شه‌ممه‌ 2 ره‌شه‌مه 2725

نوام چۆمسکی بۆ کورد: کارێکی باشتان کرد چوونە کەرکووک

روداو
نوام چۆمسکی بۆ کورد: کارێکی باشتان کرد چوونە کەرکووک

زۆر حەز دەکەم بچمە‌ کوردستانی ئازاد. پێشتریش هەوڵمداوە. ساڵی رابردوو بەنیازبووم بچم، بەڵام رێکنەکەوت

نوام چۆمسکی بۆ کورد: کارێکی باشتان کرد چوونە کەرکووک
ئەرگولەن تۆپراک
رووداو- نیویۆرک
صورة

سیاسەتڤانی کورد خەتیب دیجلە کە تازە لە گرتووخانەکانی تورکیا هاتووەتە دەرەوە، دەڵێت "هزری دەوڵەتمان فڕێداوە و نابێت بارزانی دەوڵەت دروست بکات". بەڵام فەیلەسوف و زمانناسی ناوداری جیهان، نوام چۆمسکی  بەرگری لە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی دەکات و داوا لە کوردی باشووری کوردستان دەکات ئەو دەرفەتەی هاتووەتە پێش لە دەستی نەدەن.

لەو رۆژانەدا ئیبراهیم خەلیل باران، ئەکادیمیستی کو‌رد و پڕۆفیسۆر عوسمان یاشار، سەردانی چۆمسکییان کرد و ئاڵای کوردستانیان پێشکەش کرد، ئەویش دوای بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان گوتی "هێشتا رۆڵی دەوڵەتی نەتەوەیی کۆتایی نەهاتووە، دەبێت کورد یەکبگرن و لە چیاکان زیاتر پشت بە کەسی دیکە نەبەستن". هەروەها گوتی "گرتنی کەرکووک کارێکی زۆر باش بوو."

ئیبراهیم خەلیل باران، کە مامۆستای سۆسیۆلۆژیایە لە زانکۆی نیویۆرک و پڕۆفیسۆری کورد عوسمان یاشار، سەرۆکی بەشی (CPS)  لە هەمان زانکۆ، لە پەیمانگەی ماساچوستی تەکنیکی لە کامبریج لەگەڵ فەیلەسوف نوام چۆمسکی کۆبوونەوە و لەبارەی تیۆری زمان و کوردستان نزیکەی دوو کاژێر قسەیان کرد. 

لەو دیدارەدا ئیبراهیم خەلیل باران، ئاڵای کوردستان و جەمەدانییەکی پێشمەرگەی کوردستانی وەکو دیاری پێشکەشی چۆمسکی کرد. باران بە (رووداو)ی گوت "چۆمسکی زۆر خۆشحاڵ بوو بەسەردانەکەمان، بەشانازییەوە ئاڵا رەنگاو رەنگەکەی وەرگرت و گوتی ئەم خەڵاتانە بەباشی دەپارێزم و لە ژووری تایبەتی خۆمدا دایاندەنێم".

باران ئاشکرای کرد کە چۆمسکی لە کۆبوونەوەکەدا قسەی زۆر گرنگی لەبارەی سەربەخۆیی کوردستان و کورد کرد. دوای دیدارەکە ئیبراهیم خەلیل باران، چەند بڕگەیەکی لە قسەکانی چۆمسکی لەسەر بلۆگی خۆی بڵاوکردەوە. 

چەند بڕگەیەک لە قسەکانی چۆمسکی:

-  "نەک تەنیا کورد، بەڵکو هەموو ئەوانەی کە لەژێر فشار و زوڵمدان دەبێت بەدوای بەرژەوەندی خۆیاندا بگەڕێن و دەرفەتەکان باش هەڵسەنگێنن. بەڵام وا هزر نەکەن کە ئەمریکا یان هێزێکی دیکە خێرتان پێبکات، نەکەونە نێو خەیاڵەوە، بەشێوەیەکی دروست سەیریان بکەن."

- "لەسیاسەتی نێودەوڵەتیدا هیچ کەسێک دۆست نییە، هەموو کەسێک بیر لەبەرژەوەندی خۆی دەکاتەوە. دەبێت ئێوەش بەپێی ئەم یاسایە خۆتان بەڕێوەببەن. ئێوە دەزانن کە ناحەزتان زۆرن، کاتێک دەرفەتێکتان دیت بیقۆزنەوە، بەڵام نەکەونە نێو خەیاڵەوە. بەدروستی هەڵیبسەنگێنن. کێشەی 100 ساڵەی کورد هەر ئەمەیە: هەموو کاتێک چاوەڕێی هێزێکی دیکە دەکەن. بەداخەوە ئەمە شتێکی باش نییە."

- "ئومێدتان بە شاخەکانتان هەبێت. جگە لە چیاکان هیچ هێزێکی دیکەتان نییە".

- "خۆتان لەژێر داگیرکاری ئێران، عێراق، سووریا و تورکیا رزگار بکەن. هەر کاتێک دەرفەتێک بۆ ئێوە رەخسا سەربەخۆیی خۆتان رابگەیێنن. بۆ نموونە، گرتنی کەرکووک کارێکی زۆرباش بوو. ‌دژایەتی ئەمریکا مەکەن و بزانن تورکیاش ئەکتەرێکی گەورەیە."

- "هێشتا رۆڵی دەوڵەتی نەتەوەیی کۆتایی نەهاتووە. ئەوانەی وا دەڵێن راست ناکەن، ئەمە قسەی هزر لاوازەکانە. سەیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەن. ئەو هەموو دەوڵەتانە لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانەوە دامەزرێنراون. بۆ نموونە عێراق بۆ ئەوەی پتڕۆڵ نەکەوێتە دەستی تورکیا، لەلایەن ئینگلیزەکانەوە دروستکرا. دەتوانی بڵێی عێراق لە بەسرا هیچ بەندەرێکی نەبوو، هێنایان کوێتیان دروستکرد. هەمان شت لە سووریا، ئوردن و فەلەستینیش روویدا، داگیرکارەکان هەندێک سنووری دروستکراویان بۆ دانان. ئێستا هەموو ئەوانە پارچەپارچە دەبن. مەسەلەی دەوڵەتی نەتەوەیی کۆتایی‌ نەهاتووە، سەرلەنوێ دروستدەکرێنەوە".

- "هزری کوردستانێکی یەکگرتوو و سەربەخۆ لەدەست مەدەن. چونکە ئەو سنوورە دەستکردانەی کە داگیرکاران دروستیان کردوون نامێنن و کەس نازانێت چی روودەدات. دەبێت کوردی سووریا، عێراق، تورکیا و ئێران یەکبگرن. نابێت شەڕی نێوخۆیی بکرێت و دەست لەسەربەخۆیی بەرنەدەن".

- "زۆر حەز دەکەم بچمە‌ کوردستانی ئازاد. پێشتریش هەوڵمداوە. ساڵی رابردوو بەنیازبووم بچم، بەڵام رێکنەکەوت".

- "دەبێت کورد گرنگی بەزمانی خۆیان بدەن. چونکە ئەگەر کورد زمانی خۆیان لەدەست بدەن، ئەوا مێژوو، رۆشنبیری، ئەدەبیات و رۆحی خۆیان ون دەکەن
2014-07-21 06:21:07

11 ساڵ و 6 مانگ و 21 کاتژمێر و 15 خوله‌ک ، پێش بڵاوکراه‌وه‌ته‌وه‌
ناوه‌رۆکی ئه‌م نووسینه‌ ڕاو تێبینی نووسه‌ره، ماڵپه‌ڕی پ.س.ک هیچ لێی به‌رپرسیار نییه
تاگ : ده‌نگوباس
هه‌واڵه‌کان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان

پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان ©