ئێمە وەک پارتی سەربەستیی کوردستان بە تووندی ئەو پەلامارانەی هێزەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی باکوری کوردستان ئیدانە دەکەین، و پشتیوانی خۆمان بۆ خوشک و برایانمان لە باکوری کوردستان بە تایبەت پەرلەمانتارانی هەدەپە لە باکوری کوردستان دەردەبرین
پشتیوانی خوشک و براکانمانین لە باکوری کوردستان.

ڕاگەیاندراوی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی سەربەستیی کوردستان، لە پێوەندی بە ڕووداوەکانی باکوری کوردستان.
بهداخهوه ماوەی چەند حەفتەیەکە هێزەکانی سوپای تورکیا، بە بیانووی شەرکردن لەگەڵ هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان پەلاماری زۆربەی ناوچەکانی باکوری کوردستانیان داوە، بە تایبەت ناوچەکانی جزیرێ و سلۆپی. هەروەها لە زۆربەی شارەکانی باکوری کوردستان و شارو ناوچەکانی دیکەی تورکیا بارەگاکانی پارتی گەلانی دیمۆکرات هەدەپە سووتێندراون و تێکدراون. لە ئاکامی ئەو پەلامار و دەرگیریانەدا دەیان هاوڵاتی سیڤیل لە ناوچەکانی باکور شەهید و بریندار کراون، هەروەها لە سەنگەرەکانی بەرگریش چەندین ڕۆڵەی تێکۆشەری باکوری کوردستان شەهید و بریندارن.
ئێمە وەک پارتی سەربەستیی کوردستان بە تووندی ئەو پەلامارانەی هێزەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی باکوری کوردستان ئیدانە دەکەین، و پشتیوانی خۆمان بۆ خوشک و برایانمان لە باکوری کوردستان بە تایبەت پەرلەمانتارانی هەدەپە لە باکوری کوردستان دەردەبرین، کە چاو نەترسانە خۆیان گەیاندووەتە ناوچە نا ئارامەکان و بوونەتە هاوبەشی ناخۆشییەکانی ئەو گەلە خۆراگرە.
هەروەها وەک پارتی سەربەستیی کوردستان داوای ڕاگرتنی شەر لە نێوان هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و هێزەکانی سوپای تورکیا دەکەین، و داوایان لێدەکەین کە بگەڕێنەوە سەر پرۆسەی ئاشتی کە لە نێوان ساڵی ٢٠ ١٣ تا سەرەتای هاوینی ٢٠ ١٥ درێژەی هەبووە. شەر و تێکهەڵچوون زیان بە هەموو لایەک دەگەیەنێت.
گەلی قارەمانی کوردیش لە درێژاریی مێژوودا سەلماندویەتی کە هەرگیز بە شەر و چاوسوورکردنەوەی داگیرکەران وازی لە مافەکانی خۆی نەهێناوەو نەکشاوەتەوە. هەربۆیەش مێژوو سەلماندویەتی کە گەلی ئێمە گەلێکی هەم ئاشتیخوازە و هەم مافخوازە.
بە هیوای گەرانەوەی ئارامی بۆ ناوچەکانی باکوری کوردستان و درێژەدان بە پرۆسەی ئاشتی.
ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی سەربەستیی کوردستان
www.psk2006.org ….
[email protected]