شه‌ممه‌ 2 ره‌شه‌مه 2725

دەوڵەتی کوردی بەڕێوەیە? رووداو- وۆڵ ستریت جۆرناڵ

وۆڵ ستریت جۆرناڵ
دەوڵەتی کوردی بەڕێوەیە? رووداو- وۆڵ ستریت جۆرناڵ

رۆژنامەکە دەڵێت هەرەسهێنانی سوپای عێراق لە بەرامبەر داعش و ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر داهاتی نەوت رەنگە پاڵ بە کوردەوە بنێت سەربەخۆیی رابگەیێنن. بەغدا تاوەکو ئێستاش موچەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش دەدات، بەڵام چەندین مانگە موچەی فەرمانبەر و پیشمەرگە کوردەکانی نەناردووە. تەنانەت کورد دەڵێن بەغدا لەمپەر درووستدەکات لە بەردەم هەوڵەکانیان بۆ دەستکەوتنی چەکی باشتر.

صورة دەوڵەتی کوردی بەڕێوەیە?

رووداو- وۆڵ ستریت جۆرناڵ

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی دەڵێت لەگەڵ سەرکەوتنی سیاسیی لە تورکیا و سەرکەوتنەکانیان بەسەر دەوڵەتی ئیسلامی و خۆڕێبەرییەکەیان لە کوردستانی عێراق، کورد لە دۆخی سەرکەوتندا دەژین و بیر لە بە دەوڵەتبوونیان دەکەنەوە.

رۆژنامەکە بەم شێوەیە دەست بە شیکارییەکەی دەکات: ئیدی کاتی هەواڵی خۆشە بۆ کوردان، ئەو گەلەی زیاتر لەگەڵ دۆخی تراژیدیا ئاشنان تاوەکو دۆخی سەرکەوتن.

هەفتەی پێشوو لە تورکیا، پارتێکی سیاسی کە لەسەر بنەمای خەبات بۆ مافەکانی کورد دامەزراوە، توانیی بەربەستی ١٠ % بشکێنێ و بگاتە پەرلەمەن، ئەویش دەنگێکی زۆریان دەداتێ بۆ قسەکردن لە سیاسەتی تورکیادا. دوای چەند رۆژێک جەنگاوەرە کوردەکان شارێکی ستراتیژیی سنورییان کۆنترۆڵکرد، کە دەبێتە هۆی یەکگرتنی هەرێمە کوردییەکان لە سووریا.

لە عێراقیش ساڵی رابردوو کوردە بەرپەرچی پەلامارەکانی دەوڵەتی ئیسلامییان دایەوە و سوودیان لە دۆخی هەرەسهێنانی سوپای عێراق وەرگرت بۆ ئەوەی بە تەواوی شاری مشتومڕلەسەری کەرکووک کۆنترۆڵ بکەن و هەموو بیرە نەوتییە گرنگەکانی کۆنترۆڵ بکەن.

لە نێو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە بەهۆی رقوکینەی ئایینییەوە وێران دەبێت، کورد خاڵێکی دەگمەنی رووناک پیشان دەدا و چیرۆکی سەرکەوتنەکەیان پشتیوانی و هاوسۆزیی رۆژئاوای بەدەستهێناوە. بە پێچەوانەی ناوچەکانی دیکەوە، هەموو بزووتنەوە سەرەکییە کوردییەکان عەلمانی و سەر بە رۆژئاوان.

لە درێژەی بابەتەکەدا هاتووە کە بەهاری عەرەبی، سەرەتای رابوونی کوردان بوو، رابوونێک کە تێکچوونی نوێ درووستدەکات لە سنووربەندییەکانی جاراندا.  رایان کرۆکەر، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە هەریەکە لە عێراق و سوریا دەڵێت "رووداوەکانی عێراق و سوریا و تورکیا بەشێوەیەکی بەرچاو کاریان لە پێگەی کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد، بەجۆرێک بوونەتە پاڵنەرێکی نوێ بۆ سەربەخۆیی کوردان بەجۆرێک لە جۆرەکان". کرۆکەر هەروەها دەڵێت "سەربەخۆیی کورد رەنگە پارچەبوونێکی هەمیشەیی لە عێراق و سووریا بهێنێتە گۆڕێ و ببێتە رەهەندێکی دیکەی نائارامی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست".

دوژمنی دەرەکی و ناوەکی کوردان

وۆڵ ستریت جۆرناڵ، باسی پەیماننامەی سیڤەر و چانسی سەربەخۆیی کوردستان دەکات، کە دواتر بەهۆی پلانەکانی ئەتاتورکەوە شکستی پێهێنرا و وەهای لێهات ئەتاتورک نکوڵی لە بوونی نەتەوەیەک هەبێ بەنێوی کورد. 

پاشان باسی ناکۆکی نێوخۆیی کوردان دەکات، کە زۆرکات هۆکاری لاوازیی پرسی کوردە. بەجۆرێک لە 1982 سەدام حوسێن گوتویەتی کە ئەو ترسی لەبارەی کوردەوە نییە چونکە ئەوان لەنێو خۆیاندا دابەشبوو و ناکۆکن.

