لێدوانی قادری خەندەرەش بۆ رۆژنامەی مێدیا
قادر خەندەرەش
بەڵام بە پێچەوانەوە داگیرکەرانی کوردستان هەمیشە بە فێڵ و تەڵەکەبازی و لە ژێر نێوی ئاشتی و پێکەوە ژیان زەبری زۆر گەورەیان لە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد داوە، گومان لەوەدا نییە کە داگیرکەران هەموو جارێک و لە هەرکام لە پارچەکان و لە کاتی لاوازی دا پەنایان
لێدوانی قادری خەندەرەش بۆ رۆژنامەی مێدیا

لە کەس شاراوە نی یە کە کورد لە هەر کام لە پارچەکانی کوردستان و لە پێناو وەدەست هێنانی لانی کەمی مافەکانی دا قوربانی زۆر گەورەی داوە، لە ئەوپەڕی بەهێزی خۆی و لاوازی دوژمنیش دا هەر کوردان یەکەم هەنگاوی ئاشتی نێوان کورد و داگیرکەرانیان هەڵێناتەوە، هەمیشە کورد چاوپۆشی کردووە لە زۆرینەی مافە ڕەواکانی خۆی لە پێناو سەقامگیرکردنی ئاشتی و تەبایی دا، بەڵام بە پێچەوانەوە داگیرکەرانی کوردستان هەمیشە بە فێڵ و تەڵەکەبازی و لە ژێر نێوی ئاشتی و پێکەوە ژیان زەبری زۆر گەورەیان لە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد داوە، گومان لەوەدا نی یە کە داگیرکەران هەموو جارێک و لە هەرکام لە پارچەکان و لە کاتی لاوازی دا پەنایان بۆ دانیشتن و گفتوگۆ و پەیامی ئاشتی بردووە و لەو ڕێگایەوە بزوتنەوەی کوردیان تێکشکاندووە. حاشا لەوە ناکرێت کە بزوتنەوەی کورد لە باکوور لە ئەوپەڕی بەهێزی و دەسەڵات و توانای خۆی دا کە بە تەواوی دەستی بەسەر شاخ و شار دا گرتووە پەیامی ئاشتی دەوڵەتی تەڵەکەبازی تورکی رەت نەکردۆتەوە، هەرچەندە من وەک خۆم یەکەم جاریش گومانم لەم پەیامەی دەوڵەتی تورک هەبوو وە پێموابوو کە ئەم پەیامەش یەکێکە لە تەڵەکەبازییەکانی دەوڵەت و لەم بوارەدا بابەتێکم بلاو کردەوە، بەڵام ئێستا خەریکە گومانەکان دەبن بە ڕاستی، هەرچەند پێکاکا یەکەم هەنگاوی هەڵێناوە و نیازپاکی خۆی بۆ ئاشتی دوپات کردەوە، بەڵام بەپێچەوانەوە دەوڵەتی تورک خەریکە بە فرت و فێڵ و هۆقەبازیەکانی زەبر لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد دەدات و لە بەڵێنەکانی پەشیمان دەبێتەوە! دانیشتن و گفتوگۆی ڕاستەوخۆ و بە نێوبژیوانی کەسانی بێلایەن دەسپێکی هەر ئاشتیەکە کە تورکیا خۆی لێنادات، میلیتاریزە کردنی کوردستان و هێرش بۆ سەر گەریلا و خەڵک بەردەوامە، سیاسەتی نەژادپەرەستانەی تورک و گرتن و زیندانی کردن نەوەستاوە، ئازادییەکان بەردەوام پێشێل دەکرێن و ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر گوشار دەخرێتە سەر نەتەوەکەمان لە باکوور. بە شێوەیەکی گشتی دەتوانم بڵێم پەیامی ئاشتی دەوڵەتی تورک شتێک نی یە زیاتر لە فێڵ و تەڵەکەبازی و تەنیا دەستی دەستی پێکردنی کوردە بۆ هەرچی زیاتر لاواز کردن و دڵسارد کردنەوەی ڕۆڵەکانی نەتەوەکەمان بەم بزوتنەوەیە، بۆیە جێگای خۆیەتی کە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد چاوێک بەم بارودۆخەدا بخشێنێتەوە و بە چاوی سەرانی دەوڵەتی تورک بروانێتە ئەم پەیامی ئاشتیە، بۆ ئەوەی چارەنووسی بزوتنەوەکەمان لە باکوور بە چارەنووسی شۆڕشی ئەیلوول نەچێت.
قادری خەندەرەش ٢٧ی گەلاوێژی ٢٧١٣
2013-08-27 12:02:59
12 ساڵ و 5 مانگ و 15 کاتژمێر و 29 خولهک ، پێش بڵاوکراهوهتهوه
ناوهرۆکی ئهم نووسینه ڕاو تێبینی نووسهره، ماڵپهڕی پ.س.ک هیچ لێی بهرپرسیار نییه
تاگ : ئەرشیف