دان بە بوونی کورددا بنرێت و بخرێتە نێو دەستووری تورکیاوە، هەروەها مافی خوێندن بە زمانی کوردی بدرێت و کۆتایی بە رەوشی سەربازی بهێنرێت لە باکووری کوردستان و سیستمی ترس و تۆقاندن هەڵبوەشێتەوە، هەروەها دروستکردنی بەنداو و وەبەرهێنانە ئایدۆلۆژییەکان کۆتاییان پێبهێنرێ لە کوردستان".
رووداو- ئامەد
پارتی ئازادی کوردستان (پاک) لە باکووری کوردستان راگەیێندرا، کە کار بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی دەکات لەو پارچەیەی کوردستان.
لە کۆبوونەوەیەکدا لە هۆتێلی گریین پارکی ئامەد سازکرا، هەریەکە لە سکرتێری گشتی PDK سەرتاچ بوجاک، سەرۆکی فیدراسیۆنی پیاوانی کاری رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵات لە باکووری کوردستان شائیسماعیل بەدرخانئۆغڵو و عوسمان ئۆزچەلیک پەرلەمانتاری پێشووی BDP و ژمارەیەکی زۆر سیاسەتڤان بەشدارییان تێداکرد.
کۆبوونەوەکە بە سروودی ئەی رەقیب دەستیپێکرد و هوتافی: "دەوڵەت مافی ئێمەیە"، " بژی بە دەوڵەتبوونی باشووری کوردستان"، " بژی تێکۆشانی گەلی ئێمە لە رۆژئاوای کوردستان" هەڵواسرابوون،هاوکات ئاڵای کوردستانیش لەنێو هۆڵی کۆبوونەوەکە دەشەکانەوە.
مستەفا ئۆزچەلیک، سەرۆکی پاک گوتی: "سڵاو دەنێرم بۆ ئازادکردنی شنگال و پاراستنی دەوڵەتی فیدراڵی کوردستانی باشوور و بەرخودانی ئازایانەی رۆژئاوای کوردستان بۆ پاراستنی کوردستان".
ئۆزچەلیک گوتیشی: "پاک بۆ ئەوە دامەزراوە تاوەکو خەبات لەپێناو کێشەی کورد بکات لە تورکیا و کورد لەو وڵاتە بە مافە نەتەوەیی و دیموکراتییەکانی خۆت بگات، هەوڵدەدات سەربەخۆیی کوردستان و بە دەوڵەتبوون هەماهەنگی و خۆرێکخستن دروستبکات".
جەختیشی لەوە کردەوە: "کە پێویستە ئاگربەستی باکووری کوردستان درێژە بکێشێت، دان بە بوونی کورددا بنرێت و بخرێتە نێو دەستووری تورکیاوە، هەروەها مافی خوێندن بە زمانی کوردی بدرێت و کۆتایی بە رەوشی سەربازی بهێنرێت لە باکووری کوردستان و سیستمی ترس و تۆقاندن هەڵبوەشێتەوە، هەروەها دروستکردنی بەنداو و وەبەرهێنانە ئایدۆلۆژییەکان کۆتاییان پێبهێنرێ لە کوردستان".
مستەفا ئۆزچەلیک بە رووداوی راگەیاند: "پاک بۆ ئەوە دامەزرا بۆ ئەوەی کۆتایی بە مێژووی 90ساڵەی رەتکردنەوەی کورد بهێنین و بڵێین ئیتر بەسە".
گوتیشی: "پرسی کورد پرسی دروستبوونی کوردستانە، ئێمە پشتیوانی لە دروستبوونی دەوڵەتی کوردی دەکەین، ئەگەر دەوڵەت چارەسەرییەکی فیدراڵی نەخوازێت، داوای دەوڵەتی سەربەخۆ دەکەین.