شه‌ممه‌ 2 ره‌شه‌مه 2725

هەوڵەکانی مالکی بۆ جێگیرکردنی دەسەڵاتی خۆی، عێراق بەرەوە قەیران دەبات!

ئاریتما موحەممەدی
هەوڵەکانی مالکی بۆ جێگیرکردنی دەسەڵاتی خۆی، عێراق بەرەوە قەیران دەبات!

لایەنە جیاوازەکانی عێراق هەیەتی دەتوانێت ئاڵوگۆڕ بە سەر بیر و بۆچونەکانیاندا بهێنێت و کاریگەری ئەرێنی و پوزیتیڤ دابنێت و لە نێو بازنەی وتوێژ و گرتنە بەری ڕێگای گفتوگۆ و دیالۆگ کۆیان بکاتەوە

هەوڵەکانی مالکی بۆ جێگیرکردنی دەسەڵاتی خۆی، عێراق بەرەوە قەیران دەبات!
پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی لە سەر پێوەری ئابووریەکی بەهێز، توکمە و سەربەخۆ دادەمەزرێت و دەبێت بناغەی کەلتوری بۆ ڕێکخرابێت. ئاریتما موحەممەدی
___________________________________
ئاڵوگۆڕەکان لە عێراق بەرەو ئاقارێک دەڕۆن کە داهاتووێکی بوم و لێڵاوی چاوەڕێی ئەم وڵاتە دەکات. مام جەلال تاڵەبانی وەک کەسایەتیەکی گرینگ کە پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەهێز و جێکەوتوی لە ناوچەکە هەیە لە پاش ماوەیەک کە هەستی دەکرد لە لایەن سەرۆک وەزیری عێراقەوە بوچونە گشتیەکانی پشتگوێ خراون بڕیاری دا کە سەرۆک وەزیری عێراق سەرکۆنە بکات، بەڵام لە پاش تێپەڕبونی پتر لە مانگێک هەستی بەوە کرد کە بارودۆخەکە نالەبارە و لەوانەیە پێگەی کورد لاواز بێت ئەگەر هاتوو دژایەتی شیعە و مالکی بکرێت، هەر بۆیە لە ژێر کاریگەری ئەمریکا و ئێران و لایەنەکانی دیکە بڕیاریدا کە بگەڕێتەوە بۆ بەغدا.
مام جەلال بە کەسێکی قسە خۆش و بە ئەزمون ناسراوە کە لە ڕێگای ئەو پێوەندییە گەرمانەی کە لە گەڵ کەسایەتی و لایەنە جیاوازەکانی عێراق هەیەتی دەتوانێت ئاڵوگۆڕ بە سەر بیر و بۆچونەکانیاندا بهێنێت و کاریگەری ئەرێنی و پوزیتیڤ دابنێت و لە نێو بازنەی وتوێژ و گرتنە بەری ڕێگای گفتوگۆ و دیالۆگ کۆیان بکاتەوە
مام جەلال پێش هەموو شتێک هەوڵی ئەوەی دا کە پێوەندی لە گەڵ مالکی بگرێت، چونکو وەک سەری مارەکە چاوی لێدەکرد، بۆیە بە پێویستی زانی کە پێش هەموو شتێک لە گەڵ ئەو ڕێکەوێت و گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ناوەند و هەرێم بڕەوێنێتەوە، مام جەلال لە هەوڵەکەی سەرکەوتو بوو لە گەڵ مالکی وتوێژێ ساز کرد و دەری دیالۆگ و گفتوگۆی لە نێوان هەرێم و ناوەند کردەوە و بەشێک لە کۆسپەکانی سەر ڕێی ڕێخستنی وتوێژی نەوی کرد .
بەڵام بەداخەوە بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو لە کاتێکی هەستیار و گرینگ توشی نەخۆشی بوو، مالکیش ئەو نەخۆشکەوتنەی مام جەلالی وەک هەلێکی لە بار بۆ خۆی چاو لێدەکات، هەر بۆیە لە پێشێلکارییەکانی بەردەوامە، من پێم وایە مالکی دەیهەوێت پێش ئەوەی کە مام جەلال بگەڕێتەوە ناو گۆڕەپانی کایەی سیاسی لە عێراق چەند دەستکەوتێک بۆ خۆی و دەسەڵاتەکەی تۆمار بکات.
هەر بۆیە بەپەلە هەنگاو هەڵ دێنێتەوە و توشی هەڵە دەبێت. بەڕێزان، هەر وەک ئاگادارن کە ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق کۆمەڵە پرسێکی گرینگ، هەستیار و هۆژێنەر بەڕێوەن کە زۆربەیان لە ژێر کاریگەری و ڕێکێڤی نێگەتیڤی سەرۆک وەزیران دایە.
مالکی هەوڵی زۆری دا بۆ دژایەتی کردنی کورد لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم بۆ ئەوەی دەنگی سونە بۆ لای خۆی ڕابکێشێت، لە لایەکی دیکەشەوە دەیهەوێت کە پێگەی کەسایەتیە ناودارەکانی سونە خشەدار بکات و لاواز بن و لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق وەدەریان نێت.
مالکی دەیهەوێت تاکە ئەلتەرناتیڤی گۆڕەپانی سیاسی سونەکان بێت، هەر بەو مەبەستەش بوو کە دژایەتی هەرێمی دەکرد. هیچ کات چاوەڕێی ئەوەی نەدەکرد کە لە شارە سونەنشینەکان بە دژی مالکی خۆپیشاندان بکرێت و ڕەخنە لە سیاسەتەکانی بگرن، لە بەر ئەوە مالکی هەمو ئەو پیلانانەی بە ناوی تیرۆر و ئاسایش و بەرگیری لە وڵات دەکرد، بۆیە ئەو چاوەڕێی پشتیوانی بوو نەل ڕەخنە لێگرتن.
مالکی توانی بۆ ماوەیەکی کورت دەنگی سونە بۆ لای خۆی ڕابکێشێت لە بەر هۆکاری دژایەتی کردنی کورد لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم، بەڵام لە دژایەتی کردنی سونە پەلەی کرد، ئەو پێی وابوو کە لەم کاتەدا وەک کەسێکی دژ بە بەرژەوەندیەکانی هەرێم ناسراوە دەتوانێ لە ژێر تۆمەتی تیرۆر پێگەی چەند کەس لە سیاسیەکانی سونەش بڕۆخێنێت و خۆی وەک ئەو ئەلترناتیڤەی کە لە سەرەوە باسم کرد بمێنێتەوە و سونەش ئەو وەک تاکە لایەنێک کە دژایەتی هەرێم دەکات هەڵبژێرن و لە کاتی هەڵبژاردندا دەنگی پێبدەن.
مالکی زۆر بە هەڵە تێگەینراوە و هەوڵەکانی گومانی ئەوەی لە سەرە کە پلانەکانی ئێران جێبەجێ دەکات، هەر چەند مالکی وەک کەسایەتیەکی لاواز دەرکەوتووە و بۆ جێگیر کردنی دەسەڵاتی هەمیشەی خۆی لە عێراق هەوڵ دەدات، لەوانەیە ئەگەر مالکی لە هەوڵەکانی سەرکەوتوو نەبێت و نەتوانێ هەموو پێکهاتەکانی عێراق ڕازی بکات بۆ هەمیشە گۆڕەپانەکە چۆڵ بکات و جێگەی نەبیتەوە.
بەڵام ئەوش ئەبێ لە بەرچاو بگرین کە ئەگەر شیعەکان بە زۆرینە و تاک لایەنانە حکومەت پێک بهێنن مالکی بە هاوکاری ئێران دەورێکی کاریگەر لە نێو شیعەکان دەگێڕێت و ئیمکانی ئەوە هەیە کە دیسان دەسەڵات بە دەست بگرێت، بەڵام من پێشبینی ئەوە دەکەم کە دەسەڵاتی مالکی ئیتر وەک ئیستا نامینێت، بێگومان ئەگەر بە دەسەڵاتیش بگاتەوە.
بەڵام لە هەمبەر کوردستان و لایەنە کوردستانیەکانی هەرێم، پێم وایە کە مالکی نەرمی بنوێنێت، چونکو هەستی بەوە کردووە کە هەرێم خۆی ڕێخستووە بۆ شەڕێکی نەخوازراو بۆ بەربەرەکانێ لە گەڵ ناوەند. سپاسی عێراق ئەو توانایەشی نییە کە هەنوکە لە گەڵ هێزی پێشمەرگە بکەوێتە داوی شەڕەوە.
من پێم وایە کە هەرێم لەم کاتەدا دەبێت بێدەنگی هەڵ بژێرێت و خۆی نەخاتە نیو بازنەی سونیەکان بۆ دژایەتی کردنی شیعە. پرسی سونە و شیعە پرسێکی کۆن و دیرۆکییە هەر بۆیە ئەو پرسە زۆر ئاڵۆزە.
دژایەتی کردنی شیعە یان سونە و خۆ خستنە پاڵ یەکێ لەو لایەنە مەزهەبییانە دەتوانێ پێگەی کورد لاواز بکات و دەسکەوتەکانی کورد بەرەوە قەیرانێکی ناوچەیی ببات و لە بازنەی جوگرافیای سیاسی عێراقیش دەربچێت.
من پێم وایە کە دەسەڵاتی سیاسی کوردستان دەبێ هەموو تاکتیک و ستراتیژی و سیاسەتەکانی لە هەمبەر لایەنە عێراقییەکان لە فیلترێکی نەتەوەی بگزەرێنێ و هەموو هەوڵ و ڕیکارەکانی لە مەڕ ویست، داخوازی و بەرژەوەندی نەتەوەیی کوردستان بێت.
ئیتر کاتی ئەوە گەیشتووە کە کورد زۆر بە ڕاشکاوانە لە گەڵ نەتەوەیەکگرتووەکان ڕاو بۆچونی خۆی بخاتەگەڕ و لە هەمبەر سیاسەتی ناوەند ئاگاداریان بکاتەوە. ڕۆڵی ئەمریکا هەمیشە ڕۆڵێکی پاسیڤ و نارێک لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی کورد بووە.
من پێم وایە کە نابێت زۆر پشت بە هێزی ئەمریکا ببەستین، ئەمریکا حکومەتێکی دەوێت کە بتوانێ ئاسایشی ءێراق بپارێزێت و بەرژەوەندی ئەمریکاش لە بەرچاو بگرێت، ئیتر گرینگ نییە ئەو حکومەتە ئیسلامیەکی وەک عەرەبستان بێت یان وەک حکومەتی فاشیستی تورک کورد بچەوسێنێتەوە.
سیاسەتی ئەمریکا لە مەڕ بەرژەوەندییەکانی هەرێم ڕۆڵیکی لاواز دەگێڕێت و سیاسەتێکی گشتیان بۆ عێراق پێیە، هەرێمیش بەشێک لە نێو بازنەی سیاسی گشتی عێراق پێک دێنێت.
کۆی ئەم وتارە بە دوو بەشی گرینگ دابەش دەکەم:
لە ئەم وتارەدا هەوڵم داوە کە بە کورتی ئاماژە بە چەند تەوەرێکی پێکەوە گرێدراو بکەم کە بەبێ یەکێ لەم پرسەکان ناتوانین ئەوەی دیکەیان هەڵسەنگێنین.
١ـ هەنوکە پێم وایە کە ئیستا کاتێکی گونجاوە بۆ ئەوە کە هەرێم خوازیاری ئیمتیازی زۆرتر لە حکومەتەکەی مالکی بێت، چونکو ڕووداوەکانی ئەم چەند ساڵەی ڕابردوو ئەویان سەلماندووە کە مالکی هەر کات توشی قەیران بووە هەوڵی داوە بە ئیمتیازدان بە لایەنێک دەسەڵاتی سیاسی خۆی بپارێزێت، ئیستاش ئەو کاتەیە کە هەرێم پرسی نوێ لە گەڵ ناوەند بخاتە بەرباس و دەستکەوتی نەتەوەی زیاتر بە دەست بێنێت.
٢ـ گەورەترین خاڵی لاوازی هەرێم پرسی ئابووریە کە مالکی هەمیشە کەڵکی نابەجێی لێ وەرگرتووە و لە دژی کورد وەک گورزێکی کوشندە بە کاری هێناوە.
هەرێم دەبێت هەوڵ بدات کە ئابووری خۆی ببوژێنێتەوە و هەوڵ بۆ ئابوورییەکی سەربەخۆ بدات کە دوور بێت لە دەست تێوەردانی حکومەتی ناوەندی. هەرێم بۆ ئەوە کە ئابووری گەشە بکات دەبێت بە شێوەیەکی درووست لە گەڵ گەندەڵی بەربەرەکانێ بکات و هەروەها ڕێگای گەشەکردنی ئابووری هەرێم بە ڕێگای تێپەڕ بوون لە گەندەڵی تێپەڕ دەبێت.
پرسی ئابووری گرینگی یەکی تاییبەتی لە مێژووی هەر وڵاتێک بۆ گەیشتن بە دەستکەوتی نیشتیمانی هەیە و پێکهێنانی دەوڵەتی کوردیش لە سەر پێوەری ئابووریەکی بەهێز دادەمەزرێت نەک بە درووشم و ڕێکاری نابەجێ. سیاسی و سەرکردەکانی هەرێم ناتوانن باس لە پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی بکەن کاتێک کە ئەگەر بوجەی یەک مانگی هەرێم لە بەغدا نەدرێت، لە هەرێم موچەی فەرمانبەر و هێزەکانی ئاسایش دوا دەکەوێت و بشێوی بە شوێنیدا دێنێت، ئەمڕۆی هەرێم کاتی یەکخستنی هێزە بۆ بونیادنانی ئابوورییەکی بەهێز بۆ سبەی.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
لە نوسینی: ئاریتما موحەممەدی
ئیمائیل:[email protected]







2013-01-01 19:25:56

13 ساڵ و 1 مانگ و 8 کاتژمێر و 11 خوله‌ک ، پێش بڵاوکراه‌وه‌ته‌وه‌
ناوه‌رۆکی ئه‌م نووسینه‌ ڕاو تێبینی نووسه‌ره، ماڵپه‌ڕی پ.س.ک هیچ لێی به‌رپرسیار نییه
تاگ : ده‌نگوباسه‌کان
هه‌واڵه‌کان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان

پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان ©