هه‌ینی 10 خاکه‌لێوه‌ 2724

ئایا کورد ئێرنییە? نووسینی سۆران حەمە ڕەش

سۆران حەمە ڕەش
ئایا کورد ئێرنییە? نووسینی سۆران حەمە ڕەش

من لای خۆمەوە دەستەواژەی "ئێران" بە "دەستەواژەی داگیکردن" لە قەڵەم دەدەم و بۆ کورد و پێم وایە جیاوازی لە نێوان "عوسمانی" و "ئێرانی" دا نیە و گەر کورد بە ئێرانی لە قەڵەم بدرێت ئەوا دەبێت بە عوسمانیش لە قەڵەم بدرێت.

ئا یا کورد ئێرانیە?

صورة


"بەشێک لە وەڵامی ئەم پرسیارە لەم نوسینەوە وەڵام دراوەتەوە"
زۆر لەو شتانەی کە ئەمڕۆ وەک ڕاستیەکی موتلەق سەیر دەکرێن و مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، کە دەچیتە بنج و بناوانیان بۆت دەردەکەوێت کە بەو جۆرە نین. بۆ نموونە ئەو نەخشەیەی جیهان کە لە هەموو کتێبێکی جوگرافی و لە هەموو سووچێکی جیهاندا هەیە، تەنانەت دەزگا زانستیەکان و زانکۆکان سوودی لێ وەردەگرن، بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی نوێی ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، ئەو نەخشەیە نەخشەیەکی دروست نیە. ڕاستە ئەم نەخشەیەی ئەمڕۆی جیهان تێیدا شێوەی نەخشەی وڵاتەکان دروستن، بەڵام قەبارەکەیان بە تەواوی هەڵەن. سەیرەکە لەوەدایە، کە زیاکردنی قەبارەکە بۆ ئەو وڵاتانە کراون کە سەر بە ڕۆژئاوان. بۆ نموونە ئەمریکا لە نەخشەی جیهانی ئەمڕۆدا بە نزیکی هێندەی ئەفریقا دەبێت، کەچی لە ڕاستیدا دەتوانیت ئەمریکای باکور لەگەڵ هیندستان و ئەرجەنتین و تونس هەموی لە ناو ئەفریقادا شوێن بکەیتەوە و تۆزێکیش بۆشایی بمێنێتەوە. بە هەمان شێوە وڵاتە ئەسکەندنافیەکان هێندەی هیندستان گەورە دەنوێنن، کەچی لە ڕاستیدا هیندستان سێ بەرابەری ئەو وڵاتانایە. بێ گومان خڕی زەوی هەمیشە ئاستەنگی بۆنەخشەسازان دروست کردووە و بەهۆیەوە نەتوانراوە نەخشەیەکی تەواو دروست بکەن، بەڵام هۆکارە سەرەکیەکە هەر ئەوە نیە، نەخشەکان زۆر جار پەیوەندیان بە بیروبۆچوونی نەخشەسازانەوە هەبووە و لە ژێر کاریگەریی ئەو بیروبۆچوونانەدا گۆڕاون. بۆیە هەندێک نەخشەی سەرەتای ئاینی کریستیانێتی، باکور تێیدا ڕۆژهەڵات بووە، لەبەر ئەوەی کە ئەوان پێیان وابووە کە مرۆڤایەتی لە ڕۆژهەڵاتەوە لە باخی ئەدێنەوە هاتووە و بۆیە ڕۆژهەڵاتیان لەو نەخشانەدا خستۆتە لای سەرەوە. کەچی لە نەخشەی ئیسلامیی هەمان سەردەمدا باشوری ئەمڕۆ دەکەوتە سەرەوە.
با زۆر لە بابەتەکە دوور نەکەوینەوە، بەڵام دەبێت ئەوە بزانرێت کە زۆر لەو شتانەی تر کە ئەمڕۆ وەک ڕاستی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەین و پرسیار لە دروستیان ناکەین، هەندیک جار بنەمای زانستیان نیە یان لەسەر بنەمایەکی چەوت و کەموکوڕ و زیاتر لە ژێر کاریگەری ئایدیۆلۆجی خەڵکەکاندا داڕێژراون. لای خۆمەوە، هێندەم بێ مانایی و درۆ سەبارەت بە مێژووی کورد بینیوە، بۆیە لەو کەسانەم کە هیچ شتێک سەبارەت کورد کە پێشتر گووتراوە، دووبارەی ناکەمەوە گەر دوای بنەچەکەی نەکەوم و بە تەواوی لێی تێنەگەم. لە ڕاستیدا لە ژێر کاریگەریی ئایدیۆلۆجی خەڵکانی تردا، مێژوو و ڕوخسارێک بۆ کورد دروستکراوە کە مێژوو و ڕوخساری ئەو نیە.
هەفتەی ڕابردوو لەسەر ئەم پەیجەم بابەتێکم سەبارەت بە ئەگەری ئاری بوونی کورد بڵاوکردەوە و وا ئەمڕۆ بابەتێکی تر سەبارەت بە ئەگەری ئێرانی بوونی کورد دەخەمە ڕوو. ئەمڕۆ زۆر لە سیاسی و مێژوونوسانمان، ئێرانی بوونی کورد وەک شانازی بۆ کورد لە قەڵەم دەدەن و گەر کەسێکیش نکۆڵی لە ئێرانی بوونی کورد بکات، ئەوا بە توندی دژی دەوەستن. دیارە پێش ئەوەی کە بڵێین ئێرانین و وەڵامی پرسیاری "ئایا کور ئێرانیە?" بدەینەوە، دەبێت سەرەتا لە بنەچەی وشەکە تێبگەین و ئەمجا ئەو کات بڕیار بدەین کە ئایا کورد ئێرانیە یان نا.
وشەی "ئار/ئاری" لە چەندین زمانی دێریندا مانای (ڕەسەن، نایاب) دەدات و تەنانەت لە زمانی سۆمەریشدا ئەو مانایەی هەیە. خەڵکانێک هەیە کە لە سەرچاوە مێژووییەکاندا بەو ناوە ناوهێنراون و ناوچەیەکیش هەیە کە ئەو ناوەی پێ دراوە. لە ڕاستیدا ئاڤێستا و سەرچاوە هیندیە دێرینەکان ئاماژە بە ناوچەیەک دەکەن بە ناوی ئاریانە کە زیاتر خوراسان و ئەفغانستان و پاکستانی ئەمڕۆ دەگرێتەوە. سترابۆ نزیکی دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر لە زمانی ئیراتوسینیس (Eratosthenes)ەوە کە لە سەدەی سێیەمی پێش زاییندا ژیاوە دەڵێت "ناتوانین وەسفێکی باشتر سەبارەت بە ئاریانە لە وەسفی ئیراتۆسینیس بخەینە ڕوو کە دەڵێت "ئاریانە لە ڕۆژهەڵاتی دەیدات لە ئیندۆس (مەبەستی لە ڕوباری ئیندۆسە) و لە باشورەوە دەریای مەزن (مەبەستی لە دەریای عەرەبی و هیندیە) و لە باکورەوە بە پارۆمامیسیس و زنجیرە چیاکان هەتاوەکو دەروازەی قەزوین، لە ڕۆژئاواوە سنوورەکەی دەستنیشان دەکرێت بە ناوچەی ئەشکانیەکان و جیادەبێتەوە لە میدیا و کرمانیا و لە پەرەتاسێنی و وڵاتی فارس. لە شوێنێکی تردا سترابۆ دەڵێت "ناوچەی بەناو ئاریانە درێژدەبێتەوە و هەندێک بەش لە وڵاتی فارس (ئوستانی فارس) و میدیا دەگرێتەوە."
واتە سەنتەری ئاریانە/ئێران، وڵاتی میدیا نەبووە و زیاتر ئەفغانستان و پاکستان و خوراسان و بەشێک لە تورکمانستانی ئەمڕۆی گرتۆتەوە و سنووری ئەو وڵاتە و بەشێکی کەمی داویەتی لە وڵاتی مید. دەبێت ئەوە بزانرێت کە وڵاتی مید زۆربەی وڵاتی ئێرانی ئەمڕۆی گرتۆتەوە کە بریتی بووە لە هەموو ئازەربایجان و ناوچەکانی تارانی ئەمڕۆ و هەمەدان و ئەسفەهان بەرەو خوار هەتاوەکو وڵاتی فارسی گرتۆتەوە کەچی سەرەڕای ئەوە ئاریانە کە بنەچەی ناوی ناوچەی جوگرافی ئێرانە، زیاتر قەراخی وڵاتی میدی گرتۆتەوە.
یەک سەرچاوە نیە لە جیهاندا جگە لە سەرچاوەی نزیک لە فارس کە وڵاتێک باس لێوە بکات بە مانای جوگرافیای ئێرانی ئەمڕۆ. لە سەردەمی ئیسلامدا زۆر لە جوگرافیناس و مێژوونوسە ئیسلامیەکان باس لە ناوی ئێران دەکەنØ› ئەوان ناوچەیەکی زۆر بەرتەسکتر باس دەکەن و زیاتر باس لە ناوچەی خوراسان دەکەن بە (ئێران شار/ایران شهر).
لە ڕاستیدا ئەم نەخشەیەی ئەمڕۆ کە بە ئێران ناسراوە، زیاتر گوزارش لە سنووری دەسەڵاتی سەفەوی و عوسمانی دەکات وەک لە نەخشەیەکی مێژوویی و فەرهەنگی، لەبەر ئەوەی کە لە هیچ سەرچاوەیەکی مێژووییدا وڵاتێک بەو شێوەیە نەبووە و باسنەکراوە.
وەک لە سەرچاوە دێرینەکاندا ڕوونە، وڵاتی ئێران بە هیچ شێوەیک ئەم وڵاتەی ئەمڕۆی ئێران نەبووە و وڵاتی کوردیش بەشێک نەبووە لە ئێران و ئەوە لەسەردامی میدەکانیشدا هەر بە هەمان شێوە بووە. لە ڕاستیدا سنووری نێوان ئێران و وڵاتی کورد هەر لە خۆیەوە نەبووە و بنەچەی فەرهەنگی کوردی لە زۆر ڕووەوە لە فەرهەنگی فارسی جیاوازە و بنەچەی جیاوازیەکە بۆ هەزاران ساڵ پێش دەرکەوتنی فارس دەگەرێتەوە و لە زاگرۆسدا فەرهەنگێکی دێرینی داڕشتوو هەبووە کە تێیدا کۆمەڵێک زمان و زاراوە قسەکراوە کە زمانی کوردی ئەمڕۆی لێ پێکهاتووە و جیاوازی هەبووە لەگەڵ فەرهەنگی ئێرانی دێریندا. ئەگەر دوو نەتەوەی فارس و کورد/میدی لە بنەچەوە بەیەکەوە بوونایە و فەرهەنگێکی هاوبەشیان هەبوایە، ئەوا ئەمڕۆ ئەو هەموو جیاوازیەمان نەدەبینی.
بۆ نموونە مۆسیقای ڕەسەنی کوردی بە تەواوی لە مۆسیقای فارسی جودایە. سیاچەمانە، حەیران، لاوک، چەمەری، هۆرە... هەموویان بە تەواوی لە مۆسیقای فارسی جودان. سەمای فارسی پەیوەندی بە سەمای ئاریانەوە هەیە و ئەوان هاوشێوەی هیندی سەما دەکەن و بە هیچ شێوەیەک هەڵناپەڕن و بەیەکەوە دەست ناگرن. ئافرەت لە ناو فارسدا هەمیشە سەرداپۆشراو بووە و بە هیچ شێوەیەک ئەو ڕۆڵەی ئافرەتی ناو کوردی نەبووە. گەر وێنەکانی سەرەتای سەدەی بیستەمی ئافرەتی کورد و فارس سەیر بکەین، ئەوا بە ڕوونی ئەو جیاوازیە دەرک پێ دەکەین و کەسێکی وەک مەیجەر سۆن لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا بە ڕوونی ئەو جیاوازیە فەرهەنگیەی نێوان فارس و کوردی ئاماژە پێکردووە.
دیارە کەس ناتوانێت نکۆڵی لە پەیوەندی زمانەوانی نێوان زمانی کوردی و ئەو زمانانەی کە بە (ئێرانی) لە قەڵەم دەدرێن، بەڵام بنەچەی زمانی کوردی لە شاخەکانی زاگرۆسەوە هاتووە و تێگەیشتن لە زاراوە کوردیەکان لە ڕێگەی لێکۆڵینەوە لە زمانە دێرنیەکانی وەک سۆمەری، هوری، هیتی، لوڤی، میدی،.. دا دەکرێت نەک لە ناو زمانە بە ناو ئێرانیەکان. دیارە لەگەڵ بەهێزبوونی دەسەڵات لە ڕۆژهەڵاتدا بە تایبەت لە سەردەمی ئەشکانیدا کاریگەری زمانەکانی ڕۆژهەڵات لەسەر کوردی زیاد بووە بە تایبەت زمانی پەهلەوی کاریگەریەکی زۆری لەگەڵ پەرەسەندنی دەسەڵاتی ئەشکانیدا لەسەر زمانەکانی ڕۆژئاوای دەسەڵاتی خۆی دروست کردووە، بەڵآم وەک ووتم، بنەچەی زمانی کوردی، زمانەکانی زاگرۆسە نەک ئاریانە/ئێران.
مەترسی ئەم دەسەتەواژەیە لەوەدایە ئەمڕۆ لە وڵاتی بە ناو ئێراندا بۆ مەبەستی سیاسی بەکاریدەهێنن و دەڵێن ئێمە هەموو ئێرانین و هاوفەرهەنگین و دەیانەوێت مانایەکی مێژوویی بە نەخشەی سیاسی ئەمڕۆی ئێران بدەن. لە ئەنجامدا زۆرینەی لێکۆڵەری کورد کەوتوونەتە ژێر کاریگەری تەڵەی ئەو پلانە نازانستیەوە. من لای خۆمەوە دەستەواژەی "ئێران" بە "دەستەواژەی داگیکردن" لە قەڵەم دەدەم و بۆ کورد و پێم وایە جیاوازی لە نێوان "عوسمانی" و "ئێرانی" دا نیە و گەر کورد بە ئێرانی لە قەڵەم بدرێت ئەوا دەبێت بە عوسمانیش لە قەڵەم بدرێت.
کێشەکە لەوەدایە لێکۆڵەرە ئەوروپیەکان هاتوون زمانی کوردیان خستۆتە ژێر گروپە زمانێک بە ناوی ئێرانی-ەوە و کوردیش خۆی بێ لێکۆڵینەوە ئەو کارەی ئەوروپیەکانی قبوڵ کردووە، بەڵام بەڵگە مێژوویی و زمانەوانیەکان بە تەواوی شتێکی تر دەسەلمێنن. زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵات و ناوچەی ئاریانەوە نەهاتووە و ئەو زمان و فەرهەنگە هەڵقوڵای زنیجرە چیای زاگرۆسە و شوێنەوارەکانی کوردستانیش دێرینی ئەو فەرهەنگە دەسەلمێنێت. بوونی شوێنەوارێکی وەک گرێ ناڤوکێ/گولبێکلی تەپە (تەمەن دوانزە هەزار ساڵ)، بێستان سور (تەمەن یانزە هەزار ساڵ)، دێی چەرمو (تەمەن نۆ هەزار ساڵ)، جانی و شێخ ئاوا(ئاباد) ی نزیک کرماشان (نزیکی دە هەزار ساڵ)... ئەمانە بەڵگەی حاشا هەڵنەگرن کە فەرهەنگێکی دێرینتر لە فەرهەنگی ئێران/ئاریانە لە کوردستاندا هەبووە و ئەوان بنەچەی فەرهەنگ و مێژووی کوردن و ئەو شوێنەوارانە لەلایەن خەڵکانێکەوە دروستکراوە کە بە جۆرێک لە کوردی دێرین قسەیان کردووە. تەنانەت ئەمڕۆ پرۆژەیەکی گەورەی شوێنەوارناسی بۆ لێکۆڵینەوە لە سەرەتای نیشتەجێ بوون لە ژێر چاودێری زانکۆی ڕێدینی بەریتانیدا بەڕێوە دەچێت لە ژێر ناوی (پرۆژەی شوێنەوارناسی ناوەندی زاگرۆس) و پرۆژەکە لە ناوچەکانی سلێمانی و کرماشاندا کار دەکات، واتە پرۆژە ئارکیلۆجیەکان دەبێت سنوورە دەستکردەکانی وڵاتانی بەناو ئێران و ئێراقی ئەمڕۆ ببەزێنن بۆ ئەوەی کە لەو فەرهەنگە دێرینە کوردیە یەکگرتووە بگەن کە لە ناو چیاکانی زاگرۆسدا سەری هەڵداوە.
هەر لەبەر ئەو هۆکارانەی کە لەسەرەوە ئاماژەم پێکردوون، من لای خۆمەوە لە کتێبی "کورد کێیە?" دا بە تەواوی دەستەواژەی (ئێرانی) م لابردووە و لەبری ئەوە (زاگرۆسی) م بەکارهێناوە. یەکەم لەبەر ئەوەی کە زمانی کوردی لە چیاکانی زاگرۆسەوە هەڵقوڵاوە و دووهەم کورد وەک نەتەوە خەڵکی ڕەسەنی ئەو زنجیرە چیایەیە و لە ڕۆژهەڵاتەوە نەهاتووە. دیارە لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و باکور و باشورەوە خەڵک ڕووی کردۆتە کوردستان و کاریگەریان کردۆتە سەر فەرهەنگ و زمانی کوردی و کوردییش کاریگەری لەسەر ئەوان داناوە.
جگە لەوە لە سەرچاوە مێژووییەکاندا دووجار کورد ئاماژەی بە بنەچەی خۆی کردووە کە یەکێکیان لە سەدەی نۆیەمدا بووە و ئەوی تریان لە سەدەی حەڤدەی زاینیدا بووە، لە هیچ کام لەو دووجارەدا کورد بنچەی خۆی نەگەڕاندۆتەوە بۆ ڕۆژهەڵات و بە تەواوی خۆی بە خەڵکی کوردستانی ئەمڕۆ داناوە. لە ڕاستیدا کورد بنەچەی خۆی بۆ ناوچەی جەزیرە و بۆتان گەڕاندۆتەوە کە پێش هاتنی ئیسلام ئەو ناوچەیە بە ناوی کورد خۆیەوە نراوە و پێی گوتراوە (کوردیان). ئەم ناوە هەمان مانای (کوردستان) دەدات، لەبەر ئەوەی کورد پاشگری (یان) بە هەمان مانای (ستان) بەکاردەهێنێت. بە هەمان شێوەی لە وشەکانی (گەرمیان) و (کوێستان) دا پاشگرەکە بە هەمان مانا بەکاردێن. بەو جۆرە (کوردیان) هەر (کوردستان) بووە کە لە سەرەتای شارستانیەتەوە ئەو ناوچەیە لەسەرچاوە دێرینەکاندا بە ناوی کوردەوە ناونراوە و زۆرجارە بە (کورتێ، کوردە، کاردو، کاردۆخ،..) ناوهێنراوە. ئەوەی مایەی سەرنجە، ئەو بنەچەیەی کە کورد بۆ خۆی داناوە، یەکدەگرێتەوە لەگەڵ ئەو لێکۆڵینەوە نوێ جیهانیانەی کە بە تەواوی گەیشتۆتە ئەو بڕوایەی کە زمانی هیندۆئەوروپی لە کوردستان (ئەناتۆڵیا) ەوە سەریهەڵداوە. واتە بۆچوونی کورد سەبارەت بە ڕەچەلەکی خۆی لێکۆڵینەوە نوێ جیهانیەکان پشتگیری دەکات. هەروەها ئەو ڕاستیە دەسەلمێنێت کە زمانی کوردی کۆنترین زمانی هیندۆئەوروپیە و خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکەیە.
بۆیە کورد و وڵاتەکەی بەپێی بەڵگە دێرینە جوگرافی و زمانەوانیەکان نە بەشێک لە ئێران بووە و نە خەڵکێکی ئێرانی بووە. لەبەر ئەم هۆکارانە دانانی کورد بە ئێرانی، زیاتر خزمەت بە داگیرکردنی کوردستان و سەپاندنی فەرهەنگی فارسی دەکات وەک لە تێگەیشتن لە مێژوو و بنەچەی زمانی کوردی.

"نووسینی: سۆران حەمەڕەش"
لەپەیجی خۆی وەرگیراو
2014-04-23 17:32:47

9 ساڵ و 11 مانگ و 1 کاتژمێر و 12 خوله‌ک ، پێش بڵاوکراه‌وه‌ته‌وه‌
ناوه‌رۆکی ئه‌م نووسینه‌ ڕاو تێبینی نووسه‌ره، ماڵپه‌ڕی پ.س.ک هیچ لێی به‌رپرسیار نییه
تاگ : وتاره‌کان
هه‌واڵه‌کان
ناوەندی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی سەربەستیی کوردستان
عارف باوەجانی
ناوەندی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی سەربەستیی کوردستان
عارف باوه‌جانی
بەیاننامەی هاوبەشی ٣ پارتی کوردستانی
پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان
کاناڵی ئەلیوم

پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان ©