پارتی سەربەستیی کوردستان پشتیوانی لە ئاشتی وتەبایی و یەکێتی و یەکریزی لایەنەکانی کوردستانی بە یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانی کارو پیشەی نەتەوەیی خۆی زانیوە، و ئامادەی هەرجۆرە پشتیوانییەک بووە بۆ ئاشتی و تەبایی لە کوردستاندا.
بەیاننامەی پارتی سەربەستیی کوردستان لە پێوەندی بە تێکهەڵچوونەکانی نێوان پکک و حدکا.

خەڵکی تامەزرۆی سەربەخۆیی و ئاشتی و تەبایی کوردستان!
مخابن بەرەبەیانی ئەمرۆ ٣ی جۆزەردانی ٢٧١٥ی کوردی بەرامبەر بە ٢٤ / ٥ / ٢٠ ١٥ هەواڵی پێکدادانی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران، لە ناوچەکانی کێلەشین کە سنووری دەستدروستی نێوان باشور و رۆژهەڵاتی کوردستانە بڵاکرایەوە.
پارتی سەربەستیی کوردستان پشتیوانی لە ئاشتی وتەبایی و یەکێتی و یەکریزی لایەنەکانی کوردستانی بە یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانی کارو پیشەی نەتەوەیی خۆی زانیوە، و ئامادەی هەرجۆرە پشتیوانییەک بووە بۆ ئاشتی و تەبایی لە کوردستاندا.
بە داخەوە بەرەبەیانی ئەمرۆ هەواڵێکی ناخۆش بڵاوکرایەوە و ئێمە و سەرجەم خەڵکی کوردستانی نیگران کردوە. بە پێی زانیارییەکان ماوەی نزیک بە ٣حەفتەیە کە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ژمارەیەک پێشمەرگەی خۆی ناردوەتە ناوچەکانی خنێره و کێلەشین، بە مەبەستی کردنەوەی بنکەیەکی سەرسنووری. بەڵام لە لایەن هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان پکک ڕێگریان لێکراوە، گوایا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەو ناوچانە لە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی پێکاکان و نابێت هیچ لایەنێکی دیکەی کوردی بە بێ پرسی ئەوان لەو شۆێنانە بارەگا بکەنەوە.
ئێمە بە تووندی ئەو جۆرە بۆچوونانە ڕەدکەینەوە، هەر بستێک خاکێکی کوردستان بە ملکی هەر کوردێک دەزانین کە چالاکی سیاسی تێدا ئەنجام بدات، بە تایبەت ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان یا سنوورەکانی ڕۆژهەڵات و بەشەکانی دیکەی کوردستان بە شۆینی ڕەسەنی خەباتی لایەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەزانین، و هەرجۆرە ئاستەنگ دروستکردنێک یا ڕێگری کردنێکی لایەنێکی دیکەی کوردستانی بەرامبەر بە لایەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە تووندی ئیدانە دەکەین. هەربۆیەش بوونی بنکەیەکی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران لەو ناوچانە بە مافێکی دروستی ئەو حیزبە دەزانین.
وەک پارتی سەربەستیی کوردستان ئەم کردەوەی هەڤاڵانی پ ک ک مەحکووم دەکەین، داوا دەکەین بە زووترین کات ڕێگەی ئاشتی و دیالۆگ هەڵبژێرن، ڕێگری و کۆسپ بۆ چالاکی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ئیستا و دهاتووشدا دروست نەکەن. ئەو جۆرە بۆچوونانە ناکۆکی و شەری براکوژی دروست دەکات و دوژمنان و نەیارانی کوردستان دڵخۆش دەکات، مێژووش چی دیکە لە شەری براکوژی و هەڵگیرسێنەرانی ئەو شەرە خۆش نابن.
بە پێێ هەواڵەکان ئاماژە بە شەهیدبوون و بریندار لە هەردوو لایەن دەکرێت، هەر لەو پێوەندییەدا سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆمان بۆ بنەماڵەی شەهیدەکان دەردەبڕین و هیوای چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین.
ئێمە وەک پارتی سەربەستیی کوردستان ئامادەیی خۆمان بۆ بینی رۆڵی ئاشتییانە لە نێوان هەردوو لایەن دەردەبرین و داواکارین کە بە زووترین کات ئەو کێشەیان بە دیالۆگ چارەسەر بکەن.
جارێکی دیکە داوای ئاشتی و تەبایی و یەکریزی بۆ حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەخوازین.
ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی سەربەستیی کوردستان
٣ی جۆزەردانی ٢٧١٥ی کوردی بەرامبەر بە ٢٤ / ٥ / ٢٠ ١٥ زاینی.