پێمان خۆشه په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ هه‌موو حزبه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و هه‌رچوار پارچه‌ی کوردستان هه‌بێت چ ئه‌وانه‌ی ئایدۆلۆژیای جیاوازیان هه‌یه یان به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ک خه‌بات ده‌که‌ن
گله‌ییمان له هه‌ولێره بۆ راپه‌ڕاندنی کار و چالاکیه‌کانمان
سازدانی: به‌همه‌ن ژاوه‌رۆیی
عارف باوه‌جانی سه‌رۆکی پارتی سه‌ربه‌ستی کوردستان له چاوپێکه‌وتنێکدا له‌گه‌ڵ (چه‌ترپرێس) باس له کار‌و دروستبوونى حیزبه‌که‌یان، و ئه‌و رێگرییانه‌ى له لایه‌ن حزبه‌کانى باشوره کوردستانه‌وه هاتوونه‌ته‌رێ و به‌فه‌رمى ناسینیان له‌لایه‌ن حزبه رۆژهه‌ڵاتییه‌کانى کوردستانه‌وه ده‌کات و رایده‌گه‌یه‌نێ: زۆرى ئۆتۆمبێل و ئه‌ندامانیان ناکرێنه پێوانه بۆ حزبى گه‌وره.
چه‌ترپرێس: پارتی سه‌ربه‌ستی کوردستان که‌ى و به چ ساڵێکدا ده‌مه‌زراوه ئامانجه‌کانی پارتی سه‌ربه‌ستی کوردستان چین?
ـ پارتی سه‌ربه‌ستی کوردستان، وه‌ک پارتێکی نه‌ته‌وه‌یی سه‌ربه‌خۆخواز و لیبراڵ دیمۆکرات له ١٧ ی ٢ی ٢٠ ٠ ٦ی زاینی دامه‌زراوه، هه‌روه‌ها بیرۆکه‌و دروست بونی پارته‌که له‌لایان خۆمه‌وه نوسیوومه، به‌هاوکاری چه‌ند که‌سێکی نه‌ته‌وه‌یی ناوخۆیی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ده‌ره‌وه‌ی کوردستان به گۆڕینه‌وه‌ی بیروڕا توانیمان پارتی سه‌ربه‌ستی کوردستان به‌فه‌رمی دابمه‌زرێنین، ئامانجی پارته‌که‌مان بڵاوکردنه‌وه‌ی بیری نه‌ته‌وه‌یی و سه‌ربه‌خۆ خوازیی و نه‌هێشتنی ئێرانچێتییه له ناوچه‌که.
چه‌ترپرێس: په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ حزبه سیاسیه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان چۆنه?
ـ پێمان خۆشه په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ هه‌موو حزبه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و هه‌رچوار پارچه‌ی کوردستان هه‌بێت چ ئه‌وانه‌ی ئایدۆلۆژیای جیاوازیان هه‌یه یان به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ک خه‌بات ده‌که‌ن، به‌ڵام خه‌بات بۆ رزگاری خاکی کوردستان بکه‌ن، ئێمه ده‌توانین له‌گه‌ڵ یاندا دۆست و نزیکبین هه‌وڵمانداوه له‌گه‌ڵ زۆر لایان په‌یوه‌ندی باشمان هه‌بێت، زۆر لایانیش هه‌ن به‌داخه‌وه یان لوتبه‌رزی خۆیانه یان زۆر له خۆیان رازین و هه‌وڵناده‌ن زۆر له ئێمه نزیکبن ته‌نها سڵاوێکی سه‌ره‌ڕێیمان له‌گه‌ڵیاندا هه‌یه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ زۆر لایانی دیکه‌ش په‌یوه‌ندی باشمان هه‌یه هه‌وڵیش ده‌ده‌ین له‌گه‌ڵ لایانه‌کانی دیکه‌ش په‌یوه‌ندی باشمان هه‌بێت.
چه‌ترپرێس: هۆکارى چیه چه‌ند حزبێکی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌فه‌رمى وه‌ک حزب ناتانناسن?
