سێ وڵات بەرەو سەربەخۆبوون، یونس حهمهد - ئۆسلۆ
یونس حەمەد ئۆسڵۆ
هەنگاو بۆ سەربەخۆیی دەنێن و مێژوویەکی نوێ بۆ خۆیان تۆمار دەکەن. لەم چەند ساڵەی دواییدا و بە ئاشکرا چاوەکانی سیاسەتمەداران و چاودێرانی سیاسی و میدیاکانیش بۆ سێ وڵات دەچن، ئەو وڵاتانە زەمانێک زامی ژێردەستەییان بینیوە وەک کوردستان کە ئەوە نزیکەی چارەکە سەدەیەکە نیمچە سەربەخۆیی
سێ وڵات بەرەو سەربەخۆبوون، یونس حه مه د - ئۆسلۆ
ئەگەر بە وردی سەیری ڕەوش و باردودۆخی ئێستای جیهان بکەین، ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە ڕووداوەکان زۆر بە خێرایی تێدەپەڕن بە تایبەتی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کیشوەری ئەورووپادا، ئەم دوو شوێنەی دونیا هەر لەگەڵ بوونی مرۆڤایەتی لەسەر زەوی گرنگیی خۆیان هەبووە، جا لێرەدا زۆرێک گەل و نەتەوە بێبەش بوون لە ناساندنی خۆیان بە جیهان و داگیرکردنیان لە لایەن وڵاتانەوە لە پێشەوەی هەموویانەوە کوردستان، ڕەوش و بارودۆخەکەی ئێستا ئەوەمان دەخاتە بەرچاو کە مێژوو ئەمجارەیان بە پێچەوانەوە خۆی دووبارە دەکاتەوە، چونکە ئەو وڵاتانەی پێشتر ژێردەست بوون، هەنگاو بۆ سەربەخۆیی دەنێن و مێژوویەکی نوێ بۆ خۆیان تۆمار دەکەن. لەم چەند ساڵەی دواییدا و بە ئاشکرا چاوەکانی سیاسەتمەداران و چاودێرانی سیاسی و میدیاکانیش بۆ سێ وڵات دەچن، ئەو وڵاتانە زەمانێک زامی ژێردەستەییان بینیوە وەک کوردستان کە ئەوە نزیکەی چارەکە سەدەیەکە نیمچە سەربەخۆیی بە خۆیەوە دیتووە و سکۆتلاندا کە وڵاتێکی ئۆتۆنۆمیی سەربەخۆیە و سەر بە پاشانیشی بەریتانیایە و کاتالۆنیا هەرێمێکی تا ڕادەیەک سەربەخۆیە، لەسەر ئاستی سیاسی و میللی ئەو سێ وڵاتە بە ئاشکرا داخوازیی سەربەخۆیی دەکەن و ئەگەرچی جار جار هەندێک کۆسپ دێنە ئاراوە بە تایبەتی لەلایەن ئەو وڵاتانەی سەر بەوانن وەک عێراق و بەریتانیا و ئیسپانیا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەنگاوەکان بەرەو ئاسۆیەکی گەشتر دەچنە پێشەوە. سەبارەت بە کورد هەرچەندە لە سەرەتای نەوەدەکانەوە نیمچە سەربەخۆیی خۆی هەیە، بەڵام لە ڕووی کرانەوەی سیاسی و دیپلۆماسی و ئۆکۆنۆمی ڕوونتر دوای 2003 سەنگێکی قورسی پەیدا کرد و مامەڵەی لەگەڵ وڵاتانیش زیاتر پەرەی سەند و لایەنی کوردی توانی لە ڕووی بەڕێوەبردن و بوونی ئارامی و ئاسایش هەنگاوی باش بهاوێژێت و لەم سۆنگەیەوە متمانەیەکی زۆری لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پەیدا کرد و قورسایی و بەها و سەنگی خۆی ڕاگرت و لێرەدا بە ئاشکرا و بێ دوودڵی خاوەنی زۆرترین جەماوەر لەم وڵاتەدا کە پارتی دیمۆکراتی کوردستانە، لە زۆر بۆنەدا باس لە مافی چارەی خۆنووسین دەکات و لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنە گشتییەکانی کوردستانیشدا کە لە سێپتەمبەری ڕابردوودا ئەنجام درا، ئەم پرسە بۆ جەماوەر زیاتر ورووژێنرا، بە واتایەکی دیکە لایەنی سەربەخۆخواز توانی زۆرینەی دەنگەکان بەدەست بێنێت. سکۆتلاندا ئۆتۆنۆمییەکی سەربەخۆی هەیە و هەرچەندە ئەو سەربەخۆییە مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە، بەڵام هەمیشە سکۆتلاندییەکان هەوڵی سەربەخۆیی یەکجارەکی لە بەریتانیای مەزن دەدەن و وەک ئەوەی سەرۆکوەزیرانی سکۆتلاندا لە بەهاری ڕابردوودا ئاماژەی پێکرد بەوەی سکۆتلاندییەکان بەڵێ بۆ سەربەخۆیی دەدەن لەو ڕاپرسییەی کە بڕیارە لە 18-9-2014 ئەنجام بدرێت و سەربەخۆخوازانیش لە هەڵبژاردنە گشتییەکان زۆرینەی دەنگەکانیان بە دەست هێنا.کاتالۆنیای ئیسپانیش هاوشێوەی کوردستان و سکۆتلاندا خوازیاری سەربەخۆییە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2012 پارتەکانی خوازیاری سەربەخۆیی توانییان زۆرینەی دەنگەکانی پەرلەمان بەدەست بێنن و لە کۆی 135 دەنگ، 85 دەنگ لەگەڵ مافی چارەی خۆنووسین بوون بۆ کاتالۆنیا، بەمەش ئەوە دەردەکەوێت کە لەنێو کاتالۆنییەکاندا ئومێدی مافی چارەی خۆنووسین و سەربەخۆیی وڵات زۆرتر بووە. بۆ ئەوەی بە ڕوونی تیشکێک بخەینە سەر ئەو بابەتە گرنگ و هەستیارە، دەبینین پارتە خاوەن جەماوەرەکانی ئەم سێ هەرێمە نیمچە سەربەخۆیە،ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بە هۆی داواکردنی سەربەخۆیی جەماوەریان زیاد دەبێت و پشتگیریی زیاتریان لێ دەکرێت، ئەوەی گرنگیشە بگوترێت، ئاخۆ لە ئایندەیەکی نزیکدا هەولێر و بەرشلۆنە و ئەدنبڕە وەک سێ پایتەختی تازەی جیهانی دەنگی سەربەخۆیی لێ بەرز دەبێتەوە و سێ دەوڵەتی تر دادەمەزرێت? ئەم وتارە لە ماڵپەری ڕۆژنامەی هەولێر وەرگیراوە
2013-12-09 13:39:33
12 ساڵ و 2 مانگ و 13 کاتژمێر و 51 خولهک ، پێش بڵاوکراهوهتهوه
ناوهرۆکی ئهم نووسینه ڕاو تێبینی نووسهره، ماڵپهڕی پ.س.ک هیچ لێی بهرپرسیار نییه
تاگ : سیاسی