێران یان جیهان نین! به‌ڵام هه‌رده‌م به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ی ئێرانمان گرێ داوه به به‌رژه‌وه‌ندیی خۆمانه‌وه،له کاتیکدا که هیچکام له نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ی بنده‌ستی ئێران ئه‌و دروشمه‌یان تێکه‌ڵی خه‌بات و تێکۆشانی خۆیان نه‌کردووه. هه‌روه‌ها ده‌توانم بڵێم: به‌خۆشییه‌وه ئێستا بیری جیابوونه‌وه و سه‌ربه‌خۆییش لای گه‌لانی دیکه‌ی بنده‌ستی ئێران‌دا گه‌شه‌ی سه‌ندووه و چه‌ندین حیزب و ڕێکخراوی سه‌ربه‌خۆخوازیان لێ دروست بووه.
خۆ به ئێرانی زانینمان و ئێرانیبوونمان، له مێژساڵه و تا هه‌نووکه‌ش، بێجگه له کوشتن وبه‌ندی و هه‌ژاری و نه‌داری و دواکه‌وتوویی هیچ ده‌ستکه‌وتێکی دیکه‌ی بۆ کۆمه‌ڵگاکه‌مان به‌دواوه نه‌بووه.
ئێمه له‌وه‌ش دڵنیاین که داهاتووی ئێران،واته ئه‌و گه‌لانه‌ی که له‌و خاکه‌دا ده‌ژین و به" قه‌ومه ئاریاییه‌کان" ناو ده‌برێن، وه‌ک داهاتووی وڵاتانی بولغاریا و شۆره‌ویی پێشووی لێ دێت و نه‌ته‌وه‌کان له ئێران جیا ده‌بنه‌وه. که وایه با ئێمه، پێشده‌ست، خۆمان و خه‌ڵکه‌که‌مان بۆ ئه‌و رۆژه ئاماده بکه‌ین.
به‌شدارانی به‌ڕێز، باسکردن له‌سه‌ر (بیرۆکه‌ی سه‌ربه‌خۆییی کوردستان و هۆ سه‌ره‌کییه‌کانی) شرۆڤه و کاتی زۆرتری ده‌وێت و به چه‌ند خوله‌ک کۆتاییی پێ نایه‌ت. هه‌ر بۆیه من له‌وه زیاتر نامه‌وێت له کاتی پیرۆزتان بگرم.
وته‌ی کۆتاییم ئه‌وه‌یه که، داوا له ئێوه به‌شدارانی به‌ڕێزی ئه‌م کۆنفرانسه،واته نوێنه‌ری حیزب و لایه‌نه‌کان و که‌سایه‌تییه سه‌ربه‌خۆ و نه‌ته‌وه‌ییه‌کان، هه‌روه‌ها میوانانی دۆستی کوردی به‌شدار له‌م کۆنفرانسه و ته‌واوی ئه‌و که‌سانه‌ی که ئه‌م وتاره ده‌بیسن و ده‌یخوێننه‌وه، ئه‌وه‌یه، هاوکاری و پشتگیریی پارته‌که‌مان،" پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان" بکه‌ن بۆ پێشخستنی بیری نه‌ته‌وه‌یی له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا.
بژی ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی و ئاشتی بۆ گه‌لی کورد وگه‌لانی دیکه‌ی جیهان!
بۆ پێشه‌وه، بۆ خۆئاماده‌کردن له پێناوی دروستبوونی کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆ و ده‌وڵه‌تی کوردی!
براتان ،عارف باوه‌جانی ،وته‌بێژی کاتیی " پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان".
27ی ڕه‌شه‌مه‌ی 2705ی کوردی به‌رامبه‌ر به 17ی مارسی 2006ی زایینی .
2006-07-22 11:35:48
19 ساڵ و 6 مانگ و 15 کاتژمێر و 54 خوله‌ک ، پێش بڵاوکراه‌وه‌ته‌وه
ناوه‌رۆکی ئه‌م نووسینه ڕاو تێبینی نووسه‌ره، ماڵپه‌ڕی پ.س.ک هیچ لێی به‌رپرسیار نییه
تاگ : چالاکییه‌کان