پێشکەوتنەکانی باشوور

رۆژنامەکە ئەزموونی کورد لە باشووری کوردستان بە "موعجیزە" ناودەبات، کە توانیویەتی کۆنترۆڵی کاروباری ناوچە کوردییەکانی عێراق بکات. هەروەک پێشکەوتنەکانی دوای ساڵی 2003 ی هەرێم وەک چیرۆکێکی سەرکەوتن هەژمار دەکات، بە بەراورد بە ناوچە وێراونبووەکانی دیکەی عێراق.

هەروەها هاتووە کە ئەوەی کوردستان دەپارێزێ هێزی پێشمەرگەیە و رێگە بە سەربازانی عێراق نادرێت بچنە نێو هەرێمەکە. رۆژئاواییەکانیش بێ ڤیزا دەتوانن بە فڕۆکە بچنە هەولێر. کوردی زمانی قسەکردنە لە هەموو شوێنێک و نەوەی نوێی کوردان ناتوانن بە عەرەبییەکی رەوان قسە بکەن. هەروەک ئاماژە بە ئاڵای کوردستان دەکات کە لەسەر قەڵای هەولێرەوە دەشەکێتەوە.

کۆبانێ وەک ویستگەیەکی گرنگ

رۆژنامەکە دوای باسکردنی سەرەتاکانی کۆنترۆڵکردنی رۆژئاوای کوردستان لەلایەن پەکەکەوە، ئاماژە بە هێرشی داعش دەکات بۆسەر شاری کۆبانێ، کە بووە هۆی سەرنجڕاکێشانی هاوپەیمانان بەلای ئەو شارە کوردییەدا. دواتریش کاتێک بە هاوکاریی هاوپەیمانان کوردان توانیان داعش تێکبشکێنن، توانای هێرشیان پەیداکرد و دواتر لەشاری  گرێ سپی ( تەلئەبیەز)یش داعشیان وەدەرنا.

لە راپۆرتەکە کۆبانێ وەک هۆکارێکی کەمکردنەوەی دەنگەکانی ئەردۆغان لە تورکیاش ناوبراوە. چونکە پێشووتر بەهۆی چاکسازییەکانییەوە لەبارەی پرسی کورد، ژمارەیەکی بەرچاوی کورد دەنگیان پێدا. بەڵام دوای کۆبانێ هاوکێشەکە گۆڕا و کوردان دەنگیان بە حیزبیکی کوردی دا. 

وۆڵ ستریت جۆرناڵ گوتەی جوتیارێکی کوردی نزیک شاری ئامەدی گواستۆتەوە کە گوتویەتی "لە رابردوو دەنگم بە ئەردۆغان دا، چونکە باسی لە پرۆسەی ئاشتبوونەوە دەکرد، بەڵام دوای کۆبانێ بۆم دەرکەوت ئەردۆغان فێڵمان لێدەکات".

هاوکێشەکان گۆڕاون

لە درێژەی شیکارییەکەدا هاتووە کە رووداوەکانی ناوچەکە سوودێکی چاوەڕواننەکراویان بە کورد گەیاندووە و دوژمنەکانی کوردیشیان لاواز کردووە. پارێزەرێکی کورد بەنێوی تاهیر ئاڵچی لە ئامەد گوتویەتی "لە رابردوو کاتێک کورد داوای خۆڕێبەرییان دەکرد عەرەب و تورک و فارس بەجارێک لەدژی دەوەستانەوە. بەڵام ئیدی ئەوە بۆیان دەستنادا، ئیدی شیعەی عێراق و ئێران ناتوانن لەگەڵ سوننەی تورکیا و داعش دەست تێکەڵ بکەن بۆ لێدانی کورد. لەم نێوەندەدا کورد بووەتە دەسەڵاتێکی سیاسی و سەربازی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا".

شەڕی تەلئەبیەز (گرێ سپی)

رۆژنامەکە بە گرنگییەوە باسی کۆنترۆڵکردنی گرێ سپی دەکات لەلایەن پەکەکەوە، ئەویش بۆ پێکبەستنەوەی ناوچە کوردییەکان و بڕینی ناوچەیەکی گرنگی هاتوچۆ لە داعش لەنێوان سووریا و تورکیادا. هەروەک هاتووە عەلمانییەتی پەکەکە و گرنگیدان بە ژنان لە ریزەکانیاندا، سەرنجی خەڵکی رۆژئاوای راکیشاوە بۆ بەگژداچوونەوەی کردە کۆنەپارێزییەکانی داعش. هەروەک چەندین خەڵکی رۆژئاوایی کە کورد نین روویان لە ریزەکانی جەنگاوەرانی پەکەکە کردووە.

پەکەکە: عەلمانییەکی تاکڕەو

لە شیکارییەکەدا ئاماژە بە تاکڕەویی پەکەکە کراوە، بەوەی لە سووریا چالاکیی حیزبە کوردییەکانی دیکە سنووردار دەکات، بەوانەشەوە کە هاوپەیمانی پارتی دیموکراتی کوردستانن، ئەو حیزبەی پشکی شێری لە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە.

