ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی سەربەستیی کوردستان، سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵەو کەس و کاری کچە شەهیدی ڕێگەی کەرامەت فەریناز خوسرەوانی دەکات. بە تووندی ئەو جینایەتەی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر بەو کچە لاوە و بریندارکردنی دەیان خۆپێشاندەر ئیدانە دەکات
بەیاننامەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی سەربەستیی کوردستان!
مهاباد سەربەرزییەکی دیکەی لە مێژوودا تۆمار کرد.

خەڵکی تێکۆشەر و وڵاتداگیرکراوی کوردستان!
شاری مهاباد شاری مەکۆی کوردایەتی و شاری یەکەم کۆماری کوردستان، جارێکی دیکە لە بەرامبەر زوڵم و زۆر و جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕاپەرییەوە.
لە پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستدرێژی بۆسەر کیژێکی لاوی ئەو شارە کوردپەروەرە، کە کارمەندی هوتیل تارا لە مهاباد بوو بە ناوی فەریناز خوسرەوانی، لەلایەن کەسێکی سەربەدەزگای داپلۆسێنەری ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە. فەریناز بە ناچارو بۆ پاراستنی کەرامەت و کەسایەتی خۆی لە دەستی ئەو گورگە جینایەتکارەی کۆماری ئیسلامی ئێران و لە نهۆمی چوارەمی ئەو هۆتیلە، لە رۆژی دووشەممە رێکەوتی١٤ی بانەمەڕی ٢٧١٥ی کوردی خۆی فرێدەداتە خوارەوە گیان لە دەستدەدات.
خەڵکی دڵگەرمی شارەکەی پێشەوا لەبەرامبەر ئەم جینایەتەش بێدەنگ نەبوون و بە هەزاران کەس لە رۆژی پێنجشەممە ١٧ی بانەمەر، ڕژانە سەر شەقام و لە بەردەرکی هوتێل تارا کۆبوونەوەو وەک یەکەم هەنگای تۆڵەکردنەوە هوتێل تارایان ئاگر تێبەردا، و پاشان بە وتنەوەی دروشمی شۆرشگێری و کوردپەروەری درێژەیان بە هەڵویستەکانیان دا. دەسگای ئیتلاعاتی ڕێژیم بە سەدان چەکداری خۆی لە دەوری خۆپێشاندەران کۆکردبووە، و بە مەبەستی چاترساندن و بڵاوەپێکردنی خۆپێشاندەرانی تێکۆشەر، دەستیاندایە تەقەی ڕاستەوخۆ لە خەڵک، کە مخابن نزیک بە ٢٠ کەس لە خۆپێشاندەران بریندارکراون. کە هیندێک لە بریندارەکان زۆر دژوار و مەترسیدارە. هیندێک سەرچاوەش ئاماژە بە مردنی لاوێکی ناوخۆپێشاندەران دەکەن، کە گوایا هێزەکانی ڕێژیم نایانەوێ گیان لە دەستدانی ئەو لاوە ئاشکرابکرێت بۆ ئەوەی خۆپێشاندانەکان پەرە نەسێنن.
ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی سەربەستیی کوردستان، سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵەو کەس و کاری کچە شەهیدی ڕێگەی کەرامەت فەریناز خوسرەوانی دەکات. بە تووندی ئەو جینایەتەی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر بەو کچە لاوە و بریندارکردنی دەیان خۆپێشاندەر ئیدانە دەکات. هەر وەها دەستخۆشانە ئاراستەی گشت تێکۆشەرانی بەشدار لە خۆپێشاندانەکەی رۆژی١٧ی بانەمەر دەکەین. پێیان دەڵێن کە جارێکی دیکە ئێوە خەڵکی شارەکەی پێشەوای مەزن مێژوویەکی نۆێتان تۆمار کرد.
هەر لەو پێوەندییەدا داوا لە گشت شار و ناوچەکانی رۆژهەڵات و باشورو باکورو رۆژئاوای کوردستان دەکەین، کە بۆ پشتیوانی لەو دەنگەی مهاباد بێنە سەرشەقامەکان و ئەو کردەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ئیدانە بکەن.
جارێکی دیکە دەستخۆشانەو ماندوونەبوونی ئاراستەی خەڵکی شاری مەکۆی ناسیونالیزمی کوردی دەکەین.
هەر شەکاوە بێت خەباتی سیاسی و جەماوەری لە پێناو کوردستانێکی سەربەخۆ و سەربەست و دیمۆکراتدا.
ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی سەربەستیی کوردستان،
١٨ی بانەمەری ٢٧١٥ی کوردی بەرامبەر بە / ٨ / ٥/ ٢٠ ١٥ ی زاینی