سەرۆک بارزانی: پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی، لە ئەنجامی گفتوگۆوە دەبێت، نەوەک توندوتیژی
KDP.info
لە دیمانەیەکیدا لە گەڵ ئاژانسی فرانس پرێس سەرۆک بارزانی دووپاتی لەوە کردەوە کە ناکرێت پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی، لە رێگەی توندوتیژییەوە بێت و داواشی لە کوردەکانی پارچەکانی تر کردووە، کە پشت بە گفتوگۆ ببەستن لە گەڵ ئەو وڵاتانەی کە لەگەڵیاندا دەژین.
سەرۆک بارزانی: پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی، لە ئەنجامی گفتوگۆوە دەبێت، نەوەک توندوتیژی
کوردستان – KDP.info/ بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت: پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی، لە ئەنجامی گفتوگۆوە دەبێت، نەوەک توندوتیژی. لە دیمانەیەکیدا لە گەڵ ئاژانسی فرانس پرێس سەرۆک بارزانی دووپاتی لەوە کردەوە کە ناکرێت پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی، لە رێگەی توندوتیژییەوە بێت و داواشی لە کوردەکانی پارچەکانی تر کردووە، کە پشت بە گفتوگۆ ببەستن لە گەڵ ئەو وڵاتانەی کە لەگەڵیاندا دەژین. سەرۆک بارزانی راشیگەیاند کە مافێکی سروشتیی گەلی کوردە کە دەوڵەتی هەبێت، بەڵام بە دەستخستنی ئەو مافە ناکرێـت، لە رێگەی توندوتیژییەوە بێت و بەڵکو دەبێت بە شێوەیەکی سروشتی بێت و کاتی پێویستیشی پێبدرێت و گوتیشی کێشەی کورد لە هیچ کام لە پارچەکان لە رێگەی توندوتیژییەوە چارەسەر ناکرێت و رونیشیکردەوە کە ئێمە پێمان وایە کە مافی کوردە وەکو هەر کەسانێکی تر بژین و بە مافەکانمان شادبین و بەڵام سەردەمی ئێستا سەردەمی لێک تێگەیشتنە و بۆیە ئێمە هانی گفتوگۆ لە نێوان کوردان و ئەو وڵاتانەی کە کوردیان بە سەردا دابەش بووە دەدەین. لە بەشێکی دیکەی دیمانەکەیدا، سەرۆک بارزانی ئاشکرای کرد، کە کورد نایەوێت لە سەر حیسابی کەسانی تر، ئامانجەکانی بە دەستبهێنێت و بەڵکو کورد هەمیشە بەشێک بووە لە چارەسەر و بەشداری لە چارەسەری کێشەکان، نەوەک ئاڵۆزترکردنیدا کردووە. سەبارەت بە بەستنی کۆنگرەی نەتەوەییش کەوا بڕیارە لە ماوەی داهاتوو لە شاری هەولێر سازبکرێت، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گووتی: ئامانجی بنچینەیی لە کۆنگرەکەدا بریتییە لە یەکخستنی گوتاری کورد بۆ جیهان و وڵاتانی ناوچەکە و هەروەها ئەو گەلانەی کە کورد لەگەڵیاندا دەژیت و ئەوەشی خستە روو کە گوتاری کۆنگرە گوتارێکی ئاشتیانەیە و درێژکردنی دەستی هاوکاری و برایەتییە و هاوکات توێژینەوەیە لە دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیموکراسیانە و ئاشتیانە بۆ دۆزی کورد و دوورکەوتنەوە لە توندوتیژی و یەکتر قەبووڵ کردن و دووپاتیشی لەوە کردەوە کە کۆنگرە بریار دەرناکات، بەڵکو لە ستراتیژە گشتییەکان، دەکۆڵێتەوە.
2013-10-15 04:37:59
12 ساڵ و 4 مانگ و 22 کاتژمێر و 54 خولهک ، پێش بڵاوکراهوهتهوه
ناوهرۆکی ئهم نووسینه ڕاو تێبینی نووسهره، ماڵپهڕی پ.س.ک هیچ لێی بهرپرسیار نییه
تاگ : ئەرشیف