سه‌رۆک بوش: بڕیاری شتێک ناده‌م دژ به‌به‌رژه‌وه‌ندیتان بێت و ده‌توانن پشت به‌من ببه‌ستن
PUKmedia.
سه‌رۆکی ئه‌مریکا له‌کۆتاییدا گوتی: ده‌توانن پشت به‌من ببه‌ستن وه‌ک دۆستێکتان و ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شکرد که هه‌ڵوێسته‌کانی به‌رامبه‌ر به‌عیراق نه‌گۆڕاون و پاشه‌کشه له‌ئامانجدا نییه که خۆی له‌کارکردن له‌پێناو عیراقێکی فیدرالی دیموکرات‌دا ده‌بینێته‌وه.
09:50 14/12/2006
PUKmedia
به‌ڕێزان مام جه‌لال سه‌رۆک کۆماری عیراق و جۆرج W بوش سه‌رۆکی ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا مه‌سه‌له‌ی پێداچوونه‌وه‌ی به‌رده‌وامی سیاسه‌تی ئه‌مریکایان به‌رامبه‌ر به‌عیراق تاووتوێکرد.
ئه‌و تاووتوێکردنه له‌میانی په‌یوه‌ندییه‌کی ته‌له‌فۆنیدا هات که سه‌رۆک تاڵه‌بانی ئێواره‌ی دوێنێ 13/12 له‌لایه‌ن سه‌رۆک بوش-ه‌وه پێی گه‌یشت.
سه‌رۆکی ئه‌مریکا جه‌ختیکرده‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که سه‌رۆکی ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کان خۆی خاوه‌نی بڕیاره‌و گوتی: من بڕیاری شتێک ناده‌م که دژ به به‌رژه‌وه‌ندیتان بێت، هه‌روه‌ها سه‌رۆک بوش بڕوای ته‌واوی خۆی نیشاندا به‌سه‌رکردایه‌تیی سه‌رۆک تاڵه‌بانی و پشتگیریکردنی له‌و هه‌وڵانه‌ی که بۆ هێنانه‌دی ئاشتبوونه‌وه‌ی نیشتمانیی ده‌یاندات، به‌شێوه‌یه‌کی تایبه‌تیش پشتیوانیی بیرۆکه‌ی پێکهێنانی به‌ره‌یه‌کی کرد بۆ هێزه میانڕه‌وه‌کان و گوتی: دامه‌زراندنی ئه‌و به‌ره‌یه په‌راوێزخستنی توندڕه‌وه‌کان ده‌بێت.
سه‌رۆکی ئه‌مریکا له‌کۆتاییدا گوتی: ده‌توانن پشت به‌من ببه‌ستن وه‌ک دۆستێکتان و ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شکرد که هه‌ڵوێسته‌کانی به‌رامبه‌ر به‌عیراق نه‌گۆڕاون و پاشه‌کشه له‌ئامانجدا نییه که خۆی له‌کارکردن له‌پێناو عیراقێکی فیدرالی دیموکرات‌دا ده‌بینێته‌وه.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه سه‌رۆک تاڵه‌بانی سه‌رله‌نوێ سوپاسگوزاریی بۆ ئه‌و رۆڵه‌ی سه‌رۆک بوش له‌ئازادکردنی عیراقدا گێڕاویه‌تی، ده‌ربڕی و گوتی: ئێمه به‌ره‌وپێشه‌وه‌ده‌چین رووه‌و پێکهێنانی به‌ره‌ی هێزه میانڕه‌وه‌کان و به‌ستنی کۆنگره‌ی هێزه سیاسییه‌کان له‌چوارچێوه‌ی پرۆژه‌ی ئاشتبوونه‌وه‌ی نیشتمانییدا که به‌شداریکردنێکی راسته‌قینه له‌حوکمدا بۆ هه‌موو پێکهاته‌کانی گه‌لی عیراق زامنده‌کات.
سه‌رۆک تاڵه‌بانی هه‌روه‌ها گوتی: سه‌رۆکایه‌تیی کۆمار به‌توندیی پشتگیریی هه‌وڵه‌کانی حکومه‌ت و نوری مالکی سه‌رۆکی ده‌کات و پێکه‌وه کارده‌که‌ن له‌پێناو جێبه‌جێکردنی نه‌خشه‌ی ئاسایشی به‌غداو گرتنه‌به‌ری رێوشوێنه‌کان له‌دژی هه‌رکه‌سێک که پابه‌ندی یاساکان نه‌بێت.
سه‌رۆک تاڵه‌بانی له‌کۆتاییدا گه‌شبینیی خۆی ده‌ربڕی به‌هێنانه‌دی پێشکه‌وتنێکی گرنگ له‌چه‌ند هه‌فته‌و مانگی داهاتوودا به‌هاوکاریی ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکاو سه‌رۆکه‌که‌ی.
هه‌ر ئێواره‌ی دوێنێ له‌به‌غدا به‌ڕێز مام جه‌لال به‌ئاماده‌بوونی به‌ڕێزان مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان و نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و زاڵمای خه‌لیلزاد باڵیۆزی ئه‌مریکا له‌عیراق و چه‌ند وه‌زیرو لێپرسراوێکی حکومه‌تی عیراق پێشوازیی له‌وه‌فدێکی کۆنگرێسی ئه‌مریکا کرد که نوێنه‌رایه‌تیی هه‌ردوو حزبی کۆماریی و دیموکراتییان ده‌کرد به‌سه‌رۆکایه‌تیی کۆنگرێسمان جۆن ماکین و ئه‌ندامێتی جۆزێف لیبرمان و چه‌ند کۆنگرێسمانێکی دیکه.
له‌دیدارێکدا باس له‌بارودۆخی ئه‌مڕۆی عیراق و پرۆسه‌ی ئاشتبوونه‌وه‌ی نیشتمانیی و ئاسایشی عیراق کراو جه‌خت له‌سه‌ر ره‌وشی ئه‌منیی به‌غدا کرایه‌وه.
هه‌ر له‌دیداره‌که‌دا بیروڕا له‌باره‌ی سیاسه‌تی داهاتوو و گۆڕانکارییه چاوه‌ڕوانکراوه‌کانی ئه‌مریکا به‌رامبه‌ر به‌عیراق ئاڵوگۆڕکران .
2006-12-14 09:47:10
19 ساڵ و 2 مانگ و 17 کاتژمێر و 44 خوله‌ک ، پێش بڵاوکراه‌وه‌ته‌وه
ناوه‌رۆکی ئه‌م نووسینه ڕاو تێبینی نووسه‌ره، ماڵپه‌ڕی پ.س.ک هیچ لێی به‌رپرسیار نییه
تاگ : ده‌نگوباسه‌کان