شه‌ممه‌ 2 ره‌شه‌مه 2725

بەشداری پارتی سەربەستیی کوردستان لە کونگرەی یەکێتی لیبڕاڵەکانی جیهان و هۆکاری جێگیرکردنی بیرۆکەی لیبڕاڵیزم وەک ئامانجی پسک!

لە نوسینی: ئاریتما موحەممەدی
بەشداری پارتی سەربەستیی کوردستان لە کونگرەی یەکێتی لیبڕاڵەکانی جیهان و هۆکاری جێگیرکردنی بیرۆکەی لیبڕاڵیزم وەک ئامانجی پسک!

ئێمە پێمان وایە کە دەبێت بزوتنەوە سیاسی و مەدەنییەکانی کوردستان زێتر لە بەرەی لیبرالیزم دا خۆ ببینەوە و خۆیان لە بەرەی سۆسیالیزم دا دوور بخەنەوە، لە بەر ئەوە کە کۆمەڵگای کوردستان کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو و پیشەسازی نییە، کەواتا ئیتر لە کوردستان

بەشداری پارتی سەربەستیی کوردستان لە کونگرەی یەکێتی لیبڕاڵەکانی جیهان و هۆکاری جێگیرکردنی بیرۆکەی لیبڕاڵیزم وەک ئامانجی پسک!


پارتی سەربەستی کوردستان لە کونگرەی یەکەمی خۆییدا بڕیاری دا کە ئاڵوگۆڕێکی قوڵ بە سەر بەشێک لە پێڕەو پڕۆگرامەکانیدا پێک بهێنێت کە لە بەرژەوەندی کۆمەڵگەی کوردستان بێت و هەروەها ڕێگا خۆشکەریش بێت بۆ ئاڵوگۆڕی زۆرتر و ڕێفۆرمی سەردەم و جێگیربوونی کەلتووری دیموکراتی لە نێو چوارچێوەو شێوەی داڕشتنی سیستمی ڕێکخراوەیی و پارتی سیاسی!

هەر بۆیە پسک لە پاش لێکۆڵینەوەیەکی تێر و تەسەل لە سەر کۆمەڵێک پرس و ڕێگاچارە و ئاوڕدانەوە و پێداچونەوە بە سەر ڕووداوەکانی کوردستان و ناوچەکە و هەڵسەنگاندی لە ڕووی سیاسی و مێژووی بۆمان دەرکەوت کە لیبرالیزم باشترین ڕێگا چارەیە بۆ وڵاتێکی وەک کوردستان، لە بەر ئەوە کە کوردستان بەشێکە لە وڵاتێکی دواکەوتوو و لەو وڵاتە دواکەوتووەدا کوردستان بەشە هەرە هەژار و نەخوندەوارەکەی پێک دێنێت و داگیرکەرانی کوردستان ئەو پەڕی هەوڵی خۆیان بۆ ئەوە داوە کە کوردستان وەک ناوچەیەکی دواکەوتوو و نەخوێندەوار ڕابگرن و ئەو دەرفەتە بۆ خەڵکی کوردستان نەڕەقسێنن کە ژیان و گوزەرانی گەلی کورد ببوژێتەوە

کوردستان هەرچەند لە ڕووی کانزا، کانگای زێر و ئاسن و ئاهن پێک دێنێت و لە ڕووی سەرچاوەی ژێر زەوی نەوت و گازی لە زریایەک دەچێت کە دەتوانێت ژیان و گوزەرانی کۆمەڵگەی کوردستان بۆ ماوەیەکی زۆر درێژ دابین و خۆش بکات، بەڵام بەداخەوە داگیرکەران لەو سەرچاوە سروشتیانە بۆ لە بەین بردن و کوشتن و ئاسمیلە کردنی خەڵکی کورد کەڵکیان وەرگرتووە

کۆمەڵگەی کوردستان لە ڕووی سیاسی، ئابووری، کەلتووری و پیشە سازی وڵاتێکی دواکەوتووە و لە جیهانی سێوەمیشدا هەڵکەوتووە، کەلتووری دیموکراتی و سیستمی سیاسی وڵاتیش دیکتاتووری بووە و ئازادییە سیاسی و کۆمەڵایەتی و تاکە کەسییەکان لە ئەو پەڕی سەرکوت کردندا بوونە و ڕێکخراو و سەندیکای کۆمەڵگەی مەدەنی بوونی نییە و جیاوازییە کەلتووری و ئایینیەکان وەک مەترسی بۆ سەر کۆمەڵگا سەیر کراون و لە زۆر بواریشدا ئایینێکی تاییبەت مەترسی بۆ سەر ئازادییە تاکە کەسی و سیاسییەکان ساز کردووە و ڕێگرە بووە لە پێشکەوتنی کۆمەڵگا و هەروەها یارمەتیدەری ئەو کۆسپ و تەگەرانە بووە لە هەمبەر کۆمەڵگای مەدەنی و مافی ئافرەتان و مافی ئیسانی ئینسانەکان و ڕێگای گەیشتن بەم پرسانەی کز و لاواز کردووە

بەڕێزان، تاکە ڕێگا چارە بۆ ئەوە کە کوردستان ببێتە وڵاتێکی پیشە سازی گرینگ لە ناوچەکە بیرۆکەی لیبرالیزمە، ئەم بیرۆکەیە دەتوانێت وڵامێکی تیر و تەسەلی بۆ ئەو گێرە و تەنگژانەی کە لە سەرەوە باسمان کرد پێ بێت، لە ڕووی سیاسی یەوە دەتوانێت گۆڕەپانێکی پلۆلار پێک بێنێت بۆ هەموو بیر و بۆچوونە جیاوزەکان و فرە گەری و فرە چەشنی لە خۆییدا کۆ دەکاتەوە و ڕێگا خۆشکەر دەبێت بۆ ئەوە کە ئاستی پێشکەوتنی سیاسی بەرز بێتەوە، لە ڕووی ئابوورییەوە دەتوانێت سرنجی هەموو کۆمپانیا و کەرەستە وەبەرهەمهینەرەکان بۆ لای خۆی ڕابکێشێت و ئاستی پێشکەوتنی بەرهەم هێنان بەرز بێتەوە و ئابووری وڵات ببوژێتەوە و ژیان و گۆزەرانی خەڵک باشتر بێت، ئەگەر لە ڕووی ئازادییەوە چاو لە پرسەکە بکەین ئەوا دەبینین کە لە کۆمەڵگایەکی لیبڕاڵ و سیکیولار دا ئەو بەربەستانەی کە ڕێگرن لە ئازادییە تاکە کەسییەکان لە بەین دەچن و ئازادییە ڕۆژنامەگەری، چاپەمەنی، سیاسی و مەدەنییەکان بەرفراوانتر دەبن و ئازدای هەموو چین و توێژێکی کۆمەڵگا دابین دەکرێت و دەپارێزرێت




ئێمە پێمان وایە کە دەبێت بزوتنەوە سیاسی و مەدەنییەکانی کوردستان زێتر لە بەرەی لیبرالیزم دا خۆ ببینەوە و خۆیان لە بەرەی سۆسیالیزم دا دوور بخەنەوە، لە بەر ئەوە کە کۆمەڵگای کوردستان کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو و پیشەسازی نییە، کەواتا ئیتر لە کوردستان سەرمایەو سەرمایەدار بوونی نییە کە بتوانێت کاریگەری نگەتیڤی لە سەر ژیانی خەڵک دابنێت و خەڵک بچەوسێنێتەوە و کۆمەڵگا بەرەو کۆمەڵگایەکی چینایەتی ببات و جیاوازی چینایەتی پێک بهێنێت، کۆمەڵگای کوردستان کۆمەڵگایەکی سونەتی و زۆربەی هەرەزۆری دانیشتوانی لە هەژاران پێک دێن




ئەرکی ئێمە وەک پارت و ڕێکخراوی سیاسی لە داهاتووی کوردستان ئەوەیە کە بتوانین سرنجی وڵاتان بۆ لای خۆمان ڕابکێشین و هەوڵ بۆ ئاوەدانکردنەوەی کوردستان و بوژانەوەی ئابوورییەکەی بدەین، ئەوەش تەنیا بە هێنانەگۆڕی بیرۆکەی لیبرالیزم و جێگیرکردنی سیستمی لیبڕاڵییە لە کوردستان، کەلتوور و سیستمی لیبڕاڵی دەبێتە هۆی ئەوە کە کۆمەڵگا هەر دەم کۆمەڵگایەکی ئەکتیڤ و چالاک بێت و ڕێژەی وەبەرهەم هێنان بەرز بێتەوە و ئاستی فەسادی ئابووری لە دامودەزگاکانی وڵات نزم بکرێتەوە و دەسەڵاتی حکومەت لە کونتڕۆڵ کردنی دەزگا پێوەندیدارەکان کورت بێتەوە و ناوەندی بڕیاردانی سەربەخۆ و دوور لە دەسەڵات پێک بێت




بەڕێزان، ئەم هۆکارانەی سەرەوە و کۆمەڵێک هۆکاری دیکە یارمەتیدەری ئەو پرس و باسانە بوون کە بووە هۆی ئەوە کە پارتی سەربەستیی کوردستان بیرۆکەی لیبڕالی وەک ئامانجی دوا ڕۆژی خۆی دیاری بکات و ئەو پەڕی هەوڵ و تێکۆشانی خۆی بخاتە گەڕ لە هەمبەر گۆنجاندنی لیبڕالیزمیک کە کۆمەڵگای کوردستان هەزمی بکات و ببێتە هۆی پێشکەوتن و پێشخستنی کۆمەڵگاکەمان، هەروەها لە بەر ئەوە کە ئەزموونی تاڵی بزوتنەوە سۆسیالیستی-کۆمونیستی و کرێکارییەکان دووپات نەبێتەوە و بزوتنەوەکەمان بە لاڕێدا نەچێت




بەڕێزان کونگرەی یەکێتی لیبڕاڵەکانی جیهان لە وڵاتی ئەفریقای باشوور بە بەشداری هەموو پارتە لیبڕاڵ و پێشکەوتووەکانی جیهان دەستی پێکردووە و پارتی سەربەستیی تاکە پارتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە بە شێوەی فەرمی بانگهێشتی ئەو کۆنگرەیە کراوە، شایانی وتنە بەڕێز کاک عارف باوەجانی وەک کەسایەتی سیاسی گەورەی پارتی سەربەستیی کوردستان و سەرۆکی گشتی پسک لەو کونگرەیە بەشدارە، ئەو کونگرەیە لە ١٦ ئۆکتۆبر واتا دوێنێ دەستی پێکردووە و زیاتر لە ٥ ڕۆژ دەخایەنێت




بەڕێزان کۆمەڵێک پرس و بابەتی گرینگ سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەو کونگرەیەدا دێتە گۆڕێ کە خۆیان لەم پرسانەدا کۆ دەکاتەوە، پرسی جێگیرکردنی سیستمی دیموکراتی و بەرفەراوانکردنی ئازادی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، پرسی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و ئاشتی لەم ناوچانە و چۆنییەتی بوژانەوەی ئابووری لە سەرتاسەری جیهان. شایانی وتنە سەرۆکی پارتی سەربەستیی کوردستان پەیامی کوردستانی بندەستی ئێرانی بۆ لیبڕاڵەکانی جیهان پێیە و پرسی کورد لە ڕۆژهەڵات لە زمانی پسکەوە لەو کونگرەیەدا دێتە گۆڕێ




یەکێتی لیبڕاڵەکانی جیهان لە هەموو پارتە لیبرڕاڵ و پێشکەوتوو خوازەکانی جیهان پێک دێت کە هەوڵ بۆ دەستەبەر کردنی ئازادی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و بۆژانەوەی ئابووری و کەرتی تاییبەت و جێگیرکردنی پلۆرالیسم و سیستمی لیبڕاڵ دیموکراتی و فرە چەشنی و فرە گەرایی و مودێڕنە کردنی کۆمەڵگا




پارتی سەربەستیی کوردستانیش یەکێ لەو پارتە لیبڕاڵانەیە کە فەلسەفەی ئیستراتیژیک و ئامانجی دواڕۆژی لیبڕاڵەکان لە خۆیدا کۆ دەکاتەوە. پارتی سەربەستی کوردستان خەبات بۆ کوردستانێکی مودێڕن و پئشکەوتوو دەکات کە لەوێدا کۆمەڵگەی کوردستان بە ئازادییەکی زێتر و ژیانێکی باشتر دەگات. پسک وەک پارتێکی لیبڕاڵ دیموکرات خەبات و تێکۆشانی خۆی دەخاتە گەر بۆ جێگیرکردنی سیستمی لیبڕاڵ دیموکراتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان


لە نوسینی: ئاریتما موحەممەدی
_____________________

Mvh Aritma Mohammadi

Tilf: (+47) 96 65 65 05

------
2012-10-19 00:06:39

13 ساڵ و 4 مانگ و 3 کاتژمێر و 30 خوله‌ک ، پێش بڵاوکراه‌وه‌ته‌وه‌
ناوه‌رۆکی ئه‌م نووسینه‌ ڕاو تێبینی نووسه‌ره، ماڵپه‌ڕی پ.س.ک هیچ لێی به‌رپرسیار نییه
تاگ : ده‌نگوباسه‌کان
هه‌واڵه‌کان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان

پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان ©