دکتۆر مەهاتیر محەممەد، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری مالیزیاو سیاسەتمەداری ناسراوی جیهانی ئیسلامی، لەکاتی پێشوازیکردنی خوێندکارێکی کورد کە لەو وڵاتە بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر دەخوێنێ گوتوویەتی "کورد مافی دەوڵەتی خۆیان هەیە". بڕوایشی وایە کورد چانسی زیاترە لە عێراق بۆ پێشکەوتن
مەهاتیر محەممەد: کورد مافی خۆیانە دەوڵەتیان هەبێ

رووداو - مالیزیا
سەرۆک وەزیرانی پێشووتری مالیزیا دروستکردنی دەوڵەتی کوردی بە مافی رەوای نەتەوەی کورد دەزانێ. هاوکات پێشیوایە لەکاتی دابەشکردنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەوڵەتانی رۆژئاوا "گەورەترین هەڵە"یان کردووە، کە کوردیان لەو مافە بێبەشکردووە.
دکتۆر مەهاتیر محەممەد، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری مالیزیاو سیاسەتمەداری ناسراوی جیهانی ئیسلامی، لەکاتی پێشوازیکردنی خوێندکارێکی کورد کە لەو وڵاتە بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر دەخوێنێ گوتوویەتی "کورد مافی دەوڵەتی خۆیان هەیە". بڕوایشی وایە کورد چانسی زیاترە لە عێراق بۆ پێشکەوتن.
دکتۆر مەهاتیر محەممەد کە 22 ساڵ سەرۆک وەزیرانی مالیزیا بووە و بە باوکی مالیزیای مۆدێرن دادەنرێ، گوتیشی: "کوردستان لە بەشەکانی دیکەی عێراق سەقامگیرترە، لەبەرئەوە چانسی کورد بۆ پێشکەوتن زیاترە".
دکتۆر مەهاتیر محەمەد، کە لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا بە رەخنەگرێکی سەرسەختی سیاسەتەکانی ئەمریکا و ئەوروپا دادەنرێت، دەشڵێ: "گەورەترین هەڵەی رۆژئاوا ئەوە بوو کە ئەو کاتەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان دابەشکرد، کوردستانیان نەدا بە کوردەکان و دەوڵەتێکیان بۆ کوردەکان دروست نەکرد".
ئێستا پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی لە زۆر رۆژنامەو ناوەندە ئەکادیمییەکانی جیهان باسی لێوەدەکرێ، کە هەندێک دژی دەوەستن و هەندێکیش پاڵپشتی دەکەن. یەشار یاکیش، کە یەکێکە لە دامەزرێنەرانی پارتی داد و گەشەپێدان AKP و یەکەم وەزیری دەرەوەی تورکیا بووە، گوتی "میلـلەتێکی گەورەی وەک کورد خەیاڵی دامەزراندنی دەوڵەتی خۆیان هەیە، ئەم خەیاڵەش رەوایە، پێویستە دانی پێدان بنێین، بەڵام بەدیهاتنی ئەم خەونە بەستراوەتەوە بە هەوڵەکان".
یاکیش ئاماژە بەوە دەکات "لە عێراق هەرێمی کوردستان درووستبووە، لە سووریاش ئەو قۆناخەی پێیگەیشتوون بە ئاسانی دەستبەرداری نابن، ئەگەر بێت و رژێمی بەشار ئەسەد سەرکەوتووش بێت، ناتوانێ لەوەی ئێستا هەیە زیاتر بەسەر کوردەکان بسەپێنێ".
هەروەها پیتەر لیوکیمسۆن، نووسەر و رۆژنامەنووسی ئیسرائیلی، لە وتارێکدا باس لە بەهێزبوونی پێگەی کورد دەکات لە ناوچەکەو پێیوایە خەونی گەلی کورد بۆ دروستکردنی دەوڵەتی کوردی لە باشووری کوردستان نزیکە.
ئەو نووسەرە رەخنە لەوە دەگرێت، کە لایەنە کوردییەکان زۆبەی جار یەکدەنگ نین و پێیشیوایە پارتەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان هەریەکەو بەشێوەیەکی جیاواز بیر لە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی دەکەنەوە، شکستهێنانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردیش بە نموونە دەهێنێتەوە.
لە ماڵپەری rudaw.net وەرگیراوە