هه‌ینی 10 خاکه‌لێوه‌ 2724

هەرێمی کوردستان وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ رەفتار دەکات

روداو
هەرێمی کوردستان وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ رەفتار دەکات

لە راپۆرتێکی واشنتۆن پۆستدا هاتووە "لە کاتێکدا بەشەکانی دیکەی عێراق قەیران و توندوتیژیەکان تێیدا زیاتر بەرەو قوڵبوونەوە دەچن، بەڵام هەرێمی کوردستان بە یارمەتی هاوپەیمانێکی نەخوازراوی عێراق، کە تورکیایە، دەیەوێت بە خەونی لە مێژینەی خۆی بگات ئەویش خەونی سەربەخۆییە". -

هەرێمی کوردستان وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ رەفتار دەکات


وێنه


ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستی  ئەمریکی لە بابەتێکدا  لەبارەی پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان  و تورکیا و سەربەخۆیی  کورد نووسیویەتی، هەرێمی کوردستان لە زۆر لاوە وەکو دەوڵەتێکی یەکپارچەو سەربەخۆ رەفتار دەکات. لە راپۆرتێکی واشنتۆن پۆستدا هاتووە "لە کاتێکدا بەشەکانی دیکەی عێراق قەیران و توندوتیژیەکان تێیدا زیاتر بەرەو قوڵبوونەوە دەچن، بەڵام هەرێمی کوردستان بە یارمەتی هاوپەیمانێکی نەخوازراوی عێراق، کە تورکیایە، دەیەوێت بە خەونی لە مێژینەی خۆی بگات ئەویش خەونی سەربەخۆییە".  واشنتۆن پۆست هەروەها نووسیویەتی" کوردستان وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ رەفتاردەکات و بەرپرسانی ئەو هەرێمەش هەموو خزمەتگوزارییەکیان بۆ خەڵک دابین کردووە، هاوکات خاوەنی  هێزی  تایبەت بەخۆیانن بۆ پاراستنی ناوچە سنووریەکانیان لەگەڵ باکووری عێراق". "لە هەرێمی کوردستاندا لەسەر زۆربەی دامودەزگا حکومییەکان ئاڵای کورد هەڵکراوە، نەک  ئاڵای عێراق و بەشی زۆری چینی گەنجی هەرێمی کوردستان  فێری عەرەبی نەبوون و تەنیا بە کوردی قسە دەکەن، لەگەل ئەوەش هەرێمی کوردستان بەتوندی بەستراوەتەوە بە بەغدا،  چونکە  بەشی زۆری بوودجەی  ئەو هەرێمە پشت دەبەستێت بە داهاتی عێراق، بەڵام رەنگە ئەمە بەم زووانە کۆتایی پێبێت".  لەبارەی پەیوەندییە وزەییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا ، ئەو رۆژنامەیە نووسیویەتی " بە چاوپۆشینی ئەو دوژمنایەتییەی چەندین ساڵ لەنێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا هەبوو ، ئێستا هەردوولا رێکەوتنی ئابووری و وزەییان لە نێواندا هەیەو بەهۆی ئەو پەیوەندییەش هەرێمی کوردستان لەرووی ئابوورییەوە سەربەخۆ دەبێت، چونکە دەبێتە خاوەنی هەموو داهاتی نەوتی هەناردەکراو، بەمزووانەش بۆری نەوتی خۆی لەگەڵ تورکیا دەخاتە کار'. لەبارەی بەراوردی رەوشی ئەمنی نێوان عێراق  و هەرێمی کوردستان، واشنتۆن پۆست نووسیویەتی، لەساڵی  2013 زیاتر لە 5500 کەس لە عێراق بەهۆی توندوتیژییەکان کوژراون، بەڵام  هەرێمی کوردستان بە سەلامەتی  ماوەتەوە، بە چاوپۆشین لەو هێرشەی کە مانگی سێپتێمبەری ئەمساڵ کرایە سەر بارەگای ئاسایش لە هەولێر، سەرکردە کوردییەکان بەردەوام هەوڵی  ئەوە دەدەن، کە نیگەرانی عێراق و ئەمریکا کەمبکەنەوە  بەوەی، کە هەرچەند ناوچەی خۆڕێبەری خۆیان بەهێزتر بکەن، بەڵام پلانی ئەوەیان نییە لە عێراق جیاببنەوە".  رۆژنامەکە لەزاری بەرپرسێکی کوردی،  کە نەیویستووە  ناوەکەی ئاشکرا بکرێت ،گواستویەتیەوە " سەربەخۆیی ئامانج و هیوای  دڵی هەموو  کوردێکە" ئەو بەرپرسە دەشڵێت "پێویستە ستراتیژی بین لەو بابەتە".   بە گویئرەی راپۆرتەکە، لەو جیاوازیەی کە لە پەیوەندی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان لە ئێستا و رابردوو روویداوە ئەوەیە، "پێشتر تورکیا بەهەموو شێوەیەک  دژی دروستکردنی هەرێمێکی کوردی بوو  لە عێراق، بە بیانووی  هەڵسانەوەی کورد لە وڵاتەکەی، بەڵام ئێستا رەنگە تورکیا ببێتە کلیلی بەدیهێنەری خەونەکانی کورد -


ئەم بابەتە لە ماڵپەری روداو وەرگیراوە


 


 http://rudaw.net/sorani/kurdistan/0911201315#sthash.tdAyAffn.dpuf
2013-11-10 00:18:31

10 ساڵ و 4 مانگ و 11 کاتژمێر و 46 خوله‌ک ، پێش بڵاوکراه‌وه‌ته‌وه‌
ناوه‌رۆکی ئه‌م نووسینه‌ ڕاو تێبینی نووسه‌ره، ماڵپه‌ڕی پ.س.ک هیچ لێی به‌رپرسیار نییه
تاگ : ده‌نگوباسه‌کان
هه‌واڵه‌کان
ناوەندی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی سەربەستیی کوردستان
عارف باوەجانی
ناوەندی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی سەربەستیی کوردستان
عارف باوه‌جانی
بەیاننامەی هاوبەشی ٣ پارتی کوردستانی
پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان
کاناڵی ئەلیوم

پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان ©