بۆ ڕای گشتی کوردستانیانی بەڕێز
بە مەبەستی پشتیوانی لە ڕاگەیاندنی خۆبەریوەبەری کاتیی رۆژاوای کوردستان ڕۆژی هەینی ٢٢/١١/٢٠ ١٣ و لەسەر داوەتی کۆمیتەی ڕێکخستنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە وڵاتی نۆروێژ، کۆمیتەی پارتی سەربەستیی کوردستانیش لەو وڵاتە وەک پیشەی هەمیشەیی و بە هەستکردن بەو بەرپرسیارێتی یە مێژویی و نەتەوەیەی کەوتۆتە سەرشانیØ› لەو کۆبوونەوەیە دا کە زۆر لایەنی کوردستانیش لە هەر چوار پارچەی کوردستان تێیدا ئامادە بوون بەشداری کرد.
دیارە باسەکانی ئەو کۆبوونەوەیە زیاتر بۆ تاوتۆێکردنی وەزعی سیاسی ڕۆژئاوای کوردستان و لە هەمان کاتیشدا پشتیوانیکردن لەو ئەزموونە نوێیەی ڕۆژاوای کوردستان و پێداچوونەوە بە کەموکوڕی و خاڵە لاوازەکان بوو.
پێویستە ئەوە بڵێین و دووبارەی بکەینەوە کە ئیـمە وەک پارتی سەربەستیی کوردستان وێڕای ئەوەی خۆمان بە پشتیوانی هەرکام لە پارچەکانی کوردستان و هەر دەسکەوتێک دەزانین کە وەدەست هاتوون یان لە داهاتوو دا دەکەونە دەست، بەڵام هەر لەوکاتەش و وەک لەو کۆبوونەوەیەشدا ئەوەمان دووبارە کردۆتەوە کە ئێمە وەک پارتی سەربەستیی کوردستان تێبینی خۆمان لەسەر ئەو حکومەتە کاتی یە هەیە کە لە ڕۆژاوای کوردستان ڕاگەیەندراوە و پێمانوایە کە زۆرینەی لایەنەکانی ئەو بەشەی کوردستان پەراوێز خراون.
دیارە وەک لە کۆبوونەوەکەشدا ئاماژەی پێکرا، بڕیار درا کە بەیاننامەیەک ئامادە و بڵاو بکرێتەوە و لە بەیاننامەکەشدا وێڕای پشتیوانی دەربڕینی ئەو لایەنە سیاسیانە لەو ئەزمونەی رۆژاوای کوردستان، ئاماژە بە پەراوێز خستنی ئەو لایەنانەش بکرێت کە زۆرینەن و لە هەمانکاتیشدا پشت گوێ خراون، هەرچەند ڕەشنووسی یان کورتەی بەیاننامەکە بۆ بەشداران خوێندرایەوە، بەڵام بەداخەوە دەقی بەیاننامەکە کە دەبوو دەربڕی سەرجەم بۆجوونەکان بوایە،جگە لە کورتە ئاماژەیەکی بە پارێز کە ڕەنگە دەربڕی بیر و بۆچوونی گشت لایەنەکان نەبێت، هیچ ئیشارەیەکی بە دەقی تێبینییەکانی کۆمیتەی پارتی سەربەستیی کوردستان نەکردووە و بە شێوەیەکی ڕاشکاوانە پەنجەی بۆ خاڵە لاواز و کەموکوڕیەکان درێژ نەکردووە، هەربۆیە ئێمە لێرە و لەم ڕاگەیندراوە دا بۆ ڕای گشتیی کوردستانی ڕادەگەیەنین کە ئیمە وەک کۆمیتەی نۆروێژی پارتی سەربەستیی کوردستان، بە مافی خۆمانی دەزانین کە گلەیی لە دۆستانمان بکەین لە نوسین و پوختە کردن و بڵاو کردنەوەی ئەو بەیاننامەیەدا.
ئێمە وەک کۆمیتەی پارتی سەربەستیی کوردستان و لایەنێکی بەشدار لەو کۆبوونەوەیە وێڕای پشتیوانی کردنی دووبارەی خۆمان لەو ئەزموونە بەنرخەی کە ئەمڕۆ لە ڕۆژاوا هاتۆتە دەست، داوا لە لایەنە دەسەڵاتدار و بەرپرسەکانی ڕۆژاوا دەکەین کە سیاسەتێکی نەرمتر بەرانبەر بە لایەنە پەراوێز خراوەکان بگرنە پێش لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندی یە گشتی یەکانی نەتەوەی کورد لەو بەشەی کوردستان.
لە کۆتاییشدا وێرای پشتیوانی دووبارەمان بۆ ئەم ئەزموونە پڕ بایەخەی کە هاتۆتە دەست، هیوادارین کە حکومەتی کاتیی ڕۆژاوای کوردستان بە ئەزمون وەرگرتن لە ٢ دەیە خۆبەڕیوەبەری باشوور و چاولێکەری لەو پارچەیەی کوردستان، بە سینگێکی فراوان و دڵێکی کراوە پێشوازی لە سەرجەم لایەنەکانی پەراویزخراو بکات و دەستی هاوکاری و هاوهەڵوێستی بخەنە ناو دەستی یەکتر لە پێناو بەرژەوەندی گشتیی نەتەوەکەمان لە ڕۆژاوای کوردستان.
بە سوپاسەوە
کۆمیتەی نۆروێژی
پارتی سەربەستیی کوردستان
٢٣/١١/٢٠ ١٣ ئۆسڵۆ