وەک ئاشکرایە: پارتی سەربەستیی کوردستان وەک حیزبێکی سەربەخۆخواز و ناسیۆنالیستی کوردستان هەر لە یەکەم ڕۆژی دامەزراندنیەوە گرنگیەکی زۆری داوە بە کوردستان بە گشتی و شاری کرماشان و دەوروبەری بە تایبەتی،
پشتیوانی پارتی سەربەستیی کوردستان، لە کەمپینی پشتیوانی لە شارام نازری.

وەک لە مێدیاکان دا بڵاو کرایەوە، رۆژی پێنجشەممە ١ی جۆزەرادانی٢٧١٤ی کوردی بەرانبەر بە ٢٢ی مای ٢٠ ١٤ی زاینی، هونەرمەندی گەورە و دەنگخۆشی کورد شارام نازری لە کۆنسێرتێکدا بە چریکەی بولبول ئاسای خۆی پڕ بە گەروی هاواری کرد و گوتی "کوردستان گەر تۆم نەبێ تاجی شاهیم بۆ چیە" و بە دەنگێکی زۆر زوڵاڵ و نەترسانە بە گوێی داگیرکەری چرپاند و گوتی "مناڵی کوردم فارسی نیەزانم" " خۆم کرماشانیم فارسی نیەزانم".. ئەو وشانەی کە شارامی نازری بە ئاشکرا و بێ پەردە دەریبڕین جگە لەبوارە هونەریەکەی پەیامێکی کوردانە و خواست و ئارەزووی سەرجەم ژنان و پیاوانی کوردە کە سەدان ساڵە بە دەست داگیرکاریەوە دەناڵێنن، هەر لەو کاتەشدا پەیامێکە بۆ ڕۆڵەکانی نەتەوەکەمان بۆ ئەوەی چیتر لە خەودا نەمێنن و ئەو ترسەیان بشێکت کە دەیان ساڵە بۆتە مۆتەکە و باڵی بەسەر کوردستان دا کێشاوە. هەر لەو پێوەندیەشدا کۆمەڵێک لە لاوان و ڕۆشەنبیرانی نەتەوەکەمان دەستیان داوەتە کەمپینێک بۆ پشتیوانی لەو هەڵوێستە شۆڕشگێڕانەیەی شارام نازری، و سەدان واژۆیان کۆکردۆتەوە و داوای هاوکاری و پشتیوانی زیاتر دەکەن لە پێناوەدا. پارتی سەربەستیی کوردستان وێڕای دەستخۆشی لە بەڕێز شارام نازری بە بۆنەی ئەو هەڵوێستە کوردانە و شۆڕشگێڕانەیەی، پشتیوانی خۆشی لەو کەمپینە و لەو هەڵوێستە جوامێرانەیەی شارام نازری دەکات.
وەک ئاشکرایە: پارتی سەربەستیی کوردستان وەک حیزبێکی سەربەخۆخواز و ناسیۆنالیستی کوردستان هەر لە یەکەم ڕۆژی دامەزراندنیەوە گرنگیەکی زۆری داوە بە کوردستان بە گشتی و شاری کرماشان و دەوروبەری بە تایبەتی، کە زیاتر کەوتۆتە بەر هێرش و هەڕەشەی تەفریس و پاکتاو کردن. یەکەم پارتی کوردیش بووین بە شانازییەوە پێشنیاری بە پایتەخت بوونی کرماشان وەک پایتەختی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکردوەتەوە، و لە سەر ئەو پێشنیارەش بەردەوام دەبین. لە سەر چۆنیەتی ئەو پرۆژە پێشنیارییە قسەو تێبینی خۆمان هەبووەو بەردەوامیش دەبێت.
بۆ جارێکی دیکەش دوپاتی دەکەینەوە کە پارتی سەربەستیی کوردستان پشتیوانی بێ ئەملاو ئەولای خۆی لەو کەمپینە دەردەبڕێت، و ئاواتەخوازیشە کە هەڵوێستی شارام نازری ببێتە هەوێنی هەرچی زیاتر یەکگرتن و هاوهەڵوێستی هێز و کەسایەتی ولایەنە کوردیەکان، هەر لەو کاتەشدا هیوادارە کە هونەرمەندانی کورد ڕێچکەی هونەرمەندی گەورە' شارامی رازری" ڕەچاو بکەن.
سڵاو لەو هەڵوێستە کوردانەیەی هونەرمەندی گەورەی نەتەوەکەمان شارامی نازری و دەستخۆشیش بۆ ژنان و پیاوانی کورد کە پشتیوانی لەو کەڵە هونەرمەندە دەکەن.
ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی سەربەستیی کوردستان.
١٨ جۆزەردانی ٢٧١٤ ی کوردی بەرامبەر بە ٧ / ٦ / ٢٠ ١٤ زاینی
www.psk2006.org ---
[email protected]