شه‌ممه‌ 2 ره‌شه‌مه 2725

ئایا میدەکان لەلایەن فارسەکانەوە لەناوبران? ئەی چۆن پاتشا میدەکان بۆ هەشت سەت ساڵ دوای شکاندنیان لەلایەن فارسەکانەوە لە کوردستاندا حوکمڕان بوون?

سۆران حەمەڕەش
ئایا میدەکان لەلایەن فارسەکانەوە لەناوبران? ئەی چۆن پاتشا میدەکان بۆ هەشت سەت ساڵ دوای شکاندنیان لەلایەن فارسەکانەوە لە کوردستاندا حوکمڕان بوون?

دەسەڵاتی فارسە ئەخمینیەکان تەنها ماوەی٢٢٠  ساڵی خایاند کە بۆ مێژووی ناوچەکە ئەو ماوەیە دەتوانرێت بە ماوەیەکی کورت لە قەڵەم بدرێت بە بەراورد بە ماوەی حوکمڕانی میدەکان کە نزیکی نۆ سەد ساڵی خایاندووە. بەداخەوە ئەمڕۆ بە تەواوی ئەو مێژووە لە خەڵک تێکدراوە و فارسەکان و ماوەی دەسەڵاتیان بێ بنەما و بەڵگە زۆر گەورە کراوە.

 ئایا میدەکان لەلایەن فارسەکانەوە لەناوبران? ئەی چۆن پاتشا میدەکان بۆ هەشت سەت ساڵ دوای شکاندنیان لەلایەن فارسەکانەوە لە کوردستاندا حوکمڕان بوون?

صورة
سۆران حەمەڕەش
پێم وایە لە هەندێک ڕووەوە، ئەوەی کە پێی دەگووترێت مێژووی کورد بەشێکی زۆری زیاتر وەک هەقایەت وایە و زۆر ڕووی زانستی لە دەست داوە. زۆر جار لە ناو کتێبی مێژوویی وڵاتی بە ناو ئێراندا میدەکان لەلایەن فارسەکانەوە ڕوخێنراون و لە ناوبراون و لەوێدا کۆتایی بە میدەکان هاتووە. ئەو بۆچوونە لە ناو کتێبە مێژووییە کوردیەکانیشدا دووبارە بووەتەوە و سەرچاوە کوردیەکان دەڵێن کورد لە دوای ڕوخانی میدەوە لەلایەن فارس و لە نزیکی ٥٥٠  پ.ز دا کۆتایی بە دەسەڵاتیان هاتووە و هەندێک لە ناسیۆناڵیستەکان بێ چەن و چوون دەڵێن کە کورد لەو ساتەوە دەسەڵاتی لە دەستداوە و کەوتۆتە ژێردەستی فارسەکان. با بە ڕووداوە مێژووییەکاندا بچینەوە و بزانین کە ئایا میدەکان لەناوچوون. 
سەرەتا کە فارسە ئەخمینیەکان لە نزیکی ساڵی ٥٥٠  پ.ز دا هەستیاگی دوایەمین پاتشای میدیان شکاند، میدەکان پاش ماوەیەکی کەم هەوڵی وەرگرتنەوەی دەسەڵاتیان دا. ئەو هەوڵانە لە ڕێگای چەند هەڵگەرانەوەیەکی گەورەوە درا کە مەترسی تەواوی بۆ سەر دەسەڵاتی فارسەکان دروست کرد. بۆ نموونە لە ساڵی ٥٢٢ پ.ز دا یەکێک لە پاتشای میدەکان بە ناوی (فەرڤەرتیش) ڕایگەیاند کە ئەو لە نەوەی کەیخەسرەوە و دەیەوێت ئەو بنەماڵەیە زیندوو بکاتەوە. ئەم پاتشا میدیە خۆی کردەوە بە پاتشای میدەکان و هەموو ئەشکانی و هەرکانی و ئەرمەنیەکان پشتگیریان لێکرد و هێنده‌‌‌ بەهێز بوو که‌‌‌ بەرامبەر فارسەکان وەستا. بەڵام سوپاکەی داریوشی فارس، لای شاری ڕەی، نزیک تارانی ئەمڕۆ، لەگەڵی کەوتە جەنگ و دەستگیری کرد. لە تێکستێکدا داریوش دەڵێت "فەرڤەرتیش دەستگیرکرا و بۆمیان هێنا. من لوت و گوێ و زمانیم بڕی و چاویم دەرهێنا. بە دەروازەکانمەوە هەڵمواسیØ› هەموو خەڵک ئەویان بینی. دوای ئەوە بە دارێکەوە لە هەمەدان هەڵمواسی و سەبارەت یاریدەدەرەکانیØ› ئەوانم لە ناو قەلای هەمەداندا سووتاند."

بەو جۆرە ئەو بەربەرەکانیە لە نێوان فارس و میدەکاندا بەردەوام بوو هەتاوەکو ڕوخانی دەوڵەتی فارسی لەلایەن ئەلێکسەندەری مەقدۆنیەوە کە لە نزیکی ساڵی ٣٣٠  پ.ز دا ڕوویدا. بە درێژایی ماوەی حوکمڕانی فارسەکان، میدەکان پاتشای خۆیان هەبوو و ئەو گۆڕانەی کە ڕوویدا ئەوەبوو کە میدەکان لە پاتشای ئیمپریالی مەزن و پاتشای پاتشاکانەوە بوونە پاتشای ناوچەیی و دەبوو ساڵانە باجیان بدایە بە پاتشای فارس.

دەسەڵاتی فارسە ئەخمینیەکان تەنها ماوەی٢٢٠  ساڵی خایاند کە بۆ مێژووی ناوچەکە ئەو ماوەیە دەتوانرێت بە ماوەیەکی کورت لە قەڵەم بدرێت بە بەراورد بە ماوەی حوکمڕانی میدەکان کە نزیکی نۆ سەد ساڵی خایاندووە. بەداخەوە ئەمڕۆ بە تەواوی ئەو مێژووە لە خەڵک تێکدراوە و فارسەکان و ماوەی دەسەڵاتیان بێ بنەما و بەڵگە زۆر گەورە کراوە. 

لە ڕاستیدا لە کاتی ڕوخانی فارسەکاندا لە نزیکی ٣٣٠  پ.ز، بەشێک لە کوردستان لەلایەن ئاتەرپاس- ی پاتشای میدەوە حوکمڕانی دەکرا. ئاتەرپاس بووە هاوپەیمانی ئەلێکسەندەر و بەشێکی کوردستان پارێزرا و سەربەخۆیی هێڵرایەوە. ئەو ناوچەیە تەنها ناوچەبوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە بە سەربەخۆیی مایەوە. سترابۆ نزیکی دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر سەبارەت بە میدەکان و ئاتەرپاس-ی پاتشای دەڵێت "بەشەکەی تر بریتیە لە میدیای ئاتەروپاتیان. ناوەکەی لە ئاتەروپاتیسەوە هاتووە، کە سەرکردەیەک بوو نەیهێشت وڵاتەکەی بکەوێتە ژێر دەسەڵاتی مەسیدۆنی (یۆنانی) ەکانەوە، کە بەشێکە لە ولاتی میدیای گەورە. ئاتەرپاتیس کە کرا بە پاتشا، سەربەخۆیی ئەو وڵاتەی هێشتەوەØ› ئەوانەی دوای ئەو هەتاوەکو ئەمڕۆ لە حوکمڕانیدا بەردەوامن و هەندێک کات ژن و ژنخوازیان لەگەڵ پاتشای ئەرمەنی، سوری و ئەشکانیدا کردووە". 

واتە نزیکی دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر سترابۆ دووپاتی دەکاتەوە کە هەتاکو سەردەمی ئەو، کە زیاتر لە پێنج سەد ساڵ لە دوای ڕوخانی میدەکان بووە لەلایەن فارسەکانەوە، پاتشا میدیەکان لە حوکمڕانیدا بەردەوام بوون. هەروەها دەبێت ئەوە بزانرێت کە ئا لەو کاتەدا کە سترابۆ ئەو ڕووداوەی تۆمار کردووە، فارسەکان بۆ نزیکی سێ سەت ساڵ بوو دەسەڵاتیان لە دەست دابوو. بەڵام کورد لەو کاتەدا سێ دەوڵەتی سەربەخۆ و هەندێک جار نیمچە سەربەخۆی هەبووØ› دەوڵەتەکانی میدی، هەزەبانی و کوردیان (ناوچەی جەزیرەی ئەمڕۆ).

هەندێک لێکۆڵەری کورد پێیان وایە کە میدەکان سەربەخۆ نەبوون و هەر بەشێک بوون لە دەوڵەتی ئەشکانی، بەڵام سەرچاوە جیاوازەکان ئەو بۆچوونە بەدرۆدەخەنەوەØ› وەک ڕوونکرایەوە سترابۆ بە ڕوونی ئاماژەی بەو ڕاستیە کردووە. جگە لەوەش بەپێی سەرچاوە یۆنانیە جیاوازەکانی تر لە نزیکی کۆتایی سەدەی یەکەمی پێش زاییندا مارک ئەنتۆنی، سەرکردەی سوپای ڕۆمەکان و مێردی کیلیۆپاترای شاژنی میسر، ڕێکەوتنامەیەکی لەگەڵ پاتشای میدەکاندا مۆرکرد و بەو جۆرە میدەکان بوونە هاوپەیمانی ڕۆم. بۆ پته‌‌‌وکردنی هاوپەیمانێتیەکە، گوتاپا (Jotapa) ی کچی پاتشای میدەکان، شووی کرد بە ئەلێکسەندەری کوڕی ئەنتۆنی سەرکردەی سوپای ڕۆم. 

سترابۆ جارێکی تر سەربەخۆیی میدەکان بە ڕوونی دەخاتە ڕوو کاتێک کە سەبارەت بە میدەکان دەڵێت "دراوسێی بەهێزی وەک ئەرمینی و ئەشکانیان هەیە.کە لەلایەن ئەوانەوە چەندین جار تاڵانی دەکرێن. بەڵام ئەوان بەرهەڵستی دەکەن و ئەوەی لێیان سەندراوە وەریدەگرنەوە. هەر وەک ناوچەی دەسەڵاتی سامبەسێیان لە ئەرمینیەکان وەرگرتەوە کە لەلایەن ڕۆمەکانەوە شکێنران. ئەوان خۆیان بوونە هاوڕێی قەیسەر لە هەمان کاتدا هەوڵی زۆر دەدەن کە پەیوەندی لەگەڵ ئەشکانیەکاندا ڕابگرن." 
واتە میدەکان بە ڕوونی دەسەڵاتێکی سەربەخۆ بوون و شەڕیان لەگەڵ ئەرمەن و ئەشکانی کردووە و هەروەها هەوڵیان داوە لە نێوان دەسەڵاتی گەورەی ڕۆمەکان و ئەشکانیەکاندا بمێننەوە (کە ئەو سەردەمە دوو زلهێزی جیهان بوون) و هەمیشە هەوڵیان داوە پەیوەندیان لەگەڵ ئەو دوو هێزە سەرەکیەی ئەو سەردەمە ڕابگرن. مێژوونووسی یۆنانی پلوتارک لە سەدەی یەکەمی زاینیدا ئاماژە بە ڕووداوەکانی سەدەی یەکەمی پێش زایین دەکات کە تێیدا هاوکاری نێوان پادشای میدی، هەزەبانی و کوردیان دەخاتەڕوو بۆ تیگرانی پادشای ئەرمەنی لە دژی ڕۆم. 
بەپێی سەرچاوە کریستیانە دێرینەکان لە نزیکی ناوەڕاستی سەدەی سێهەمی زاینیدا پاتشای مید بە هاوکاری پاتشای هەولێر و پاتشای کەرکوک کە ناوی دۆمژدانە ((Domjtana بووە، لەگەڵ پاتشای ساسانیدا بەیەکەوە هێزیان کرد بەیەک و کۆتاییان بە حوکمی ئەشکانیەکان هێنا کە چەند سەدەیەک بوو حوکمڕانی گەورەی ناوچەکە بوون. 
کە کۆتایی بە دەسەڵاتی میدەکان هاتووە و ناویان بۆ دوایین جار لە سەرچاوە مێژووییەکاندا هاتووە، لە کۆتایی سەدەی سێهەمی زاینیدایەØ› کاتێک کە لە کارنامەی ئەردەشیری پاپەگاندا هاتووە کە لە جەنگێکدا ئەردەشیرهێرشی کردۆتە سەر پاتشای مید. سەرەتا پاتشای مید وسوپاکەی ئەردەشیریان شکاندووە، بەڵام دوایی ئەردەشیر سوپایەکی گەورەتری پێکهێناوە و چووەتەوە سەر پاتشای مید و خۆی و بنەماڵەکەی دەستگیر کردووە. وەک ڕوون کرایەوە، میدەکان هەتاوەکو سەدەی سێهەمی زاینی دەسەڵاتیان هەر مابوو. لە دوای ئەو مێژووەوە، بنەماڵەی میدەکان کۆتاییان پێ هاتووە و چیتر بەڵگە لەبەردەستدا نیە کە نیشانی بدات لە دوای ئەو مێژووەوە میدەکان وەک پاتشا و دەسەڵاتدار حوکمڕانیان کردبێت. هەر چەندە نزیکی حەوت سەد ساڵ دوای ئەو ڕووداوە کورد بە مید ناوهێنراوە، بەڵام پاتشایەک بە ناوی میدەوە ناوی لە تۆماری مێژووییدا نەماوە. 
واتە سەرچاوەی جیاوازی یۆنانی و سەرچاوەی کریستیانی دێرین و سەرچاوەی پەهلەوی دەیسەلمێنن کە میدەکان هەتاوەکو سەدەی سێیەم پاتشای ناوچەیی بەشێک لە کوردستان بوون.

لە ڕاستیدا میدەکان هەرگیز کۆتایی بە دەسەڵاتیان نەهاتووە و هەتاوەکو نزیکی کۆتایی سەدەی سێیەمی زاینی حوکمڕان بوون لە کوردستاندا و لە دوای ڕوخانیان لەلایەن فارسەکانەوە بۆ ماوەی نزیکی هەشت سەت ساڵ وەک پاتشا حوکمڕانیان کردووە.
ئەوەی کە زیاتر دروستە ئەوەیە کە لە کاتێکدا پاتشای مید حوکمڕانی سەربەخۆ یان نیمچە سەربەخۆ بووە، فارسەکان لەلایەن یۆنانی و ئەشکانیەکانەوە حوکمڕانی دەکران و بۆ سەدان ساڵ بێ پاتشای ناوخۆیی مانەوە. میدەکان لە دوای ساڵی ٥٥٠  پ.ز وە، لە دەسەڵاتێکی ئیمپریالی مەزنەوە ووردە ووردە بوونە دسەڵاتێکی ناوچەیی. 
واتە ئەمڕۆ کورد خۆی بە گشتی ئاگاداری نزیکی هەشت سەت ساڵ لە مێژووی ئەو دەوڵەتە کوردیە نیە کە هەمیشە شانازی پێوە دەکات.

نووسینی: سۆران حەمەڕەش 

تێبینی: 
- ئەگەر سەرنج بدەن هەندێک جار هەوڵ دەدەم کە (سەت) لە بری (سەد) بەکاربهێنم، لەبەر ئەوەی کە یەکەم لە ژیانی ڕۆژانەدا زیاتر دەڵێین (سەت) و میدەکانیش هەر ووتویانە (سەتە). هەروەها (پاتشا) زیاتر لە بری (پاشا) بەکاردەهێنم لەبەر ئەوەی کە وشەکە کوردی نوێ و سۆمەریەØ› سۆمەریەکان بە شێوەی (پاتێسی) ووتویانە. 
- مێژووی میدەکان و ووردەکاری چڕ و پڕ سەبارەتیان و سەرچاوەی زانیاریەکان لە کتێبەی "کورد کێیە?" ی بەندەدا خراوەتە ڕوو. بۆ زیاتر ئاشنابوون بە میدەکان سەیری بەشی میدەکانی ئەو کتێبە بکە.

 
2014-04-23 18:43:41

11 ساڵ و 9 مانگ و 8 کاتژمێر و 48 خوله‌ک ، پێش بڵاوکراه‌وه‌ته‌وه‌
ناوه‌رۆکی ئه‌م نووسینه‌ ڕاو تێبینی نووسه‌ره، ماڵپه‌ڕی پ.س.ک هیچ لێی به‌رپرسیار نییه
تاگ : ده‌نگوباس
هه‌واڵه‌کان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان

پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان ©