پێنچ شه‌مه‌ 30 خاکه‌لێوه‌ 2724

پسپۆڕانی رۆژئاوایی: چەکدارکردنی پێشمەرگە واتە سەربەخۆیی کوردستان

rudaw
پسپۆڕانی رۆژئاوایی: چەکدارکردنی پێشمەرگە واتە سەربەخۆیی کوردستان

شاشانک جۆشی، توێژەر لە ئەنیستیتیوتی رۆیاڵ یونایتد سێرڤسز، دەڵێت: ئەوە زۆر روونە کە جەنگاوەرە کوردەکان رۆڵی سەرەکییان گێڕا لە هەوڵەکان بۆ گەیاندنی فریاگوزاریی مرۆڤایەتی، بەوهۆیەشەوە ئێزدییەکان پارێزران و داعشیش راوەستێنرا. ئەو جەنگاوەرانە ئەو کێشەیەیان نییە

پسپۆڕانی رۆژئاوایی: چەکدارکردنی پێشمەرگە واتە سەربەخۆیی کوردستان

رووداو- لەندەن
صورة
پسپۆڕانی رۆژئاوایی دەڵێن هەریەکە لە ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنسا دەزانن پڕچەککردنی پێشمەرگە وادەکات کوردستان لە سەربەخۆیی نزیک ببێتەوە، بەڵام چارەیان نییە. 

ئەو پسپۆڕانە کە بۆ رۆژنامەی گاردیەنی بەریتانیا قسەیانکردووە لەو بڕوایەدان “بۆ کورتمەودا رۆژئاوا پێویستی بەوەیە کە کوردستان وەکو نەوایەکی ئارام لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بهێڵێتەوە و واش بکات پێشمەرگە رێگە رێگە لە تەشەنەسەندنی چەکدارانی داعش بگرن، بەڵام لە دوورمەودادا دەرهاویشتەی دڵنیگەرانکەر بەڕێوەن”. هەرچەندە، وەک ئەو پسپۆڕانە باسیدەکەن، وڵاتانی رۆژئاوایی “چەکی قورس نادەنە پێشمەرگە و باڵانسی هێز لەنێوان بەغدا و هەولێردا دەپارێزن”. 

جولیان بۆرگەر، کە راوێژکاری دیپلۆماسیی گاردیەنە، لە راپۆرتەکەدا، کە دەقە وەرگێڕدراوەکەی لەخوارەوە بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت بەپێچەوانەی ئەو دوودڵییەی لە بەریتانیا سەبارەت بە پڕچەککردنی یاخیبووە لیبی و سوورییەکان هەبوو، “پڕچەککردنی کوردەکان هیچ کێشەیەکی یاسایی بەدواوە نییە. چونکە کوردەکان حکومەتی دانپێندراویان لە هەرێمەکەی خۆیاندا هەیە”.

**** 

بڕیاری کامیرۆن-ی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بۆ چەکدارکردنی جەنگاوەرە کوردەکان، وادەکات بەریتانیا هاوهەنگاوبێت لەگەڵ ئەمریکا و فەرەنسا. ئەمە هەوڵێکە بۆ هێشتنەوەی کوردستان وەکو پەناگایەک لەدژی تەشەنەکردنی جۆرێکی مەرگاویی تووندئاژۆیی ئیسلامی، هەروەها هێشتنەوەی ئەو ناوچەیەشە وەکو نەوایەکی ئارام بۆ ئەو عێراقی و سوورییانەی ناچارکراون بەهۆی بڵاوبوونەوەی تووندوتیژییەوە ماڵەکانیان بەجێبهێڵن و روو لەو هەرێمە بکەن. 

سیاسەتی هەناردەکردنی چەک بۆ ناوچە جەنگییەکان، ریسکێکی گەورەی بەدواوەیە. وەکچۆن چەندین ساڵ چەکی زۆر درایە سوپای نیشتمانیی عێراق، دەکرێ ئەو چەکانەی ئێستاش دەنێردرێن بکەونە دەستی چەکدارانی داعش. هەرچەندە زەحمەتە پێشمەرگە وای بەسەربێت، چونکە سوپایەکی پتەوترە و لەم رۆژانەی دواییشدا بەیارمەتیی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا توانیویەتی سەرکەوتنی باش بەدەستبهێنێت. 

گرنگتر لەوەش ئەوەیە کە چەکدارکردنی راستەوخۆی کوردەکان، بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا، هەستی جیاخوازیی کوردەکان بەهێزتر دەکات کە رۆژئاوا دەزانێت دابەشبوونی عێراق کاریگەریی لەسەر هەموو ناوچەکە دەبێت. هەروەها کوردستانێکی سەربەخۆ کاریگەریی لەسەر سەقامگیریی تورکیا و ئێرانیش دەبێت کە لە هەردوو وڵاتدا کەمینەی کوردی دەژین. 

ئەم نیگەرانییە ستراتیژییە بە ئامانجێکی کورتمەودا کاڵ بووەتەوە کە بریتییە لە رێگەگرتن لە پەلهاویشتنی داعش و هێشتنەوەی کوردستان وەکو نەوایەکی ئارام بۆ سەدان و هەزاران عێراقی و سووریی ئاوارەبوو. هەرچەندە بەریتانیا و ئەمریکا و فەرەنسا ئاگایان لەوەیە کە دەبێ تەنیا چەکی سووک بدەنە پێشمەرگە، بۆئەوەی باڵانسی هێز لەنێوان بەغدا و هەولێر، پایتەختی هەرێمی کوردستان، تێکنەچێت. 

ریچارد گۆوان، بەڕێوەبەری توێژینەوە لە سەنگەری هاریکاریی نێودەوڵەتی-ی زانکۆی نیویۆرک، دەڵێت: “هەندێک چرکەسات لە قەیرانە خێراتەشەنەسەندووەکاندا هەیە کە دەبێ یەکەمجار رێگە لەوە بگریت رەوشەکە لەدەست دەرچێت، ئینجا دەبێ بیر لەوە بکەیتەوە کە دەرهاویشتەکانی ئەو کارەی کردت چی دەبن. ئێستا لە چرکەساتێکی وادا دەژین. دەکرێ چەکدارکردنی کوردەکان هەنگاوی کۆتایی بێت بۆ دابەشبوونی عێراق، کە ئەمەش دەرهاویشتەی دڵنیگەرانکەری بۆ تورکیا و ئێران دەبێت. بەڵام کاتێک ئەڵتەرناتیڤەکە ئەوەبێت کە خاکی زۆرتر لەدەستبدرێت لەبەرژەوەندیی داعشدا و رێگەبدرێت تاوانی گەورەتر بکرێت، کەواتە چەکدارکردنی کوردەکان باشترین بژارەیە کە لە کورتمەودادا لەبەردەستە”. 

شاشانک جۆشی، توێژەر لە ئەنیستیتیوتی رۆیاڵ یونایتد سێرڤسز، دەڵێت: “ئەوە زۆر روونە کە جەنگاوەرە کوردەکان رۆڵی سەرەکییان گێڕا لە هەوڵەکان بۆ گەیاندنی فریاگوزاریی مرۆڤایەتی، بەوهۆیەشەوە ئێزدییەکان پارێزران و داعشیش راوەستێنرا. ئەو جەنگاوەرانە ئەو کێشەیەیان نییە کە بۆنموونە بۆ بڕیاردان لەسەر چەکدارکردنی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا هەبوو، هەروەها ئەو کێشانەشیان نییە کە سوپای عێراقی هەیبوو و چەکەکانیان کەوتنە دەست داعش”. 
لەگەڵ ئەوەشدا جۆشی ئاگادارکردنەوەیەک دەدات: “دەبێ ئەوەمان لەبیربێت کە کوردەکان ناچن لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان شەڕبکەن. واتە ناچن کێشە گەورەکەی داعش لە ناوچەکانی دیکەی عێراقیش چارەسەربکەن، بۆنموونە لە ئەنبار و لە روومادی و شوێنەکانی دیکە”. 

بڕیاری بەریتانیا بۆ گەیاندنی چەک بە جەنگاوەرانی پێشمەرگە بەمانای کۆتاییهێنانە بە سیاسەتی دوودڵانەی ئەو دەوڵەتە. سیاسەتی بەریتانیا، هەم لەڕووی یاسایی و هەم لەڕووی ئەخلاقیشەوە لەبارەی چەکدارکردنی راستەوخۆی پێشمەرگە قەت روون نەبوو، بەڵام پێدەچێت حکومەتی بەریتانیا بڕیاریدابێت بەرلەوەی بچێتە نێو کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە برۆکسەل ئەو سیاسەتەی بگۆڕێت. 

وەک پادی ئاشتۆن، سەرۆکی پێشووی پارتی لیبرال دیموکراتەکان گوتوویەتی: “زۆر سەیرە کە خەڵکی دیکە دەتوانن چەک بنێرن بەڵام ئێمە ناتوانین ئەمە بکەین. مەگەر جیاوازییەک هەیە لەنێوانماندا?” 
بەپێچەوانەی ئەو دوودڵییەی سەبارەت بە پڕچەککردنی یاخیبووە لیبی و سوورییەکان هەبوو، پڕچەککردنی کوردەکان هیچ کێشەیەکی یاسایی بەدواوە نییە. چونکە کوردەکان حکومەتی دانپێندراویان لە هەرێمەکەی خۆیاندا هەیە، کڕینی چەک و فرۆشتنیش پێیان بەدڵنیاییەوە لەلایەن سەرۆکە کوردەکەی عێراقەوە (واتە فوئاد مەعسووم) رەزامەندیی لەسەر دەدرێت. 

ریچار گۆوان لەوبارەوە دەڵێت: “هەریەکە لە ئەمریکا و بەریتانیا خۆیان لە رەوشێکی باشتردا دەبیننەوە لەچاو سەرەتای دەستپێکردنی قەیرانەکە. چونکە رەوشی مرۆیی لە چیای شنگال باشتربووە، ئەویش بەهۆی ئەو هێرشە ئاسمانییانەوە کە ئەمریکا کردی، هەروەها واپێدەچێت حکومەتێکی نوێش لە بەغدا دابمەزرێت. پشتیوانییەکی نێودەوڵەتی هەیە بۆ تەدەخولێکی نێودەوڵەتیی سنووردار و تەنانەت کۆترێکی وەکو وڵاتی ئەڵمانیاش پشتیوانیی لێدەکات. بەڵام ئەمە بەمانای سەرکەوتنی تەواوەتی نییە، چونکە هێشتا نازاندرێت چۆن داعش لەناودەچێت.
2014-08-15 04:39:15

9 ساڵ و 8 مانگ و 1 کاتژمێر و 9 خوله‌ک ، پێش بڵاوکراه‌وه‌ته‌وه‌
ناوه‌رۆکی ئه‌م نووسینه‌ ڕاو تێبینی نووسه‌ره، ماڵپه‌ڕی پ.س.ک هیچ لێی به‌رپرسیار نییه
تاگ : ڕه‌نگاوڕه‌نگ
هه‌واڵه‌کان
ناوەندی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی سەربەستیی کوردستان
عارف باوەجانی
ناوەندی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی سەربەستیی کوردستان
عارف باوه‌جانی
بەیاننامەی هاوبەشی ٣ پارتی کوردستانی
پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان
کاناڵی ئەلیوم

پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان ©