ئێمە وەک پارتی سەربەستیی کوردستان ئیدانەی هەموو شێوەکانی تیرۆر، ترسی و تۆقاندن دەکەین و بە هەموو شێوەیەک دژی شەهید کردنی ئەو سێ ژنە تێکۆشەرەی کورد ڕادەوەستین
بەیاننامەی پارتی سەربەستیی کوردستان لە پێوەندی بە تیرۆری سێ ژنە سەرکردەی کورد!

بەداخەوە، ئەومڕۆ هەواڵی تیرۆری سێ ژنە سەرکردەی پارتی کرێکارانی باکوری کوردستانمان بیست، ئەوەش لە ناخی دڵەوە نارەحەتی کردین.
ئێمە وەک پارتی سەربەستیی کوردستان ئیدانەی هەموو شێوەکانی تیرۆر، ترسی و تۆقاندن دەکەین و بە هەموو شێوەیەک دژی شەهید کردنی ئەو سێ ژنە تێکۆشەرەی کورد ڕادەوەستین, و هاوپشتیوانی خۆمان بۆ داخوازییە ڕەواکانی خوشک وبراکانمان لە باکوری کوردستان دەردەبڕین. هاوکات سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی پارتی کرێکارانی کوردستان و کۆنگرەی گەل و بنەماڵەی هەر ٣ شەهید و گشت کوردستانیانی باکوری وڵات دەکەین.
ئەو تێرۆرە لە ژێر هەر ناو و ناتۆرەیەکدا بێت بە توندی ئیدانە دەکەین. دووژمنانی نەتەوەی کورد لەوە دڵنیا دەکەینەوە کە بە تیرۆر، ترس و تۆقاندن ناتوانن ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە خەبات و تێکۆشان بۆ مافەکانیان دڵساردکەنەوە.
سەدەکانی نۆزدە و بیست و بیستوو یەکەم شاهیدی دەیان کردەوەی پڕ لە تیرۆرن لە دژی نەتەوەکەمان، بەڵام ئەوەی کە ئەمڕۆ لە وڵاتێکی پێشکەوتووی وەک فەرانسە ڕویدا بە هیچ شێوەیەک جێگای قبوڵ کردن نییە، داوا لە حکومەتی فەرانسە دەکەین، هەنگاوی بەپەلە بۆ ئاشکراکردنی ئەو پلانە دژی مرۆڤایەتی بنێت، و تروریستان بە جیهان بناسێنێت، و دادگایەکی بێلایەن و سەربەخۆ بەو ئەو مەبەستە پێک بهێنێت و ئەنجامدەرانی ئەو کردەوە قێزەونە بە سزای خۆیان بگەینێت.
سەرکردایەتی پارتی سەربەستیی کوردستان. 10.01.2013