لە لایەکی دیکەوە دەکرێت بڵێین کە سەرکەوتنەکەی هەدەپە لە باکور کاریگەری باشی لە سەر گشت بەشەکانی دیکەی کوردستان و وڵاتانی داگیرکەرو حاکمی کوردستان لە ناوچەکە هەیە.
وتووێژی گۆڤاری شەقام لەگەڵ سەرۆکی پارتی سەربەستیی کوردستان، من پێموایە ئەم هەڵبژاردنەی تورکیا وانەیەکی نۆێێ فێری کۆماری ئیسلامی ئێران کردوە،

سەرهەڵدانی ئەمدواییەی مەهاباد و فەریناز تاچەند رەوشی کوردانی رۆژهەلاتی کوردستانی بەرەوە باشتر گۆریوە?
وڵام : کارەساتی فریناز وەک کچە کوردێکی هێرشکراوە سەر و ڕاپەرینی شاری مهابادی هەمیشە نەتەوەیی و لەگەڵ چەندین شارو ناوچەی دیکە، شۆرشێک یا سەرهەڵدانێکی نۆی بوو کە لە بەرگێکی دیکەدا ئەو پەیامەیان بە کۆماری ئیسلامی ئێران و داگیرکەرانی کوردستان گەیاند، کە گەلی کورد هەمیشە ئامادەیە بەرامبەر بە زوڵم و جەنایەتەکانیان خاوەن هەڵویست بێت و ملکەچی خرابکارییەکانیان نابن.
ئەو کارەساتە هەر لە مهاباد و رۆژهەڵات نەمایەوە بگرە بە گشتی کوردستانی و جیهانی کرایەوە. لە زیاد لە ١٠ ٠ شارو ناوچەی کوردستان و وڵاتانی جیهانی بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ڕاپەریوی مهابادو خۆێنی بە ناحەق ڕژاوی فەریناز خەڵک و ڕێکخراوەکان ڕژانە سەر شەقام. دەنگدانەوەیەکی زۆری جیهانی بە شۆێن خۆیدا هێنا. هەروەها جووڵەی سیاسی و سەربازی لە نێۆ گشت لایەنە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دروستکرد. بە گشتی من ناوی دەنێم شۆرشێکی نۆێ بوو لە قۆناخێکی نۆێدا.
گرژی و ئالۆزییەکانی ئەمدواییەی نێوان حدکا و پەکەکە لای بەرێزتان چ خوێندنەوەیەکی بۆ دەکرێ ... ئایا دەکرێ بلێین دەستی دوژمنانی کوردی لە پشت بووە.
وڵام : بەڕاستی ڕووداوێکی زۆر ناخۆش و بێزارکەربوو، لە حاڵێکدا رۆژهەڵاتی کوردستان تازە لە ڕاپەرینەکانی کارەساتەکەی مهاباد بووەوە، هەستێکی بە هێز لە نێۆ خەڵکدا دروستببوو، کە ئەم هەستەش یەکریزی ماڵی کورد تەواو کەری دەبوو، کە چی زۆر بە داخەوە ئەو کارەساتە دروستبوو تێیدا پێشمەرگەیەک شەهید بوو چەند پێشمەرگەش برینداربوون. ئەمە لە لایەن گشت شەقامی کوردییەوە بە تووندی ڕەد کرایەوە و ئیدانەکرا. لە لایەکی دیکەشەوە کەیسی سەربەخۆیی و نووسینەوەی یاسای تایبەت بە هەرێمی کوردستان لە باشوری کوردستانیش لە ئارادا بوو، ئەمەش یەکریزی و دڵخۆشی و پشتیوانی گشت گەلەکەمانی دەویست، کە بەداخەوە ئەم کردەوە هەموومانی بێزارکرد. هیوادارین هەرگیز کارەساتی بەو شێوە ڕوونەداتەوە. هەروەها جێێ ڕێز و پێزانینە کە تەواوی کوردانی دڵسۆز لە جیهان لە دژی شەری براکوژی و مەترسیەکانی بە دەنگهاتن و هەردوو لایەن ناچارکرد بە پەلە بکەونە دیالۆگەوە. هەرچەند بە داخەوە ڕۆڵەی کورد بە دەست کورد شەهیدکرا، لە لایەکی دیکەشەوە بەخۆشییەوە ئیستا دیالۆگ بۆ چارەسەری کێشەکە و پەرە نەسەندنی لە نێوانیاندا ئارادایە. بە دەنگەوە هاتنی گشت شەقامی کورد لە ئاست کارەساتەکەی بناری کێلەشین، ئەو پەیامە بە گۆی هەر لایەنێکی کوردی کە ئەگەر خاوەنی گەورەترین هێز و توانابێت، بەڵام شەری براکوژی بکات لە لایەن خەڵکەوە بە تووندی ڕەد دەکرێتەوە.
بێگومان هەر هەڵچوونێک لە نێوان ٢ لایەنی کوردی لە سنووری باشور و رۆژهەڵات یا باکور ڕووبدات، یارییەکی نهێنی یەکێک لە وڵاتانی داگیرکەری تێدایە. یا هەر بە جل و بەرگ و ناوی پێشمەرگەوە ئاگری شەرەکە گەرمتر دەکەن. لەو ماوەدا چەندین گروپی جیاوازی سەربە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بە ناوی پێشمەرگەوە لە ناوچەکان و سنوورەکان کاری نەشیاویان بەرامبەر بە خەڵک ئەنجامداوە.
سەرکەوتنەکانی کوردانی باکوور لە هەلبژاردنە پەرلەمانییەکەی تورکیا تا چ ئاستێک لە رەوشی کوردان دەگۆرێت .... تاچەند تەفعیل بە پرۆسەی چارەسەری و ئاشتی نێوان حکومەتی تورکیا و کوردانی باکوور دەدات و بەرەو پێشەوەی دەبات
وڵام : ئەو سەرکەوتنە مەزنەی هەدەپە (HDP): کە لە رۆژی یەکشەممە، ٧ / ٦ / ٢٠ ١٥، هەڵبژاردنی ٢٥مین خولی پاڕڵمانی تورکیە کە بەڕێژەی١٣،١٢%. دەنگەکانی بە دەستهێنا، کە لە نێوان ٨٠ بۆ ٨٢ کورسی پەرلەمانی تورکیایان بەردەکەوێت. ئەمەش گەورەترین سەرکەوتنی گەلی کوردبووە لە باکوری کوردستان، کە لە پرۆسەیەکی دیمۆکراتی و کێبەرکێەکی سیاسی توانی خۆی بگەیەنێتە ئاستێک لە سەرتاسەری جیهانەوە باسی لێوە بکەن. ئەم ئاکامە بۆ کورد گۆرانکارییەکی زۆر باشی لە تورکیا دروست دەکات.
هەدەپە لە مانیفیستی کاریدا بانگەشەی چارەسەری دێموکراتیک و ئاشتیانەی پرسی کورد لە تورکیە دەکرد، بەردەوامیش بەچڕی کاری لە سەردەکرد. لە درێژەی کار و دیالۆگەکانی پێشهەڵبژاردنەکان باسی لە مافی کەمینەکانی وەک چەرکەس، ئەرمەنی، سریانی، ئیزەدی و عەرەب، عەلەوی و کریستیانەکان و هیندێک کەمە ئایینی دیکەش. هەر لەو کاتەشدا پرۆژەی پاراستنی ژینگەو زۆر هۆکاری دیکەی ژیانی رۆژانەی خەڵکیان کردبووە دروشمی کاریان بۆ هەڵبژاردن. بە گشتی بەو یەکگرتنەوەی چەندین رێکخراوی سیاسی کوردی و کەمە نەتەوەو کەمە ئاینییەکان و پرۆژەی کارەکانیان توانیان سەرکەوتنێکی گرنگ لە مێژوودا تۆمار بکەن.
ئەگەر بێت هەدەپە لە حکومەتدا بەشداری بکات، باشترین کاریگەری لە پێشخستنی پرۆسەی ئاشتی دەبێت، هەر لە رێگەی پەرەپێدانی پرۆسەی ئاشتییەکەوە ڕێگەش خۆشدەکات بۆ ئازادبوونی بەرێز ئۆجەلان.
لە لایەکی دیکەوە دەکرێت بڵێین کە سەرکەوتنەکەی هەدەپە لە باکور کاریگەری باشی لە سەر گشت بەشەکانی دیکەی کوردستان و وڵاتانی داگیرکەرو حاکمی کوردستان لە ناوچەکە هەیە. ئەمە پەیامێکە کە دەیسەلمێنێت ئەگەر بە پرۆسەی دیمۆکراتی مافی نەتەوەکان دیاری بکرێت یا بەرچاو بێت ئەوا بەو شێوە دەردەکەوێت کە ئەو گەلە چەندە جەسورن لە سەر مافەکانیان و دەیانەوێ لە رێگەی کێبەرکێێ دیمۆکراسییەوە نۆێنەری خۆیان بگەیەنە شۆێنی مەبەست و پێداگری بکەن لە مافەکانی خۆیان. من پێموایە ئەم هەڵبژاردنەی تورکیا وانەیەکی نۆێێ فێری کۆماری ئیسلامی ئێران کردوە، ئەویش ئەوە کە حەشاکردن لە مافی گەلی کورد و ئەو هەموو نەتەوە ٢ ڕێگەی هەیە، ١ یا بە تەواوی فشارەکان پەرە دەستێن و بێزارییەکان دەتەقێنەوە بەرەو ڕووخانی رێژیم، ٢ یا ئەوەیە بەو شێوەی ئیستا تورکیا ڕێگا خۆش بکات بۆ نەتەوەکان بە لیستی خۆیان لە هەڵبژاردنەکان بەشداری بکەن و نۆێنەری خۆیان بە ویستی خۆیان بنێرنە پەرلەمانەکەیان، کە ئەمەش بۆ رێژیمێکی مەزهەبی دیکتاتۆری زۆر نەگونجاو ئاستەمە.
یەکساڵ پێش بە هۆی هێرشەکانی داعش بۆ موسڵ، و بە دەستهێنانەوەی ناوچەدابراوەکانی هەرێمی کوردستان لە لایەن پێشمەرگەکانەوە و خۆراگری پێشمەرگە بەرامبەر بە داعش، و کارەساتی کۆبانی و شنگاڵ ببوونە ڕۆژەڤی رۆژانەی میدیاکانی جیهان، ئەم سەرکەوتنەی مەزنەی هەدەپەش جارێکی دیکەی مەسەلەی کوردستانی بە جیهانی کردوە.