پارێزەرە کوردەکەی ئامەد گوتویەتی "پەکەکە هەنگاوی گرنگی ناوە بە ئاراستەی دیموکراتیزەبووندا، بەڵام لە هەمانکاتدا لە ناوچە کوردییەکانی سووریا ئەو فرەڕەنگییە حیزبییە نابینی کە لە ناوچە کوردییەکانی عێراق هەیە. ئەوەش بەهۆی ئەو باگراوندە تاکڕەوانە و مارکسیستانەی پەکەکە هەیەتی، ئەوەش گرفتێکی گەورەیە".

ناکۆکی ناوخۆیی کوردان

لە بابەتەکەدا هاتووە کە دابەشبوونە سیاسییەکانی ناو کوردان لەمپەر دەخەنە بەردەم کورد لە هەریەکە لە شەڕی داعش و سەربەخۆیی کوردستاندا. 

مستەفای سەید قادر، وەزیری پێشمەرگە، بە ئاماژەدان بە نەبوونی هێزێکی یەکگرتووی پێشمەرگە گوتویەتی کە ئێستاش پێشمەرگە لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕیش بەسەر دوو حیزبەکەدا دابەشبوونە.

هەروەک جەلا جەوهەر، بەرپرسی دیاری گۆڕان، گوتویەتی "بارودۆخی دەرەکی ئێستا لە جاران لەبارترە بۆ سەربەخۆیی کوردستان، بەڵام کاروباری نێوخۆییمان بەوجۆرە نییە".

رووداوەکان بە ئاراستەی سەربەخۆیین

رۆژنامەکە دەڵێت هەرەسهێنانی سوپای عێراق لە بەرامبەر داعش و ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر داهاتی نەوت رەنگە پاڵ بە کوردەوە بنێت سەربەخۆیی رابگەیێنن. بەغدا تاوەکو ئێستاش موچەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش دەدات، بەڵام چەندین مانگە موچەی فەرمانبەر و پیشمەرگە کوردەکانی نەناردووە. تەنانەت کورد دەڵێن بەغدا لەمپەر درووستدەکات لە بەردەم هەوڵەکانیان بۆ دەستکەوتنی چەکی باشتر.

نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر گوتویەتی "هەشتا ساڵ عەرەبی سوننە فەرمانڕەوای عێراق بوون و کوردستانیان وێران کرد، ئێستاش وا 10 ساڵە شیعە فەرمانڕەوای عێراقە و مووچە و بودجەمان دەبڕێت، ئیدی چۆن بە هاوبەشی خۆمان هەژماریان بکەین? بۆیە هەموو راستییەکانی سەر گۆڕەپانەکە هانی کورد دەدەن سەربەخۆبێت".

هەرچی کەمال کەرکووکییە، گوتویەتی "دەوڵەتی عێراق کەوتووە، دەبێ بیر لە چارەیەکی دی بکەینەوە".

ئەمریکا لەگەڵ سەربەخۆیی نییە

رۆژنامەکە لە زاری لێکۆڵەرێکی رۆژئاواییەوە دەڵێت پشتیوانیی ئەمریکا بۆ کوردی عێراق لە شەڕی دژە داعشدا، نابێ وەها تەماشا بکرێ کە ئەمریکا تا ئاستی سەربەخۆیی لەگەڵ کورد دەبێت. 

ئەنتۆنی کۆردێسمان، پسپۆڕی بواری بەرگری لە نێوەندی توێژینەوەی نێودەوڵەتی و ستراتیژی لە واشنتن گوتویەتی "ئەمریکا تا ئاستی سەربەخۆیی پابەند نابێ بەو پشتیوانییانەوە، چونکە ئەوە بۆ دراوسێکانی عێراق بریندارکەر دەبێ و بۆ ئەمریکاش ئەو دەوڵەتە سوودێکی ستراتیجیی گەورەی نابێت".

هەرچی گۆنیول تۆل، بەڕێوەبەری نێوەندی توێژینەوەی کاروباری تورکیا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە واشنتن گوتوویەتی کە پشتیوانییەکان بۆ کورد لە شەڕی داعشدا زیاتر تاکتیکییە نەک ستراتیژی. "کورد زیاد لە پێویست متمانەیان بەخۆیانە، ئەو پشتیوانییانە ئەوە ناگەیێنن کە هەموو دونیا لەپشتیانە".
2015-06-20 13:02:41

10 ساڵ و 8 مانگ و 14 کاتژمێر و 26 خوله‌ک ، پێش بڵاوکراه‌وه‌ته‌وه‌
ناوه‌رۆکی ئه‌م نووسینه‌ ڕاو تێبینی نووسه‌ره، ماڵپه‌ڕی پ.س.ک هیچ لێی به‌رپرسیار نییه
تاگ : ده‌نگوباس
هه‌واڵه‌کان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان

پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان ©