"یەکەم پایتەخت کە گفتۆگۆی لەگەڵ بکەین، بەغدا دەبێت. بەغدا بۆ ئێمە گرنگە. دەمانەوێت بە ئاشتیانە ئەو کارە بکەین. دەمانەوێت ئارامی ناوچەکە زیاد بکەین". بە بڕوای هێمن هەورامی، کاتی ئەوە هاتووە جیهان ئەو راستییە بزانن کە سیستەمی شکستخواردووی عێراق پێویستی بە چاوپێداخشانەوەدا هەیە
کورد لە هەوڵی "جیابوونەوەی ئاشتیانە"دایە لە عێراق
رووداو- واشنتن
هێمن هەورامی، بەرپرسی پەیوەندییە دەرەکیەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە واشنتن لە پانێلێکدا رایگەیاند کە کارکردن لەسەر سەربەخۆیی کوردستان بەردەوامە و هەولێر بە دوای ' لێکجیابوونەوەیەکی دۆستانەدا' دەگەڕێت لەگەڵ بەغدا. بە گوتەی هەورامی، سەربەخۆیی کوردستان ئارامیی ناوچەکە زیاتر دەکات.
"ئەمە پرۆسەیەکە و بەڕێوەیە و هەر روودەدات. ریفراندۆم بەم نزیکانە بەڕێوەدەچێت. مەبەستم ئەوەیە لە ماوەی دوو ساڵ کەمتردا. ئەو ریفراندۆمە بۆ هەموو هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەبێت'. هەورامی لە دامەزراوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە واشنتن ئەم قسانەی کرد و گوتیشی "راشکاوانە قسە بکەین، عێراق ئێستا دابەش بووە".
هەورامی دەڵێت کورد لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ دەکەن بۆ ئەوەی بە ئاشتیانە جیاببنەوە. ئەو گوتی سیستەمی ئێستای حوکمڕانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شکستی هێناوە و سیستەمێکی نوێ لەسەر بنەمای راستییە سۆسیۆ-ئیتنیەکان دەبێت ببێتە بنەچەی نەخشەیەکی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
"یەکەم پایتەخت کە گفتۆگۆی لەگەڵ بکەین، بەغدا دەبێت. بەغدا بۆ ئێمە گرنگە. دەمانەوێت بە ئاشتیانە ئەو کارە بکەین. دەمانەوێت ئارامی ناوچەکە زیاد بکەین". بە بڕوای هێمن هەورامی، کاتی ئەوە هاتووە جیهان ئەو راستییە بزانن کە سیستەمی شکستخواردووی عێراق پێویستی بە چاوپێداخشانەوەدا هەیە.
دەربارەی بەشداریی کورد لە حکومەتی ئێستای عێراقدا، هەورامی گوتی کە نوێنەرایەتی هەیە، بەڵام شەراکەتی دەسەڵات نییە. ئەو کۆنترۆڵی شیعەی بەسەر وەزارەتی بەرگری عێراقدا بە نموونە هێنایەوە.
"بەداخەوە حکومەتەکەی عەبادی رێککەوتنەکانی جێبەجێ نەکردووە و ئەو بەڵێنانەی پێمان درابوون جێبەجێ نەکران. هەروەها رێککەوتنی حکومەت لەگەڵ سوننەکانیش جێبەجێ نەکرا".
دەربارەی بودجە و ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، هەورامی گوتی کورد ئەوەی لە سەریان بوو کە هەناردەکردنی 550 هەزار بەرمیل نەوت بوو لە رۆژێکدا، جێبەجێیان کرد و بۆ ماوەی چەند مانگێکیش بەردەوام بوو، بەڵام بەغدا بەشە بودجەی کوردستانی کە 17%ی کۆی گشتی بودجەی عێراقە، نەنارد.
"بەغدا دەڵێت پارەی نەختی نییە، بەڵام پارەی نەختیان بۆ میلیشیا شیعەکان هەیە. هەر ئەندامێکی حەشدی شەعبی 800 دۆلار وەردەگرێت. پارە بۆ ئەوان هەیە، بەڵام بۆ پێشمەرگە نییە' هەورامی وایگوت.
کاربەدەستەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند کە هەرێمی کوردستان لەسەر رێگەی سەربەخۆیی ئابوورییە بۆ ئەوەی بتوانێت هاوکاری هاووڵاتیانی و ئەو ئاوارانە بکات کە لە کوردستان نیشتەجێن.
هەورامی رەتیکردەوە کە کورد شەڕی داعش بقۆزنەوە بۆ فراوانخوازی 'ئێمە فراوانخواز نین. ئەوە مالیکی بوو، هەروەکو هاوڕێیەکم دەیگوت کە بە ئاشتیانە لەو ناوچانە کشایەوە. ئەگەر ئێمە لەوێ نەباین، داعش کەرکووک و هەندێک ناوچەی دیکەشی داگیر دەکرد". هەروامی دەپرسێت "ئەگەر ئەو ناوچانە بەجێبهێڵین کێ جێگەمان دەگرێتەوە? داعش?'.
ئەو هەروەها گوتی کە کورد شەڕی داعش لەبەرئەوە ناکەن تاوەکو پرۆژەی سەربەخۆیی کوردستان پێشبخەن 'شەڕی داعش مانای ئەوە نییە کە کوردستان بۆ سەربەخۆیی شەڕ دەکات. ئەوە دوو مەسەلەی جیاوازە".
دیپلۆماتکارەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان هەروەها هۆشداری ئەوەی دا کە شکاندنی داعش مانای بڕانەوەی تیرۆر نییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست "تەنانەت ئەگەر داعشیش تێکبشکێنرێت، ئەوە کۆتایی تیرۆر نابێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست'. ئەو گوتی 'داعش دەردی نەخۆشیەکی گەورەتری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. نەخۆشیەکە ئەو سیستەمە شکستخواردووەیە کە ئێستا هەمانە. ئەوەی کە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ راستیەکانی ناوچەکەدا ناگونجێن. ئەو سنوورانە رەنگدانەوەی خواست و ویستی خەڵکەکەی نین".
هەورامی گوتی ناوچە سوننەکان بەهۆی نەبوونی سەرکردایەتیەوە زیانی گەورەیان بەرکەوتووە. ئەوان هەر لە ئێستاوە خەمی سەردەمی دوای داعشیانە "ئەو پرسیار و نیگەرانیانەی کە سوننەکان هەیانە، ئەوەیە کە لە نێوان داعش و میلیشیا شیعەکان کامیان هەڵبژێرن! باشترین شت ئەوەیە کە دڵنیا بکرێنەوە کاتێک کە ناوچەکانیان ئازاد دەکرێت رێگە بدرێت خۆیان ناوچەکەیان بەڕێوەببەن و بیپارێزن".
هێمن هەورامی هەروەها رایگەیاند کە هەولێر دوای ئەوەی لە عێراق جیادەبێتەوە، دەتوانێت هاوکاری سوننەکان بکات بۆ ئەوەی داهاتوویەکی باشتریان هەبێت. دیپلۆماتەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان داوای لە واشنتن کرد سیاسەتێکی سەربەخۆیانە بەرامبەر بە کورد پێڕەو بکات و درک بەو راستییە بکات کە سنووری عێراق جارێکی دیکە لەسەر دەستی خەڵکی عێراق خۆیان کێشراوەتەوە.
"ئەمریکا هاوپەیمانێکی بەنرخی ئێمەیە و هیچ شتێک بەبێ راوێژ لەگەڵ ئەمریکا ناکەین، بەڵام بۆ ئەمریکا، راستییەکە ئەوەیە کە عێراق لەسەر ئەرزی واقیع ئێستا دابەشبووە. لەبەرئەوە هەر سیاسەتێک کە نکۆڵی لەم راستیە بکات و ئەو عێراقە تێکشکاوە نەناسێتەوە، ئەوە هاوکاری ئارامیی ناوچەکە ناکات".
هێمن هەورامی هەر لەو پانێلەدا زۆرتر مەبەستەکانی لەبارەی دابەشبوونی عێراق روونکردەوە و گوتی "لە ناوچە شیعەکاندا، شیعە شەڕ بۆ کێشانی نەخشەی ناوچەکەی خۆیان دەکەن. ئێمەش شەڕ دەکەین تا پارێزگاری لە سنوورەکانمان بکەین، بۆیە پێویستە هەموو لایەک هاوکاری سوننەکان بکەین، تاوەکو ئەوانیش سنوورەکانی خۆیان بپارێزن".