عارف باوەجانی، سەرۆکی پارتی سەربەستی کوردستان، ئەو رێککەوتنەی بە گرنگ دانا و بە (رووداو)ی گوت "ئەو دوو حیزبە لە رابردوودا تووشی شەڕی براکوژی ببوون و مەترسییەک بۆ داهاتوو هەبوو کە ئەو شەڕە دووبارە ببێتەوە. ئێستا بەو هاوپەیمانییە مەترسییەکە 50% کەمیکردووە و 50%ی بۆ ئەو حیزبانە دەگەڕێتەوە کە لێیان جیابوونەتەوە".
حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ناچنە نێو رێککەوتنی دیموکرات و کۆمەڵە. بۆچوونی سەرۆکی پارتی سەربەستیی کوردستان و چەند لایەنێکی دیکەی رۆژهەڵات

حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران واژۆکردنی رێککەوتننامەی ستراتیژی نێوانیان بە "بناغەی یەکگرتوویەکی سیاسی گەورە" لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەزانن، بەڵام زۆربەی حیزبەکانی دیکە، بە نیگەرانییەوە دەڕواننە ئەو رێککەوتنە.
کامیل نورانیفەرد، بەرپرسی راگەیاندنی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران بە (رووداو)ی راگەیاند "ئێمە ئەو هاوپەیمانییە بە خاڵێکی ئەرێنی و گرنگ دادەنێین، بەڵام ئەگەر ئەوان بیانەوێ بەشێوەیەکی یەکلایەنە لەسەر بابەتە چارەنووسسازەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کار بکەن، ئێمە بە شتێکی خراپی دەزانین، چونکە داهاتووی کوردستان پەیوەستە بە سەرجەم حیزب و لایەنەکانی کوردستانەوە. بۆیە هیوادارین ئەو هاوپەیمانییە تەنیا لە چوارچێوەی حیزبیدابێ".
کۆتایی هەفتەی رابردوو، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران رێککەوتنێکیان واژۆکرد کە لە 14 خاڵ پێکهاتووە و تێیدا جەخت دەکەنە سەر رووخاندنی کۆماری ئیسلامی، بەدیهێنانی فیدراڵی بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان، جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت، چارەسەری کێشەکانیان بە رێگای دیالۆگ و دوور لە تووندوتیژی و چەسپاندنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی.
عارف باوەجانی، سەرۆکی پارتی سەربەستی کوردستان، ئەو رێککەوتنەی بە گرنگ دانا و بە (رووداو)ی گوت "ئەو دوو حیزبە لە رابردوودا تووشی شەڕی براکوژی ببوون و مەترسییەک بۆ داهاتوو هەبوو کە ئەو شەڕە دووبارە ببێتەوە. ئێستا بەو هاوپەیمانییە مەترسییەکە 50% کەمیکردووە و 50%ی بۆ ئەو حیزبانە دەگەڕێتەوە کە لێیان جیابوونەتەوە".
بەڵام باوەجانی پێیوانییە ئەو رێککەوتنە خزمەتی هەموو رۆژهەڵاتی کوردستان بکات "ناتوانین بڵێین ئەو هاوپەیمانییە لە بەرژەوەندی هەموو خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە، بەڵکو تەنیا لە بەرژەوەندی ئەو دوو حیزبەدایە، بەڵام خۆزگە ئەو هەنگاوەیان بەگشتی هەڵێنابا و سەرجەم حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیان بەشدار بکردبایە". گوتیشی "ئەو دوو حیزبە نابێ خۆیان وەک پارتی و یەکێتی دابنێن، پارتی و یەکێتی لە دوو هەڵبژاردنی گشتیدا سەلماندیان کە دەنگی زۆربەی خەڵکیان لەگەڵە، بەڵام لە رۆژهەڵاتی کوردستان هیچ هەڵبژاردنێک نەکراوە. ئەگەر حیزبەکانی دیکە بخەنە پەراوێزەوە و گوێیان لێنەگرن، دواڕۆژ لەجیاتی ئەوەی کێشەکە چارەسەر بکرێ ئاڵۆزتر دەبێت".
سەرکردەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەگشتی جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەو رێککەوتنە دەرفەتێکی گرنگە بۆ سڕینەوەی رابردووی ناخۆشی نێوان ئەو دوو حیزبە.
سمکۆ یەزدانپەنا، سکرتێری گشتی یەکێتی شۆڕشگێڕانی کوردستان دەڵێ ئەو دوو حیزبە پێشینەیەکی زۆر خوێناویان هەبووە و رێککەوتنەکە ترسی دووبارەبوونەوەی گرژی و شەڕ لەنێوانیان دەڕەوێنێتەوە. گوتیشی "ئێمە پێمانوایە هەرجۆرە رێککەوتنێک لەنێوان حیزبەکان شتێکی رەوایە، بەڵام ئەگەر لەسەر حیسابی لایەنێکی دیکە بێت رەنگدانەوەیەکی نەرێنی دەبێت".
بەڵام حەمە نەزیف قادری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و بەرپرسی شاندی دانوستانکار لەگەڵ کۆمەڵە بە (رووداو)ی راگەیاند "ئەو رێککەوتنە لەسەر حیسابی هیچ لایەنێک نییە. سەکۆیەکە بۆ گفتوگۆ و دیالۆگ لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە باوەڕیان بە رووخانی کۆماری ئیسلامی و دابینکردنی فیدرالی و چارەسەری کێشەی کورد هەیە لە رێگەی دیالۆگ و خەباتی سەردەمیانە".
یەکێک لە گرنگترین خاڵەکانی رێککەوتنەکە، بانگهێشتکردنی سەرجەم لایەنە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە بۆ ناو رێککەوتننامەکە، کەچی زۆربەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئامادەنین بەشداری ئەو هاوپەیمانییە بن.
مستەفا مەولودی، جێگری سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە (رووداو)ی راگەیاند "ئێمە ئەو رێککەوتنە بە شتێکی زۆر ئاسایی دەزانین و هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ نییە، بەڵام بۆ ئەوەی هێزێکی سیاسی بەشداری لە رێککەوتننامەیەک بکات پێویستە لە سەرەتای وتووێژەکان ئامادەبێت. ئەوان ئێمەیان بانگهێشت نەکردووە تاوەکو بڵێین بەشداری لەو رێککەوتنە دەکەین یان نا، ئەگەر بانگهێشت کراباین بەدڵنیاییەوە بەشداریمان لە وتووێژەکان دەکرد".
هەروەها عارف باوەجانی لەوبارەوە گوتی "بەداخەوە هەمیشە دانیشتنەکانیان دوو لایەنە یان سێ لایەنە بووە. کۆمەڵە و دیموکرات با رۆژێک دیاری بکەن و بانگەوازی هەموو حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بکەن و هەر حیزبێک بەدەم بانگەوازەکەوە نەهات ئەوا لە ئاستی مێژوو تاوانبار دەبێت، بەڵام ئێستاکە ئێمە لەخۆمانەوە چۆن بچین بەشداری لە رێککەوتنێک بکەین کە خۆیان دووبەدوو لەسەر هەموو خاڵەکان رێککەوتوون".
سمکۆ یەزدانپەناش دەڵێ "تائێستا روون نییە مەبەست لە بەهێزکردنی ئەو رێککەوتنە چییە? ئایا ئێمەش دەبینە ئەندامێک لە رێککەوتنەکە یان تەنیا بەشداریمان بۆ بەهێزکردنی ئەو دوو هێزەیە. ئەگەر رێککەوتنەکە بۆ بەرفراوانترکردنی هەڵوێست و کۆدەنگی حیزبی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بێ، ئەوا یەکێتی شۆرشگێڕان بەبێ دوودڵی بەشداری دەکات"، گوتیشی "پێویستە ئەو دوو حیزبە زۆر بە وریاییەوە مامەڵە بکەن و دوو لایەنی جیابووەوە لەخۆیان نەخەنە ناو حاڵەتێک ناچاربکرێن ئەوانیش رێککەوتنێکی وا دروستبکەن لەبەرئەوەی رۆژهەڵاتی کوردستانیش زۆر ئاسان وەک رۆژئاوای کوردستانی لێدێت و بەسەر دوو بەرە دابەش دەبێت".
کامیل نورانیفەرد دەڵێ "ئێمە بەهیچ شێوەیەک بەشداری لە رێککەوتننامەیەک ناکەین کە پێشوەخت دەقەکەی دانراوە و بڕیار لەسەر بەند و مادەکانی دراوە". ئەو بەرپرسەی سازمانی خەبات گوتیشی "ئێمە نامانەوێ پێشوەخت بڕیار بدەین بەڵام یەکێک لە مەترسییەکان ئەوەیە کە بەرەیەک لە بەرامبەر ئەو بەرەیە دروستبێ و ململانێیەکی ناتەندروست لەنێوانیان سەرهەڵبدات".
بەڵام حەمە نەزیف قادری ئەو نیگەرانیانە رەتدەکاتەوە و دەڵێ "نە ئێمە و نە کۆمەڵە قەت باوەڕمان بەوە نەبووە دوو لایەنانە بچینە ناو ئەو پرۆسەیەوە. ئێمە و کۆمەڵە لە دوو ساڵی رابردوودا لەگەڵ زۆربەی هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دیدار و چاوپێکەوتنمان هەبووە بۆ ئەوەی لەسەر خاڵە هاوبەشەکان بگەینە رێککەوتن. لەو پەیوەندییەدا کۆمەڵێک جیاوازی لە خستنەڕووی ویست و داخوازییەکانی گەلی کورد هەبوو، هەر بۆیە دوای هەڵسەنگاندنێکی هەمە لایەنە لەگەڵ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان ئەو رێککەوتننامە هاوبەشەمان واژۆکرد".
هەروەها فاروق بابامیری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لەو بارەوە بە (رووداو)ی راگەیاند "دەبێ هەموو حیزب و رێکخراوەکان ئەو رێککەوتنە بە رێککەوتنی خۆیان بزانن"، گوتیشی "ئێمە چەندین جار هەوڵماندا لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان کۆببینەوە، بەڵام نەکرا. ئەمە دەرگایەکە بۆ رێککەوتن لەگەڵ هەموو حیزب و رێکخراو و کەسایەتییە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، کەس نابێ لەو رێککەوتنە نیگەران بێت".
http://rudaw.net/kurdish/index.php/kurdistani/16768.html