شه‌ممه‌ 2 ره‌شه‌مه 2725

بی بی سی و واشنتۆن پۆست باس لە نزیکبوونەوەی کاتی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی دەکەن

رۆژنامەی هەولێر
بی بی سی و واشنتۆن پۆست باس لە نزیکبوونەوەی کاتی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی دەکەن

زۆرینەی کوردیش لە ڕیفراندۆمێکی لەو جۆرەدا دەنگ بە سەربەخۆیی کوردستان دەدەن. (نێچیرڤان بارزانی)ش بە پەرلەمانتارانی ڕاگەیاند "سیاسەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە یەک هەنگاویش بەرەو دواوە پاشەکشە ناکات. ئەگەر لەگەڵ بەغدا نەگەیشتینە هیچ چارەسەرێک ئەوا ئەڵتەرناتیڤی دیکەمان هەیە و پەنایشی بۆ دەبەین

"بی بی سی" و "واشنتۆن پۆست" باس لە نزیکبوونەوەی کاتی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی دەکەن

صورة

ڕەوشێکی نوێ عێراقی گرتوەتەوە و ئەم ڕەوشەش کاریگەری لە سەر پرسی کورد دەبێت. زۆرینەی گۆڤار و ڕۆژنامە و ماڵپەڕە جیهانییەکان لەو باوەڕەدان گۆڕانکارییەکان لە بەرژەوەندی گەلی کورددان و دەکرێت لە ماوەی کورتی داهاتوودا دەوڵەتێکی نوێ لە جیهاندا دابمەزرێت، کە کوردستانە. 

هەنگاوێکی دیکە بە ئاراستەی سەربەخۆیی 
ماڵپەڕی "بی بی سی "بەریتانی لە ڕاپۆرتێکدا دەنووسێت، قەیرانی عێراق گەورەتر دەبێت و شەڕیش لە بەغدا نزیکتر دەبێتەوە. هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە پێشڕەوییەکانی بەردەوامە و توانیویەتی زۆربەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کۆنترۆڵ بکات.

بەرپرسێکی باڵای حکوومەتی هەرێم بە "بی بی سی" ڕاگەیاند ئەگەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئەو بۆشاییە ئەمنیەی پڕنەکردایەتەوە کە بە هۆی چۆڵکردنی سوپای عێراقەوە دروست بوو ئەوا خەڵکی ئەو ناوچانە ماڵ و حاڵی خۆی بەجێ دەهێشت و ڕووی لە هەرێم دەکرد. ئەو بەرپرسە ئەوەشی ڕوونکردەوە کە ناردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ ئەو ناوچانە بووە هۆی ئەوەی ئارامی و ئاسایشی ئەو ناوچانە دابین بکرێت و خەڵکیش لە ژیانی دڵنیا بێت. 

"بی بی سی" نووسیویەتی، ئێستا میدیای هەرێمی کوردستان زۆر بە گرنگیەوە باس لە پێشڕەوییەکانی پێشمەرگە دەکات و بە دەرفەتێکیشی دەزانێت بۆ یەکگرتنەوەی تەواوی خاکی باشووری کوردستان
.
لە دەستوری هەمیشەیی عێراقدا ئاماژە بە شێوازی چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان کراوە، بەڵام تاکو ئێستا بەرپرسانی بەغدا بەو بڕگەیەی دەستوورەوە پابەند نەبوون. ئێستا سوپای عێراق بە تەواوی تێک شکاوە و کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیش کەوتونەتە ژێر کۆنترۆڵی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە.

"بی بی سی" دەنووسێت، عێراق لە سەر بنچینەی تائیفی لێک هەڵدەوەشێت و حکوومەتی عێراقیش تووشی شکستێکی گەورە بووە. هەربۆیەش ماوەیەکی زۆری دەوێت تاکو حکوومەتی عێراق بتوانێت فشار لە سەر کورد دروست بکات بۆ مەبەستی وەرگرتنەوەی کۆنترۆڵی ئەو ناوچانەی ئێستا کەوتونەتە ژێر دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگەوە. 

ئەم ڕەوشە نوێیەی عێراق لە کاتێکدایە لە سەرەتای مانگی ڕابردوەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستی بە فرۆشتنی نەوتی هەرێم کردووە. به‌‌‌رزه‌‌‌فتکردنی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیش، کورد زیاتر لە سەربەخۆیی نزیک دەکاتەوە. بەرپرسێکی باڵای حکوومەتی هەرێمیش لەو بارەوە بە ماڵپەڕە بەریتانیەکەی ڕاگەیاندووە "گومان لەوەدا نیە ئەم پێشڕەویەی هێزی پێشمەرگە هەنگاوێک زیاتر لە سەربەخۆیی نزیکمان دەکاتەوە". ئەو بەرپرسە زیاتر دوا و گوتی "ئومێدمان بە عەقڵیەتی ئەو خەڵکە نەماوە کاروباری عێراق بەڕێوە دەبات. نامانەوێت بەشێک بین لە شکستێک کە هۆکاری دروستکردنی نین. هەوڵی زۆرمان دا بۆ سەرخستنی پرۆسەی دیموکراسی و ئەزموونی عێراق، بەڵام چی دیکە ئەو هەوڵە نادەین". 

بناغەی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی دادەنرێت
ڕۆژنامەی "واشنتۆن پۆست"ـی ئەمەریکایش لە ڕاپۆرتێکدا دەنووسێت، ڕەوشی عێراق بەرەو خراپی دەڕوات و هەرێمی کوردستانیش بەردی بناغەی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی دادەنێت. ڕۆژنامە ئەمەریکاییەکە دەنووسێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوێکی گەورەی بە ئاراستەی سەربەخۆیی ئابووریدا هەڵگرتووە، ئەوەش لە ڕێی ئەو هاوپەیمانیەتییە ستراتیژیەی لەگەڵ حکوومەتی تورکیادا هەیەتی. مانگی ڕابردوو حکوومەتی هەرێم لە ڕێی تورکیاوە دەستی بە ناردنی نەوتی خۆی کرد و داهاتەکەیشی لە حسابی بانقێکدا دادەنرێت کە لە ژێر کۆنترۆڵی کورددایە، نەوەک ئەوەی داهاتەکەی بچێتە خەزێنەی عێراق. سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش (نێچیرڤان بارزانی) لەو بارەوە بە پەرلەمانتارانی هەرێمی ڕاگەیاند "ئەم سەربەخۆییە ئابوریە بۆ هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە".

"واشنتۆن پۆست" ئاماژە بەو سیاسەتە هەڵەیە دەکات (نووری مالیکی) لە بەرامبەر هەرێمی کوردستاندا پەیڕەوی دەکات، لەوانەش بڕینی موچەی کارمەندان. بێگومان ئەم سیاسەتەش بوەتە هۆی توڕەبوونی سەرکردایەتی سیاسی کوردستان. ڕاوێژکارێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش ڕایگەیاند نابێت حکوومەتی عێراق چاوەڕێی ئەوە بکات لەم بارودۆخەدا کورد یارمەتی بدات، یان دەبێت سازش بکات و داواکارییەکانی گەلی کورد جێبەجێ بکات. 

رۆژنامە ئەمەریکاییەکە دەنووسێت، ماوەی چەند ساڵێکە بەرپرسانی ئەمەریکا لە هەوڵی نزیککردنەوەی هەولێر و بەغدادان بەڵام ئەم هەوڵانە شکستیان هێناوە، ئەوەش بەهۆی تێڕوانینی جیاوازیی سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان و سەرکردایەتیی بەغدا دەربارەی وڵات. (مالیکی) دەیەوێت ناوەند بەهێز بێت و هەموو هەوڵەکانیشی بەو ئاراستەیە خستوەتە گەڕ، بەڵام سەرکردایەتیی سیاسی کوردستان دەڵێت دەستووری هەمیشەیی عێراق ئۆتۆنۆمی تەواوی داوەتە کورد. 

"واشنتۆن پۆست" دەنووسێت، کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا ئەوەندە گەورە بووە کە سەرکردایەتی سیاسی کوردستان دەڵێت ئەگەر (مالیکی) سیاسەتی خۆی نەگۆڕێت ئەوا کورد ڕیفراندۆمێک ئەنجام دەدات. گومان لەوەشدا نیە هەستی نەتەوایەتی لای کورد زۆر بەهێزە و زۆرینەی کوردیش لە ڕیفراندۆمێکی لەو جۆرەدا دەنگ بە سەربەخۆیی کوردستان دەدەن. (نێچیرڤان بارزانی)ش بە پەرلەمانتارانی ڕاگەیاند "سیاسەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە یەک هەنگاویش بەرەو دواوە پاشەکشە ناکات. ئەگەر لەگەڵ بەغدا نەگەیشتینە هیچ چارەسەرێک ئەوا ئەڵتەرناتیڤی دیکەمان هەیە و پەنایشی بۆ دەبەین". 

دابەشکردنی عێراق لە سەر بنچینەی بیرۆکەکەی (بایدن) 
ئەم ڕەوشە نوێیەی عێراق وای کردووە ژمارەیەکی زۆر لە توێژەرەوان و نووسەران داوا بکەن عێراق دابەش بکرێت بۆ ئەوەی بە یەکجاری کۆتایی بەم کێشە و قەیرانانە بهێنرێن. 

(جەوز ئۆلمێرت) لە ماڵپەڕی "هەفینگتن پۆست"ـی ئەمەریکادا بابەتێکی نووسیوە و تیایدا هاتووە، چەند ساڵێک پێش ئێستا (جۆ بایدن) پێشنیاری ئەوەی کرد عێراق لە سەر بنچینەیەکی تائیفی و نەتەوەیی دابەش بکرێت و دەوڵەتێکی کوردی و دەوڵەتێکی عەرەبی شیعە و دەوڵەتێکی عەرەبی سوننە دابمەزرێن. بە بڕوای ئەو نووسەرە ئێستا کاتی ئەوە هاتووە ئەم پێشنیارە تاوتوێ بکرێت، چونکە مانەوەی قەیرانەکان دەبێتە هۆی هەڵگیرساندنی شەڕێکی گەورەی ناوخۆیی لە عێراقدا.

(لێسلی گێڵب) پسپۆڕێکە لە "ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوە" و دەڵێت هێشتا ڕەوشی عێراق بە تەواوی تێک نەچووە و دەرفەتی ئەوە لەبەردەستدا ماوە چارەسەرێک بدۆزرێتەوە. ئەم پسپۆڕە پێی وایە تەنیا چارەسەر بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانەکانی عێراق جێبەجێکردنی بیرۆکەکەی چەند ساڵ له‌‌‌مه‌‌‌وبه‌‌‌ری (جۆ بایدن)ـە. ئێستاش (جۆ بایدن) جێگری سەرۆکی ئەمەریکایە و یەکێکە لە بەهێزترین بڕیاردەرەکانی کۆشکه‌‌‌سپی و سەرانسەری جیهان
2014-06-16 11:01:15

11 ساڵ و 8 مانگ و 16 کاتژمێر و 37 خوله‌ک ، پێش بڵاوکراه‌وه‌ته‌وه‌
ناوه‌رۆکی ئه‌م نووسینه‌ ڕاو تێبینی نووسه‌ره، ماڵپه‌ڕی پ.س.ک هیچ لێی به‌رپرسیار نییه
تاگ : ده‌نگوباس
هه‌واڵه‌کان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان

پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان ©