سەرکردایەتی پارتی سەربەستیی کوردستان بە پێویستی دەزانێت کە لەو ساڵیادە و بەم بۆنەوە سڵاوی گەرمی خۆی بنێرێت بۆ ڕۆحی پاکی شەهیدانی شاری هەڵەبجە, و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ئازادی و ڕزگاری کوردستان, و سەری ڕێز و حورمەت بەرانبەر بە گەورەیی و موقەدەستی شەهیدانی کوردستان دابنوێنێت
راگەیەندراوی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی سەربەستیی کوردستان بەبۆنەی یادی ٢٦ ساڵەی هەڵەبجە، و پیرۆزبایی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە.

نەتەوەی وڵات داگیرکراوی کورد!
بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی ڕێگای ئازادی!
لاوانی ناسیۆنالیست و جیاوازیخوازی کوردستان!
ئەوڕۆ ١٦ی مارس٢٦مین ساڵیادی کارەساتی کیمیابارانی شاری سیمبولی ناساندی گەلی کورد هەڵەبجەیە.
لە ١٦ی مارسی ١٩٨٨ و بە بەر چاوی دونیای ئازاد و دێمۆکرات و پارێزەرانی مافەکانی مرۆڤەوەØ› فرۆکە بۆمب هاوێژەکانی ڕێژیمی ئەوسای ئێڕاق شاری هەڵەبجەیان بە چەکی قەدەغەکراوی کیمیایی بۆمباران کرد و زیاد لە ٥٠ ٠ ٠ کەس لە خەڵکی بێتاوانی ئەو شارەیان شەهید کرد، و هەزاران کەسی دیکەشیان بریندار کرد کە بەردەوام لەو بریندارانە بە هۆی توندی برینەکەیان ماڵئاواییمان لیدەکەن.
دوای ٢٦ ساڵ هێشتاش کاریگەری ئەو گازە لەسەر خەڵک و ئاو و خاکی ئەو شارە هەر ماوە و بەردەوام هەڕەشە لە گیانی دانیشتوانی ئەو دەڤەرە دەکات.
سەرکردایەتی پارتی سەربەستیی کوردستان بە پێویستی دەزانێت کە لەو ساڵیادە و بەم بۆنەوە سڵاوی گەرمی خۆی بنێرێت بۆ ڕۆحی پاکی شەهیدانی شاری هەڵەبجە, و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ئازادی و ڕزگاری کوردستان, و سەری ڕێز و حورمەت بەرانبەر بە گەورەیی و موقەدەستی شەهیدانی کوردستان دابنوێنێت.
گومانی تێدانییە کە ڕێژیمی داگیرکەری ئەوسای ئێڕاق لە ماوەی زیاد لە سێ دەیە دەسەڵاتی ڕەشی خۆی دا سەدان و بگرە هەزاران تاوانی دڕندانەی ئەوتۆی ئەنجام داوە کە پێنووس شەرم لە نوسینی دەکات، کیمیا باران و ئەنفال، کۆمەڵکوژی و پەت و سێدارە، زیندەبەچاڵ کردن و دەستدرێژی جنسی، سوتاندنی ڕەز و باخ و بێستانەکان، کوێر کردنەوەی کانیاوەکان و سوتاندن و بڕینی دارستانەکان و بە عەرەب کردنی کوردستان بەشێکی کەمن لەم تاوانانەی کە ڕێژیمی داگیرکەری ئێڕاق بە دژی وڵات و نەتەوەی کوردان پەیڕەوی کردوون، ڕێژیمی ئێڕاق دەستی لە هیچ جۆرە تاوانێک نەپاراستووە و سڵی لە هیچ کارێکی ناڕەوا و نامرۆڤانە نەکردۆتەوە لە پێناو تواندنەوە و سڕینەوەی زمان و فەرهەنگ و داب و نەریتی کورداندا. بەڵام نەک نەیتوانی نەتەوەکەمان لەنێو بەرێت و چۆک بە چیا سەرکەشەکانی کوردستان دابدات. بەڵکوو نەتەوەی کورد هەر بە سەربەرزی و کوردستانیش هەر بە ئاوەدانی ماوەتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە بڕیاردەران و حاکمانی ڕێژیمی داگیرکەر بە دژی شاری هەڵەبجە، لە دادگای ئاشکرا حوکمیان لە سەردرا و لە سێدارەدران. جگە لە ڕوو ڕەشی وشەرمەزار بوون بەرانبەر بە مێژوو هیچی دیکەیان بە نسیب نەبوو.
لە ٣ رۆژ پێش یادی ٢٦ ساڵەی کارە ساتی هەڵەبەجەدا، بە خۆشییوە بریاری بە پارێزگابوونی ئەو شارە لە لایەن سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە واژۆی لە سەر کرا. ئەم هەنگاوەش وەک یەکێک لە داواکارییەکانی شاری هەڵەبجە چووە چوارجیوەی کردارەوە و بۆ ماوی چەند رۆژە شادی و خۆشی خستووەتە دڵی خەڵکی هەڵبجەوە، یادی ئەمساڵی لێکردن بە یادێکی خۆش و دوور لە یادەکانی جاران.
وەک ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی سەربەستیی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی لە خەڵکی شەهید پەروەر و شاری برینداری هەڵەبجە دەکەین، و هەردەم هیوای دڵخۆشی و شادمانییان بۆ بە ئاوات دەخوازین. هیوادارین کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام کاری گرنگ بۆ ئەو پارێزگایە جێبەجێ بکات، بۆ ئەوەی ببێتە شارێکی سیمبولیکی تایبەت و سەرنجڕاکێش، کە هاوتای شارە مێژووی و پر کارەساتەکانی وەک ناکازاکی و هێرۆشیما بێت.
سڵاو لە ڕۆحی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری نەتەوەی کورد
ئازاد و ئاوەدان و یەکگرتوو بێت کوردستان