ـ سه‌ره‌تا پێویسته ئه‌وه بڵێم حزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران و کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران ده‌بێت وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره خۆیان بیده‌نه‌وه بۆ خه‌ڵکی کوردستانی ڕونبکه‌نه‌وه بۆ وابیر ده‌که‌نه‌وه، به‌ڵام له روانه‌گه‌ی ئێمه‌وه پێمان هه‌ڵه‌یه هیچ حزبێکی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان که وه‌ک ئێمه له‌تاراوگه‌یه، له‌وانه‌یه ئه‌وان ژماره‌ی ئۆتۆمبێل یان ئه‌ندامیان له حزبی دیکه زیاتر بێت، ئه‌مانه نه‌که‌ن به پێوانه و خۆیان له حزبی دیکه به‌گه‌وره بزانن و دان به حزبی دیکه‌دا نه‌نێن خۆی دروستکردنی حزب و به‌ڕه‌سمیه‌ت ناسینی حزب یاسایه‌کی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه و ئه‌و یاسایه‌ش له‌کاتی حکومه‌تداریدا وه‌زاره‌تی ناوخۆ یاسایێک دروست ده‌کات که هه‌رکه‌سێک حزب پێکدێنێت ده‌بێت ژماره‌ی ئه‌ندامانی حزبه‌که چه‌ند بێت دیارى بکرێت توانای ئه‌و حزبه له چ ئاستێکدابێت ئێمه هه‌موومان له تاراوگه‌ین ئه‌وان له ئێستادا هیچ ده‌سه‌ڵاتێکی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانیان به‌ده‌سته‌وه‌نیه له ئه‌وه‌ڵی ئینقلاب‌دا ته‌نها حزبێک له رۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا به‌ئاشکرا ده‌ستی پێ‌کرد له دوای ئه‌ویشدا حزبی دووهه‌م هات ئیدی له هه‌ڵبژاردنێکدا له یه‌کێک له شاره‌کانی رۆژهه‌ڵات ئه‌گه‌ر حزبێک نوێنه‌ره‌که‌ی ده‌نگی هێنابێته‌وه وه‌ک حزب نا وه‌ک نوێنه‌ر که خۆی کاندیدکردوه به‌و واتایه نییه، که له ئێستادا زۆرمان نه‌ماوه بچینه نێو (٢٠ ١٣) بۆیه حه‌تمه‌ن (٣٤) ساڵ پێش ئێستا نوێنه‌رێکم ده‌نگی هێناوه‌ته‌وه ئێستاش بگه‌ڕێمه‌وه رۆژهه‌ڵاتی کوردستان دیسان خاوه‌نی ئه‌وه‌ده‌نگه‌بم، من پێموایه ئه‌وه لێیگه‌ڕێ به خه‌ڵک هه‌ڵیبژێرێت به راشه‌کاوی باسی هه‌ڵبژاردن بکه‌ین و دوای ئه‌وه‌ی حزبێک له‌تاراوگه ئێمه به‌ڕه‌سمیه‌ت بناسێ یان نه‌ناسێت بۆ ئێمه‌ش هیچ گرنگێکی ئه‌وتۆی نییه چونکه ئه‌گه‌ر ئێمه بمانه‌وێت توانا له خۆماندا ببینین ده‌چینه‌وه نێوخه‌ڵکی خۆمان حه‌تمه‌ن به‌شی خۆمان ده‌نگ و ره‌زامه‌ندی خه‌ڵک به‌ده‌ست دێنین، ئه‌وه جه‌ماوه‌ره بڕیارده‌دات ئێمه حزبین یان نا، بۆیه من به‌ته‌نها پێشنیارده‌که‌م ئه‌و لایانانه که‌وا بیرده‌که‌نه‌وه کۆتایی به‌و جۆره بیرکردنه‌وانه بێنن، چونکه شکستیان خواردوه له‌و بیرکردنه‌وانه زۆرێک له‌و حزبانه رێزم بۆیان هه‌یه، کاتی خۆی به‌ته‌نها باڵێک بوون یان حزبێک بوون به‌و ناوه شانازییان به‌خۆیانه‌وه ده‌کرد، به‌ڵام ئێستا ئه‌وانه په‌رش و بڵاوبوون و هه‌ریه‌که‌یان چه‌ند حزبێکیان لێ جودابووه‌ته‌وه هه‌موو ئه‌و کادیره کۆنانه که جه‌ماوه‌ریان هه‌یه ئێستا بۆخۆیان به‌رپرسی حزبی دیکه‌ن و بۆخۆیان دیاره ئه‌و حزبانه توشی دابڕان بوون له‌یه‌ک بۆیه ئه‌و هێزو قودره‌ته که خۆیان پێوه‌ی ده‌نازن له‌وانه‌یه ئه‌و هێزو قودره‌ته‌ی جارانیان نه‌مابێت له نێو جه‌ماوه‌ردا و جه‌ماوه‌ریش به‌گله‌ییه لێیان.
چه‌ترپرێس: رێکه‌وتننامه‌ی نێوان کۆمه‌ڵه و دیمۆکرات چۆن ده‌بینن?
ـ دیاره من پێشتریش له‌سه‌ر ئه‌ومه‌سه‌له‌یه بۆ چه‌ند میدیاێکی کوردی لێدوانم داوه هه‌موو حزبێکی سیاسی ئه‌و مافه‌ی هه‌یه به‌پێی یاسای حزبایه‌تی له‌گه‌ڵ حزبێکی دیکه په‌یوه‌ندی دیپلۆماسی دروستبکات له چوارچێوه‌ی په‌یوه‌ندی ئه‌و دوو حزبه‌دا بێت ئه‌و هاوپه‌یمانیه په‌یوه‌ندی به‌و دوو حزبه‌وه هه‌یه ئه‌و دوو حزبه ده‌یانهه‌وێت له‌دواروژدا به‌یه‌ک لیست دابه‌زن ده‌یانهه‌وێ له‌به‌رامبه‌ر حزبی دیکه‌دا هه‌ڵوێستیان هه‌بێت ده‌یانهه‌وێ له‌به‌رامبه‌ر کۆنگره‌کانی ئێرانی فیدراڵ‌دا یه‌ک گوتاریان هه‌بێت هاوپه‌یمانی دروستده‌کرێت، به‌ڵام نه‌کرێت به‌موڵک به‌سه‌ر خه‌ڵکه‌وه ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌ی نێوان کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران و حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران هه‌ندێک خاڵی دڵخۆشکه‌ری تێدایه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه مزگێنیان به جه‌ماوه‌ری ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان داوه که جارێکی دیکه شه‌ڕی براکوژی ڕوناداته‌وه کۆتای پێهاتوه ئه‌مه خاڵێکی زۆر سه‌رکه‌وتوه له‌و هاوپه‌یمانیه‌تیه من بۆخۆم یه‌کێک له‌وخاڵانه هه‌ڵم سانگاندوه زۆر باشه دووهه‌میش ئه‌وان دوو حزبن وه‌کوو یه‌ک بیرده‌که‌نه‌وه باوه‌ڕیان به ئێرانێکی فیدراڵ هه‌یه له‌وه‌شدا زۆر باشه له‌به‌رامبه‌ر فارسه‌کان و نه‌ته‌وه‌کانی تری بنده‌ستدا یه‌ک هه‌ڵوێستبن ئه‌مه‌شیان خاڵێکی باشه به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌م هاوپه‌یمانیه‌تیه ناویبنێین له‌به‌رژه‌وه‌ندی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستاندایه من وای نابینمه‌وه، چونکه بۆ خۆشیان وایان نه‌وتوه و له‌و به‌یانامه هاوبه‌شه‌دا بڵاویانکردوه‌ته‌وه له‌و خاڵانه‌دا باسیانکردوه بۆ نمونه له ماده‌ی چواردا باسده‌که‌ن ده‌ڵێن حزبی دیکه ده‌توانێت بێته نێو هاوپه‌یمانیه‌تیه‌که، به‌ڵام خۆیان بۆ که‌سیان نه‌گێڕاوه‌ته‌وه و بانگی که‌سیان نه‌کردوه خۆیان دووقۆڵی ئه‌و کاره‌یان ئه‌نجامداوه بۆیه خۆیان ڕێگابه‌ستبون له به‌شداریکردنی حزبی دیکه‌دا، ئه‌گه‌ر ناوی بنێین به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو حزبه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ئه‌وه ڕاست نیه وه سکرتێری یه‌کێک له‌و حزبانه له تیڤی یه‌که‌ی خۆیان ڕایگه‌یاند له‌م وه‌خته‌دا هیچ حزبی دیکه ناتوانێت بێته نێو هاوپه‌یمانیه‌که‌ماندا.
چه‌ترپرێس: پێتانوانیه له‌دوای سه‌رهه‌ڵدانی به‌هاری عه‌ره‌بی سه‌رهه‌ڵدنی شۆڕش ده‌بێ له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان سه‌رچاوه‌بگرێ یان گه‌ل چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌بن له ئۆردگانشینه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان سه‌رچاوه بگرێ?
ـ بۆ دروست بوونی شۆڕش له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان دیاره شتێکه گرێدراوه به ئێران، جیاوازتره له ناوچه‌کانیتر له ئێران‌دا پێنج نه‌ته‌وه‌ی سه‌ره‌کی ده‌ژین که نه‌ته‌وه‌ی برچاو و دیارن ئه‌گه‌ر بێت‌و شۆڕشێک له‌ناوچه‌که‌دا سه‌هه‌ڵبدات ده‌بێت له هه‌موو لایانێک ده‌ست پێ‌بکات، چونکه ئه‌گه‌ر به‌ته‌نها له کوردستان سه‌رهه‌ڵبدات کاره‌ساته وه‌ک دیتمان خه‌ڵکی کوردستان به‌ئاسانی قتڵوعامکراوه له‌لایان داگیرکه‌رانی کۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه ئه‌وه‌ش به‌و واتایه نیه گه‌لی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا بێده‌نگ بوون له ئه‌وه‌ڵی شۆڕشی کۆماری ئیسلامی له ١٩٧٩ دا تا ئێستا چه‌ندین راپه‌ڕینی گرنگ له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا سه‌ری هه‌ڵداوه له ئێستادا بارودۆخی ئێران به‌جۆرێکه ئه‌گه‌ر سه‌رجه‌م حزبه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان یه‌کده‌نگ و یه‌ک هێز بچینه سه‌رناوچه‌که ناتوانین ئێمه گۆڕانکارێک له ئێران‌دا به‌ته‌نیا دروست بکه‌ین، به‌ڵام ده‌توانین به راپه‌ڕینێکی سه‌رتاسه‌ری گه‌لانی بنده‌ستی ئێران و به پشتیوانی هێزه ده‌ره‌کیه‌کانیش چ به پشتیوانی سیاسی، ئابوری یان سه‌ربازی گۆڕانکاری دروست بکه‌ین سه‌باره‌ت به ڕه‌وشی ئۆردگانشینی من تێبینی تایبه‌تی خۆم هه‌یه ئه‌ویش ره‌وشێکه بۆ حزبه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان دروستبوه له‌وانه‌یه ئه‌و ره‌وشه به ویستی هه‌ندێک حزبیش نه‌بێت، به‌ڵام بارودۆخه‌که وایه چارنیه چونه‌وه بۆ ناوخۆی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و به‌کارهێهنانی هێزی سه‌ربازی بۆ ناوچه‌که هه‌ندێک خاڵی پۆزه‌تیفی هه‌یه به‌ڵام هه‌ندێک خاڵی شکستیشی به‌دواوه‌یه که چاره‌سه‌ر ناکرێن که چاره‌سه‌ریش نه‌کرا شکستێکی گه‌وره‌ی سیاسی به‌دوای خۆیدا دێنێ.
چه‌ترپرێس: کۆمه‌ڵه و دیموکرات به‌شداری کۆنفرانسی پراگ ده‌که‌ن له‌و کۆنفرانه‌سه‌دا پرسی نه‌ته‌وه‌ی کورد په‌راوێز ده‌خرێ و زیاتر باس له ئێرانچێتی ده‌کرێت ئه‌مه چۆن ده‌نرخێنن?
ـ ئه‌توانم ئاوا بڵێم زۆر زۆر خۆشحاڵم ئاکامی کۆنفرانسی پراگ بۆ گه‌لی کورد و بۆ حزبه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش ڕونکرایه‌وه، چونکه ئێمه وه‌ک پارتی سه‌ربه‌ستی کوردستان هه‌میشه وتوومانه دانیشتن له‌گه‌ڵ ئه‌م فارسه ناسیۆنالیستانه به پێی ئه‌زمونی (35) ساڵ پێش تا ئێستا سه‌لماندویه‌تی ئه‌مانه له‌گه‌ڵ بوونی هیچ جۆره ده‌ستکه‌وتێ سیاسی ئابوری مرۆڤایه‌تی کوردا نین ته‌نها له‌توانای کورد سود وه‌رده‌گرن بۆ پڕ کردنه‌وه‌ى بۆشایی کۆبه‌نه‌وه‌کانیان و گه‌وره‌کردنی کۆبونه‌وه‌کانیان، هه‌روه‌ها له تیڤییه‌کانی کوردی رۆژهه‌ڵات تیڤی و تیشک تیڤی و هاوشێوه‌کانیان سود وه‌رده‌گرن بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی ته‌بلیغی خۆیان کام له‌م حزبانه خۆی به دۆستی کورد ده‌زانیت له حاڵێکدا له‌و کۆنفرانسه‌دا به‌ناوی کۆنفرانسی پراگ پشتی کورد به‌رده‌دات ئه‌م ئه‌زمونه ده‌رسێکه بۆ ئێمه ئیدی چیدیکه نزیکی ئه‌م فارسانه نه‌بینه‌وه ده‌بێت له‌وه زیاتر بڕوامان به قسه‌ی لوس و به‌ڵێنی ئه‌م فارسانه نه‌بێت که ده‌ڵێن ئێرانی یه‌ک نه‌ته‌وه‌یی چۆن شتی وا هه‌یه له ئێران‌دا پێنج نه‌ته‌وه‌ی تر و سه‌ره‌کی مێژووی دیاری کراو بونیان هه‌یه وه‌ک نه‌ته‌وه‌ی کورد، به‌لوچ، تورکمان، عه‌ره‌ب و ئازه‌ری هه‌یه که‌خاوه‌نی مێژوون له ناوچه‌که‌دا حاشا له بونیان ده‌کرێت فارس که (٢٠ %)ی ئێرانیش پێکناهێنێت خۆی کردوه به ئیمپراتۆری زمان و میژوو له ناوچه‌که‌دا ئێمه‌ی کوردیش هه‌موو کات به‌دوایاندا ئاغاگیان ئاغاگیان ئیدی به‌سه ده‌بێت وازبێنین له‌ئێراندا هێزێک نیه له‌داهاتودا ئێمه لێی بترسین چه‌ند جارێش ئه‌وه‌م دوپاتکردوه‌ته‌وه له‌دوای رۆخانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی‌دا هیچ دوڵه‌تێکی تری فارسی نیه له مه‌یدانه‌که‌دا بونی نابێت کورد لێی بترسێت ڕۆخاندنی کۆماری ئیسلامی به‌واتای رۆخاندنی ده‌سه‌ڵاتی فارسه‌کانه ئێمه‌ی کورد له هه‌موو بواره‌کاندا له فارسه‌کان زیاتر خاوه‌نی مێژوێکی ده‌وه‌ڵه‌مه‌ندین گه‌لی کورد به هه‌زاران شه‌هیدی داوه له ناوچه کوردیه‌کان له پێناو رزگاری ئازادی مافه ره‌واکانی گه‌لی کورد هێچ کام له نه‌ته‌وه بنده‌سته‌کانی ئێران‌دا هاوشێوه‌ی گه‌لی کورد نه‌یانتوانیوه به‌رخۆدان بکه‌ن به‌داخه‌وه ئه‌گه‌ر حزبێکی کوردی له ئه‌وروپا بانگهێشتی حزبه کوردیه‌کان ده‌که‌ن هیچکات ئاماده‌نین بڕۆن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر فارسێک ته‌له‌فۆنێکیان بۆبکات سکرتێری حزبه‌کانی ئێمه به گرانترین شێوه هۆتیل ده‌گرن بلیت ده‌بڕن و ده‌چن بۆلایان بۆ رازی کردنی دڵی فارسێک یان تیڤیێکی فارسی ئه‌وش ئاکامه‌که‌یه‌تی، به‌ڵام به‌ده‌یان جار ڕێکخراوی کوردی بانگهێشتی هێزه‌کوردیه‌کانی کردوه بێن کۆببنه‌وه، به‌ڵام هیچکات ئاماده نه‌بون، به‌ڵام جه‌ختیش له‌وه‌ده‌که‌مه‌وه ئێمه وه‌ک پارتی سه‌ربه‌ستی کوردستان هیچکات ئاماده‌نین به‌شداری له کۆبونه‌وه‌ێکی فارس‌دا بکه‌ین که خۆیان به خاوه‌نی کۆبونه‌وه‌که بزانن بۆ ئاگاداریتان زۆر جاریش فارسه‌کان بانگهێشتیان کردوین، به‌ڵام ئێمه به‌شداریمان نه‌کردوه، به‌ڵام ئێمه له‌کۆبونه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌کانی بنده‌ستی ئێران که وه‌ک ئێمه‌ی کورد ئه‌وه‌انیش خاکیان داگیرکراوه ده‌توانین دانیشین له‌سه‌ر ئه‌ساسی له‌یه‌ک تێگه‌یشتنی پێنج لایانه شه‌ش لایانه که بۆ نه‌ته‌وه‌کان هه‌یه رێز له مافه ره‌واکانی یه‌کتر بگرین دانیشتنمان کردوه و دانیشتنیش ده‌که‌ین له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه بنده‌سته‌کان نه‌ک له‌گه‌ڵ فارسه یه‌کپارچه‌خوازه‌کانی ئێران پارچه‌ی له‌تبون به ویستی گه‌له و ده‌بێت گه‌ل ئه‌و بڕیاره ده‌بێت بدات.
چه‌ترپرێس: بۆ تا ئێستا نه‌تانتوانیوه هاوشێوه‌ی حزبه‌کانی تری رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ئۆردوگاێکی فه‌رمیتان هه‌بێت بۆ په‌روه‌رده‌کردنی هێزی پێشمه‌رگه له‌به‌رامبه‌ر پارێزگاری کردنی نیشتیمان?
ـ هه‌روه‌ک باسم کرد له دامه‌زراندنی پارته‌که‌مان له ٢٠ ٠ ٦ دا به‌رده‌وام ئێمه له په‌یوه‌ندیدا بوین هاوشێوه‌ی حزبه‌کانیتری ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان که بتوانین له خاکی ڕزگارکراوی باشوری کوردستان شوێنمان هه‌بێت و کادره‌کانمان له شوێنێکدا کۆبکه‌ینه‌وه، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئاسته‌نگێکی زۆر بۆ ئێمه دروستکراوه و تائێستاش به‌رده‌وام ئه‌و ئاسته‌نگیانه ڕوبه‌ڕوی ئێمه بوه‌ته‌وه کاتێک پارته‌که‌ی ئێمه دروست بوو نه حکومه‌تی به‌عس مابوو له مه‌یدانه‌که‌دا نه هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکاش به‌شێوێکی به‌رچاو مابون ئه‌و ئاسانکاریانه که ده‌کرا بۆ حزبه سیاسیه‌کان له‌و سه‌رده‌مه‌دا ئه‌وه له‌ده‌ستی ئیمه‌دا ڕۆیشتبوو ئێمه وه‌ک پارتی سه‌ربه‌ستی کوردستان له‌سه‌رده‌مێکدا دروست بوین بۆخۆمان به هه‌وڵ و تێکۆشانی خۆمان توانیمان دوای په‌یوه‌ندێکی زۆر له‌گه‌ڵ کاربه‌ده‌ستانی باشوری کوردستان ره‌زامه‌ندی وه‌ربگرین که بتوانین یه‌ک دوو باره‌گامان هه‌بێت له باشوری کوردستان ئه‌ویش له‌سه‌ر بودجه‌ی خۆمان به‌داخه‌وه هیچ ئاسانکارێکمان بۆ نه‌کراوه، بۆیه جێی خۆیه‌تی له رێگای ئه‌م وت‌و وێژه‌وه گله‌یی خۆمان بگیه‌یه‌نینه لایانه‌کانی باشوری کوردستان که ئێمه بێجگه له کورد بون نه‌ته‌وه‌یی بوون و دڵسۆزی بۆ خاک و نیشتیمانه‌که‌مان هیچ شتێکی دیکه به‌خۆمانه‌وه شک نابه‌ین، به‌ڵام به‌داخه‌وه له باشوری کوردستان یارمه‌تی زۆر رێکخراو لایانی غه‌یره کوردیش ده‌درێت که هه‌میشه دژی کوردن و ئێستاش له‌به‌غداد و شوێنه‌کانیتردا ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه دژی کورد ده‌خوێنن، به‌ڵام به پاره و به ئیمکاناتی کورد له باشوری کوردستان ژیاون هه‌ربۆیه حه‌قی خۆیه‌تی بۆ یه‌که‌مجار لێره‌دا گله‌یی خۆم ئاراسته‌ی ده‌سه‌ڵاتی کوردی بکه‌م که ئێمه بۆ ماوه‌ی 3 ساڵه له هه‌وڵێر باره‌گامان هه‌یه په‌یوه‌ندیمان هه‌یه، به‌ڵام تائێستا هیج ئاوڕێک له ئێمه نه‌دراوه‌ته‌وه، بۆیه کاتی هاتوه گله‌یی بکه‌ین و حه‌قی خۆیه‌تی ئێمه نازانین بۆ ده‌سه‌ڵاتی باشوری کوردستان تا ئێستا وه‌ڵامی رونیان به ئێمه نه‌داوه یان بۆ واده‌که‌ن ئێمه وه‌ک پارتی سه‌ربه‌ستی کوردستان زیاتر گله‌ی مان له هه‌ولێره له‌وێ هیچ ئاسانکاریکمان بۆنه‌کراوه بۆیه ئێمه‌ش وه‌کوو حزبه‌کانیتر مافی خۆمان پاڵپشتی بکرێن بۆ راپه‌ڕاندنی کار و چالاکیه‌کانمان، هه‌ر بۆیه ئێمه له‌ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌دا له ژێره فشارێکی ئابوری‌دا له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی پارته‌که‌ماندا توانیومانه کار و چالاکیه‌کانمان راپه‌ڕێنین و هیوادارین ئاوڕێکی جیدیمان لێ بدرێته‌وه ئه‌وه‌نده له چاوه‌ڕوانیدا نه‌مێنینه‌وه.
لینکی ڕاسته‌خۆی چه‌ترپرێس .. http://www.chatrpress.com/Detail.aspx?id=10680&LinkID=7

2012-12-02 13:46:41
13 ساڵ و 2 مانگ و 13 کاتژمێر و 48 خوله‌ک ، پێش بڵاوکراه‌وه‌ته‌وه
ناوه‌رۆکی ئه‌م نووسینه ڕاو تێبینی نووسه‌ره، ماڵپه‌ڕی پ.س.ک هیچ لێی به‌رپرسیار نییه
تاگ : ده‌نگوباسه‌کان