کورد بڕیاری ریفراندۆم بۆ جیابوونەوە دەدات ئەگەر مالیکی کاندید بکرێتەوە"

رووداو- هەولێر
بە گوتەی ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیاردراوە، کە ئەگەر نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران کاندیدبکرێتەوە، ئەوا هەرێمی کوردستان ریفراندۆم بۆ جیابوونەوە لە عێراق ئەنجام دەدات.
رێبوار سەید گوڵ، ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەشێک لە سەرکردەی پارتە سیاسییەکانی کوردستان باس لەوەکرا کە ئەگەر نووری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی عێراق سێبارە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی کاندید بکرێتەوە، ئەوا هەرێمی کوردستان رەتی دەکاتەوە و لە بەرامبەردا ریفراندۆم لە هەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕاوەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدات بە مەبەستی جیابوونەوە لە عێراق و سەربەخۆیی کوردستان .
رێبوار سەید گوڵ کە یەکێکە لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە دەڵێت هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا لیژنەیەکی هاوبەش پێکبهێرێت، بەمەبەستی ئەنجامدانی دانووستاندن و گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان لەبارەی پێکهێنانی حکومەتەوە.
ئەندامەکەی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەڵێت لە چەند رۆژی داهاتوو بڕیارە لیژنەی دانوستاندنکار پێکبهێنرێت، هاوکات جەخت لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار وەک ئیستیحقاقی کورد کرایەوە.