وەک پارتی سەربەستیی کوردستان بە تووندی ئیدانەی ئەو پەلامارەی هێزەکانی تورکیا بۆ سەر شۆڕشگێرانی باکوری وڵاتەکەمان دەکات. هاوخەمی و هاودەردی خۆمان ئاراستەی شەهیدان و بریندارەکانی ئەو کارەساتە دەکەین.
ڕاگەیاندراوی پ س ک لە پێوەندی بە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر بارەگاکانی پێ کاکا

شەوی هەینی٢ی گەلاوێژی ٢٧١٥ی کوردی بەرامبەر ٢٤ / ٧ / ٢٠ ١٥ زاینی، هێزەکانی تورکیا بە فرۆکەی شەر و تۆپی دوورهاوێژ چەندین بنکەو بارەگای پارتی کرێکارانی کوردستانیان لە ناوچەکانی باشوری کوردستان بوردمان کرد، و لە ئاکامدا چەندین گریلاو هاوڵاتی سیڤیل شەهید و برینداربوون.
وەک پارتی سەربەستیی کوردستان بە تووندی ئیدانەی ئەو پەلامارەی هێزەکانی تورکیا بۆ سەر شۆڕشگێرانی باکوری وڵاتەکەمان دەکەین. هاوخەمی و هاودەردی خۆمان ئاراستەی شەهیدان و بریندارەکانی ئەو کارەساتە دەکەین.
ماوەی چەند ساڵێک پرۆسەی ئاشیتی لە نێوان وڵاتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان لە ئارادابوو، کە تارادەیەک گۆرانکاری لە هێوربوونەوەی ئارامی لە نێوان ناوچەکانی باکوری کوردستان و تورکیا دروستکردبوو. کە بە خۆشییەوە ئاکامەکەشی ئەوە بوو کە گەلی کورد لەم هەڵبژاردنەی ٤٠ رۆژ پێشدا توانی متمانەی ٨٠ کورسی کە دەگاتە سەرەوەی ١٣% دەنگەکانی هەموو تورکیا بە دەستبێنێت.
ئێمە وەک پارتی سەربەستیی کوردستان داوا لە هەردوو لایەن دەکەین کە درێژە بە دۆزی ئاشتەوایی بدەن، و شەر و پێکدادان بۆ هەردوولا زیانبەخشەو ئاشتی و تەبایی پرۆسەی دیمۆکراسی و بە دەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد و گەلانی دیکە لە تورکیا بەرەو پێش دەبات.
هەر لەو پێوەندییەدا داوا لە گشت پارت و لایەنەکانی کوردستانی دەکەین، لەبەرامبەر ئەو پەلامارەو هەر ڕووداوێکی پێشهاتی دیکە لە کوردستاندا یەکگرتوو یەکهەڵویست بن. لە ئان و ساتی وادا یەکتر تاوانبار نەکەن و نەیارانی کوردستان خۆشحاڵ نەکەن.
ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی سەربەستیی کوردستان
٤ی گەلاوێژی ٢٧١٥ ی کوردی / ٢٦ / ٧ / ٢٠ ١٥ ی زاینی